گەنجینەی مەردان/خواجە نیزامولمولک ئەبووعەلی حەسەن کوڕی عەلی کوڕی ئیسحاق

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
گەنجینەی مەردان  (1948)  by زێوەر
خواجە نیزامولمولک ئەبووعەلی حەسەن کوڕی عەلی کوڕی ئیسحاق

نیزامولمولک کوڕی عەلی تووسی بوو، لە دیوانا کرێکار بوو. لەبەر سەخاوەتی بەراتەکەی بەشی نەدەکرد. خوا ئەم کوڕەی دایێ، چاوی پێ ڕووناک بوو. هەموو هیممەتی بۆ تەربییەت سەرف کرد. لە یازدە ساڵیدا قورئانی خوێند. بە دەرس خوێندن لای مامۆستایان دەوامی کرد، بە تەحسیلی عیلمەوە مەشغووڵ بوو. لە شەرعی شافێعیدا سەرکەوت. ئینجا ڕووی کردە غوربەت، لە نووسینیشدا مەهارەتی پەیدا کرد، لە ئەووەڵەوە بەکاتبی عەمیدی بەلخی دامەزرا. عەمید چوونکە قسەی ناخۆش و بێمەعنا بوو و تەبیعەتی خەسیس، لای ئەو فیراری کرد چووە «مەرو»، بەواسیتە گەیشتە حوزووری چوغوور بەگی سەلجووقی، ئەحواڵی خۆی بۆ گێڕایەوە. چوغوور بەگ کە تەماشای قسە کردن و ئەدەب و تەربییەی کرد عەلامەتی ئیقبالی لێ موشاهەدە کرد، ناردی بۆ لای ئالب ئەرسەلانی کوڕی وە بۆشی نووسی ئەم زاتە ئەبێ کاتب و موشیر و تەدبیرکەرت بێ. لەو وەقتەدا عەمد ئیبنی شادان عەریزەی بۆ چوغوور بەگ هات کە ڕجا ئەکەم نیزامولمولکم بۆ بنێرەوە. چوغوور بەگ نووسییەوە لەلای ئەلب ئەرسەلانە، کاغەز بۆ ئەو بنووسن. پیاوەکانی عەمید بە مەئیووسی گەڕانەوە. کە نۆبەتی پادشاهی و حوکمداری کەوتە دەست ئەلب ئەرسەلان ئەویش هەرچی ئیش و کاری خۆی وعالەم هەبوو حەواڵەی فکری خواجەی کردوو کردی بە وەزیر.

خواجە نەوشیروان خالید لە کتێبی «نقشه الصدور» دا نووسیویە کە خۆم لە نەفسی موبارەکی خواجەم بیستووە فەرمووی لە ئیبتیدای حاڵ لەسەر کارێکە بەیانی فائیدەی تیا نییە، مواشیران لە جێگایێک منیان ئەبرد بۆ جێگایەکی تر. سواری ئەسبێکی بەد ڕەفتار کرابووم، لە پەرێشانی و بێتەدارەکی ڕۆژم لەلا شەوی تاریک بوو، بە غەم و خەفەتێکی زۆرەوە بیابانم لەگەڵ ئەبڕین. لە ناکاو لەو دەشت و بیابانەدا سوارێ پەیدا بوو، نە من ئەمناسی وە نە مواشیرەکان. سواری ئەسپێکی قەڵەویی ڕەهوان بووبوو، بە منی وت ئەتەوێ ئەسپەکەمان بگۆڕینەوە؟ وتم ئەی جوان چ وەقتی گاڵتە پێکردنە؟! وتی وەڵڵا گاڵتە ناکەم. گورج دابەزی منی سواری ئەو ئەسپە کردو خۆیشی سواریی ئەسپەکەی من بوو. لە ئێمە تێپەڕی و ڕۆیشت. لەم حاڵە من و سوارەکان عەجایبمان لێهات. ئەمەم بە فاڵی چاک خەیاڵ کرد. سێ ساڵە حوکوومەت ئەکەم، لەشوێن ئەو جوانە ئەگەڕێم، سەرو سۆراخی نییە. مەعلووم بوو لە «رجال الغيب» بووە خوا ناردوویەتی بۆ من.

سەدیدوددین موحەممەدی بوخارایی ئەگێڕێتەوە کە نیزامولمولک لە هەرات، لە بەغدا، لە بەسرە، لە ئەسفەهان، لە عێراقی عەرەب، لە شارانی ڕۆم، لە هەموویانا ئاساری خێرو ئیحسانی بووە. یەکێ لەوان مەدرەسەی نیزامییەیە لە بەغدا. ئەویش مەدرەسەیەک بوو هەرکەس تەحسیلی تیا کردووە لە ئەنواعی عولووم و فونوون بەهرەدار بووە. مودەڕڕیسیان لە فوحوولی عولەما وەک ئیمام ئەبووئیسحاقی شیرازی و حوججەتولئیسلام ئیمامی غەزالی بووە ڕەحمەتیان لێ بێت.

ئەگێرنەوە کە لە مەدرەسەی نیزامییە فەراغەتیان بوو و تەواو کرا، وەزیفەی کوتوبخانەی تەسلیمی شێخ ئەبوو زەکەریا، خەتیبی تەبریزی کرد. ئەویش هەموو شەو شەرابی ئەخواردەوە. بەووابی مەدرەسە ئەم خەبەرەی عەرزی خواجە کرد، فەرمووی بە چاوی خۆم بیبینم باوەڕ ناکەم. لەئاخردا لە دڵیا بووە وەسوەسە و غائیلە. شەوێک هەستا چوو بۆ مەدرەسە، لە سەربانی کوتوبخانەوە تەماشای کرد قسەی بەوواب ڕاست بوو شێخ شەراب ئەخواتەوە، گورج گەڕایەوە دەنگی نەکرد. کە ڕۆژ بووەوە ئەمری کرد دەفتەری وەقفییەیان بۆ هێنا، لە دەفتەردا وەزیفەی ئەبوو زەکەریای قاتێ زیاد کرد و فەرمانیشی بۆ نووسی بە یەکێ لە نائیبانی خۆی ناردی بۆ شێخ، فەرمووی ئەم فەرمانە بەرە بۆ شێخ و عەرزی بکە فڵان سەلامت لێ ئەکاو عەرزت ئەکا لە ئەووەڵەوە من نەمەزانی کە مەسرەفی زیادی هەیە، وەئیللا لە وەقتی تەعیین کردنیا بەم میقدارە وەزیفەیە کە لەشەرتی واقیف بەناوی شێخەوە نووراوا ڕازی نەدەبووم. کە فروستادە چاوی بە شێخ کەوت و قسەی نیزاموددینی بۆ گێڕایەوە مەعلوومی بوو کە خواجە بە ئەحوالی ئەو شارەزا بووە. پەشیمانی و خەجاڵەتی ڕووی تێکرد. دەستی بۆ داوێنی تەوبە درێژ کرد، ئیتر هەتا لەدنیا مابوو نزیکی بێشەرعی و شەراب خواردنەوە نەکەوت.

ئەگێڕنەوە موعتەمەدێکی خواجە کە مەشهوور بوو بە ئەبی سەعد ئەحمەد کوڕی موحەممەدی نەیشاپووری، کردبووی بە سەرکاری عیمارەتی مەدرەسەی نیزامییە. کە مەدرەسە تەواو بوو خەباریان بە خواجە دا کە ئەبی سەعد لە عیمارەتی مەدرەسەکە خەیانەتێکی زۆری کردووە. ئەبووسەعد خەبەری زانی، ڕای کرد بۆ بەسرە. ئاخری لە فیراری پەشیمان بووەوە، هاتەوە بەغدا، چووە حوزووری خواجە وتی ئەی گەورەم تۆ ئەم مەدرەسەیەت «خالصا لوجه الله» دروست کردووە، هەرکەس خەیانەتی تیا کردبێ حەواڵەی خوای بکە هەتا تۆ سەوابی خۆت دەست بکەوێ، خاین ئۆباڵی خۆی ببا بۆ قیامەت. لە جوابا فەرمووی ئەی ئەحمەد ئەندیشەی من بۆ ماڵی دنیا و نەقد نییە کە تۆ بردووتە، بەڵکوو غەمی من بۆ ئەوەیە کە زەمانی لەکیس چوو ناگەڕێتەوە. من ئەمویست کە بینای ئەم مەدرەسەیە وا مەحکەم بێ بە مورووری زەمان کەلەبەری تێ نەکەوێ. ئەوی ڕۆی تازە بەسەر ناگیرێتەوە. زەمان ناگەڕێتەوە. لەم قسەیە زیاتر بەو خاینەی نەوت.

وە خدمەتێکی تری مەدرەسەی نیزامولمولک مەدرەسەی بەسرە بوو کە لە ویسعەت و گەورەییدا لە مەدرەسەی بەغدا زیاتر بوو، لە زاهیری بەسرە نزیک بە قەبری زوبەیری عەووام تەرتیب کرابوو، لە ئاخری زەمانی ئەلموستەعسیمو بیللاهـ ئەو مەدرەسەیە وێران بوو. عەوام ئالات و ئەسباب و تەداروکاتی ئەو مەدرەسەیان نەقڵ کرد بۆشار.

زاتێ لە فازیلان ئەگێڕێتەوە لە زەمانی سوڵتان مەلیکشاهـ خواجە ئیرادەی حەجی کرد. ئیزنی لە سوڵتان خواست، ئیزنی دا. خواجە ئەمری کرد بارو بارخانەیان کێشایە غەربی بەغدا، چەند ڕۆژێ لەوێ خێوەت و بارەگای لێ هەڵدا. منیش ڕۆژێ چووم بۆ خدمەتی، کە نزیک خێوەت بوومەوە چاوم بە یەکێ کەوت عەلامەتی ساڵحان و چاکان لە شکڵیا ئاشکرا بوو. ئەو زاتە کاغەزێکی دایە دەستم، وتی ئەمە ئەمانەتی وەزیرە تەقدیمی بکە. کاغەزەکەم لێ وەرگرت، چوومە ناو خێوەتەککە، نەمخوێندەوە، تەسلیمی وەزیرم کرد و چۆنیەتی حاڵم بۆ گێڕایەوە. خواجە کە کاغەزی خوێندەوە دەستی کرد بە گریان. ئەوەندە بەکوڵ گریا من لە کردەی خۆم پەشیمان بوومەوە. لەدڵا وتم کاشکی ئەم کاغەزەم تەسلیم نەکردایە. کە لەگریان بووەوە وتی ساحێبی ئەم کاغەزەم بۆ بێنە، چووم زۆر گەڕام چاوم بەو پیاوە نەکەوتەوە. ناچار گەڕامەوە خەبەرم دایێ. خواجە کاغەزەکەی لە بەردەمی دانا. کە خوێندمەوە نووسیبووی حەزرەتی پێغەمبەرم لە خەودا دی فەرمووی بچۆوە لای حەسەن پێی بڵێ حەجی تۆ لێرەیە، بۆچ ئەچیتە مەککە. من پێم نەوتی لە دەرگای ئەم تورکە جوێ مەبەرەوە، ئیشی ساحێبانی ئیحتیاجی لە ئۆممەتی من دروست بکە، بەهاواری داماوانا بگە. ئیتر خواجە خەیاڵی حەجی تێکدا. بە منی وت هەر وەقتێ ساحێبی ئەم کاغەزەت چاو پێکەوت بۆم بێنە. لەپاش موددەتێ تووشی بووم، پێم وت وەزیر موشتاقی مولاقاتی تۆیە، ئەگەر ئەم ئەزیەتە بکێشی زۆر لوتف و کەرەمە. لە جوابا وتی وەزیر ئەمانەتییەکەی لای من بوو تەسلیمی کرا، ئیتر من کارم بەو نییە، ئەویش بە من.

لە بەعزێ تەئریخدا نووسراوە کە نۆبەتی یەکەم سوڵتان مەلیکشاهـ چووە بەغدا فەقیران و موحتاجان و عالمان لەدەرگای خواجە نیزاموددین کۆ بوونەوە، ئەویش ڕەحمەتی لێبێ کەسی بێبەش نەکرد. کە گەڕانەوە حیسابیان کرد سەدووچل هەزار دیناری سەرف کردبوو.

خواجە نیزامولمولک زاتێکی پاک عەقیدە، دڵ نەرم، غەمی قیامەتی لە دنیا زیاتر بوو. ئەگێڕنەوە کە سوڵتان مەلیکشاهـ لە ئەسفەهان مەدرەسەیێکی درووست کرد، لە وەقتی نووسینی وەقفنامە لە سوڵتانیان پرسی چ تائیفەیێک لەم خێراتە ئیستیفادە ئەکا؟ جوابی دایەوە کە ئەم بینایە بۆ ڕەزای ئیلاهی کراوە، تائیفەیێک بەهرەی لێ بگرێ و تائیفەیێک مەحرووم بێ هیچ مەعنای نییە. بنووسن کە ساحیبانی هەردوو مەزهەب حەنەفی وە شافیعی بەموساوات لە ئەوقافی ئەم مەدرەسەیە نەفع بینن. لەپاشا لەسەر ڕیعایەتی موڵک ئیرادەیان کرد ناوی شافیعی پێش بخەن. خواجە مەنعی کرد، ڕەزای نەبوو. موددەتێ نووسینی وەقفنامە موعەتتەل مایەوە. لەئاخردا وایان نووسی: «وقف علي الامامين امامي الائمة و صدرالاسلام».

شەخسێ ئەگێڕێتەوە کە لە مەجلیسی خواجە نیزامولمولکدا بووم کاغەزێکی لە عێراقی عەجەمەوە بۆ هات کە ئەسپانی عەرەبی لەبەینی دوو کێودا ئەلەوەڕان. لەو وەقتەدا چەند تەیری گەورەی وەک داڵ و هەڵۆ بەسەر ئەسپەکانا فڕین. لە دەنگی باڵی ئەو تەیرانە ئەسپەکان ڕەویان کرد کەوتنە دەربەندێکی تەنگ لەبەینی دوو شاخاو جێگایەکی بەرز، ئاوێکی زۆر لەداوێنی ئەو شاخە ئەڕۆیی. نەهرێکی گەورە بوو ئەسپەکان لەیەکتر ئەکەوتن. سەرەوژێر ئەکەوتنە خوارەوە بەعزێکی ئاو بردی، بەعزێکی دەست و ڕانیان شکا. عەدەدی ئەسپی زایع بوو گەیشتۆتە پینجسەد ئەسپ. کە خواجە کاغەزەکەی خوێندەوە نەختێ بێدەنگ بوو. لەپاشا دەستی کرد بە گریان، گریانێ کە هەموو مەجلیس عەجایبیان لێهات کە وەزیر شەرق و غەربی دنیای بەدەستەوەیە، بۆ ئەم زیانە کەوتۆتە گریان و ئیزتیراب. ئەهلی مەجلیس زوبانی دڵخۆشی دانەوەیان کردەوە، بۆ تەسەللای خاتیری قسەیان کرد. خواجە سەری ڕاست کردەوە، وتی گریانی من بۆ تەلەفی ئەسپەکان نییە، ئەگەر سەد ئەوەندە زەرەر و زیانم تووش بێ نابێتە سەبەبی پەرێشانی من. ئەمما لەم وەقتەدا ئێشێکم هاتەوە بیر؛ کە بووە واسیتەی ئەم هەموو گریانە. ئەویش ئەوەیە جارێک لە غەزنەینەوە قەسدی خۆراسانم کرد لە سێ دینار زێڕ زیاتر هیچم شک نەدەبرد. چوار دیناریشم قەرز کرد. بەو حەوت دینارە ئەسپێکم کڕی. هەر لەو ڕۆژەدا ئەسپەکەم تۆپی. منیش زۆر عاجز بووم، ئیستا هاتەوە یادم کە بەمردنی ئەسپێک کە نرخی حەوت دینار زوو ئەو هەموو مەلوولی و عاجزییە سوارم بوو. ئەمڕۆ کە بیستم پێنجسەد ئەسپ بەجارێ تەلەف بووە، لە فەزڵی ئیلاهییەوە بەقەدەر سەری موویێ تەغییر و تەبدیل بە دڵی منا نەهاتووە. لە زۆری فەرەح و شادی گریان بەسەرما هات.

الحمد لخالق البرايا
والشكر لواهب العطايا

شاعیرێ لە مەدحیا ئەم شیعرەی وتووە:

هەر وەزیر و موفتی و شاعیر کەوا تووسی ئەبێ
وەک نیزامولمولک و غەززالی و فیردەوسی ئەبێ

غەرقی بەحری ڕەحمەتی یەزدان بێ.