گەنجینەی مەردان/ئەمین زەکی بەگ

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
گەنجینەی مەردان  (1948)  by زێوەر
ئەمین زەکی بەگ

لە پێگەیشتوانی سولەیمانی مەردی زۆر بەقیمەت و گەوهەری دەریای ئینسانییەت و عاشقی عیلم و مەعریفەت ئەمین زەکی بەگە. خدمەتی ئەم زاتە بۆ میللەتی کورد بە میلیۆنێ لیرە تەقدیر بکرێت هێشتا کەمە. کوردێ کە لە گۆشەی فەرامۆشییا مابوەوە ئەجنەبی لە حاڵی ئەم قەوم بێخەبەر بوون، زەکی بەگ بە ڕەنجێکی دە پازدە ساڵی و تێکوشینێکی بێئەمسال پازدە ساڵ زیاتر هەوڵ و تەقەلای دا کە کورد زیندوو بکاتەوە، لە هەر کتێبێ باسێ، لە هەر تەئریخێ شتێکی باسی کورد بووبێ نووسیویەتەوە، هەتا تەئریخێکی جوانی قەومی کوردی هێنایە مەیدان بەناوی «کورد و کوردستان» بە زوبانی کوردی داینا و تەرجەمەشی کرد بە عەرەبی، بەجارێ ١٥ ملیۆن کوردی خستە بەرچاوی دۆست و بێگانە، وەئیللا کەس حاڵی کوردی بەم ڕەنگە نەدەزانی.

خدمەتی ئەم زاتە هەر ئەو تەئریخە نییە کە نووسیویە. ئاساری زۆری دائیر بە عەسکەری وە ئیقتیسادی مەوجوودە. لە هەموو ئومووراتا ماهیرە. لە کرداری زاهیرە. موتەعەددید دەفعە لە وەزارەتا داخڵ کراوە، ئەویش بۆ خدمەتی وڵاتەکەی کە سولەیمانی بەخوسووسی و بۆ عێراق بەعوموومی تێکۆشاوە و هەر ئێقتیراحێکی کردووە مەقبووڵ بووە. لیوای سولەیمانی بەواسیتەی ئیحتیلال و ئیختیلالی ناوخۆی پاشکەوتووی هەموو لیواکانی عێراق بوو، کە بوو بە وەزیری مەعاریف بۆ زۆرکردنی مەکتەب لە لیوای سولەیمانییا دەستی کرد بە سەعی کردن. بۆ کردنەوەی مەکتەبی موتەوەسسیتەی تەشریفی هێنایە سولەیمانی، بناغەی مەکتەبی دامەزراند، بەدەستی خۆی چەند بەردێکی دانا. لە وەزارەتی ئەشغاڵ و وەزارەتی ئیقتیسادا هەرچی پێویست بوایە بۆ عیمران و ئاواییی مەملەکەت ئەمری ئەدا کە بکرێت. وە لە موراجەعاتی ئەربابی ئیحتیاج کە بچوونایە خدمەتی دڵی کەسی نەدەشکاند، ئیشەکەی، لە هەر دائیرەیەک بوایە، بۆ ڕێک ئەخست. زۆرجار بۆ تەلەبەیەک، لەگەڵ خۆی سواری ئۆتۆمبیلی کردووە بردوویەتە دائیرەی مەعاریف پێیانی قەید و قوبووڵ ئەکرد. لە خوسووساتە کەس وەکوو زەکی بەگ تێ نەکۆشاوە، وە بۆ خدمەتی نەقدییش بەقەدەر ئیقتیداری خۆی ئیعانەی مەعاریف و مەداریس وە سائیری کردووت.

ئەخلاقی بڵندی، بەرزیی هیممەتی، بەتەواوی نانووسرێت. عیلمی، فەزڵی، هونەری، دیانەتی لە کرداریەوە دیارە. زۆر ئەدیب و کاتب و شاعیریشە. بە زوبانی تورکی و، عەرەبی و فەرانسزی و ئینگلیزی و کوردی ئاشنایە... وە دائیما وەکوو وەزیر بووە بە مەندووبیش ئینتیخاب کراوە. لە مەجلیسدا حوقووقی کوردی ئاگاهداری کردووە. «مع الاسف» لەبەر ناساغیی وجوودی ئێستا ناتوانێ وەزیفە ببینێ. نەخۆشیی ئەو نەخۆشیی هەموو کوردانە، خوا وجوودی سەلامەت کا.