یادداشتی ڕۆژانی دەربەدەری/خەبەری شێخ

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
یادداشتی ڕۆژانی دەربەدەری  (1948)  by زێوەر
خەبەری شێخ

لەپاش ئەم هەموو شایعە درۆیانە و خەبەرە ڕەسمییانە، دەنگ بڵاوبووەوە شێخ هاتووەتە مەریوان، وا لە «چۆڕ». باز غولغولەی «ڕاستە» و «ڕاست نییە» لەناوا پەیدا بوو. بۆ تەحقیق حسین نازم و سەیید ئیبراهیم لە دزڵییەوە هاتن بۆ مەریوان، چوونە چۆڕ. شۆڕ شۆڕ هاتنەوە. نازانم ئەساسی ئەو هەموو شایعە درۆیانە چی بوو! ئەتوانم بڵێم ڕاست لە ئێرانا نییە. لەحزە لەحزە خەوفی بەگزادەمان بوو کە بمانگرن لەپێناوی خانەکانا. وە لە ئەحواڵی ئینقلابی سلێمانی هەر ئانێ نەوعە بەیانێ نەقڵ ئەکرا. ژنێ هات وتی ماڵی ئێوە تاڵان کرا، ئەمما هەموو مناڵان سەلامەتن. زۆر مەمنوون بووم لەم خەبەرە، چونکە تاڵانی ماڵی من قەدر و قیمەتێکی وای نەبوو. ئەگەر بیشیبوایە تەئەسسوفم بۆ ماڵی دنیا نەدەخوارد. ئەمما خەفەتی کاکەحەمە و مناڵەکانی شێخ حەق بوو. نەقد و جینس و ئەشیایان شیمەتی سێهەزار لێرە زیاتر ڕۆیبوو. لەگەڵ ئەواش زۆر سابیر بوون. ئەیان وت هەموو فیدای شێخ بێ، شێخ سەلامەت بێ.

بەیانییەک دانیشتبووین. چامان لێنابوو. لەپڕ قاسیدێ لەڕێوا هات، سەلامی کرد و دانیشت، هەموو کەوتینە مەراقەوە، ڕوومان تێکرد: مژدەت پێ هەیە؟ وتی بەڵێ. منیش شارەزای درۆی ئەو قاسیدە بووبووم، وتم ئەتوانی ئەمجارە درۆ نەکەی؟ کەزانی من لەوێم، هیچ قسەی نەکرد. کاغەزێکی لە باخەڵیا دەرهێنا دای بە کاکەحەمە. هەموو چاومان ئەبڵەق بوو چ خەبەرێ زوهووری کرد؟ خەیاڵمان وابوو لەسەر نەوعە شایعەیەک شێخ چووەتە ئەترافی سەقز. قاسیدەکەش سەقزی بوو. لەپاشا لە ناوچاوانی کاکە بەشاشەت دەرئەکەوت. ڕووی کردە ئێمە وتی باش ئەبێ. عادەتی کاکەحەمە وابوو حەزی ئەکرد هەموو ئیشێ مەکتووم بگرێ. کاغەزەکەی دا بە من، خوێندمەوە. شێخ عارفی سەقزی بۆ شێخ ڕەئووفی نووسیبوو: «بلاتوقف» دێن بۆ سەقز، سەروماڵ تەعەللوقی بە ئێوەیە، بەندبوونتان «قطعيا» قوبووڵ ناکەم. ئێرە قۆناغی شێخە و بەخوسووسی دەعوەتی من و کاکەحەمەیشی کردبوو. وەکوو عەجەم وتوویانە «خودم به‌ بصره‌ میرفتم پول کمی نداشتم»، ئەو مژدەیمان بەقەدەر هەموو دنیا پێ خۆش بوو و قاسیدەکە چای خواردەوە. عەینی کاغەزێکی وەهاشی بۆ شێخ لەتیف پێ بوو. ڕووی کردە دزڵی. ئێمەش جوابی کاغەزمان حازر کردبوو، نووسیبوومان هێندێ ئیشمان هەیە، چەند ڕۆژێکی تر حەرەکەت ئەکەین. مەقسەد لەم تەئخیرەش: ئینتیزاری جوابی میرزا ئەحمەدمان دەکرد و بە ڕەزای بەگزادەکان بڕۆین. ئەو شەوە بەهەزار غائیلە ڕۆژمان کردەوە کە قاسید بێتەوە. بەیانی تێفکرین دوو سواری پیاوی خۆمان هات کە تاقمی دزڵی ئەوا بەکۆچەوە هاتن. ئایشەخان دەفەرموێ ئەوانیش بارکەن. لەم خەبەرە زۆر موتەحەییر بووین. نەمانزانی کوتووپڕ وا بار ئەکەن. لەو وەقتەدا خوشکی شێخ زۆر نەخۆش بوو، وە کاکەحەمە لەبەر قەڕەباڵغی نەیدەویست لەگەڵ؛ ئەوان بڕوا. نەخۆشیی خوشکی شێخی کرد بە بیانوو، وتی ناتوانێ سوار بێ و نابێ بەتەنها بەجێ بمێنێ، ئەوان خواحافیزیان بێ، ئێمە لەپاشا دێین. سوارەکان خەبەریان بردەوە. ئایشەخان باوەڕی نەکرد. شێخ ئیبراهیمی نارد، ئەوانیش ئیقناع کران، ڕۆینەوە. شەوێ ئەوان لە بالک بوون، بەیانی لەڕێی سەرشیوی سەقزەوە بەناو هەموو عێلی؛ جافا حەرەکەتیان کرد. میرزا ئەحمەد خەبەری نەبوو. بەهیەخان زۆر مەراقی ڕۆینی بوو چونکە وایدەزانی لە سەحرای کەبیر کە گۆشتی بەنی ئادەم ئەخۆن، لە موعامەلەی مەریوانی چاکتر بوو. بە مەفادی «و ٲبوا ٲن يضيفوهما» میوانداریشیان نەدەکرد و تەماعی ماڵیشمانیان دەکرد. خەبەرمان زانیبوو کە فکریان خرابە. لەپاش دوو ڕۆژ کە تاقمی دزڵی ڕۆیی، ئێمەش بارمان کرد بۆ تەرەفی بانە. شەو چووینە «قەڵا». ئاساری حوکوومەتی قەدیمی ئێران و باغ و باغاتی مابوو. ئەو شەوە وەک حاکمی ئێرانی کە یەکێکی بەردەست بکەوێ، چۆن خەوی لێ دەستێنێ کە مەجبووری بکا بە تەحویلی پارچەی جەریمە، مێشوولەش خەوی لەئێمە سەند. ڕوباعییەکم دانا ئەم میسرەعەم لەخاتردا ماوە:

عیلاجی دەردی مێشوولە، ئەگەر خوا حەزبکا، بایە لە زوڵمەتی شەو، لە عەزابی مێشوولە، لە ئەندێشەی ڕێ، بە تولووعی سوبح نەجاتمان بوو، چونکە چەند سوارێکی شێخ قادر هاتن بە ئیشی خوسووسی، بوون بەواسیتەی موحافەزەی ڕێگامان. لەگەڵ ئەوان کەوتینەڕێ لە قەڵاوە. هەدەفمان شار....

..... شەربە و کوندەمان پڕ کرد لە لقە وشکی بی ئەو شیوە ئەوەندەش دارمان پەدا کرد هەتا بەیانی گڕی ئاگرمان ئەمبەر و ئەوبەری شاخی گرتبوو. چامان دەم کرد. ماحەزەرێکمان سازکرد، بە ئەنواعی قسەی خۆش ڕامانبوارد. بەیانی بۆ بانە بارکرا. هەتا نزیکی نیوەڕۆ بەناو نزار و دارستانی پڕسێبەر بێغائیلە ڕۆیین. ساعەتێکی مابوو بۆ شار، لە شەراغ چەم و ئاوێکی سێبەردار خستان. فکر وابوو بەشەو بچینە شارەوە. نەڕۆیین هەتا پاش عەسر، مەشغووڵی چالێنان بووین، چەند سوارێ دەرکەوت وامانزانی شێخ قادری برای شێخە. هاتنە پێشەوە. شێخانی بەرزنجەیی بوون کە ئەوانیش وەک ئێمە دەربەدەر بوون، لە «هەنگەژار»ا قوبووڵ کرابوون، ڕەئیسیان سەیید ئەحمەدی حاجی مامەند بوو. لەپاش زۆر بەیانی تەئەسسوف و تەئەسسور بەحسی پیاوەتیی ساداتی هەنگەژاری کرد و خەبەریشی بەئێمە دا کە شێخ قادر و ماڵ و مناڵی نەقب هەموویان لەلای ڕۆستەم خانن. ئێوەش بچنە ئەوێ. مەحموودخانی حاکمی بانە ئەو پەنایە نییە کە زانیوتان. قەدرێ لەلامان دانیشت، ئینجا دوعاخوازیی کرد، ڕۆیەوە بۆ ناو خێڵی خۆی، ئێمەش کەوتینە ڕێ. وەقتی مەغریب داخڵی بانە بووین. حەمەتاڵ پیاوی ڕۆستەم خان لەپێش ئێمەدا میوانی شێخ قادر و مناڵانی نەقیبی کردبوو، تەعریفمان بیستبوو، ڕوومان کردە ماڵی ئەوان. ئەگەرچی خۆی لە ماڵ نەبوو. ئەمما لە تەرەف برا و کەس و کاری بەنەوعێ خزمەتیان کردین، مەفتوونیان بووین. کە ڕۆژ بووەوە لەگەڵ کاکەحەمە چووین سەیری بازاڕ و قاوەخانە و کاروانسەراکانی بانە. تەماشای وەزعی شارمان کرد کە لە شەڕی ڕووس و عوسمانیدا وێران و سووتابوو. تازە خەریکی تەعمیرات بوون. میقداری سەدوپەنجا ماڵێک جەمع بووبووەوە. شارێکی خۆش، مەنزەرەیەکی دڵگوشای هەیە.

بانە مەرکەزی حوکوومەتە. قەریب بە سەدوهەشتا دێ تابیعەتی. ئەویش بلووکێکە لە بلووکاتی کوردستان. ئیدارەی حوکوومەت بەدەست بەگزادەوەیە. هەتا زەمانی یۆنس خان بوو بەتەواوی بانە لەبەینی بەگزادانا بەش نەکرابوو. کە واقیعەی یۆنس خان و حاجی نائیب ڕوویدا هەرکەس ببوایە بە حاکم مەجبوور بوو کە تەرەفدار زۆر بکا. ئەو تەرەفدارەش بە دێ و خەڵات و بەرات ڕازی ئەبوون. بەو واسیتەوە زۆر وردە بەگزادە بوون بە پیاو و زۆریشی مەحو بووەوە ئەمما حاکمی لەبەینی ئەولادی یۆنس خان یا حاجی نائیب خاریج نەدەبوو. ئەمما بەواسیتەی ئیقتیدار و کیفایەتی ڕۆستەم خان و فەرەج خانی برای «بعضاً مستقڵا» وە «بعضاً مشتركاً» موداخەلەی حوکوومەتیان ئەکرد. وەقتی مواسەلەتی ئێمە ڕۆستەم خان و مەحوودخان هەردووکیان حاکم بوون. یەکێ وەکیلێکیان لە شارا بوو. لەبەر ئەمین نەبوون لەیەکتری خۆیان بەیەکەوە لە شاردا دانەدەنیشتن. بەگزادەی بانا حەقیقەت «بالمعلوم» شەجیع، جەسوور، سەخی، بەتەربییە، بە ئوسووڵ، بەدیرایەتن. ئیتتیفاقیان لەبەینی خۆیانا ببوایە حاکمی مەریوان و سەقزیش ئەبوون. نیفاق وای لێکردوون پژدەری، مەریوانی، سائیرە موداخەلەی ئیشی بانە ئەکا. ئەوەش عەلامەتی مەحوی تائیفەیە. بەواسیتەی ئەو ئیختیلافە، ئێرانیش جاربەجار مالیاتێکیان لێ دەستێنێ. ئەگەر لە بەگزادە هەمڕاهی بە حوکوومەتی ئێران نەکا، ناتوانێ گوزەر بە بانەدا بکا. بەڵێ:

«کورد لە هەرجێ کە ببێ میللەتی خۆ خۆرە»