گەنجینەی مەردان/میرزا تۆفیق قەزاز

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
گەنجینەی مەردان  (1948)  by زێوەر
میرزا تۆفیق قەزاز

لە مەردانی مەشهووری سولەیمانی میرزا تۆفیق کوڕی حاجی ئەحمەدی مەشهوور بە تۆفیق قەزاز، بەناوی باوکییەوە قەزازیی ئەزانی، ئەمیش بەو لەقەبەوە نیسبەت دراوە. بە بێ تەحسیلی عالی لە فەننی ئیدارە وە سیاسەت و ئیعمار و ئیقتیساد گرەوی لە تەحسیل دیدەکان بردووەتەوە. بە سەماحەت، بە جەسارەت، بە غیرەت هاوتای لە سولەیمانییا نییە. ڕیایی، مەرایی، پۆلیتیقەی مەئمووریی گەورەی بە کوفر دەزانی. بە ئاساری عیمران شیعاری ئەجنەبی و خۆوڵاتیی مەمنوون کردووە. بچۆرە سەرچنار کە قەبرستانێکی وشک و بێسێبەر بوو، ئیست بەفکری عیمران پەروەری وای لێکردووە «جنة تجري من تحتها الانهار». کردوویە بە پارچە بەهەشتێ کە قابیلە شاهـ و گەدا بۆ تەفەڕڕوج و سەیران ڕووی تێبکەن، یا بچۆ بۆ سەراوی سوبحان ئاغا لە شارەزوور، موتەحەییرانە بانگ ئەکەی «سبحان من تحير في صنعه العقول». ئەو مەعدەنی مار و مێروولە و مێشوولەیە بووە بە باغ، بە دارستان، بە زەراعەت، نموونەی سەیفییەکانی ئیسویچرە وە شاخی لوبنان. وەرەوە سولەیمانی، قەسرێکی بۆ دانیشتنی خۆی دروست کردووە عەرەب چاوی پێ بکەوێ ئەڵێ:

فلا يدخلك، يا قصر، أنين
وٲضحي فيك مسرورا، حزين

بێینەوە سەر مەتڵەب. عەجەبا ئەم سەرچنارە، ئەم سەراوی سوبحان ئاغایە، ئەم خانوو و قەسری سولەیمانییە چۆن دروست کراوە؟ بە بێگار و هەرەوەز، یا بەهێزی پارە و خدمەتی عەمەلە؟ بەڵێ، بە سەرفی پارە پەیدا بووە. «تقريبا» هەتا ئیستا وە بۆ ئەو بینایەی کە تازە خەریکیەتی لەسەر جادەی کەرکووک سەدهەزار دینار سەرف بووە یا ئەبێ. ئەم هەموو دینارە چیی لێهات؟ هەمووی چووە باخەڵی کرێکار و جووتیار و سەپان و عەمەلە و وەستا و ساحێب گەچ و بەرد و قسڵ و خشتی سوور. بام بەناوی مەنفەعەت بێ بۆخۆی، ئەمما ئیستیفادەی میللەت زۆرترە کە ئەو هەموو نەقدەیان دەست کەوتووەو وڵاتەکەشیان جوانی و زینەتی تێ کەوتووە. میرزایش وەک ئەوان ئیستیفادە لە سەیر و تەماشا دەکا، وەئیللا ئەو مەسرەفەی کردوویەتی خوا ئەیزانێ بە چەند ساڵ پڕ ئەبێتەوە.

خدمەتێکی تری: خەبەر بە ئەهالیی شارەزوور ئەدا کە بێنەوە ڕاوەبەرازە، پێنج شەش سەر مەڕ سەرئەبڕێ ئەیکا بە زیافەت بە پڵاو و گۆشت بۆ ئەوانەی کە بۆ ڕاوەبەراز کۆ ئەبێتەوە. بەجارێ وەک شکاری شاهی، لە هەموولایەکەوە ئەهالی ئەکەونە ئەو چەم و دەشتەوە، بەراز ڕائەپەڕێنن، بە سەگ، بە تفەنگ دەست ئەکەن بە کوشتاری بەراز. لەپاش ئەم ڕاو و شکارە و دەفعی بەراز لەو ئەترافەدا، ئەهالی بەکۆمەڵ ڕوو ئەکەنەوە دیواخانی میرزا تۆفێق و بە قیەو باسی ڕاوەکە هەرکەسێ شتێکی دیبێ ئەیڵێت. ئەمجا سینی و خوانیان بۆ دێتە پێشەوە، بە دڵی خۆش بەئارام قاوەڵتی ئەکەن. لە ئاخردا سەماوەریان بۆ گەرم ئەکرێت، چا ئەخۆنەوە. بەم خدمەتە هەم دەفعی بەرازی کرد، وە هەم ئەهالییشی بە دەعوەت و نان خواردن لەگەڵ یەک و مەحەببەت و دۆستی ئاشنا ئەکرد.

خدمەتێکی تری، لە واقیعەی بەردەرگای سەرای حوکوومەت: ئەوسا هەموو لیوایەک موعاوینێکی ئیداریی ئینگلیزی تیابوو. حوکوومەت ئەیویست خۆی بەبێ ئەهالی ئینتیخابی مەندووب بکا. ئەهالییش ئەوەیان لا ناخۆش بوو، ئینتیخابی حوڕ و قانوونییان ئەویست. بۆ ئەو مەسئەلە موزاهەرەیێکی قانوونی کرا. میرزا تۆفیقیان کرد بە وەکیل کە مەتالیب بە حوکوومەت تەبلیغ بکا. میرزا چووە بانی چاخانەکەی پێش سەرا، ڕێگا نەبوو بۆ دائیرەی موتەسەڕڕیف، دەرگای حوکوومەت سەد کرابوو و پۆلیس بە سیلاحەوە موحافەزەیان ئەکرد. لە دائیرەی موتەسەڕڕیفدا ئینتیخاب ئەکرا. لە سەربانی چاخانەکە میرزا دەستی کرد بە نوتقدان و تەڵەبی مەتالیبی میللەتی کرد. بەعزێ لەو جاهیلان و هەرزەکاران غیرەتیان هاتەجۆش پەلاماری پۆلیس و دەرگای حوکوومەتیان دا بە بەردەباران. حاکمە ئینگلیزەکە ناردی مەفرەزەیەک عەسکەر بە مەترالیۆزەوە هات و ئەمریشی دا کە تەعەڕڕوزی ئەهالی بکەن. عەسکەر دەستیکرد بە ئاگربارانی مەترالیۆز، بەجارێ سەد بریندار و کوژراو لە مەیدانا کەوت. ئەهالی چونکە فکری موقابەلەی حوکوومەتیان نەبوو. کەس سیلاحی پێ نەبوو، بەناچار بڵاو بوونەوە و چەندکەسیش لە ئەهالی گیرا و تەوقیف کرا. میرزا تۆفیقیش لە تەوقیف کراوەکان بوو. وە لە مەوقووفان قیسمی ئەشرافیان نارد بۆ کەرکووک. باقی لە سولەیمانی حەبس کران. حوکوومەت بە مەرامی خۆی ئینتیخابی مەبعووسی کرد. لەپاش موددەتێ کە نەجاتیان بوو میرزا تۆفیق دەستی سەماحەت و مەردایەتیی بۆ ماڵ و مناڵی کوژراوەکان درێژ کرد، مەعاشی بۆ بڕینەوە، مانگەومانگ یاریەی ئەدان و خدمەتی ئەکردن. هەتا ئەم ئاخرییەش زۆر عائیلەی موستەحەق ئەو مەعاشەی وەرگرتووە، وە ئێستاش مەسرەفی جەژن و خەرجییان بۆ ئەنێرێ. لە دەوڵەمەندان زۆر کەس ڕەفیقی بوو. تەنها میرزا ئەم خدمەتەی بە میللەتی پەرێشان کرد.

یەکێکی تر: هەموو ساڵێ بەناوی زەکاتەوە میقداری چوارسەد پێنجسەد دینار دادەنێ. ئیحتیمال لەو قەدەرەش گەلێ زیاتر بێ، ئەوە خۆی ئەیزانێ. خەبەر بە کوێرو پیرو هەژارو لێقەوماوان ئەدرێت کە بچن «حق اللة» وەربگرن، دەستە دەستە فەقیر و هەژار، ژن و پیاو ڕوو ئەکەنە مەحەللێ کە بۆیان مەعلووم کراوە، هەرکەس بەگوێرەی ئیستیحقاقی خۆی پارەی ئەدرێتێ. وەک زەکاتی سائیرە نییە کە یەکی پەنجا فلس یا سەد فلسی ئەدەنێ و دەفعی ئەکەن لە خۆیان. ئەم لە دینارەوە هەتا سێ چوار دیناریشیان ئەداتێ کە کەڵکی ئیحتیاجییان بگرێت.

شەخسێ گێڕایەوە وتی لەسەر خەرمانی مەرەزەکەی دانیشتبووم لە هەموولاوە بۆ خەرمان لۆغە فەقیر ڕوویان تێکرد، هەرکەس بەقەدەر خۆی بێبەش نەکرا. چەڵتووکیان ئەدانێ، سەیرم کرد سەیدێکی شاڵ سەوز پەیدا بوو، داوای خەرمان لۆغەی کرد. میرزا لێی پرسی سەیید لەکوێوە هاتووی؟ وتی لە دێی گوڵپەوە. ئەمری کرد پێنج تەنەکە چەڵتووکیان بۆ پێوا. سەیید هەر لەوێ سێ تەنەکەی فرۆشتەوە. دوو تەنەکەشی کردە گونییەوە دای بەشانیا. بانگی سەییدی کرد وەرە! سەیید هات. گوتی کاکا سەیید ناتوانی بەم کۆڵەوە بگەیتە گوڵپ. پسووڵەیەکت بۆ ئەنووسم هەر ئۆتۆمبیلێ هات نیشانی بدە هەڵت ئەگرێت بۆ هەڵەبجە. ها ئەوە دوو دیناریش بۆخۆت خەرجی کە. سەیید بەمەسرووری ڕۆی. ئۆتۆمۆبیلی تووش بوو هەتا هەڵەبجە بە خۆی و چەڵتووکیەوە بەخۆڕایی هەڵیانگرت.

سێ کوچکەی مەردی کە لە قەرەداغ و سەرچنار و شارەزووردایە مەنجەڵی سەماحەتی خستووەتە سەر، هاتووەتە جۆش، لە هەموو ئەتراف و جانیبێکدا ئیستیفادە لەو مەنجەڵە بەجۆشە ئەکەن. دوورو نزیک خێری بەئوجرەت بێ، بەخۆڕایی بێ، لێ وەرئەگرن. هەموو جێگایێک کە قەڵەمڕەوی ئەو بێ دوعای خێری بۆ ئەکەن. خودا دوعایان قوبووڵ کات.