گەنجینەی مەردان/بوداق سوڵتان

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
گەنجینەی مەردان  (1948)  by زێوەر
بوداق سوڵتان

بوداق سوڵتان کوڕی شێرخان کوڕی شێخ حەیدەر لە حوکمدارانی موکریان، پادشاهێکی لە تەئریخی هەفدەهەمی هەزاری دووەمدا بووە. نیشانەی چاکەی، زۆر دامەزراوی لەپاش خۆی بەجێ هێشتووە: دروستکردنی شاری سابڵاخ و، کارێزێ کە ئێستا بە «کانی سارد» ناوبانگی کردووە، پردی سابڵاخ کە بۆ تەئریخی «هدانا اللة صراطا مستقيما» دانراوە ئەکاتە هەزارو حەفتاو نۆی هیجری، مزگەوتی جامێع و مەدرەسەی سوور کە لە ساڵی هەزار و هەشتا و نۆ دروست کراوە ئەوقافی زۆری بۆ مەعلووم کردووە، کوتوبخانەیەک کە پڕ بوو لە هەموو نەوعە کتێب و قورئانی مەجید و کتێبانی حەدیس و عولوومی فیقهییە و نەقلییە و عەقلییە و ئەوقافی عیبارەت بوو لە دێی «باغڵووجە»و «کارێزە» وە «لەکز» وە دوو حیسسەی «شاریکەند»و تەواوی دێی «ئاڵیکەند»و لەناو شاری سابڵاخدا کاروانسەرا و حەمام کە ئیستا ڕووخان. خۆلاسە ئەم پادشای کوردە لە حوکوومەتیشدا ڕەعییەت پەروەر، عەدالەت ڕاخەر، بە مەردی و هونەر لە دنیادا ڕایبواردووە. شەست و سێ ساڵ لە خدمەتکردنی میللەت و ئیتاعەتی خودا سستی نەبووە.

وە لە نەوەی ئەو کە بەناوی ئەوەوە ناونراوە بوداق خان مەردێکی وا بووە لە دینداریدا وەکوو باپیری خۆی بوداق سوڵتان بووە. تەریقەی نەقشبەندی لە خدمەت خواجە عەبدولخالقی غەجدەوانی وەرگرتووە و دائیما لە خدمەت عالمان و ساڵحان وەقتی ڕابواردووە. هەمووکەس لە دەریای ئیحسان و خوانچەی پڕ خوانیدا تێر بووە. لە دادگوستەری و عەدالەت خواهی و ئەوقاف و خێراتی کە بوداق سوڵتان داینابوون وە وێران کرابوون هەمووی ئاوا کردەوە.

بوداق خان کوڕی شێخ عەلیخان بووە. لە زەمانی حوکوومەتی، جووتیاران وە خاوەن کرداران بە ڕەفاهییەت خەریکی چاندن و کێڵانی خۆیان بوون. دوعایان بۆ دەوامی عومر و ئێقباڵی ئەکرد. فەرشی ئاسوودەگی و دڵنیایی و خۆشی و هەرزانی، بەسەر هەموو وڵاتی موکری و سەردەشتدا ڕایخستووە.

لە ئامۆزایانی خۆی ئیمام قولی خان ئەچێتە لای شای ئێران کەریم خانی زەند ئەمر و فەرمانی حاکمیەتی موکریان وەرئەگرێ، بە لەشکرێکی زۆرەوە بۆسەر بوداق خان. ئەمیش ئەم خەبەرەی بیست تەرتیبی لەشکری کرد، بە عەجەلە بەتاو شەبیخوونی کرد بۆسەر لەشکرەکەی ئیمام قولی خان. کە ئەگەنە سەریان پەلاماری لەشکرەکەی ئەدەن، ئەبێ بە جەنگی خوێنڕێژانە. ئیمام قولی خان ئەکوژرێ. لەشکرەکەی پەرێشان ئەبێ. لە کوشتنی ئامۆزای زۆر گریا و عاجز بوو. جەنازەکەی بردەوە پایتەخت سابڵاخ لەوێ ناشتیان. خێر و ئێحسانێکی زۆری بۆ کرد.

بوداق خان مەردی دین و دنیا بووە. ئەهالی هەر دوعای دەوامی عومر و ئیقباڵیان ئەکرد. شەجاعەتیشی وەک دیانەت و سەخاوەتی ئاشکرا بوو. «ان شا اللة» جێگای بەهەشتە. غەرقی مەرحەمەتی خودایی بێ.