گەنجینەی مەردان/عەلی کەمال بەگ

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
گەنجینەی مەردان  (1948)  by زێوەر
عەلی کەمال بەگ

عەلی کەمال کوڕی میرزا عەبدوڕڕەحمان، لە مەحەللەی دەرگەزێن، تەوەللودی لە سولەیمانییا بووە، تەحسیلی ئیبتیدائی و ئیعدادیی لە عێراقا تەواو کردووە. لە پاشا لە ئەستەنبووڵ لە مەدرەسەی حەربییە تەحسیلی عالیی کردووە و داخڵی ڕیزی زابتان و مەسلەکی عەسکەری بووە. موددەتێ لە خدمەتی عەسکەری بە سەداقەت و شەجاعەت خۆی نواندووە. لەپاش ئیحتیلالی عێراق لەتەرەف لەشکری ئینگلیزەوە ئەمیش وەک زابتانی ڕەفیقی ڕوویان کردەوە وەتەن، هاتەوە بۆ بەغداو سولەیمانی. خوسووسیاتی ئیشی چیی کردووە، چی نەکردووە مەتڵەب نییە، وەلێ کە ئیقتیداری لە حوکوومەتەوە ناسرا بە مودیری پۆلیسی بەغدا تەعیین کرا. کە چووە سەر وەزیفە ئینتیزامی خستە دائیرەی شورتییەوە، ئینزیباتی لە شاری بەغداو ئیجرائاتی دەسپێکرد. ئەو بازاڕی بەغدایە کە پڕ بوو لە دز و گیرفانبڕ، لە ترسا جێ نەبوو خۆیانی تیا بشارنەوە. ئەترافیشی لە جەردە و پیاوخراپ موحافەزە کرد. ئەو موددەتەی کە مودیری پۆلیس بوو، بەغدا لە زەمانی خەلیفەکان زیاتر ئەمنییەت و ئاسایشی پەیدا کرد. خۆی «بالذات» تەبدیل ئەکرد بۆ تەعقیبی دز و ئەشقیا هەتا دەردەستی ئەکردن. موددەتێکیش بە مەندووبی سولەیمانی تەعیین کرا لە مەجلیسدا، ئەوی قسەی حەق بوو سەربەست بەیانی ئەکرد و بۆ حوقووقی کوردان لەگەڵ حوکوومەت کەوتە موناقەشە و گفتوگۆ. لە هەموو لەیەکەوە تەئییدی قسەکانی ئەکرا. ئەمما مەتالیبێ کە ئەو داوای کرد موافیقی سیاسەتی ئیستیعمارچی نەبوو. وازیان پێ هێنا. ئەویش بە فکری بەرزی خۆی کە هەمیشە سەربەست ژیاوە، ئەسارەتی قوبووڵ نەکردووە، لە کاسبی و تیجارەتەوە ئاڵا، لە حوکوومەت بێتەرەف بوو. ئەمجا بە نەقد و بە بەدەن، بۆ خدمەتی کوردان هاتە مەیدانەوە، غەزەتەی «گەلاوێژ» کە لە بەغدا دەرئەچوو دوو ساڵ زیاتر بە پارەی خۆی موعاوەنەتی ئەکرد کە پەکی نەکەوێ کوردان ئیستیفادە لەو ڕۆژنامەیە بکەن، نوقسانی مەساریفی ئەو تەواوی ئەکرد. وە ئەو تەلەبەی بۆ تەحسیل کە ئەچوو بۆ بەغدا، لە هەر مەکتەبێکا بووبێ بێئیدارەو گوزەران، لەتەرەف عەلی کەمالەوە مەعاشی بۆ مەعلووم ئەکرا، هەتا تەحسیلی بەغدای تەواو ئەبوو ئەو مەعاشەیان هەبوو. ئەویش مەخسووسی تەلەبەی سولەیمانی نەبوو، مادام کورد بوایە ئەو موساعەدەی ئەکرا، مانکی سەد دینار زیاتر سەرفی ئەو نەوعانە ئەبوو کە فەقیر و بێکەس بوون.

سەخای عەلی کەمال وەک ئوکتای قائان تەبیعی و عوموومییە. لە هەرلایەک ئیحتیفالێ بۆ ئیعانە بکرێت، حازری مەجلیسیش نەبێ، میقداری عەتای ئەو لە بانگ کراوەکان زیاتر بووە. لە تەئسیری شەڕی ئەورووپا عالەم فەقیر و سەرگەردان کەوتن. لە سولەیمانی قەراریان دا فەقیرخانە دابنێن، هەرچی کوێر و پیر و ژن و منداڵی بێکەس هەیە لە فەقیرخانە کۆبکرێنەوە خواردن و بەرگ و لەوازیماتیان تەئمین بکەن. لەو ئیحتیفالەدا ئەشراف وە توججار و مەئموور هەرکس بەقەدەر هیممەتی خۆی ئیناعەیان دا، میقدارێکی وا پارە کۆبووەوە کە بتوانن فەقیرخانەی پێ تەشکیل بکرێت، وە بۆ دەوامی ئەم خێرە هەرکەس ناوی خۆی نووسی کە مانگانە مانگی میقدارێ بدا. عەلی کەمال لە بەغداوە جارێ بۆ ئیعانەکە پێنجسەد دیناری حەواڵە کرد، وە بۆ مانگانەش هەتا شەڕی ئەورووپا دەوام بکا مانگی پەنجا دینار بدا بە فەقیرخانە. حەقیقەت هەتا ئاخری حەرب ئەم ئیعانەیە مونتەزەم مانگ بە مانگ تەسلیمی مەئموورانی فەقیرخانە ئەکرا.

لە بەغدا کە تەشکیلی حیزب کرا، هەموو حیزبەکان تەڵەبیان کرد کە میللەت لە ئینتیخابی مەندووبدا سەربەست بن، حوکوومەت موداخەلە نەکا. ئەمجارە عەلی کەمال بە خەیاڵی خدمەتی گەورە بۆ میللەت خۆی بۆ مەندووبی تەرشیح کرد وە سەد لیرەش دیپۆزیتۆی لە سندووقی حوکوومەتا دانا کە ئەمر وەها بوو. هاتەوە سولەیمانی. ئینتیخابات دەس پێکرا. ئەهالییش لەسەدا سەد تەرەفداری عەلی کەمال بەگ بوو کە ئینتیخاب بکرێت، ئەمما سیاسەت مانیعی ئینتیخابی ئەو بوو، لەبەر دەفعی فیتنە لەبەینی حوکوومەت و ئەهالیدا وازی لە مەندووبی هێنا و سەددیناری ڕەهنەکەشی بۆ فەقیرانی مەکتەبەکان تەبەڕڕوع کرد. ئەم حەرەکەتەشی زۆر مەردانەو وەتەن پەروەرانە بوو، وەئیللا وازی نەهێنایە یەکدەفعە سەورەیەک پەیدا ئەبوو سەدکەس زیاتر بکوژرایە.

لە خدمەتکاران و ئەمیندارانیی عەلی ڕۆستەم ناو میقداری سەددینار زیاتر قەرزدار ئەبێ. کە وەفاتی کرد لەگەڵ ئەوەش فەقیر نەبوو سەروەت و ماڵی هەبوو، لەو قەرزە ئازادی کرد، تەڵەبی لە واریسانی نەکرد. ئەم ئیحساناتەی کە بەڕووەوەیە ئاشکرایە خەڵق ئەیزانێ، نووسراوا، وەئیللا مومکینە بەخششی سیڕڕی و نیهانییشی زیاتر بێ.

لە ڕەددی خەرافاتی ناو عەوام، باسی جنۆکتو خێوو غوولی بیابان و شتی وا کە لای عەوام ڕاستن، نامیلکەیەکم نووسیوە و بڵاوکرایەوە، هەر نوسخەی بە ٧٠ فلس بوو، بە زوبانی منەوە نوسخەیێکی بۆ ئەبەن، خوا شاهیدە نە من ناردوومەو نە گوتوومە بۆی بەرن. ڕۆژێ لە ماڵەوە دانیشتبووم بە خزمێکی خۆیدا دە دیناری ناردبوو. منیش کەوتمە تەردیدەوە قوبووڵی بکەم یا نەیکەم. لێکم دایەوە لە قوبووڵ نەکردنا دڵی عاجز ئەبێ، مەجبوور بەیانی تەشەککورم کرد، وەرم گرت.

موفرەداتی جوود و کەرەمی بە نووسین تەواو نابێ. بەم چەند شیعرە ئەوسافی بەیان ئەکەم:

مەداری فەخری هەموو کورد و میللەتی مەدەنی
عەلی کەمال بەگە ئیسباتی کردووە عەلەنی

حەلاوەتی قسە و گفت و لوتفی شیرینی
شکستی داوە بە هەنگوین و کاڵەکی مەرەنی

چ فەرقی لا نییە وەقتی کەرەم عەلیی و عومەر
موساوییە لە نەزەریا حوسەینیی و حەسەنی

بە هێزی هیممەتی بۆ هاوڵاتی کۆشش ئەکا
ئەمە بەڕاستی خدمەت بکا لە بۆ وەتەنی

شەفیعی جاهـ و مەقەماتی غەوسەکەی بەغدا
ڕجایی عومری درێژیشی وەیسەکەی قەرەنی