یادداشتی ڕۆژانی دەربەدەری/ئەحواڵی ئیقتیسادی

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
یادداشتی ڕۆژانی دەربەدەری  (1948)  by زێوەر
ئەحواڵی ئیقتیسادی

بانە قەسەبەیەکی بەواریداتە. حاسڵاتی تووتن، مازوو، کەتیرە، بنێشت، گەزۆ، دار و خەڵووزە. ئەنواعی میوەی نایابی هەیە. لە کیفایەتی خۆی زیاتر گەندم و جۆو هەرزنی لێ دادەچێنرێ. لە بەعزێ دێهاتیشیا چەڵتووک ئەکرێ. ئەنواعی ڕاو و شکاری زۆرە. قیسمی موهیممی ڕاویان ڕاوەکەوە. وەقتێ کە پۆل پۆل کەو ڕوو دەکاتە کوێستان، ڕێگای مەخسووسی ئەو پۆلە کەوانە تفەنگچی لێ دادەنیشێ. پیاوی وا هەیە ڕۆژی پێنجسەد کەو ئەکوژێ. ڕاوەکەو لە بانەدا دەوری دائیمە. چوار فەسڵ هەیە. ئەهالی زۆر کاسب و فەقیرن. فەقیرییان بەسەبەب غەدری بەگزادە و مەحموودخانەوەیە. مەحموودخان دەڵێن بەتاعەتە، بەنان و خوانە، ئەمما چایێ کە لە مەجلیسی ئەودا دەم ئەبێ هەموو خوێناوی دڵی ڕەعیەتە. لەم بەیاناتە مەقسوودم زەم و مەدحی کەس نییە. هەرچی ڕاستە و بەچاوی خۆم دیومە نووسیومە. «واقعاً» موعامەلەی مەحموودخان لەگەڵ سادات وەکوو ئیبنووزیاد وابوو، لەو تەفسیلاتە گورێز ئەکەم. حاڵەتی حوکوومەتی بانەیی بەیان ئەکەم.

ڕێگام کەوتە دێیەک تەعەللوقی بە مەحموودخان بوو، لێم پرسین هەرساڵێ چەندبار تووتنتان ئەبێ؟ وتیان هیچ. وتم ئەم هەموو باراوانە چییە کراوە بە تووتن؟ وتیان بۆ مەحموودخانی ئەکەین. وتم حەقە ئاوتان ناداتێ؟ وتیان پار هیچی نەداینێ. وتم کە وابێ بۆچ تووتن ئەکەن؟ وتیان کوێر هەتا ئەمرێ بەتەمای چاوە. دەڵێین پار نەیداینێ بەڵکوو ئەمساڵ ڕەحمی ببێ یا حاکمێ ببێ نەتوانێ ئەم غەدرە بکا.

یەکێکی تر لە ئەهلی ئەو دێیە وتی: مەلا، مەلا، ئەمساڵ دوازدەهەزار تومەنی لەم دێهاتی بانەیە بۆ پێشکەشی شەریفوددەوڵە سەندووە. لەم پیتا کا ڕەعیەت وای لێهاتووە لە ڕووس کە هەموو بانەی وێران کرد ئەوەندە زەرەرمان نەدیوە. تیجارەتی بانە زۆر موهیمە. واسیتەیە لەبەینی سولەیمانی و سەقزدا، وەک بەندەر وایە. ئەهلی کەسەبەش هەریەکی مەربووتی ئاغایێکە، حوڕڕییەتی تەواویان نییە. ئاساری موعایەشەی یۆنس خانە کە عولەما لەناویانا زۆر بەقەدر و حورمەتە، غەیری مەحموودخان ئەکسەری بەگزادە تەرەفداری مەکتەب و تەحسیلی تازەن. ئەمما خان زۆر موتەعەسسیبە، وەئیللا بانە لازم بوو مەکتەبێکی ڕوشدی تیا بوایە، ئەهالی و ڕەعیەتیان لەسەد پێنجی خوێندەوارە، تەنها کاغەزێ ئەنووسن و دەخوێننەوەو بەس.