گەنجینەی مەردان/قەومی کورد

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
گەنجینەی مەردان  (1948)  by زێوەر
قەومی کورد

کورد قەومێکە لە تەئریخا ناویان نەشاراوەتەوە. شەجاعەت و مەردایەتی، جوود و مرووەتی لە تەئریخی بێگانە و خۆمانە نووسراوە. من حەقی ئەو تەفسیلاتەم نییە کە حوکوومەت و سەردار و حاڵ و ئەحواڵی کۆنیان بنووسم. من کەسێک ئەنووسم کە بە کردەوەی جوان و ئەخلاقی گەورە مەعلووم بێ و خدمەتی بێڕیای بەدین و میللەت کردبێ. «گەنجینەی مەردان» تایبەتی هەر بۆ ئەو پیاوانەیە کە بە سیفات لایق و، بە خدمەت کردن بە بەنی بەشەر قوسووری نەبووبێ، وەئیللا میللەتی کورد، نەڵێم من خۆم کوردم، بێتەرەفانە ئەینووسم، هەر کوێخا دێیەک لە کوردستاندا حاتەمێکی تائییە و، هەر سەرکۆمارێ لە عەشایر یەحیای بەرمەکییە. سەییاحان ئەتوانن چەند ساڵ لە کوردستاندا گەردش بکەن فلسێک بۆ نان و ئاو سەرف نەکەن چونکە هەر دێیەک کە مزگەوتی تیابێ عیبادەتخانە و میهمانخانەیە، غەریب کە ڕووی کردە ئەو مزگەوتە ئێوارە لەپاش جەماعەت یا کەسێ ئەیباتەوە بۆ ماڵی خۆی، یا خادیمی مزگەوت لەماڵێ خۆراک و پێخەفی بۆ دەهێنێ، ئیحتیاج بە کڕینی نان و پێخۆر ناکا، پێچەوانەی وڵاتی فەرەنگستانە، لە شارانی فەرەنگ کە ئەورووپای پێ ئەڵێن، پارەت لە باخەڵا نەبێ لە برسا ئەمری و کەسیش سواڵکەر ناخوێنێتەوە.

***

لە میللەتی کورد عەشیرەتی بەناوبانگ لە وڵاتی ئێمەدا عەشیرەتی جافە. میقداری پازدەهەزار خانە ئەبن و ناویان لە قەدیمەوە بۆ هەر تیرەیەکیان دانراوە وەک «ڕەش و بۆری، مکایەڵی، ڕۆغزادی، تەرخانی، هاروونی، شاتری، گەڵاڵی، سادانی» و غەیری ئەمانە کە زۆر وردە عەشیرەتیان لەناودایە. ڕەئیس و سەرداری ئەم عەشیرەتە گەورەیە ئەمیرولئومەرا مەحموود پاشای کوڕی موحەممەد پاشا بوو. ئەویش ئیدارەیەکی وا جوانی ئەکرد ئەم لافاوی وەحشەتە نەیانئەتوانی بەئاشکرا پووشی بفڕێنن. ئەگەر غەدرێ و زوڵمێکیان لە ئەهلی دێهاتی بکردایە و خەبەر بە پاشا بگەیشتایە دەست بەجێ سواری ئەنارد بۆ لابردنی مەغدوورییەتی ئەو کەسە.

مەحموود پاشا لە ئەترافی بەغداوە هەتا حودوودی شاری سنە حوکمی ڕەوا بوو. مەئموورانی ڕۆم و عەجەم ئیشێکیان بوایە کە بەخۆیان پێک نەهاتایە موراجەعەتیان بە پاشا ئەکرد. بێ مەحکەمە، بێ پۆلیس، بێ عەسکەر، لە خانەقینەوە هەتا مەریوان و سەقز و بانە ئیش و کاری ئەم عەشیرەتە گەورەیە درووست ئەبوو، خۆی تەرتیباتی کردبوو. کەیخووسرەو بەگی کوڕی ڕەئیسی هەموو عێل بوو و هەر تایفەیەک ئیش و کاریانی دابووە دەست کوڕێکی وە خۆی بەئیستیراحەت و عیبادەت و ڕاو و شکار مەشغووڵ بوو.

نەختێ لە نان و خوانیان بنووسم:

جەنابی شێخ مەحموود کە تەشریفی بۆ تەعزیەی عوسمان پاشای برای مەحموودپاشا کە کوڕی مردبوو ئەچوو بۆ هەڵەبجە، منیش لەخدمەتیا بووم. نزیک سی سوار خدمەتکار و غەیرە لەخدمەتیا بوون. لە «بێستان سوور» تێپەڕمان کرد. ئەو دەشتی شارەزوورە مالامال بوو لە ڕەشماڵ، لە دەوار. غەیری شەقامەکە ڕێگا نەبوو کەس پیا بڕوا. چڕەبەندانێ بوو وەک ئۆردووگای ئەسکەندەر. ڕەوەی ئەسپ و ماین، ڕانی بزن و مەڕ و گاگەل، هاتوچۆی سوارەی کوردان و پیادە ڕووەو ماڵ، قیامەتێ بوو چاومان پێ کەوت. ڕۆژیش سەعاتێکی مابوو بۆ مەغریب. ئێمەیش کەوتینە گفتوگۆ: ئایا ڕووبکەینە کوێ؟ قەرارمان دا میوانی جاف بین نەچین بۆ دێهات. لە یەکێکمان پرسی ئەم هەوارە چ تیرەیەکی لێ ئەبەزێ؟ گوتیان ئێرە هەواری ڕۆغزادییە. پرسیمان گەورەیان کێیە؟ گوتیان ساڵحی کاکەخان. خەبەری ماڵمان پرسی، بەئیشارەت دەوارێکی گەورەیان نیشان داین. ئێمەیش ئەم کوێخایە ناناسین، ناچار دوو سوارمان لەپێشەوە نارد کە خەبەر بدا کە شێخ مەحموود ئیمشەو لێرە میوانە. سوار ڕۆیشتن. ئێمەیش دوابەدوای ئەوان جڵەوی وڵاغمان وەرگێڕا، ڕوومان کردە دەواری کوێخا.

کە نزیک دیواخان بووینەوە، بیست سی زەلام بەپیرمانەوە هاتن، وڵاغیان لێ گرتین. دابەزین، ڕوومان کردە دیواخان. دۆشەک ڕاخرابوو، سەماوەر حازر، چای دەم کرابوو، بەئیستیراحەت دانیشتین. دیققەتم کرد لە جافەکان یەکێکیان دانەنیشتووە، هەموو دەستەونەزەر لەخدمەت شێخا ڕاوەستاون و نازانین کامیان ساحێب دیواخانە. عەرزی شێخم کرد ئەمر بکا کوێخا ساڵح خۆی دابنیشێ، نەمان ئەناسی کوێخا کامەیە. لەخۆمەوە بانگم کرد کوێخا ساڵح! یەکێ جوابی دایەوە. پێم گوت شێخ ئەمر ئەکا تەشریفت دانیشێ. شێخیش کە ناسی، حوکمی لێ کرد، بەزۆر کوێخامان دانیشاند. باقیی جافەکان ئاڵابوونە ئیش و خدمەت کردن، یەکێ چای دادەنا، یەکێ جغەرەی دەهێنا، بەجاری هەموو لە حەرەکەتا بوون. نوێژی مەغریب کرا، لە چاخواردن بووینەوە، سفرە هاتە پێشەوە، خواردەمەنی ڕیز کرا. لەپاش خواردن دووبارە سەماوەر کەوتە کار. هەتا سەعات سێی شەو هەر قسەی خۆش و مەحەببەت و چاخواردنەوە بوو. ئەو شەوە لەلای ئەو قەومە نەجیبە وەکوو شەوی جەژن و ڕۆژی شادی و فەرەح بوو. بۆ ئیستیراحەتی ئێمە جێگای نووستن و ڕاکشانیان ڕێکخست.

بەیانی کە نوێژمان کرد، بەرچایی: ماست، کەرە، پەنیر، گۆشتی برژاو لەگەڵ نان ساجیی جوان هاتە بەردەستمان. دووبارە بە چاخواردنەوەو قسەی خۆش خۆش مەشغووڵ بووین، نزیک دوو سەعات لەناویانا ماینەوە. شێخ ئەمری فەرموو وڵاغ بێنن. بەجارێ هەموو وڵاغ بەزین و لغاوەوە بۆمان ڕاگیرا. سوار بووین، دوعاخوازیمان کرد. بۆ ڕەوانە کردنمان بەپیادەیی سەد زەلام زیاتر لە جڵەوی وڵاغی شێخەوە پێش کەوتن. لەپاش نیو سەعات ڕێگا بەزۆر گەڕانەوە.

کە ماینەوە خۆمان، بەناو خێڵ و عەشیرەتدا ئەڕۆیشتین، نزیک دەوارێکی گەورە بووینەوە، گوتیان ماڵی کەیخوسرەو بەگی کوڕی پاشایە. وامان بەموناسب زانی لابدەینە ماڵی کەیخوسرەو بەگ. کە ڕوومان کردە دەوارەکەی، خدمەتکار هاتن بەپیرمانەوە وڵاغیان لێ گرتین، بەتەرتیب و تەمیزی دیواخانی شاهانە بوو، بەگ دەست بۆسیی لەگەڵ شێخ کرد. سەماوەر و چا ئامادە بوو، بە خدمەتکردن و قسەی خۆش و چا خواردنەوە دوو سێ سەعات مەشغووڵ کراین. بەگ فەرمووی نابێ تەشریفتان بڕوا، نەهار لێرە بکەن. ماڵی پاشا نزیکە، پاش نیوەڕۆ تەشریفتان میوانی پاشا بن. ئیتاعەی قسەی کرا. ئەو قاوەڵتییە لەخدمەت کەیخوسرەو بەگ بەمەحەببەت و یەکێتی ڕامانبوارد. وەقتی نیوەڕۆ دووبارە چا خورایەوە، وڵاغ حازر کرا، ڕووەو ماڵی پاشا سوار بووین.

کە نزیک بووینەوە ڕوانیم بارەگا و دەستگا و هۆردووگایەک دەرکەوت نموونەی بارەگای جەمشیدی، خێوەتی پاشا بەجوێ، دەوارێکی گەورە لە تەنیشتییەوە بۆ میوان، بەڕیزە دەواری بەگ زادەکان و خدمەتکاران. لەسەر ئەو چیمەن و سەوزە گیایە کورسی و ئەسکەمل ڕیز کرابوون، وەک قەسری بەهەشت ئاڕایش و ڕازابوونەوە. ئێمە گەیشتینە پێشەوە. خدمەتکار هاتن وڵاغیان لێ گرتین. شێخ تەشریفی چووە خێوەتی پاشا، ئێمەیش چووینە دیواخان. چای حازر بوو. بە چاخواردنەوە زەمانێ گیراین. لەپاشا ئێمە چەند کەسێ بۆ نوێژ کردن و تەفەڕڕوج و سەیران چووینە سەر چەمەکە. ئەو دەشتە دەشتی خەتاو خوتەن بوو، ئەو مێرگ و مێرغوزارە جەننەتی عەدن بوو، هەوای پاک و تەمیزیش دەوای ڕۆح و بەدەن. گوتم عومر ئەو عومرەیە کە بەگزادەی جاف ڕایئەبوێرێ. هەزار فەزڵی پاشا بەسەر سوڵتانی ڕۆم و عەجەمدا هەبوو، چونکە ئەم سەربەست، بەئارام، بەئاسایش ژیان ڕائەبوێری. ئەوشەوە هەموومان لە دیوەخانی پاشا بووین. کە ڕۆژبووەوە عەلی بەگی کوڕی پاشا جوابی ناردە خدمەت شێخ کە هەڵەبجە نزیکە، ئەبێ ئەم قاوەڵتییە میوانی من بن، تەشریفتان نەڕوا. ڕجای قوبووڵ کرا. منیش لە حوکوومەتی پاشاو هاتوچۆی عەشایر لە هەرلایەکەوە دیققەتم ئەکرد، ئەو زاتە ئەم هەموو حەشەراتە ڕووی تێ ئەکرد، هەرکەس بەمەرامی خۆی ئیشی بۆ ئەکرا وە دەگەڕانەوە. ئەگەر مەسئەلە موهیم بوایە حەواڵەی یەکێ لە بەگزادەی ئەکرد کە دروستی بکا و ڕیکی بخا. خۆشی لەگەڵ شێخ غەنی ناوێ کە نەدیم و قازی و کاتبی بوو یاری دامەیان ئەکرد.

هەروا بە گەڕان و سەیران ڕامانبوارد تا وەقتێ چوونە ماڵی حەمەعەلی بەگ هات. کە چووین، سەیرم کرد لەسەر ئەو دەشتی زوموڕڕەدینە کورسی و ئەسکەمل ڕێکخرابوون و فەرش و دۆشەک بەجیا لەسەر سەوزەگیا. لە دوولاوە سەماوەر زیڕەی ئەهات، وە چەند شەخسێ لە بەگزادە لەخدمەت حەمەعەلی بەگدا دانیشتبوون، بەپیر شێخەوە هاتن. سێ خوان تەرتیب کرابوو، یەکەم بۆ بەگزادە و شێخ، دووەم بۆ قیسمی ئێمە، سێیەم بۆ سوار و خدمەتکاران. دەست کرا بە تەعام هێنان و دانان. جارێ وەک ماڵێکی زۆر گەورە و دەوڵەمەند لەمانگی ڕەمەزانا ئیفتارییە بۆخۆی دروست بکا، وام چاو پێکەوت. لەو مەوسیمی بەهارەدا لەسەر خوان کە ڕیزکرا، ئەنواعی مورەببا و کولیچە و شەکرلەمە و پاقلاواو فنجان بڕو قاپە فڕنی هاتە پێشێ. لەپاش ئەمانە پڵاوی برنجی سەدری لەگەڵ ئەنواعی چێشتی لە گۆشت دروست کراو کەناوی زۆریانم نەدەزانی، ئامادە کراو، لەو تەعامانەی بۆ ئێمە هاتبوو عەینی ئەوەش بۆ سوار و خدمەتکار دانرابوو. بەخۆشی و مەحەببەتێکی زیاد ئەو قاوەڵتییەمان لەخدمەت کوڕی پادشادا کرد.

پاش نیوەڕۆ سوار بووین چووینە هەڵەبجە، لەماڵی مەجید بەگی کوڕی عوسمان پاشا میوان بووین. ئاساری میوان نەوازی لەوێشدا ئاشکرا بوو. شێخ بەڕەسمی فاتیحە خوانی لەگەڵ مەلا ئەحمەدی شینکی کە مودەڕڕیسی مزگەوتی گەورەی سولەیمانی بوو وە شێخ لەخدمەت خۆیا هێنابووی، چوونە خدمەت عوسمان پاشا.

دوو سێ شەو لە هەڵەبجە ماینەوە، لەتەرەفی تاهیربەگی کوڕی عوسمان پاشا دەعوەتێکمان بۆ کرا چەشنی دەعوەتەکەی عەلی بەگ. بەڕاستی دیواخان و نان و خوانی عوسمان پاشا خوانی یەغما بوو، نەک بە خوسووسی، بەدائیمی وابووە. غەیری سەخاوەتی ئیحسان و ئینعامیشی بێمیسل بوو. بۆ تەعمیری مزگەوتی گەورە لە سولەیمانی کە لەزەمانی بابانەکانەوە کرابوو و ڕووی لە خراپی بوو، بەجارێ پێنجسەد لیرەی عوسمانی بۆنارد کە سەرفی تەعمیراتی بکەن، وە بۆ عولەمای هەڵەبجە و ئەترافی ئیحسانی دەوامی ئەکردو، تەبیعەتی ئەوەندە بەرز بوو کە بهاتایە سولەیمانی میوانی کەس نەدەبوو، خانووی خۆسووسی ئەگرت. هەر وەک هەڵەبجە، ئەهلی سولەیمانی و مەئمووران ئەچوونە دیواخانەکەی. بۆ سەخاوەتی عوسمان پاشا هەرچەند بنووسرێ ڕاستە. خوا لە قیامەتیشدا ساحێب نیعمەتی کا.

لەپاش چەند ڕۆژێ کە لە هەڵەبجە ماینەوە، دوعا خوازیمان کرد، هاتینەوە ماڵی مەحموود پاشا.