گەنجینەی مەردان/مەحموود پاشای جاف

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
گەنجینەی مەردان  (1948)  by زێوەر
مەحموود پاشای جاف

مەحموود پاشا زاتێکی بەئیعتیبار، بەتاعەت، بەعیبادەت، بەئیحسان، بەئینعام، بەعەدالەت، بەحوکم بوو. عادەتی وابوو کە نوێژی بەیانی ئەکرد لەسەر بەرماڵ هەڵنەدەستا قورئان و دەلایلی ئەخوێند هەتا هەتاو گەرم ئەبوو، ئەوسا سوننەتی ئیشراقی ئەکرد. لەپاش ویرد و سوننەت کردن و قورئان خوێندن تەشریفی ئەهاتە مەجلیس. سەماوەر حازر بوو، میوانی خوسووسی لەخدمەتیا کۆ ئەبوونەوە. ئیش و کاری عەشایر ئەگەر ببوایێ ڕێک ئەخرا.

ئەم زاتە دوو دەفعە لەتەرەف سوڵتان عەبدولحەمیدەوە تەکلیفی وەزیریی لێ کرا، قوبووڵی نەکرد. مانگی پەنجا لیرەی لەتەرەف حوکوومەتەوە هەبوو (حق السكوت). ئەو مەعاشەی بۆ تەخسیس کرابوو کە ئیتاعە بە حوکوومەت بکا، با وجوود عەقیدەی کورد ئەوسا وابوو کەسێ بچێ بەگژ حوکوومەتا و خەلیفەی ئیسلاما کافر بێ. وەئیللا مەحموود پاشا ئەیتوانی لە هەورامانەوە هەتا مووسڵ داگیری بکا. لەگەڵ ئەو هەموو نوفووزەی وەک شەخسێکی بێ دەسەڵات تابیعی ئەمری حوکوومەت بوو. سەبەبیشی دیانەت بوو.

لە خوسووسی ئیحسانەتەوە من لە سەد پێنجی نازانم. هەر ئەوەی مەشهوور بووبێ نووسیومە. لە قزرباتەوە هەتا مەریوان، ئەو دێیانەی قەڵەمڕەوی جاف بوو، مەعاش بۆ مەلا، وەقف بۆ مزگەوتەکانیان لەتەرەف پاشاوە مەعلووم کرابوو. لە نەفسی سولەیمانیدا هەموو مەلاو مودەڕڕیس و زۆر لە ساحێب خانەدانی لێقەوماو مووچە و بەراتیان هەبوو. جگە لەم ئیحسانە دائیمییەی هەر شێخ و مەلاو دەروێش و فەقیر کە ڕووی بکردایە ماڵی، بەمەحروومی نەدەگەڕایەوە. هەموو ساڵێ چەند کەسێ موراجەعەتیان پێ ئەکرد بۆ چوونە حەج، پارەی حەجی ئەدانێ، مەئیووسی نەدەکردن.

حیکایەت خوانەکەی کەیخوسرەوبەگ بۆی گێڕامەوە: پاشا ناردی بەشوێنما چەند شەوێ حیکایەت بۆ ئەو بکەم. چوومە خدمەتی، شەو کتێبم بۆ ئەخوێندەوە. ڕۆژیش لە دیواخان لەگەڵ میوان و خدمەتکار ڕامەبوارد. ڕۆژێ سەیرم کرد مەلایەکی مێزەر بەسەر هات. پاشاش تەشریفی لە دیواخان بوو لێی پرسی: مەلا تەشریفت لەکوێوە دێت؟ عەرزی کرد: پاشا، لە ئێرانەوە. باسی کەرەم و ئیحسانی ئێوەم بیستووە، بەئومێدی ئەوە کە موعاوەنەت بفەرمووی منیش بچم بۆ حەج. پاشا فەرمووی بەخێر بێیت باشە، ئەمما هێشتا بۆ چوونە حەج موددەتێکی ماوە. مەلاش وتی تازە پێم ناکرێ بچمەوە ئێران، بە نییەتی زیارەتی بەیتوڵڵاهـ دڵم لە ماڵ و مناڵی خۆم هەڵکەندووە. ئەم دیواخانە ڕۆژی سەدکەس نانی لێ ئەخوا، منیش لە گۆشەیێکەوە نانێکم دەست ئەکەوێ هەتا حاجییان ڕێک ئەکەون. پاشا فەرمووی ئارەزووی خۆتە دانیشە، ڕەفیقی ڕێگا زۆر ئەبێ. مەلا مایەوە. لەخوار دەوار و دیواخان شیو و کەندەڵانێ هەبوو چووە ئەوێ بەقەدەر جێگای زەلامێ لە کەندەڵانەکەی دابڕی، بەرماڵی لێ داخست، دەستی کرد بە قورئان خوێندن، شەو و ڕۆژ ئەو جێگایەی چۆڵ نەدەکرد، یا نوێژی ئەکرد یا قورئانی ئەخوێند. بۆ نان خواردنیش ڕووی نەدەکردە دیواخان، خۆی وا بردبووە دڵی ئەو عالەمەوە کە ئەمە قوتبی زەمانە. مەجبوور نۆکەر نانیان بۆ ئەبرد. مەلا هەتا مەوسیمی حەج دەوامی کرد. ڕۆژێ پاشا بانگی کرد، وتی مەلا ئەگەر تەشریفت ئەڕوا، ئیستا لە سولەیمانی حاجییان تەدارەک ئەکەن، تۆش پارە وەرگرە، خواحافیز، دوعای خێرمان بۆ بکە. مەلا وتی بەڵێ حازرم. پاشا ئەمری کرد بیست لیرەی عوسمانییان تەسلیم کرد وە بۆ سولەیمانی خستیانە ڕێگا. لەپاش دوو سێ مانگ پاشا تەشریفی چوو بۆ بەغدا، خدمەتکارێ هات عەرزی کرد مەلای حاجی وا لە بەغدایە، کووتاڵ ئەکڕێ. پاشا وتی لێی بگەڕێن کەیفی خۆیەتی. موددەتێکی پێچوو عێل ڕووی کردە کوێستان. ماڵی پاشاش لە ئەترافی پێنجوێن ڕەشماڵی هەڵدابوو. ڕۆژێ سەیرم کرد خدمەتکار مەلایان هێنا بۆلای پاشا، عەرزیان کرد دووکانی دانەوە، ئەوەی لە بەغدا کڕیویە لێرە ئەیفرۆشێتەوە. پاشا لێی پرسی مەلا بۆچ لە حەج پاش کەوتووی؟ گوتی لە ڕێگا ڕووت کرامەوە، ئیرادەم بوو خۆم بێمەوە خدمەتت کە بمنێرییەوە بۆ حیجاز. پاشا فەرمووی خاسە، بێرەوە. هیچ قسەی پێ نەگوت. وەقتی چوونە حەج، هات. ڕوانیم مەلا هاتەوە خدمەت. پاشا فەرمووی دانیشە هەتا ئیشت دروست ئەبێ. مەلا ئەوشەوە مایەوە. پاشا کاغەزێکی بۆ سولەیمانی بۆلای حاجی ئەحمەدی مووسڵی نووسی کە ئەم زاتە هەتا مووسڵ مەسرەفی نان و کرێ وڵاغی بدەرێ و بیست لیرەشی بۆ حەواڵە بکە و بۆ وەکیلت بنووسە ئەویش هەتا حەڵەب ڕەوانەی بکا، پارەکەی تەسلیم مەکەن. وەکیلی حەڵەبیش بەو ڕەنگە ڕەوانەی بکا، هەتا سواری واپۆڕ نەبێ حەواڵەکەی تەسلیم مەکەن. پاشا بەم ڕەنگە مەلای نارد بۆ حەج.

ڕەفیقێکم بۆی گێڕامەوە کە: بۆ تیجارەت چوومە سنە. کە ماڵ و ئەشیامان کڕی، ڕێگای مەریوان نائەمین بوو، لە هەورامانەوە هاتینەوە هەڵەبجە. ماڵی پاشا لەسەر ئاوی زەڵم بوو، خەبەری بیست کە ئێمە لە ئێران هاتووینە و، دوو سواری ناردە سەرمان کە بچینە ماڵی پاشا. کە چووین بەخێر هاتنی کردین، ئیلتیفاتی زۆری نواند، فەرمووی غائیلەتان نەبێ هەرچیتان لێ بستێنین قازانجتان ئەدەینێ، ئێوە کاسبن شوێن نەفع کەوتوون، بارتان بکەنەوە بزانم ئەوی بەکاری ئێمە بێ بیستێنین. ئێمەش بارمان کردەوە، هەموو ئەشیامان لە بەرچاوی ڕانواند. میقداری چەند تۆپێک خامەک و چیت وە مشکی و سرکەیی جیا کرایەوە، فەرمووی ئەمانە بەشی ئێمەیە، نرخی چەندە؟ ڕاستەکەی نرخی خڕیدی پێنجسەد قران ئەبوو، عەرزمان کرد بایی هەزار قرانە. فەرمووی خاسە. حەقەکەتان پێ ئەدەین. ئیتر باری خۆتان ببەستنەوە.

هەروا مەجلیس گیرابوو، سەیرم کرد سەیدێکی شاڵی سەوز بەسەرەوە، سواری گوێدرێژێ بووە هات. کەرەکەی بەستەوە. خۆی هاتە پێشەوە، دەستبۆسی لەگەڵ پاشا کرد. پاشا فەرمووی دانیشە سەیید، تەشریفت لە کوێوە هاتووە؟ سەیید بەچۆکا هات، عەرزی کرد لە زەنگنەوە هاتووم. خەبەراتی ئەو ناوەی لێ پرسی، سەیید جوابی ئەدایەوە. لەپاش نیوساعەت ڕوانیم لۆتییەک زوڕنای بەپشتەوە؛ هات، سەلامی کرد، لەلای خواروو دانیشت. ماندوو نەبوونی ئەویشمان کرد، وەقتێ؛ قاوەڵتی هات، نانیان دانا، هەرکەس بە دەرەجەی خۆی سینی بۆ دانرا. لەپاش نان خواردن دەست و دەم شۆررا. پاشا ئەمینداری خۆی بانگ کرد گوتی بچۆ پەنجا قران بۆ سەیید وە سەد قران بۆ لۆتی بێنە. سەیید تووڕە بوو، وتی پاشا بەخوا نامەوێ. بە من کە سەییدم، ئەولادی پێغەممەر، پەنجا قران ئەدەی، سەد قران بە لۆتییەکە! پاشا فەرمووی ئەو لۆتییە زەممان ئەکا، زۆر جێگا ئەچێ، لە هەرلایەک قسەیەک بکا ئابڕوومان دەبا. سەیید حیددەتی زیاد کرد، گوتی وەڵڵاهـ نامەوێ. ئەمجا پاشا کەوتە قسەی خۆش، گوتی سەیید تەشریفت هەتا پشت دەوارەکە بڕوا. کەبانگم کردی بێرەوە. سەیید چووە دەرێ. پاشا ڕووی کردە ئەهلی مەجلیسەکە گوتی ئێوە بەشاهید بن پەنجەی دەستم یەکێکیان پەنجا، دووەمیان سەد، سێیەم سەدوپەنجا، چوارەم دووسەد، پێنجەم دووسەدوپەنجا قران بێ. لە بەرچاوی مەجلیس مەعلوومی کرد، بانگی کرد سەیید بێرەوە. سەیید هات. پاشا گوت لەم پێنج پەنجەیەم یەکێکیان بگرە، خۆت و بەختت، هەرچەندێ بێ لەوە زیاترت پێ نادەم، سەیید دەستی برد پەنەجیێکی گرت. بە ئەمری خوا پەنجەی پەنجا قرانی بوو. پاشا فەرمووی مەجلیس حەقی سەیید چەندە؟ هەموو شاهیدیمان دا کە پەنجا قرانە. سەیید تووڕە بوو، ڕازی نەبوو. پاشا گوتی دووبارەی ئەکەمەوە، بچۆرەوە دەرێ. پاشا پەنجەکانی گۆڕی و هەر یەکە ناوی میقدارێکی لێ نا وە ئێمەی کردەوە بە شاهید، سەییدی بانگ کردەوە، بە ئەمری خوا ئەمجارەش پەنجەی پەنجا قرانیی گرت. گوتی سەیید خەتای من نییە، خوا ئەوەندەی داویتێ، پێی ڕازی بە. سەیید ناچار پەنجا قرانی وەرگرت.

لە ئاخردا ڕووی کردە ئێمە، گوتی هەر لێرەوە هەتا سولەیمانی خێڵی جافە. ئەم عەشیرەتەش لە هەموو ڕەنگێکی تێدایە. ئێوە بە پارە و کووتاڵەوە بەناویانا بڕۆن، ئیحتیمالە زەرەرتان پێ بگەیێنن، ئەبێ ئێمە بۆتان بکەوینە ئەزیەت. دەفتەرێکم گرتووە لە سولەیمانی ئەشیامان بۆ بستێنن. ئێوە ئەهلی شارن، لە پیاوی ئێمە چاکتر سەودا ئەکەن. دوو سوارتان لەگەڵ ئەنێرم هەم ئاگەهداریی ئێوە بکەن، هەم لە سولەیمانی ئەشیاکانیان بۆ بکڕن. ئێمەش ئەمەمان زۆر پێ خۆش بوو. ئەمری کرد دوو سوار هاتن پارەی کووتاڵەکەمانی دایە دەستیان کە لەشار تەسلیممان بکەن. ئێمەی خستە ڕێ. کە گەیشتینە سولەیمانی سوارەکانمان لەماڵی خۆمان میوان کرد. پارەی کووتاڵیان تەسلیم کردین. ڕۆژ بووەوە. چووینە بازاڕ. موافیقی دەفتەر ئەشیامان بۆ کڕین، تەسلیمی سوارەکانمان کرد.

ئیحسان و خێراتی مەحموود پاشا زۆرە. لە گەرمیان، لە کەلار، لە دەکە، لە قەرەداغا لە تەکیە، لە نەفسی قەرەداغ، لە زۆر جێگای تر، مزگەوت و ئەوقافی هەیە. مەدرەسەیێکی لە قزراباتا کردووە وەک مەدرەسەی نیزامییەی نیزامولمولک ئەبێ، هەموو مانگێ چل لیرە زیاتر بۆ مەعاشی مودەڕڕیس و تەلەبە و موئەززین و خادیم لە وەقفێ کە بۆی دایناوە، سەرف ئەکرێ. هەتا خۆی لەحەیاتا بوو مونتەزەم ئەم مەعاشانە ئەدرا. لەپاش وەفاتی، کەیخوسرەوبەگ لێی زیاد کرد. لەسەر قەبری پاشا دووکەسی بەئوجرەت گرت کە قورئان بخوێنن. لەپاش کەیخوسرەو بەگ و عەبدووڵڵابەگی کوڕی بە زیادەوە مانگانەی مەلا و مجەور و تەلەبەیان ئەدا. بە ئیشێک ڕێم کەوتە قزراباد، هاتوچۆی لای عەبدوڵڵا بەگم ئەکرد، دیققەتم کرد تەبیعەتی مەردانە، زۆر چاوی لە پیاوەتی و ئیحسانە. دائیما گولوستانی شێخ سەعدی بەدەستەوە بوو تەماشای ئەکرد. هاتوچۆی کەسی نەدەکرد. لەپاش ئەو ئەوقافەکە کەوتە ژێر چنگی حەسەن بەگی حەمەعەلیی بەگی کوڕی پاشا. وەکوو بیستوومە ئەمیش لاحیقە، یەعنی ڕێگای پێشینانی گرتووە.

چاکی و مەردیی مەحموود پاشا ئەوەی من بیستوومە نووسیمە، وەئیللا سەدچەندانە زیاترە. جارێک ئەچێتە بەرزنجە، ئەبینێ ئاوی مزگەوتەکەیان کەمە. دەست بەجێ هەزار قران تەسلیمی شێخەکان ئەکا کە کارێزکەن بخەنە سەر بیری کارێزەکەی، پاکی بکەنەوە، فەرمووشی ئەگەر ئەم میقدارە بەشی نەکرد جواب بنێرن چەندی لازم بوو پارەتان بۆ ئەنێرم.

مەلا عەبدولڕەحمانی پێنجوێنی کە لە عیلمی عەقڵییە و نەقڵییەدا هاوتای نەبوو و لە پێنجوێن تەدریسی ئەکرد، ئیدارەی خۆی و تەلەبەی لەتەرەف بەگزادەی جافەوە تەئمین کرابوو.

هەموو ساڵێ لەتەرەف حوکوومەتەوە، میقدارێ عەسکەر لەگەڵ زابتێکی گەورە و مەئموور و کاتب و قۆڵچی ئەغنام ئەنێررانە لای پاشا. ئەوانیش لە دیواخاندا لێی دائەنیشتن. بە ئەمری پاشا بەگزادە بڵاو ئەکرایەوە بەناو عێلا، ڕەسمی ئەغنام ئەسێنرا، ئەیانهێنایەوە بۆ پاشا. ئەویش ڕەسمی حوکوومەتی، کە مەعلووم بوو، جوێ ئەکردەوە، وە بۆ مەئموورەکان و زابتی عەسکەرەکان بەشی ئەدانێ. باقیی لە بەگزادە و عەسکەری تەقسیم ئەکرد. هەمووی بەمەسرووری ئەناردنەوە شاری سولەیمانی و بەشی موتەسەڕڕیف، والی مووسڵ و موشیری بەغدا چاویان لە ئینعامی مەحموود پاشا بوو.

زاتێ بوو زۆر عاقڵ و داناو بەتەدبیر. شێخ ڕەزای مەشهوور زۆری مەدح کردووە. ئەمە شیعرێ لە قەسیدەی ئەوە:

به‌ محمودی مرا روی نیاز است
که‌ صد محمود در پیشش ایاز است

لە دنیا بەخۆشی و مەردی ڕایبوارد. ئینشائەڵڵا قیامەتیشی وا ئەبێ.