گەنجینەی مەردان/شێخ مەحموود

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
گەنجینەی مەردان  (1948)  by زێوەر
شێخ مەحموود

مەردی مەیدانی حەمییەت، شێری بێشەی حوڕڕییەت، لە ساداتی ڕەفیع دەرەجات شێخ مەحموود کوڕی شێخ سەعید کوڕی شێخ موحەممەد کوڕی حەزرەتی کاک ئەحمەد. لە ساڵی ١٣٠٠ی هیجری لە سولەیمانی هاتووەتە دنیاوە. عومری کە گەیشتە شەش حەوت ساڵانە لای مامۆستای خوسووسی دەرسی قورئانی کەریم و بەعزێ لە دینیەی خوێند. ئەوسا لە سولەیمانی هەر مەکتەبێک هەبوو ئەویش عەسکەری بوو. ئەهالی لە قوتابخانە بە منداڵی خۆیان ئەخوێند. خوێندنیش فارسی و تورکی بوو. عەرەبی هەر لە مەدرەسە عیلمییەکاندا ئەخوێنرا. لەسەر عادەتی ئەوسا فارسی و تورکی لە قوتابخانە تەواو کرد، خەت و سەوادی پەیدا بوو. زەمانەکە ئەوەندە پەرێشان و موشەووەش بوو کەس بەلای تەحسیلا نەدەچوو. نەفسی شار بێجگە لە حوکوومەت پەنجا ئاغا و ساحێب حوکمی تیا بوو. هەر مەحەللەیەک، بەڵکو هەر سوقاقێک ئاغایەکی بوو. شێخ مەحموود کە چاوی کرایەوە، کەوتە دنیاوە. حوڕڕییەتی تەبعی هەموو موعامەلەیەکی قوبووڵ نەدەکرد، دەستیکرد بە موقابەلەی ئاغایانی ناوشار و حیمایەی مەغدوور و بێچارە. وردە وردە ئەهالی ڕوویان کردە پەنا و دەرگای ئەو. لەپاش یەک دوو ساڵ هەموو مەحەللەی کانیی ئاسکان و مەڵکەندی و سەرشەقام و قیسمێ لە گۆیژە و دەرگەزێن بوون بە مەحسووب و خدمەتکار و مەنسووبی ئەو و حوکوومەتیش بەناو هەبوو. زۆر لە مەئموورانیش خۆیان هاویشتە باوەشی بۆ مەحفووز بوون لە بەڵای ناگەهانی و عەزڵ بوون، چونکە ئەیتوانی لای موتەسەڕڕیف یا والی ئەو مەئموورە ویقایە بکا و، دێهاتی ئەترافی شاریش لە ئیستیلا و زوڵمی هەمەوەند و عەشایر زۆر پەرێشان بوون. جاردەی هەمەوەند ڕێگای هاتوچۆی کاروانی بەستبوو. حوکوومەتیش هیچ نوفووزی نەمابوو. شێخ بەتەبیعەت لەم ئەحواڵەش بێزار بوو، دەستی کرد بە تەعقیبی جەردە و کوشتار لێکردنیان. خدمەتکارێ بۆ ئەم ئیشە مەعلووم کرد. لە هەر مەکانێک خەبەری ئەشقیا بووە، پیاوی شێخ چوونە سەریان لەگەڵیان کەوتنە شەڕکردن. زۆرجار شێخ «بالنفس» بۆ تەعقیبیان چووە. ئەسپ و ماینیان لێ ئەکوشتن، تاڵانیان لێ ئەسەندنەوە، هەتا هەمەوەند مەجبوور بوون لە بازیان بەولاوە نەیانئەتوانی بڕۆن. دێهات چاویان کرایەوە، ئیتر ئیمدادیش نەبوایە مودافەعەی خۆیان ئەکرد، خۆیان بە پیاوی شێخ مەحموود حیساب کردبوو.

شوهرەتی بۆ ئەتراف بڵاوبووەوە لە ئێرانەوە، لە گەرمیانەوە، ئاغایان و بەگزادان بۆ خاتری ئیرتیباتی لەگەڵ پەیدا بکەن بازی چاک، ماینی جنس، تانجی و کەویان بەدیاری بۆ ئەنارد. ئەویش بەنەزەر شەخسەوە خەڵات و نیعمەتی ئەنارد بۆ ئەو ئاغایانە و بەخشش بەو کەسەی دیارییەکەی هێناوە. بەئینعام و ئیکرام دڵی عالەمی ڕاکێشا. لە هەموولاوە دەستە دەستە بەگزادە و ئاغایان و سەرکردەی عەشایر بۆ زیارەتی ئەهاتن. ئەویش لە خدمەتی کەس قوسووری نەدەکرد. بە پیاوەتی ڕایبوارد، هەتا حەربی عوموومی دەستپێکرا، ئەمجا بەناوی غەزاوە سواری کۆ کردەوە، بۆ موعاوەنەتی عەسکەری تورک چوو بۆ تەرەفی بەسرەو زوبەیر. لەپاش چەند موسادەمەیەک تورکەکان موقابەلەی ئینگلیزیان پێنەکرا، گەڕانەوە دواوە. شێخیش مەجبوور بوو لەگەڵ سوارەی خۆی هاتەوە بۆ سولەیمانی، دەستیکرد بە تەدارەک بۆ ئیمدادی تورکێ کە لە ئێراندا لەگەڵ ڕووس شەڕیان ئەکرد. خۆی گەیاندە جەبهەی حەرب. ڕووسەکان کاغەزیان بۆ نووسی و شیرێکیان خەڵات بۆ ناردو وەعدەی زۆر گەورەیان دا کە بۆی بکەن بەشەرتێ ئیشتیراکی شەڕ نەکا. «ديانةً» شێخ ئیعتیمادی بە وەعد و وەعیدی ڕووسەکان نەکرد، هەتا نیهایەتی حەربی عوموومی لەگەڵ تورکەکان بوو. کە بەغداو کەرکووک سوقووتی کرد، دووبارە سولەیمانی کەوتە ئیختیلال و موشەووەشی. تورک نوفووزی نەمابوو. دووبارە حیمایەو ئاگەهداریی مەئموورانی کرد.

کە ئینگلیز هاتنە سولەیمانی، بەسواری خۆیانا، ئەو مەئموورانەی مابوونەوە ڕەوانەی مووسڵی کردن کە بیاننێرنەوە تورکیا. باقیی مەئموور کە کورد بوون لە سولەیمانییا مانەوە. ئینگلیز لەژێر ئیدارەی شێخدا حوکوومەتێکی وەتەنیی دروستکرد. تا چەند مانگێک ئینگلیزەکان موعامەلەیان باش بوو، لە ئاخردا سیاسەتیان گۆڕی. شێخ تەحەممولی دەسیسە و حیلەی ئەوانی نەبوو، موخالەفەی ئەکردن. نەتیجە بوو بە شەڕ لەبەینی حوکوومەتی وەتەنی و ئینگلیزیدا. ئینگلیزەکان غاڵب بوون، شێخ ئەسیر کرا. تەفسیلات خۆیان بە کتێب نووسیویانە، «گەنجینە» عەلاقەی بەسەر تەئریخ نووسینەوە نییە، هەر ئەحواڵی تایبەتیی «مەردان» ئەنووسێ. حەفدە ساڵ شێخ بە کەشاکەشی حەبسی و ئەسیری مایەوە. ئەمما وەقتێ کە لە بەغدا بوو، هەروەک سولەیمانی، قۆناغ و دیواخانی مونتەزەمی هەبوو. لە هەموولایەکەوە میوانی بۆ ئەچوو و خەڵقی ڕووی ئەکردە دەرگای. ئەویش بەواسیتەی ئەو مەعاشەی کە حوکوومەت بۆی مەعلووم کردبوو و واریداتی ئەملاکی کە لە سولەیمانییەوە بۆ ئەچوو، خدمەتی میوانی ئەکردو، ئەوی بۆ ئیحسان و ئینعام ئەچوو بێبەشی نەدەکردو، ئەوی بۆ وەزیفە و مەئمووریەت دەخالەتی پێئەکرد، لە وەزارەتەکانا سەعیی بۆ ئەکرد، ڕجای بۆ ئەنووسین. بۆ بەعزێ «بالذات» خۆی ئەیبرد بۆ دائیرەی حوکوومەت. نوفووزی تەئسیری هەبوو، ڕجایان قوبووڵ ئەکرد. هەتا مەسئەلەی ئیختیلافی ئینگلیز و عێراق لە زەمانی ڕەشید عالی گەیلانیزادە لە بەغدا مایەوە. کە شاری بەغدا کەوتە خەتەرو تەهلوکەوە «مجبورا» بەغدای تەرک کرد، ڕووی کردەوە لیوای سولەیمانی، چوو لە «داریکەلی» لەسەر موڵکی خۆی دانیشت و حوکوومەتیش ڕازی بوو بێتەرەفانە هەر لەوێ دانیشێ. حاڵی حازر لە داریکەلی بە زەراعەت، بە فەلاحەت، بە خدمەتی ئایەندەو ڕەوندە مەشغووڵە. لایی کەمی ڕۆژی پەنجاهـ کەس بەڵکو زیاتر ڕوو ئەکەنە دیواخانی، ئەبێ خدمەتیان بکرێت و، زۆر کەسیش بۆ ئینعام و ئیحسان ئەچێتە خدمەتی، ئەوانیش مەحرووم ناکا. لە ساداتا کە مەرد مابێ تەنها ئەوە. وە بۆ ڕجای فەقیران لەی مەئمووران قوسوور ناکا. هەرکەس موراجەعەتی پێ ئەکا هەتا لەئیقتیداریا بێ سەعیی بۆ ئەکا. بەخۆشی و سەربەستی ڕائەبوێرێ و زۆر ڕەفاقەتی عولەماو ئەهلی دینی پێ خۆشە. زۆر حەز لە لەتیفە و نوکتەبازی ئەکا و تەبیعەتی شیعرییەشی هەیە. زۆر شیعری جوان جوانی گوتووە و قەدری شاعیران و مونەووەران ئەگرێت. وە لە ئەشعاری ئەو کە دەستم کەوتووە، ئەم چەند شێعرەم نووسییەوە. ئەمانە بەنەزەر ئەشعاری بەلەتیفە و بەنوکتەی هیچ نییە:

با زەمزەمە گریانە لەنێو مەجلیسی عیشقا
ساقی خەبەری داوە کە یار نایەتە یاری

قەت ناببێ ئەو دولبەرە فەریادی من و تۆ
سەد بارە کەبابی دڵەکەم بیکەمە دیاری

دوو جۆگەیی خوێنینە بەسەر سەفحەیی ڕووما
گوڵ گوڵ بووە داوێن و کەنارم، وەرە دیاری

ئەو خاڵە زوخاڵێکە لەنێو بۆتەیی دڵما
ڕۆحم ئەکوڵێنێ بە نەفەس کوورەیی ناری

ئەی مورغی ستەمدیدە ئەسیری لەقەفەسدا
بۆ خۆت و وەتەن بگری کە سەم خوردەیی ماری

دەسناکەوێ تریاکی من و تۆ لەعێراقا
با گریە بچین تا بەلیقای حەزرەتی باری

جەنابی خالق ئەم زاتە بۆ خدمەتی فەقیران بەرقەرارو عومردرێژ بکا.