گەنجینەی مەردان/شێخ عەلائەددینی بیارە

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
گەنجینەی مەردان  (1948)  by زێوەر
شێخ عەلائەددینی بیارە

لە شێخانی تەریقەتی نەقشی شێخ عەلائەددین کوڕی شێخ عومەر زیائەددین زاتێکە زۆر ڕووخۆش، بەتاعەت، بەخدمەت. بە ماڵ و بە بەدەن دائیما بۆ خدمەتی میللەت ئامادەیە. خانەقاکەی لە هەموو وەقتێکا بێسۆفی و موریدی غەریب نییە و میوانی تایبەتییش لە مەئمووران و لە پیاوی گەورە ڕووی تێئەکەن، هرکەس موناسبی حاڵی خۆی خدمەتی ئەکرێت. ئەگەر کەسێ پرسیار بکا هەموو تەکیەو خانەقای کوردستان ئەم نان و شۆربایەی هەیە، بەتەنها بۆ شێخ عەلائەددین خراوەتە «گەنجینەی مەردان»ەوە؟ لەبەر چەند کردەوەی جوانیە کە لە ڕێگای ئینسانییەت و دیانەتا کردوویەو ئەیکا.

یەکەم: لە وەقتی گرانییەکەدا کە ماڵی لە مەریوان بوو، بەوە دڵی ئاوی نەدەخواردەوە هەرکەس بێتە خانەقا نان و شۆربای باتێ، بەڵکو هەموو ڕۆژ زەلامی بە کۆڵەنانەوە ئەناردە سەر ڕێگاکان، دوور لە ئاوەدانی، لە ڕێگا ڕادەوەستا بۆ کەسێکی لێقەوماو کە لەبەر برسیەتی نەتوانێ بگاتە ئاوایی، یا بۆ دێیەکی تر بڕوا پەکیی کەوتبێ، کولێرەو نانی بدەی هێز پەیدا بکا بۆ ڕۆیشتن بۆ ئەو جێگای بۆی ئەچێ.

دووەم: بەواسیتەی ئەوە کە لە حەکیمیدا دەستی هەیەو ئەنواعی دەرمان و دەوای هەیە زیاتر لە مرید و سۆفی، نەخۆش و بریندار و دەردەدار و چاوئێشاو ڕوو ئەکەنە خانەقا. ئەمانە هەتا ئەڕۆن هەم خواردنیان ئەدەنێ وە هەم تەداوییان ئەکرێت.

سێیەم: خانەقا وەک جێگای عەبادەتە وەک زەمانی شێخ زیائەددین، بووە بە مەدرەسەی عیلمییەش. مودەڕڕیسی چاکی هەیە، دائیما دە پازدە موستەعید و سوختە و فەقیە لەوێدا تەحسیل ئەکەن حەتا ئیجازەی عیلمییەی تێدا وەرئەگیرێ، چونکە مودەڕڕیسەکەیان مەلا عەبدولکەریم عالمێکی فازیل و داناو بە عولوومی عەسرییەش شارەزایە. ڕۆژێ چوومە سەیری تەدریس و تەقریری، سەیرم کرد میقداری دە موستەعید بەڕیز دانیشتوون، بەحەڵقە دەرسیان ئەخوێند، یا «بەیزاوی» بوو دەرسەکەیان یا «ئیبنوحەجەر»، لە خەیاڵم نەماوە. ئەو موستەعیددانە بەکەمالی تەربییە گوێیان لە تەقریر ڕاگرتبوو. ئەگەر یەکێکیان ئیشکاڵێکی بوایە مەلا جوابی ئەدایەوە. لەپاش دەرس لە خدمەت مەلا دانیشتم. وەزعی ئیدارە و ئیعاشەی مەلا و تەلەبەم پرسیار کرد، ئەویش بە شوکرانەی زۆرەوە بەیانی خدمەتی شێخ عەلائەددینی کرد، گوتی مەساریفی هەموو تەلەبە و مودەڕڕیس و ئیمام و موئەززین و خادیم لە تەرەف شێخەوە تەئمین کراوە، نوقسانیمان نییە.

وە غەیری ئەم سیفەتانەی ئەگەر شێخ کەسێ موراجەعەتی پێ بکا کە لای مەئمووران ڕجای بۆ بکا، میرزاو کاتبی هەیە دەست بەجێ موافیقی مەتڵووبی ئەو شەخسە ڕجانامە ئەنووسرێ ئیشی ڕاهی ئەکەن.

لەتیفە: ڕۆژێ مودەڕڕیس مەلا عەبدولکەریم عەرزی ئەکا ئەی شێخ ئەو کەسانەی دیاریت بەناوی شێخیەتییەوە بۆ دێنن، حەرامە چۆن قوبووڵی ئەکەیت، بەڵکو تۆ شێخێکی وا نەبیی کە ئەو عەقیدەی هەیە؟ فەرمووی بەناوی شێخیەتییەوە دیاری وەرناگرم، بەڵکە بەناوی حەکیمییەوە لێیان قوبووڵ ئەکەم.

زاهیرەن شێخ عومری گەیشتووەتە هەشتاد زیاتر. خوا بۆ خدمەتی موسوڵمانان عومری درێژکا.