گەنجینەی مەردان/سوڵتان عەبدولحەمید خان

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
گەنجینەی مەردان  (1948)  by زێوەر
سوڵتان عەبدولحەمید خان

لە پادشاهی عوسمانی سوڵتان عەبدولحەمید خان پادشاهێ بوو ساحێب حوکم و عەداڵەت و عەقڵ و دیرایەت و مورووەت، بە ئیحسان و نیعمەت. لە قەڵەمڕەوی ئەوا هیچ شارێ نەبوو بەڵکوو قەزا و ناحییەیەک کە ئاساری چاکەی ئەوی تیا نەبێ یا مزگەوت یا منارە یا پرد. لە نەفسی سولەیمانییا منارەی مزگەوتی گەورە و خانەقای مەحوی لە ئاساری دین پەروەری ئەم پادشاهەیە. لە هەموو وڵاتێکا میقدارێ لە ئەرازیی بۆخۆی جوێ کردبووەوە تاپۆشی کردبوو، ناوی نابوو «ئەرازیی سەنییە»، واریداتی ئەم ئەرازییانە سەرفی خێرات و عولەما و سادات و موسافیرخانەی ئەستەنبووڵی ئەکرد. زۆر موحیببی ئەهلی سەلاح و عیبادەت بوو. شوعەرا و عولەما لە قەسایدا، لە دێباچەی تەئلیفاتیان وەسف و مەدحیان زۆر نووسیوە. شاری ئەستەنبووڵ بەواسیتەی کەرەم و ئیحسانی شاهانە دائیما لە مەغریبی، لە میسری، لە هیندی، لە ئەفغانی، لە تورکستانی، لە کورد، لە عەرەب خاڵی نەبوو، هەرکەس بە ئۆمێدێ، بە تەمەعێ ڕوویان تێ ئەکرد. هەرکەس بەحوزووری خۆی بگەیشتایە یا عەریزەی تەقدیم بوایە بێسوود و بێبەهرە نەدەبوو، یا بە مەعاش یا بە ئینعام یا بە وەزیفەیەک بۆ وڵاتی خۆی ڕەوانە ئەکرایەوە. پادشاهی وا بەکەرەم و بەخشش وعاقڵ و سیاسەتزان کەم بووە، ئەمما زەمانەکەی یارییەی نەدەدا لەوە زیاتر خیدمەت بە میللەتی بکا. بەواسیتەی ڕەقابەتی حوکوومەتەکانی ئەورووپا دەستی بەسترابوو. ئەوانیش نەیان ئەتوانی بچن بەگژیا، ئەمیش بە سیاسەت دڵی ڕاگرتبوون. من حەق ئەم قسەیەم نییە، ئەوە حەقی تەئریخە، من هەر ئەحواڵی خۆسوسی خۆی ئەنووسم کە بیستوومەو چاوم پێی کەوتووە.

سوڵتان سەبەب بەئیخلاسێ کە دەرحەق سادات و مەشایخی هەبوو، دەرحەق بە حەزرەتی کاک ئەحمەد زیاتر بوو، وە کاک ئەحمەدیش لەبەر ئیختیاری توانای سواری و سەفەری نامابوو، ئەو ئارەزووەی هەر لەدڵا بوو. حەزرەتی کاک ئەحمەد کە بۆ خدمەتی ئایندەر ڕەوندەو مریدانی تەنها واریداتی ئاشێکی بوو لە سەیداوا، کچەزای خۆی شێخ موحەممەدی شێخ عەلی نارد بۆ خدمەتی سوڵتان و کاغەزیشی بۆ نووسی. شێخ موحەممەد کە ئەگاتە ئەستەنبووڵ، پادشا لە موسافیرخانە قوبووڵی ئەکا، ئیلتیفات و مەرحەمەتی لەگەڵ ئەنوێنێ، فەرمانی زەکاتی پێنج دێ وەک نۆدێ، عازەبان، بزەینییان، وێڵەدەر، خەراجیانی بۆ ئەنووسێ کە وەقفی دەرگای کاک ئەحمەد بێ بۆ مەسرەفی میوان و مریدانی و، بۆ شێخ موحەممەدیش مەعاشی تەخسیس کرد. فەرمان و ئەمری شاهانی بۆ حوکوومەتی سولەیمانی هێنایەوە کە ئیتر موداخەلەی زەکاتی ئەو دێهاتە نەکەن، ڕاجع بە تەکیەی کاک ئەحمەدە. سوڵتان بەوە قەناعەتی نەبوو، ئیرادەی کرد کە حەفیدو وەلیعەهدی کاک ئەحمەد شێخ سەعید بچێتە ئەستەنبووڵ بۆ حوزووری شاهانە، ئەویش لەسەر ئەو ئەمرە تەشریفی چوو وە نائیلی ئینعام و ئیلتیفاتی پادشاهی بوو.

لەپاش چەند ساڵێکی تر دووبارە ئەمری کرد کە شێخ سەعید بچێتەوە بۆ خدمەت زاتی شاهانە. مەرحووم شێخ تەدارەکی سەفەری ڕێکخست، لە خزمان و ئەشراف و عولەما و خدمەتکار نەزدیکی چل کەسی ئینتیخاب کرد کە لەو سەفەرە لەخدمەتیانا بن. لە ئەقاریب شێخ موستەفا و شێخ عومەری برای و شێخ مەحموودی کوڕی، باقی لە ئەشراف و موعتەبەران و عولەما بوون. بەواسیتەی جەنابی شێخ مەحموود کە مەرحەمەت و ئیلتیفاتی لەگەڵ من هەبوو، منیش داخڵی هەیئەتی سەفەرییە بووم. ئیرادەی شاهانە سادر بوو کە هەموو مەساریفی ڕێگای شێخ و تەبەعەی هەتو ئەستەنبووڵ لەسەر حوکوومەت بێ.

شێخ حەرەکەتی فەرموو، هەتا گەیشتە موسڵ، موددەتێک لە مووسڵا مایەوە، لەپاشا چووینە دیاربەکر، شێخ تەشریفی بەتەنها لای وای میوان بوو، باقی لە ماڵی نەقیبی دیاربەکر میوان بووین، خدمەت و حورمەتی زۆریان گرتین، لە دیاربەکرەوە شاربەشار بەقەدر و حورمەتەوە ڕۆیشتین هەتا داخڵی ئەستەنبووڵ بووین، تەشریفی شێخ و براکانی و ئەشراف لە ماڵی سەیید ئیبراهیم ئەفەندی وەکیلی فەراشەتی شەریفە میوان کران. ئەوی مایەوە چووینە موسافیرخانەی «نیشان داش». ئەسبابی ڕاحەتی لە هەموو خۆسووسێکەوە لە موسافیرخانە مەوجوود بوو. ئەهلی شار و کوردان یەکەیەکە بۆ زییارەتی شێخ ئەهاتن و ئەربابی ئیحتیاج لە کورد و غەیرە موراجەعەتیان بەشێخ ئەکرد کە ئیشیان دروست بێ. ئەویش بۆ کەس قوسووری نەدەکرد.

ڕۆژێ دانیشتبووین تەماشامان کرد «حافظ القرآن»ێ یەکێ دەستی ڕائەکێشێ، هات بۆخدمەت شێخ، موسافەحە و دەست بۆسی لەخدمەت شێخا کرد. مەگەر ئەم زاتە مەلاعوسمانی حافزی مەشهووری مووسڵی بوو، بە شێخی وت: «ياسيدي ما جئتك لانعامك ولا لٲخذ راتب ٲو وسام بواسطتك من السلطان. جئتك زائرا حبا لجدك محمد عليه الصلاة، و قلت فيك اشعارا مرتجلا في هذا الطريق، و فيها التٲريخ». شێخ قسەکانی زۆر پێ خۆشبوو، بەعەرەبی بەخێر هاتنی کرد، فەرمووی شیعرەکانت بخوێنەوە. مەلا عوسمان خڕیلەیێکی ئەستوور، لە قسە کردن و مەعلووماتا فەسیح و بەئیقتیدار بوو، تورکیشی چاک ئەزانی و کەمێکیش کوردی، حەتتا گۆرانی بە زوبانی کوردی، هی زەمانی قەدیمی، بۆ شێخ ئەگوت، ئەشراف و ئەوانەی لە مەجلیسا بوون لە گفتوگۆی حافز عوسمان موتەحەییر مابوون، ئەوەندە تێگەیشتوو و دانا بوو. دەستی کرد بە خوێندنەوەی شیعرەکانی:

لبني الخضرا قد وافي الهنا
و سليمانية الفضل المزيد
حين باليمن أتي أسعدهم
بيت ابراهيم اذ انحل بة
و كلا الفردين من بيت مجيد
صار محبوب القلوب اذ غدا
ضيف سلطان الوري عبدالحميد
كيف لا وهو ابن «كاكا احمد»
فرع طة المصطفي الهادي الرشيد
فلهذا قلت في تأريخة:
بهنا قدم الشيخ السعيد

شێخ و حازران تەقدیر و تەشەککوریان کرد. لەپاش سەعاتێ دانیشتن ئیزنی خواست و ڕۆی. وەعدیشی دا کە هاتوچۆ بکا، هەموو هەفتەیێ بێتەوە بۆ خدمەت شێخ.

لەپاش هەفتەیێک لە گەیشتنمان بە ئەستەنبۆل خەیات لەتەرەف پادشاوە هات کە ئەندازەی بەدەنی هەموو هەیئەتی سەفەری بگرێت، لیباسمان بۆ بکەن. خەیاتەکە، هەرکەس بەگوێرەی خۆی، بەعزێ لیباسی موڵکی، بەعزێ عەسکەری، بەعزێ عیلمی، ئەندازەی بەدەنیان گرتین. هەرکەس موناسبی خۆی، هیندێ بەرگی عیلمی، هیندی موڵکی، هیندێ عەسکەری، هەریەکەمان دەستێ لیباسی چۆغە و فاسۆنی نایابمان بۆ کراو، ڕۆژبەڕۆژ شێخ لەنەزەری سوڵتانا قەدری زیاد بوو. بۆ هەرکەس ڕجای بکردایە قوبووڵ ئەکرا. یەک دوو دەفعە لە مابەین یەعنی لە ماڵی پادشاهـ مەولوودی نەبەوێ ئەخوێنرا، شێخ لەگەڵ براکانی و شێخ مەحموود و مەلا؛ عەلیی کانی کەوەیی حازری ئەو مەولوودانە ئەبوون. خۆلاسە سێ مانگ لە ئەستەنبووڵ ماینەوە، شێخ هەر خەریکی ئیش و کاری موسوڵمانان و، بۆ عولەمای سولەیمانی و بەعزێ جێگای تر وە بۆ ئەو کەسانەی لەخدمەتیا بوون گەورە و بچووک مەعاش تەخسیس کراو، هیندێک بە وەزیفەی گەورە مەسروور بوون. لەئاخردا شێخ ئیرادەی حەج و زیارەتی بەیتوڵڵاهی کرد. بە واسیتەی سەرکاتبی شەهریاری ئیرادەی شێخ بە پادشاهـ گەیشت، زاتی شاهانە مووافەقەتی فەرموو. سەیید عومەرو شێخ مەحموود ئارەزووی چوونە حەجیان نەبوو، ویستیان بێنەوە بۆ سولەیمانی. شێخ پێی ناخۆش نەبوو. عەودەتیان بۆ سوڵەیمانی عەرزی پادشا کرا، پادشا ڕەزامەندیی نواند وت شەشسەد لیرە بۆ خەرجی ڕێگا و سواربوونی واپۆڕ بەخۆڕایی و خواردن و خۆراک هەتا لە بەحر دەرئەچن. لەسەر ئەمانە ئیرادەی شاهانە سادر بوو. لەپێش حەرەکەتی شێخ بۆ حیجاز، ئەمان بۆ سولەیمانی کەوتنە ڕێگا. تەبیعی منیش لەخدمەت شێخ مەحموودا بووم، لە ڕێگای حەڵەبەوا هاتینەوا بۆ مووسڵ و سولەیمانی.

مەقسەد، تەئریخی پادشاهانی عوسمانی و غەیرەم زۆر دیوە. سوڵتانی وەک عەبدولحەمید خان بەئینهام، بەئیحسان، بەئاساردانان کەم بوو. تەئریخ نووس لە سیاسەتی هەرچی ئەنووسێ حەقی نییە کە ئیعتیراز بگرێت. چل ملیۆن میللەتی جاهیل و، مەئموور و مووەززەف هەموو خائین، تەنها شەخسێ هەروا ئەتوانێ ئیدارەی بکا. وە «شفاها» بە شێخی فەرمووبوو

میللەت سەویەی ئەوەی نییە ئیدارەی مەشرووتەیان بدەمێ. بە هەموو فکری خۆم سەعی ئەکەم، مەنعی خائین ناکرێ. قسەکەشی ڕاست دەرچوو. ئیتتیحادچی چوون بەگژیا، مەشرووتەیان ئیعلان کرد، «ڕۆمئیلی»یان بەجارێ لەکێسی دەوڵەت دا. وەقت بوو بوڵغار ئەستەنبووڵیش بگرێت و خییانەتی ئیتتیحادچییەکانیش لە میللەتەوە ئاشکرا بوو. عەقڵ و فەراسەتی عەبدولحەمید خان لە ئەورووپاشدا تەقدیر کرابوو. غەرقی ڕەحمەتی یەزدانی بێ.