گەنجینەی مەردان/قادری سەعید ئەفەندی

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
گەنجینەی مەردان  (1948)  by زێوەر
قادری سەعید ئەفەندی

قادری سەعید ئەفەندی لە ئەهلی سولەیمانی مەشهوورە بە قالەی ئایشەخانێ. لە زەمانی تورکا زابت بوو. تەحسیل و تەجرەبەی جوانی هەبوو. لەپاش ئیحتیلالی ئینگلیز، لەدوای شەڕی گەورە هاتەوە سولەیمانی. چونکە موقتەدیر و ئیشزان بوو، حوکوومەتی مەحەللی بە موهەندیس تەعیینی کرد بۆ سەرجادە و شەقامەکان. ئەهالیش لەبەر گرانی و پەرێشانی، زۆر کەس دووکانی داخستبوو، کاسبیی پێ نەکرا، لات و فەقیر کەوتبوون، دەستمایەیان نەبوو، وە زۆریش لە ئەسارەتی ڕووس یا ئینگلیز ئەهاتنەوە، بێ ئیش و کار ئەسووڕانەوە. کە قادر ئەفەندی چووە سەر ئیشی ڕێگا چاک کردن، لە هەموولاوە خەڵق ڕوویان تێکرد بەکرێکار قوبووڵیان بکا. ئەویش مەردانە هاتە مەیدان، سەد کرێکاری پێویست بوایە دووسەد کەسی قەید ئەکرد. زۆری وابوو ئەیزانی لەبەر ئیحتیاجی چووە بۆ ئیشکردن و ناشتوانێ ئیش بکا، ئەو نەوعانەی لای خۆی قەید ئەکرد. ڕۆژبەڕۆژ ڕۆژانەی داخڵی دەفتەر ئەکرد و لە خێوەتی خوسووسیی خۆیدا نان و چێشتی ئەدانێ. دەستیکرد بە خدمەتێ کە ئاوازەی لە هەموولایەکەوە بڵاو بووەوە. خۆی بەسەر عەمەلەوە ئەگەڕا. چاوەشەکانی نەسیحەت ئەکرد کە تەزییقی کرێکاران نەکەن بۆ فرمان، بام بەئارەزووی خۆیان بچووڵێنەوە. بەم نەوعە دەوامی کرد. زۆر کەس بووژایەوە، هێزیان پەیدا کرد. لە ئاخردا نەقڵی لیوای مووسڵ بوو. لە سولەیمانییەوە دیسان زۆر کەس پەنایان بۆ ئەبرد، ئەچوون بۆلای ئەو. ئەویش بەفەراسەت ئەیزانی، ئەگەر ئەو کەسە سنعەتکار بووبێ میقدارێ پارەی ئەیدایێ، ئەیناردەوە بۆ سەر ئیش و سنعەتی خۆی. ئەگەر بێئیش و کار و ناتەوان بوایە ڕۆژانەی بۆ مەعلووم ئەکرد و کاریشی پێ نەدەکرد، لە مەتبەخی خۆی ئیدارەی ئەدا. خۆلاسە ئەو خدمەتەی قادر ئەفەندی دەربارەی فەقیران و موحتاجانی کرد مەگەر هەر خودا جەزای بداتەوە. «واٲسفا» لەو عومری جوانییەدا بۆ بەدبەختی کوردانی هەژار وەفاتی کرد. مردنی ئەو داغی نا بەدڵی هەموو پێگەیشتوانی سولەیمانیدا. غەزەتەکانی کوردی شینی ئەم نەوجوانەی ئەنووسی. شاعیران لە هەموولاوە ئەشعاری مەرسییەی ئەویان بڵاو ئەکردەوە. خوا چاکەی نەشارێتەوە.