گەنجینەی مەردان/موحەممەد ئاغای کۆیە

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
گەنجینەی مەردان  (1948)  by زێوەر
موحەممەد ئاغای کۆیە

حەمە ئاغا کوڕی مەحموود ئاغا لە ئەشراف و موعتەبەرانی شاری کۆیە بووە، ئاوازەی مەردی و سەخای ئەو وەها بڵاو بووەتەوە گەیشتووەتە دەرەجەی تەواتور. لەبەر ئەوە منیش ئیعتیمادم بەم تەواتورە هەبوو داخڵی «گەنجینە»م کرد. من خۆشم لە مەدحیا ئەڵێم:

حەمە ئاغای کۆیە مەردێ بوو هونەروەر
تەبیعەت بەرزو خاوەن فکری ئەنوەر

لەبۆ میوان و موحتاجینی ناوشار
دیواخانی موهەییا بوو بەیەکجار

مەردێ بوو ڕەعیەت پەروەر، میهمان نەواز، دۆستی ئەهلی فەزڵ و عیلم. ئەگێڕنەوە ڕۆژی هەرچەند میوان ڕووی بکردایە قۆناغی، کەس پرسیاری لە میوان نەدەکرد کە لەکوێوە هاتووی، یا بۆچی هاتووی یا بۆکوێ ئەچیت؟ هەرچەند دابنیشتایە ئێوارە و بەیانی خدمەتی ئەکرا. زۆر لە فەقیران بەڕۆژ لە بازاڕ کاسبییان کردووە، شەو بۆ نووستن و خواردن ئەچوونە ئەوێ. دیواخانەکەی ئتێلێکی بێ ئوجرەت، لۆقەنتەیەکی بێ پارە بوو. بیستوومە سوارێکی عەشایر لەوێ میوان ئەبێ ئەسپەکەی ئەتۆپێ. ئەویش هیچ دەنگ ناکا، وەکو ڕۆژان ئێوارە و بەیانی لە عەمار ئالیکی ئەسپەکەی وەرئەگرێ ئەیبا ئەیفرۆشێ. ئەوەندە ئەمێنێتەوە کە بە پارەی ئالیک ئەسپێک ئەکڕێتەوە.

حەمەئاغا وەکوو سەماحەتی مەشهوور، غیرەت و شەجاعەتیشی باراوبەر سەخاوەتەکەی بوو. لە زەمانی عوسمانیدا کە هەرکەس دەستی بڕۆییایە بەسەر کەسێکدا تاڵانی ئەکرد، غەدری لێ ئەکرد، حوکومەت پرسیاری نەدەکرد، عەشیرەتی شێخ بزەینی تەماعیان کردبووە دێهاتی کۆیە، بە دەستە دەستە لە ئاو ئەپەڕینەوە، ئەچوونە سەر ئەو دێهاتە فەقیرانە تاڵانیان ئەکردن، جەریمەیان ئەکردن، ماڵیان بەدەستەوە نەدەهێشتن، حەتتا تەجاوزاتیان هەتا ناوشاری کۆیە هاتبوو. حەمەئاغا ئەم ئەحواڵەی پێ هەزم نەکرا، دەستی کرد بە شەڕ کردن لەگەڵ عەشیرەتی شێخ بزەینی. ئەهالییش هەموو چونکە مەغدوور بوون عەلاوەی لەشکری حەمەئاغا بوون. لەپاش چەند موسادەمەیەک و کوشتار لە هەردوولا شێخ بزەینی لووتیان هاتەوە بەر خۆیان، ئیتر نەیانئەتوانی لە ئاو بپەڕنەوە بێن بۆ حودوودی کۆیە و حەمە ئاغاش برازای خۆی لە حودوودا بۆ موحافەزە دانا کە شێخ بزەینی لە ئاو نەپەڕنەوە.

لەسەر مەسئەلەیەک حوکوومەت لە بەغدا تەوقیفی کرد، چەند ساڵ لە حەبسا مایەوە، هەروەک دیواخانی کۆیە لە حەبسخانەش دیواخانی لێ ڕاکێشا. ژاندرمەی نۆبەتچی و مودیری حەبسخانە و زۆر لە حەبسی موستەحەق لەسەر نان و خوانی ئەو ئەژیان. چەند ئەشیا بۆ دیواخان پێویست بێ وەک مەنجەڵ، سینی، تەشت، دەوری، لەگەن، جام، کەوچک، هەموو بە زیادەوە بۆ مەتبەخی حەبسخانە ئامادە کرابوو. کە لە حەبس نەجاتی بوو ئەو هەموو ئەشیاو حاجەت و لەوزایماتی مەتبەخەی تەرک کرد بۆ مەتبەخچی و مودیری حەبسخانە. هەر ئەو زەمانەش قیمەتی هەزار قران زیاتر بوو.

هەر جووتیارێ یا ڕەعیەتێ کە بچوایە لای بۆ گایی جووت یاریدەی ئەدا، گاجووتی پێ ئەبەخشی. زۆر شوانکارەی بووە پرسیاری لێ نەکردوون بە ڕۆن و خوری و کاوڕەوە هەموویان خواردووە. ئەمما ئەگەر بە غەدر بە ناحەق گاجووتێکیان ببردایە سەد قات ئینتیقامی ئەسەند. وەکو بە ماڵ، بە نەقد، بە حەیوان ئینعامی بووە، بە موڵکیش بەخشندەییی کردووە. دێی مەلاهۆمەر لە ناحیەی مەرگە کە بەخشیویە بە شیلانەیی، ئێستاش بەدەستیانەوەیە خۆیان تەسەڕڕوفی ئەکەن.

ئەمانەی من نووسیومن بەنەزەر پیاوەتیی ئەو قەترە بە دەریایە. من چونکە شارەزای هەموو کرداری نەبووم و کەسی واشم دەس نەکەوت شتێک لە ئەوسافی ئەوم بۆ بنووسێ، بەم میقدارە قەناعەتم کرد. وەکوو بیستوومە جێگای خاڵی نییە. کوڕی ئەو موحەممەدزییا شوێن ئاساری باوکی کەوتووە، بۆ مەردایەتی سەعیی ئەکا. خوا تەوفیقی بدا.