یادداشتی ڕۆژانی دەربەدەری/جوغرافیای تەبیعی ١

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
یادداشتی ڕۆژانی دەربەدەری  (1948)  by زێوەر
جوغرافیای تەبیعی ١

بانە «شمالاً» شاخی کەلی خان، «جنوباً» شاخی سوورکێو، «شرقاً» چەمی قزڵجە، «غرباً» ئاوی کەڵوێ. نەهری گەورەی چەمی «بلەکێ»یە ئەڕژێتە ئاوی کەڵوێ کە زابی سەغیر تەشکیل ئەکا. «طبيعةً» هەموو بانە دارستانە. هاوین زۆر فێنکە، زستانیش لەبەر دار زۆری سەخڵەتی ناکێشن.

شێخ قادر خەبەری زانی کە گەیشتووینە بانە. جوابی نارد بەند نەبن بێنە «ساوان» کە دێی ڕۆستەم خان و ماڵیشی لەوێ ساکنە. بارکرا، چووینە دێی «شوێ»، زۆر خۆشمان هاتە بەرچاو. لەوێ قەرارمان وابوو لەوێ ئیقامەت بکەین چونکە تەشریفی شێخ قادر و ماڵی نەقیب لە ساوان بوون. ئێمەش خۆمان دەپاراست کە بەتەواوی ڕۆستەم خان دوچاری مەسرەف ببێ. لەگەڵ ئەوەش بێ فائیدە بوو قوبووڵی نەدەکرد. ئێوارێ کوڕانی خۆی لە خدمەتی شێخ قادرا نارد مەنزڵ موبارەکی کرد و، دوو سێ ماڵ پیاوی شێخ قادریشمان لەگەڵ بوو هەر ماڵی ناردە دێیەک و حوکمیشی کرد مناڵانی شێخ بچنە ساوان لای سەلمەخان و حەفسەخان ئیقامەت بکەن. «مجبوراً» نەقڵی ساوان بووین. غەیری تاقمی دزڵی «عموماً» لە ساوانا کۆبووینەوە. تاقمی دزڵییش وەک خەبەرمان زانی بەناو عێلی جافا بەحورمەت و قەدرێکی تەواو دەچنە «سەردەرە» کە دێی شێخ ڕەئووفی برای حاجی شێخ عارفی سەقزە. پیاوەتی شێخ ڕەئووف و ئینسانیەتێ کە ئەو بەجێی هێنابوو لازمە لە دەفتەری خوسووسیدا قەید بکرێ، وە حاجی شێخ عارف و شێخ جەلالی کوڕی بەئیستیقبال هەتا سەردەرە دەچن. شێخانی سەقزی سەد قات لە ئیقتیداری خۆیان زیاتر ئینسانییەتیان نواندبوو. تەنها مناڵەکانی شێخ دێن بۆ شار. باقیی پیاوان لەلای شێخ ڕەئووف ئەمێننەوە. هەموو مەسرەفیان ئەو بۆیکردبوون «جزاه الله».

لە ساوانا بۆ ئەمینی و خواردن و خواردنەوەو ئیستیراحەت لە بەهەشتا بووین. لە قەسیدەیەک کە مەدحی ڕۆستەم خان بوو ئەم چەند شیعرەم لە خەیاڵا ماوە، نموونەی فیداکاریی ڕۆستەم خانە:

ای فلک کنگره‌ی قصر تو بی بنیان است
حرکات تو به‌ عکس نظر انسان است

آل حیدر شود از دست تو مظلوم و اسیر
سلطنت قسمت غدار بنی مروان است

باز با آل نبی از چه‌ عداوت سازی
ز چه‌ رو مرتبه‌ی غدر تو بی پایان است

آنکه‌ وقعی ننهد گردش و اوضاع ترا
بحقیقت نگری همت رستم خان است

بنده‌ی آل نبی، مخلص سادات کرام
درگهش ملجأ هر بی سر و بی سامان است

رستم زابلی با غیرت او همچو جهود
حاتم طائی به‌ خوان کرمش مهمان است

لازمە نەختێ لە ئەحواڵی عائیلەی نەقیب بەحس بکەم کە چۆن گەیشتوونە «ساوان». لە تەحقیقاتێ کە خۆیان گێڕایانەوە ڕۆژێ کە ئێمە لە سولەیمانی ڕامان کرد، سەلمەخان و حەفسەخان پەنا دەبەنە ماڵی مەجید ئەفەندی لە کانی ئاسکان.

«مەسەل»... کە یەکێ بوو لە خدمەتکاری بەردەستی مەئموون نەقڵی کردووە دەڵێ ڕۆژێ لە خدمەت خەلیفەدا بووم چەند حەبسێکیان بە زنجیر و دەست بەستراوی لە شاری شامەوە هێنا بۆ حوزوور و خەلیفە کاغەزی والی خۆی کە لە شام بوو دەیخوێنێتەوە، لەپاشا ئەمر ئەکا یەکەیەکە بردیانن بۆ زیندان. حەبسێکیان مایەوە. دەڵێ خەلیفە ڕووی کردە من فەرمووی ئەم حەبسەیان بەرە لای خۆت لە ماڵی تۆدا خۆت ئاگەهداری بکە، ئەمنیەتم ڵە کەس نییە وەکوو تۆ، بەزامنی ئەوا تەسلیمی تۆم کرد هەتا سبحەینێ و، منیش بە «نعم، يا اميرالمۆمنين» جوابم دایەوە. دەست بەجێ حەبسەکەم هەڵگرت بردمە ماڵی خۆمان، لە خۆفی خەلیفە نەوەک ئەم حەبسە فیرار بکا من لەباتی ئەو ئیعدام بکرێم خۆم بووم بە نۆبەتچی، با وجوود چوارپەلی بەزنجیر و پاڵەهەنگ وا قایم کرابوو بەستەزوبانە نەیدەتوانی جم بدا. شەو کە هات بۆخاتری خەوم لێنەکەوێ لەگەڵ حەبسەکە دەستم کرد بە قە کردن، لێم پرسی تۆ خەقی؛ کۆیی؟ وتی شام. وتم «بارك اللة في هذة البلدة». وتی بۆچ ئەم دوعا بەدڵە بۆ شام دەکەی؟ وتم لە شامدا شەخسێک بووە بە باعیسی حەیاتم و چاکەی زۆری لەگەڵ من کردووە، دائیما پرسیاری ئەو زاتە دەکەم و حەزدەکەم خەبەرێکی بزانم بەڵکو موکافاتی بدەمەوە. وتی نیشانەی بڵێ و بەیانی چاکەکەی بکە، بەڵکوو من بیناسم، خەبەری ئەو کەسەت پێ بڵێم. وتم من لە شامدا یەکێ بووم لە مەئموورانی حوکوومەت. ڕۆژێ ئەهالی هەیەجانی کرد، قیامیان لە حوکوومەت کرد، لە هەموو لاوە دەست کرا بە کوشتاری مەئمووران و تاڵانی ماڵیان. حوکوومەت لە موقابەلە پەکی کەوتبوو. منیش دەستم لە ماڵ و تاڵان و عەبد و جاریە هەڵگرت، فیرارم کرد. چوارکەس لە یاخییەکان بە شیری ڕووتەوە شوێنم کەوتن، بە هەموو کۆڵانی شاما ڕایانفڕاندم، نەجاتم نەبوو لەدەستیان، لە پەل و پۆو ڕاکردن کەوتبووم. گەیشتمە کۆڵانێ، ژنێ لە بەردەرگایەک ڕاوەستابوو، بانگم کرد ژنەکە «أغنثني أغاثك الله» وتی «أدخل، لابأس عليك» یەعنی وەرە ژوورەوە مەترسە. پێشم کەوت بردمیە هۆدەکەی پشت داڵان ۆ خۆشی لەبەر قاپی هۆدەکەدا ڕاوەستا. منیش دڵەکوتکێم بوو کە ئیستا بێنە ژوور یا نەیێن. لەم ترسەدا بووم هەرچواریان هاتنە حەوش ماڵەکە، هۆدە بە هۆدە گەڕان هەتا نۆبەت هاتەسەر ئەو هۆدەیەی کە منی لێبووم. هاتن بۆ ئەوێ، ژنەکە دەستیکرد بە قیژەو هاوار و قسەپێوتنیان کە ئێوە بێگانە و نامەحرەمن بۆچ دێنە سەر لۆدەی ژنان؟ یاخییەکان لەم زریکە زریکە گەڕانەوە ڕۆیشتن. ئینجا ژنەکە ڕووی کردە من وتی بەتەواوی دڵت ئەمین بێ نەجاتت بوو «الحمد لله». خۆلاسە چل شەو لە ماڵی ئەو پیاوەدا مامەوە هەتا فیتنە و هەرا نەما. ڕۆژ بە ڕۆژ خزمەتیان زیاتر کردم. کە مەعلووم بوو شار ئەمین بووەتەوە و حوکوومەت دامەزراوە چوومە دەرەوە. هەرچەند هەوڵ و تەقالامدا نە عەبدم مابوو نە کەسم مابوو نە ماڵ. بە مەئیووسی هاتمەوە ماڵەکە. ئەوانیش هەر دڵخۆشییان ئەدامەوە. لە ئاخردا پێم وتن کە قافڵتی بەغدا کەوتە ڕێ خەبەرم بدەنێ دەڕۆمەوە بەغداد. هەموو ڕۆژێ ساحێب ماڵەکە دەچوو پرسیاری بۆ دەکردم، هەتا ڕۆژێ مژدەی بۆهێنام وتی سبەینێ کاروانی بەغداد دەڕوا، حازر بە تۆیش لەگەڵیان بڕۆ. دۆعای خێرم بۆ کرد و لەدڵدا دەموت ئیلاهی من چۆن بڕۆم نە پارەم هەیە نە نان نە ئوڵاغ. چل ڕۆژ ڕێگا چۆن بگەمە بەغدا! ئەو ڕۆژە و ئەو شەوە بەو غائیلەوە بووم. بەیانی لە بازاڕ هاتەوە وتی برادەر هەستە ئەوا قافڵە کەوتنە ڕێ. منیش بەناعیلاجی ڕاست بوومەوە. خۆی و ژنەکەی ئەملا و ئەولایان گرتم، بوغچەیەکیشیان لە بن باخەڵا بوو. لە ڕێگا هەر غایلەم دەکرد هەتا گەیشتینە کاروانەکە. ڕوانیم عەبدێک و ئوڵاغێکی سواری هاتە بەردەمم، وتی سواربە. مەگەر بۆخۆم ئوڵاغیان حازر کردبوو و عەبدێکیش بۆ خزمەتی ڕێگام بە بارگەیێکەوە دە دەست ئەلبیسە و چەند سندووق ئەشیای خواردنی بەجوێ بارکرابوو، وە میقدارێ پارەش لە کیسەیێکدا بوو. ئەمانەیان هەموو تەسلیم کردم، بەڕووی خۆش بە ئیزهاری مەعزەرەت لە قوسوور قسەیان لەگەڵ کردم و ڕەوانەیان کردم. لەوساو کە هاتوومە لە ئیشی خەلیفەوە ئاڵاوم، نامپەرژێ خەبەری ئەو ساحێب ماڵە بزانم بەڵکوو حەقی چاکەی بدەمەوە.

مەسروور ئەڵێ کە ئەم قسانەم کرد حەبسەکە گوێی گرتبوو هەتا ئاخری، لاپاشا وتی زۆر حەزدەکەی ئەو ساحێب ماڵەت نیشان بدەم؟ وتم ئەڵبەتە. وتی ئەو ساحێب ماڵە منم، وتم چۆن؟ نیشانی هەڵدا، ئیسباتی کرد کە خۆیەتی. منیش لێم مەعلووم بوو کە ڕاست ئەکا. دەست بەجێ بەو شەوە ناردم ئاسنگەرێکم هێنا بە چەکوش زنجیر و تەوقی هەموو شکاند. لەگەڵ خۆم دام نا، خواردنیم بۆ هێنا و عوزرخواهی زۆرم کرد و، سەبەبی حەبسیشی کە سوئالم کرد، وتی واقیعەیەک وەک واقیعەی زەمانی ئێوە دووبارە ڕوویدا. حوکوومەت منی موتتەهەم کرد. ئەوا لەگەڵ چەند کەسێ ڕەوانەی ئێرا کراوین و لێم مەعلوومە خەلیفە ئیعدامم ئەکا چونکە لەنەزەر ئەودا گوناهم گەورەیە. ئەگەرچی لەم مەسئەلەدا بێخەبەرم. وتم مەترسە، تۆ خواحافیز بڕۆ، با خەلیفە من ئیعدام بکا لەباتی تۆ. وتی قابیل نییە ناڕۆم. هەتا خەبەری تۆ بەتەوای نەزانم، ناڕۆم. زۆرم ئیلحاح کرد، جل و بەرگ، تۆشەم بۆهێنا، هەتا قەراغ شار لەگەڵی ڕۆییم. لەوێ ڕاوەستا. وتی ناڕۆم، بزانم مەسئەلەی تۆ چی بەسەر دێ. ئەگەر ئیجاب بکا خۆم دێمە حوزووری خەلیفە. ناچار ڕازی بووم. گەڕامەوە ماڵەوە. هەر تەفەککورم ئەکرد هەتا ڕۆژ بووەوە.

تاریک و ڕوونی بەیان بوو. پیاوی خەلیفە هاتە ماڵی ئێمە وتی خەلیفە ئەمری فەرمووە لەگەڵ حەبسەکە بچنە حوزوور. خۆم بەتەنیا لەگەڵ پیاوەکە ڕووم کردە ماڵی خەلیفە، تەماشام کرد خەلیفە لەسەر بەرماڵ دوعا و ویردی ئەخوێند. کەچاوی بە من کەوت حەبسم لەگەڵ نەبوو، وتی وەڵڵا هەر بڵێی فیراری کردووە لە گەردەنت ئەدەم. وتم ئەی «أمير المۆمنين» ئیستیرحام ئەکەم حیکایەتی خۆم و حەبسەکەم بەیان بکەم، لەپاشا هەر نەوع ئیرادە بفەرمووی «سمعا و طاعة». فەرمووی قسە بکە. منیش ماجەرای بەینی خۆمان لە ئەووەڵ و ئاخر بۆم نەقڵ کرد، هەتا ئاخر گوێی لێ ڕاگرت و سەری دانەواندبوو، گوێی لە قسەکانی من بوو. لەپاشا سەری هەڵبڕی فەرمووی ئێستا لەکوێیە؟ عەرزم کرد لە قەراخ شار ئینتیزاری خەبەری من ئەکا. فەرمووی ئەمیشی لە خدمەتەکەی گەورەترە کە تۆی بەجێ نەهێشتووە. کەوابێ تۆ نەتزانیو موکافاتی بدەیتەوە، بچۆ خەبەری بۆ بەرە کە عەفوم کرد، بیهێنە بۆ لای خۆم من لەباتیی تۆ موکافاتی بدەمەوە. «ساعةً» ڕام کرد مژدەم بۆ برد کە عەفو کرای. لەگەڵ خۆم هێنامە خزمەت خەلیفە. خەلیفە بەمەرحەمەت قسەی لەگەڵ کرد، لە مەجلیسا داینا و لەگەڵ خۆی تەعامی پێخوارد. لەپاشا دە عەبد، دە جاریە، دە ئەسپ، دە ئێستر، دە کیسە پارەی پێ ئینعام فەرموو، وە ئەمری بۆ نووسی بۆ والیی شام لە تەکالیفی حوکوومەت موستەسنا بێ.

غەرەز لم حیکایەتە لەدنیا پیاوی وا بووە و پیاوی وەک مەجید ئەفەندیش بووە. ئەو شەوە بە هەر حاڵێ بوو پەنای عائیلەی نەقیبی دابوو، وە بە تەهدید و تەخویفی زۆر کە حوکوومەت پێ بزانێ منیش؛ مەحو دەبمەوە و ئێوەش هەموو دەگیرێن، ترسی زۆری نابوونە بەر. شەوی دوایی ئەو نازدارانە، ئەو خانمانە بەپێیان بە شەوی تاریک ڕێگای «کانی گۆمە» دەگرن، هەتا دەچنە ئەوێ لە سەد ڕۆح نەوەدونۆی لە ترسا زایع ئەکەن.

حاسڵی خۆیان ئەگەیەننە شاخی «خاوێ». چەند شەو بەسەفالەت گوزەران ئەکەن، عاقیبەت بەشارەزاییی شێخ عەلی برای سەلمەخان ڕوودەکەنە شارباژێڕ، بەهەزار فەلاکەت داخڵی بانە دەبن. لە بانە خەبەریان زانیبوو، شێخ قادر تەوەسسوتی بە مەحموودخان کردبوو. هەرچەند جوابێکی پیاوانەی دابوەوە، بەتەواوی شێخ قادر دڵی ئەمین نەبووبوو، ئیلتیجا بە ڕۆستەم خان ئەبا. لەوێ زۆر بەحورمەت قوبووڵ ئەکرێن. هەموویان چووبوونە ساوان. ئێمەش کە چووینە ساوان قەرەباڵغ زۆر بوو، وە لە مەسرەفێ کە ڕۆستەم خان ئەیکرد مەحجووب مابووین، وە دەیگوت هەرچی سەروەت و ماڵێکی کە خوا بە منی داوە بۆ ئێوەی خەرج ئەکەم. هیچ غائیلەتان نەبێ. لەپاش چەند ڕۆژێ شێخ قادر سوار بوو ڕووی کردە موکریان بۆ خاتری فکری بەگزادە و ئەحواڵی ئەو سەفەحاتە شارەزا ببێ.