یادداشتی ڕۆژانی دەربەدەری/جوغرافیای تەبیعی ٢

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
یادداشتی ڕۆژانی دەربەدەری  (1948)  by زێوەر
جوغرافیای تەبیعی ٢

ڕۆژێ دانیشتبووین تێفکرین میرزا ئەحمەدی برای کاکەحەمە پەیدا بوو هاتەوە. نەقڵی کرد کە چوومەوە مەریوان وامزانی لەوێ ماون. لە بالک میوان بووم، ئوڵاغ و تفەنگیان لێگرتم، میواندارییان کردم. لەناو خۆیانا ڕوانیم چرپەچرپ پەیا بوو، منیش نەمدەزانی چییە. کە خەبەرم زانی ئێوە هاتوون بۆ بانە، هەستام منیش سواربم نە تفەنگ مابوو نە ئوڵاغ، هەموویان لێ شاردبوومەوە و تەماعیان تێکردم. هەرچەند ڕجام کرد فائیدەی نەبوو نەیاندامەوە. لەئاخردا زەهیر کاری ڕاست بێ لە برازاکانی تووڕە بوو، ناردی ئوڵاغ و تفەنگەکانیان بۆهێناینەوە. وە ئەحواڵی سەقز و شیخ عارفی بەیان کرد. وە جەنابی سەییدی زەنبیل ئینتیزارە کوڕانی شێخ بچنە زەنبیل. لەگەڵ کاکەحەمە قەرار درا کە ئیزن لە ڕۆستەم خان بخوازین، بڕۆین. شەوێکی تر لە ساوان ماینەوە، دزی پژدەری دوو ماینیان لێ دزین، ماینێکی شێخ جەلال برازای شێخ و ماینێکی شێخ ئیبراهیم برای شێخ. ئەو شەوە ڕۆستەم خان لەماڵ نەبوو. کە هاتەوە زۆر سەخڵەت بوو، نۆبەچییەکانی فەلاقە کرد. بە هەموولایێکدا پیاوی ڕەوانەکرد، فائیدەی نەبوو. لە ئاخردا مەعلووم بوو کە لە «ئالان» لای کوڕانی وسمان ئاغایە. ئەم واقیعەیەش بوو بە سەبەبی زوو ڕۆینمان لە ساوان، چونکە بەئاشکرا مەحموودخان عەداوەتی ڕۆستەم خانی ئەکرد، وە شەریفوددەوڵە شایعە بوو کە دێت بۆ سەقز. غیاسوددەوڵە تازە بووبوو بە حاکمی سەقز، پیاوی ناردبوو بۆ لای مەحموودخان و ڕۆستەم خان مالیاتی داوا ئەکرد. خۆلاسە ڕۆینمان بۆ موکریان واجب بووبوو. ئیزنمان لە ڕۆستەم خان خواست کە حەزدەکەین بچینە «گوێزێ» ئەویش عائید بەخۆتە. لەوێ ئیستیراحەت ئەکەین. بەوحیلەیە ئیزنمان وەرگرت، بارمان کرد. سوارەی ڕۆستەم خان هەتا گوێزێ ڕوانەی کردین. شەو لە «نواوێ»دا زۆر خدمەتیان کردین. ڕەعیەتەکەی هەموو سمایل عوزێری بوون لەوێدا ئیسکان بووبوون. بە چوونی ئێمە گەلێ خۆشحاڵ بوون. بەیانی بەنییەتی زەنبیل کەوتینەڕێ. هەتا گەیشتینە باغاتی «تورجان» ئیستیراحەتمان نەکرد. من لە پێشمەوە چووم بۆلای ئاغای تورجان کە بەڵکو یەکێکمان بۆ شارەزایی لەگەڵ بنێرێ. چوومە ناو دێ. سەیری ئاساری قەدیمەی تورجانم کرد و تەماشای مەدرەسەی مەلای مەرحووم مەلاعەلیی قزڵجیم کرد، مەدرەسە ئەنباری کا بوو. بیست ماڵێکی ڕەش و ڕووت لەو شارەدێیەدا هەبوو. ڕووم کردە قەڵا، یەعنی قۆناغی ئاغا. چوومە ژوورێ، تەماشام کرد ئەحمەدبەگ کە ئاغای ئەوێ بوو نووستبوو، وە سەماوەرێکیش بە تاقمی چاوە موهەییا کرابوو، کەسی لێ نەبوو. قەدرێ دیققەتم لە وەزعی بینا و ئەساسی کرد، حەقیقەت مەقامێکی عالی و مەنزەرەیێکی خۆشی هەبوو. دەنگم نەکرد، گەڕامەوە. لە پایینی قەڵا کانی ئاوێکی ساردی لێ بوو چووم لەوێ ئاوم خواردەوە. دانیشتم هەتا کاروانمان هات. خەبەری نووستنی ئاغام دانێ. بە پرس کردن لەم و لەو کەوتینەڕێ. نزیک بە دێی «شیلانێ» بووینەوە دیققەتمان کرد چوارسوار شاخی گرتووە، چواریش لەڕێگاوە هات. چەند سوارێکی تر ئەترافی ڕێگایان گرتبوو خۆفمان لێ نیشت. سوارەکان ڕوویان کردە ئێمە، چار نەبوو ئێمەیش بۆبەردەستیان چووین. لەپڕ یەکێ لە خۆمان خەبەریدا شێخ قادرە. وەک شکستەی ئیمداد پێگەیشتوو ژیانیەوە. شێخ قادر بەغار هاتە پێشەوە، ماندوونەبوونیمان کرد، موجمەلی ئەحواڵی موکریانی بەیان کرد، وتی زەنبیل مەئمووری ئێرانی تێدایە، بەئیحتیات بڕۆن. خۆشی دۆعاخونزیی کردو گەڕایەوە بۆ بانە. ئێمەش ڕوومان کردە زەنبیل. لەپێشەوە پیاوێ چوو خەبەر بۆ سەیید ببا. خۆشمان لەخوار زەنبیلەوە کانی گەڕاوێ هەبوو ڕوومان تێکرد، نەچووینە ناودێ هەتا شەو تاریک دەبێ. ئەو دووسێ ساعەتە هەتا ڕۆژمان لێ ئاوابوو هەزار مەرارەتمان دی. لە تینوا زوبانمان وشک بووبوو. ئەگەرچی دوو دەقیقە ڕێگا ئاومان لێ دوور بوو نەماندەزانی لەو نزیکانە چەشمە هەیە و، لەولاش جەنابی سەیید، سەیید موحەممەدی کوڕی بە چەند سوارەوە بۆ ئیستیقبال ناردبوو. سەیید موحەممەد ڕاست ڕێگای تورجانی گرتبوو نەیزانیبوو لە کەناری زەنبیلین، هەتا ساعەت یەکی شەو تەعقیبی کردبوو، وە ئێمەش لە سەیید هەم مەئیووسیمان پەیدا کرد کە قوبووڵمان ناکا. لەپڕ خرمەی سوار پەیدا بوو، سەیید موحەممەد هات، دەست بەجێ سوارەکانی دابەزاند، باریان بۆ بارکردین، منداڵانی شێخی سوارکرد، چووینە خانەقاهـ، ئەوی لازیمەی میوانداری بوو بە ئەمری سەیید ئیجراکراو بەخۆشی دامەزراین. لەپاش دوو سێ ڕۆژ ئیستیراحەت ئاغایانی «ئەسکی بەغدا» جەنابی حاجی موئمین خان و قۆچ بەگ بۆ زیارەت هاتنە زەنبیل. کە چاویان بە من کەوت بەواسیتەی موعارەفەی پێشوو تەکلیفیان کرد کە من بچمە خدمەتی ئەوان. منیش ئیجابەتم کرد. کە تەشریفیان ڕۆیەوە ئوڵاغیان بۆ ناردم، چوومە ناو ئەو بەگزادانە، ئەو عالی هیممەتانە.

مەقسەدم لە نووسینی ئەم تەئریخە بچکۆلەیە بەیانی ئەحواڵی عەشیرەت و میللەتی کوردە. بەو موناسەبەوە واقیعاتی خۆشم نووسیوە.

لە ئیعتیباری تورجانەوە داخڵی وڵاتی موکریان بووین. موکریان وڵاتێکی زۆر خۆشی بەواریداتە. عەشیرەتی «دێبوکری»و «بەگزادە» لە موکریانا ساکنن. هەر عەشیرەتێ ڕەئیسێکیان هەیە مولەققەب بە «ئیلخانی». ئیلخانیی دێبوکری کوڕانی ئەو حاجی بایز ئاغا و مەحموود ئاغا و سەردار ئەسعەد عەلی ئاغا ئیدارەی عەشیرەتەکە لەگەڵ داخیل و خاریج ئەکەن. موقتەزای تەبیعەتی کوردە هتر تایفەیەک لەگەڵ تایفتیەکی تر عەداوەتی هەیە. ئەم دێبوکرییە لەگەڵ بەگزادە و مەنگوڕ، گەورک ناخۆشییان دائیما هەیە. ئەمما بەواسیتەی حوسنی ئیدارەی کوڕانی حاجی ئێلخانی قیسمێ لە مەنگوڕ و قیسمێ لە بەگزادەیان کردووە بە دۆست و ئەو کەسی کە دۆستیان بێ زۆر ڕیعایەتی دەکەن و بۆ موحافەزەی تێدەکۆشن. وەقتی شەڕ نەزدیکی هەزار سواریان دەبێ. زۆر تالیب بە عیلم و مەعریفەتن. قەدری عولەمایان لا هەیە. ئەگەر موعەللیمیان دەست بکەوی بەتەرتیبی تازە بە منداڵیان دەخوێنن. بۆ حوکوومەت زۆر موتیعن. قەمچیی دەستی حووکومەتی سابڵاغ ئاغایانی دێبوکریی. قیسمی بەگزادە ئەوانیش زۆرن. ئەوی بەقودرەتە تایفەی فەیزوڵڵابەگی پێ دەڵێن. ئەم تایفەیە مەحاڵی سەقز و بۆکان هەتا سابڵاخ و سەرحەددی گەورکیان ئیشغاڵ کردووە. هەموو ساحێب قۆناغ، ساحێب نان، ساحێب سەیف و قەڵەم. «مع التأسف» ئەکسەری غەرقی سەفاهەتە، غەیری عوشرەت و خواردن و نووستن فکرێکی کەیان نییە. لەگەڵ ئەوەش لە ئەحواڵی عالەم باخەبەرن، وەک «طوائف الملوك» وانە، کەس قسەی کەس ناخوێنێتەوا. ڕەئیسیان نوفوزی نییە، ئەمما وەقتی شەڕ.... ئیتیفاقیان هەیە. بۆ حوکوومەت ئەوەندە موتیعن بەو هەموو ئیقتیدارەوە ساڵداتێکی ئێرانی ئەتوانێ هەموو ئەمرێ لەناویانا ئیجرا بکا.

قسە قسە ئەبڕێ. والی سنە شەریفوددەوڵە بە مەوجوودێکی سەد کەسییەوە هاتە سەقز، نەیانتوانی لە موقابەلەیا حەرەکەتی مەزبووحانە بکەن، وە پازدە کەسی کوڕە کوڕەی لێ حەبس کردن، بە پازدەهەزار تومان جەریمە خۆیان نەجات دا.

ئەو شەجاعەتی کە لە فەیزوڵڵابەگی جەدیان نەقل ئەکرێ، زۆر لە ئەولادانی دوورە، وەلێ زۆر تەجەددودپەرستن، عاشقی مەکتەب و مەعاریفن. فکری قەومییەت لە بەعزێکیانا مەوجوودە، ئەویش لەبەر ئیستیبداد و زوڵم لە ڕەعیەت و ئەهالیی بەردەستیان ئیزهاری ناکەن. ڕەعیەتیان زۆر جاهیلە و عەوامن، عەکسی کوردستانی جونووبییە. لەجونووبدا قیسمی عەوام فکریان نوورانییە و خەواس جاهیلن. لە شمال خەواس خەواسە، عەوام عەوامە.

لە تەئریخی کورد کە ئەڵمان نووسیویانە و بە تورکی تەرجەمە کراوە، حوکوومەتێکی کورد لەژێر ئیدارەی «بۆداق بەگ» تەشکیل کراوە مەرکەزی موکریان بووە. قەڵەمڕەوی ئەو حوکوومەتە مەراغە، میاندواو، ئورمیە، سابڵاخ، سەقز، بانە، سنە، سلێمانی، کفری، وە لە تەرەفی غەربەوە هەتا جەزیرە ڕۆیوە. لەپاش وەفاتی خۆی ئەولادی ئەو ئیختیلافیان تێکەوتووە. هێندێ تەشەببوسی بە شای ئێران کردووەو هێندێ چوونە ئەستانبووڵ دەخالەتیان بە عوسمانیبردووە. گاهـ ئەم غاڵب، گاهـ ئەو. سیاسەتی دەوڵەتەین؛ و نیفاق بەینی ئەکراد بوو بە سەبەبی مەحوی ئەو حوکوومەتە. وڵاتیان بەش کرا.

لە موکریانا لە قیسمی بەگزادانا عەزیزخانی سەردار زۆر بەئیقتیدار و جەوهەر و عەشیرەت دۆست، ساحێب شیرو تیر، قەڵەم و تەدبیر بوو. مەناقیب و مەحامیدی ئەو بەتەنها کتێبێکی دەوێ. لەپاش ئەو حسێن خانی سەردار کۆڕی عەزیزخان بوو بە حاکمی سابڵاخ. قەومییەت و دیانەت لای ئەو عەیش و نۆش بوو. لەگەڵ ئەو هەموو ئەملا کە جەسیمەکە بووی و ئەو هەموو جەریمەو جەزای حوکوومەتەی کە ڕاجیع بە خۆی بوو، دائیما سەدهەزار تومان قەرزدار بووە. نەتیجەی سەییئاتی ئەو باری قەرز بەئیرسم بۆ عەلی خانی کوڕی مایەوە. زابتێکی عوسمانی نەقڵی کرد وتی: شەوێ چوومە مەجلیسی سەردار حسێن خان لە سابڵاخا، دانیشتم، تەماشام کرد یەکێ دەستی خستبوە بناگوێی ئامان ئامان ئامان ئامان گۆرانی دەوت. یەکێکی کە تاری لێ ئەداو، چەند ئاغایێ لە دێبوکری و فەیزوڵڵابەگی دانیشتبوون، سفرەیەک لە بەردەستیانا ڕاخرابوو، هەریەکە، شووشەیێ قۆنیاغ و فڕووجێکی سوورکراوا بۆ مەزە و خۆشی، لە لایێکەوە کەوتبوو ئاگای لە خۆی نەبوو، وە چەند نۆکەرێ ڕاوەستابوون، یەکێ بازی بەسەر دەستەوە. قەدرێ سەیری ئەو وەزعیەتەم کرد. لەپاشا هەستام ڕۆییم.

لەگەڵ عەزیزخانی باوکی نوقتەی موقابیل بوون. لە شەڕی ڕووس و عوسمانیدا بە توهمەتی جاسووسی ڕووس گیرا و حەبس کرا...