لە خەوما/چیم بینی لەو ژوورەدا؟

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
لە خەوما  (1925)  by جەمیل سائیب
چیم بینی لەو ژوورەدا؟

لە پاش بەینێک منیش هۆشێکم هاتەوە بەخۆما، سەیرێکی ژوورەکەم کرد وتم بزانم ئەم ژوورە چ ژوورێکە، ئەمە ئاخۆ زیندانە، حەپسخانەیە، چییە؟ ڕێی ڕاکردن و سەردەرکردنی هەیە یان نا؟ چونکە لە دڵی خۆما وتم من وا تووشی ئەم دەعبا بێ ئینسافانە بووم هەتا مومکن بێ چارەسەرێکی خۆم بکەم و خۆم دەرکەم و نەجاتم ببێ، لای خۆی بۆ ڕیش هاتم کەچی سمێڵیشم نایە بان. ڕوانیم لەلای ڕاستی ژوورەکە بەبەرزەوە دوو سێ پەنچەرەی بچووک هەیە، شەوق و ڕووناکیی چرای لێوە دیارە، بەڵام چونکە پەنجەرەکان لە بەرزی بوون، چاوم لە هیچ نەبوو، لەودیوەوە دەنگە دەنگێکی زۆری لێ ئەهات. دەنگی ژن بوو ئەهات، هەریەکە لە ئاوازێک لێ ئەدا و قسە ئەکات. بەتەواوی گوێم لە هەموو قسەکان بوو، لای چەپی ژوورەکەیش دوو پەنجەرەی گەورە هەبوو، ئەودیوی هەموو قەنەفە و کورسیی جوانی لێ دانرابوو. ژوورەکە ڕازابووەوە، ژورێکی ڕێکوپێک بەڵام چۆڵوهۆڵ کەسی لێ نەبوو، چرایشی لێ ئەسووتا، منیش قەدەرێک ڕامام وت: یاڕەبی چی بکەم من چیم کرد بەخۆم، ئەمانە چین ئەیانبینم، من لە کوێ و ئەمانە لە کوێ، ئاخۆ ئێستا ماڵ و منداڵم لە چییابن و بەتەمای چیی من بن! من لەبەر چی وەکو شێت ماڵ و منداڵی خۆم بێکەسو بێدەر، بێ ئیدارە و گوزەران بەجێ هێشت و هاتمە ناو ئەم ئاگربارانە، زۆر دڵم بەحاڵی خۆم و ماڵ و منداڵەکەم سووتا، چەند فرمێسکێکی گەرم بەچاوما هاتە خوارەوە و هەناسەیەکی ساردم هەڵکێشا. وتم: یاڕەبی تۆ قادر و خەبیری کەیفی خۆتە شوکرم بەبەشت تۆ خۆت نەجاتدەری نەجاتم بدەی لەم موسیبەت و بەڵا ناحەقە. ئەمە چ جێگا و لایەکە، ئەمە چ نەوعە مەخلوقێکن لێرەدا، ئەمانە چ دڵ و دەروونێکیان هەیە، من چۆن ڕزگار ببم لەدەست ئەم زاڵمە بێ ئینسافانە، هەروا قەدەرێک لەم خەیاڵاتانەدا بووم دوایی وتم فائیدەی نییە، بزانم دواییی ئەم کارە بەچی ئەگات، جارێ بابزانم ئەم ژوورەی کە دەنگی ئەم ئافرەتانەی لێ دێت چییە و لە قسە و گفتوگۆی ئەوان من ڕێگای نەجات ئەدۆزمەوە بۆ خۆم یان نا. هەستام وردە وردە چوومە بەر پەنجەرەکان کە بەسەر ژووری ژنەکاندا بوو، لەوێ ڕاوەستام گوێم ڕاگرت بەتەواوی گوێم لە هەموو قسە و ئەمبەر و ئەوبەریان بوو، بەڵام چاوم لە هیچ نەبوو، گوێم دایە قسەکان، غەیری باسی ئاڵتوون و مجەوهەرات و جلی جوان و ئەم نەوعە قسانە نەبێ جارێ هیچی ترم بەر گوێ نەئەکەوت. دەنگێ ئەهات ئەیوت قوربان ژنی فڵانە کەس جوتێ گوارەی زۆر عەنتیکەی هەیە، ئەو ساڵە مێردەکەی لە ئەستەمبوڵەوە بۆی هێناوە. سێ ریز ئەڵماسی تیا قایم کراوە، ئەڵێن لەوێ بەسەد و پەنجا لیرەی کڕیوە، بەڵام قیمەتی هەر تەواو نابێ، بەخوا ئەوە هەر بۆ تۆ جوانە، تۆ لێی بسێنە بۆ خۆت. ئەویش ئەیوت سبەینێ زوو ئەنێرمە سەری خۆشی و بێ و ترشی بێ لێی ئەسێنم. ئەو شتی وای بۆ چێیە، با بەبێ پارە ئەوە بدا بەمن. لە پاش ئەو دەنگی پیرەژنێک هات لەولاوە وتی بەقوربان فڵانە ژن ئەموستیلەیەکی زمڕووتی هەیە من خۆم بەشەو دیومە وەک چرا ئەدرەوشێتەوە، دڵی نایەت بۆخۆی بیکاتە دەستی، چەند جار ٣٠ لیرەیان داوەتێ نایدا. مێردەکەی ئەو ساڵە لە شام کڕیویەتی بەچل لیرە بۆی، بەخوا ئەوە هەر بۆ دەست و پەنجەی تۆ جوانە، ئەویش وتی بەخوا ڕاست ئەکەی من زۆر حەز لە ئەموستیلەیەکی وا ئەکەم، بەیانی بخەرەوە بیرم بنێرمە سەری بیهێنن. یەکێکیش وتی بەخوا ڕەنگە دڵی نەیە بیدات، زۆری خۆش ئەوێ، ئەویش وتی چۆنی نادا، بەخوا ئەگەر نەیدا مێردەکەی حەپس ئەکەم و ماڵەکەشی تاڵان ئەکەم. ئەو پەڕۆ بەسەرانە شتی وایان بۆ چییە.

گوێم گرت ژنێکی تر لەولاوە وتی بەخوا قوربان من بیستوومە ماڵی فڵانە کەس پیرۆزەیەکیان هەیە، ساڵێ لە کەربەلا کڕیویانە بەهەشتا لیرە، هینی شای عەجەم بووە، لەوێ بەخشیویەتی دەست ئەوان کەوتووە، ئەوە بۆ تۆ جوان و باشە، ئەڵێن پیرۆزە بۆ ڕووناکیی چاو و هێزی دڵ چاکە، ئەویش وتی بەخوا ڕاست ئەکەیت خۆ ئەوان هەر خزمەتکاری خۆمان بوون، سبحەینێ زوو تۆ بچۆ ئەو پیرۆزەیەم بۆ بهێنە، ئەویش وتی چاکە قوربان. دوای ئەوانە گوێم گرت یەکێک هاتە پێشەوە، وتی قوربان فڵانە کەس تۆپێ تاقەی یەمەنی و دوو چەفتەی سورمەی زۆر چاکی هێناوەتە خزمەتت، ئەڵێ ئێمە خۆی ئەزانێ هەر خزمەتکاری ئەم قاپییە بووین، کوڕەکەم هەتا ئێستا هەر تووتنچی بووە، جگەرەی فرۆشتووە ئێستا هیچ دەرامەتی نییە و زۆر کەمدەستە خۆی خستۆتە ئەم قاپییە کە ئەمر بکەیت کوڕەکەی بکەن بەزابت. وتی ئا تاقە و چەفتەکان بێنن بیانبینم. بەخشوهۆڕ هێنایانە پێشەوە (وابزانم بەر دڵی کەوت)، وتی هەڵی گرن، ئەیەڕۆ، جا ئەمەیشی پێ نەئەویست، خۆ ئەوان باوکیشیان هەر خزمەتکاری خۆمان بوون، ئا فڵانە کەس بچۆ بەفیسارە کەس بڵێ ئەبێ سبحەینێ ئەم کوڕە بەزابت قەید بکات، بەقەبری باوکم نەیکات دڵم عاجز ئەبێت، شڵپ دەستی ماچ کرد و قەدەرێ دوعای بۆ کرد و ڕۆیشت. لە پاشان گوێم گرت، یەکێکی تر هات (ئەمە دەنگی پیاو بوو)، وتی قوربان کوێخا فڵان هەموومان ئەزانین ڕەچەڵەکیان هەموو لەم قاپییەدا بڕاوەتەوە، باو و باپیریان هەموو خزمەتکاری ئەم قاپییە بوون، کەچی ئێستا بەقسەی بەدخوا بۆیان لێ داوە و حەپسیان کردووە، خەریکن بیفەوتێنن، ئەمەشڕەوای حەق نییە بوختانی پێ ئەکەن، مەگەر خوا بیزانێت چەند خزمەتی هەیە من ئەیزانم بۆ ئێوە چەند جار خوێنی خۆی ناوەتە کاسە و فڵانە جێگە و فڵانە جێگە، ئەو ساڵە خۆی بەکوشت دا و خوا نەیکوشت و چەند کەسی کوشت، بەهێواشێکیشەوە وتی بارێک برنج و هیزەیەک ڕۆن و پێستەیەک پەنیریشی هێناوە بۆ مەتبەخ و دە پێنج لیرەییشی هێناوەتە خزمەت خۆت. خانم ئەمەی بیست وتی چۆن حەپس کراوە و کێ حەپسی کردووە و بۆچی حەپس کراوە؟ ئەوە هەر هی خۆمان بووە، بەقەبری باوکم قەبووڵی ناکەم، ئا فڵانە کەس بچۆ بڵێ هەر ئێستا ئەبێ کوێخا فڵان بەرەڵڵا بکرێ، هەر ئەمشەو ئەبێت بێتە دەرەوە (لە دڵی خۆما وتم خۆزگەم بەخۆی)، شڵپ دەستی ماچ کرایەوە، ئەویش بڕایەوە.

دوا جار گوێم گرت پیرەژنێکی تر هاتە پێشەوە بەمنجەمنجەوە وتی: قوربان فڵانە کەس هاتۆتە خزمەتت، مێردەکەی لە بەغدا هاتووەتەوە، بەشی دوو کەوا گوروونی گوڵباتمانی هێناوە، ئەوا بەم عومرە گەیشتووم شتی وام نەدیوە و نەبیستووە، هەروا پرشنگی لێ ئەبێتەوە، ئاوی چاوی پیاو ئەبات، بەخوا ئەوە هەر بۆ کەوای خۆت لائیقە. تۆپێ کەتانی رێزە و تۆپێ برنجۆکی چاکیشی هێناوە، ئەیەڕۆ تۆ چۆن قەبووڵ ئەکەیت، فڵانەکەس، ها، لە بیرت نایەت ساڵی حریت حریتەکە وتیان چەندێ قسەی خراپی کردبوو، بەخوا قوربان ڕاستە بێ ئەدەبیشە، بەڵام ئێوە هەر نازانن ئیش بکەن، ئێستا ئەوەتە کراوە بەمودیری فڵانە دائیرە، ئەمیش هەروا بێ مەئموورییەت ئەسووڕێتەوە، ئەویش وتی بەقەبری باوکم بەو قورعانەی لەسەر ڕانی ڕاستم دام ناوە ئاگایشم لێ نییە و نەمزانیوە، ئەگینا من چۆن قەبووڵم ئەکرد، ئەی ئەوە نەئەبوو زوو پێم بڵێن، ئا بچن بەفڵان بڵێن ... عەزل ئەکرێ و مێردەکەی ئەم لە جێگای ئەو ئەبێ دانرێ، شڵپە دەست ماچکردنێکی تر هات. تێ وردبوومەوە لەم نوعە ئیشانە و گەلێک ئیشی تری لەمانە زلتر، هەمووی لەو سەعاتەدا لەو ژوورە بەو ڕەنگە بڕایەوە، منیش لە دڵی خۆما وتم ئیشی ئێرە وا دیارە هەمووی عیبارەتە لە خەڵک ڕووتاندنەوە و شتی باش و بەقیمەتی ئەم و ئەو زەوتکردن و بەبەرتیل هەتیو و مەتیو لەسەر ئیشی زل و گەورە دانان و ماڵی تاقمێک بەقوڕ گرتن و هەموو عالەم باو و باپیریان خزمەتکاری ئەو قاپییە بوون، لەبەر خۆمەوە وتم من نەخۆم و نەباوکم وا دیارە خزمەتکاری ئەم قاپییە نەبووین و تۆپە تاقە و پارچە ئەڵماس و یاقووتیشم نییە بیدەم، کەوابوو لەم ژوورە ڕێگای نەجات بۆ خۆم نادۆزمەوە، ئەم ژوورە مەحکەمەی لاهای بوو، مەجلسی لۆزان و عەسبەتولئومەم بوو، چی بوو، لە زەرفی سەعاتێکدا سەد نەوع ئیشی تیا حەل بوو و بڕایەوە، هەموویشی کوتوپڕ جێبەجێ بوون، نانی چەند کەس بڕا و خوێنی چەند مەزڵووم ون بوو و چەند کەس دامەزرا، حەق و ماڵی چەند کەس زەوت کرا. دووا جار وتم با بچم بەلای ئەم لاوە بزانم لەم لایەوە چی ئەبینم و لەم ڕووناکییەوە ڕێی نەجات هیچ ئەدۆزمەوە یان نە؟ پەنجەرەکانی ئەملا زۆر نزم بوون، هەموو شتێکم ئەبینی، ڕوانیم گەورەکە کە ئەمری کرد منیان خستە ئەو ژوورە خۆی بەکەش و فشێکەوە دانیشتووە و فڵقوهۆڕ نێرگەلە ئەکێشێت. کابرای تریش کە سەر لە بەیانی لەگەڵ مڵۆزمەکان منی هێنایە ژوورەوە، ئەویش لە خوارەوە وەستا بوو، هەرچی حەرەکات و وەزعیەتی گەورەکە هەیە هەمووی هەر غەزەبە و ئەنانییەتە، هەرچی حەرەکات و سەکەناتی ئەویشیان هەیە، هەمووی هەر تەسلیم و ئیتاعەتێکی پڕ لە قوماربازی و درۆ و ڕیایییە، یەکێکی تریش لە پەنا دەرگاکە ڕاوەستا بوو، فشەی ئەهات، دەستێکی خستبووە سەر مشتووی خەنجەرەکەی، هەموو لەشی ئەجووڵایەوە، هەروا خوێن لە هەموو ئازای ئەباری، بێدەنگ و بێسەنگ کەس قسەی نەئەکرد هەموو قوڕوقەپیان کردبوو. لە پاش نەختێ گەورەکە سەری بەرز کردەوە ڕووی کردە کابرای دان ئاڵتون وتی: تۆ نابێ قەت قسەیەکی ڕاستت ببێ، ئاخرییەکەی تۆ سەری من بەفەتارەت ئەدەیت، ئاخر ئەو هەموو هاژە و هوشەیەی تۆ کردت نەتیجەی کوانێ، تۆ کە هاتیتەوە وتت چی، کەچی ئێستا دنیا چۆنە، ئەوانەی تۆ هەڵت ڕشتن هەموو درۆ و فیشاڵ بوون، بەخوا تۆ هەر بۆ کوشتن چاکی. ئەویش وتی قوربان بەچیت باوەڕە ئەوانەی عەرزم کردیت هەموو ڕاست بوون و هیچیان درۆ نەبوون، بەڵام من بڵێم چی مەسئەلەی مەشهورە ئەڵێ (دار پوازی لە خۆی نەبێ ناقڵیشێ)، لە پاش من هەر لە قەومەکانی خۆمان چوون ئیشەکەیان لێ تێک داین، ئەگینا ئێستا ئیش لە جێگایەکی تر ئەبوو. کوڵەبنەکەی کە لای خواروو وەستا بوو، ئەویش هەڵی دایە وتی: بەخوا بەقوربان ڕاست ئەکات، قسە هەر ئەمەیە. ئیتر ئەویش بەبێ وردبوونەوە و لێکدانەوە کوتوپڕ وتی بەخوا ڕاستە و دەستی کرد بەقسەی ناشیرین و جنێوی خراپ بەوانە، دەستێکی دا بەدەستا وتی: ئاخ من چی بکەم ئەترسم هەر نەگەم بەو ڕۆژە، ئەمانە وجوودیان لە ناودا هەڵگیرێ. کوڵەبنەی لای خواروو دیسانەوە هەڵی دایە وتی: قوربان هێشتا لە ناو خۆماندا هەزار کەسی خراپمان تێدایە، هەر خەریکی ئیش تێکدان و جاسووسین، بەخوا ئەمانە دەفع بکرێن و لە ناو هەڵگیرێن چاکە. گەورە لەم قسانە ڕقی هەستا و چاوی لێ دەرپەڕی و مارپێچی نێرگەلەکەی فڕێ دا و هەستایە سەر پێیان وتی: هەرچی ئیش لە من تێک بدا و سەرم لێ بشێوێنێ نابێ بمێنێ، کوانێ مەلاکان نەهاتن، ئەوانیش وتیان قوربان نیو سەعات زیاترە چوون بەشوێنیاندا، هەر ئێستا دێن. ئاغا و ئەوان هاتوون ئەوەتان لەولا دانیشتوون، وتی باشە با مەلاکانیش بێن (وەکوو لە پێشەوە تەرتیباتێکیان کردبێ و خەریکی ئیشێک بن کە بەمەلاکانی هەڵسووڕێنن وا بوو) ئەویش لە جێگەی خۆی دانیشتەوە، نەختێکی پێ چوو، سەری هەڵبڕی ڕووی کردە کابرای کوڵەبنە وتی: لیرەکانت گۆڕیوەتەوە، وتی بەڵێ قوربان بەڵام نرخی لیرە تۆزێک زیادی کردووە، ئەم حەفتەیە ئێمە چوار پێنج هەزارمان زیاتر گۆڕیوەتەوە، لەبەرئەوە لەناو بازاڕ زیادی کردووە، ئەگەر چەند ڕۆژێکی تر سەبر بکەین، بەڵکو ئەوسا ئەوەندەی تریش بگۆڕینەوە، هەروا بەرەبەرە هەتا تەواو ئەبێ، کابرای تریش وتی قوربان بەعزێک بانقەنۆتی هەزار ڕوپیەیی و سەد ڕوپیەییش ئەگەر بگۆڕێتەوە ئەوانیش سووک و رەحەتن، خراپ نین، ئەویش وتی باشە، بەڵام جارێ هەر لیرەکان بگۆڕینەوە باشترە ئەوانیش وتیان: لیرە لەم یەک دوو مانگەدا گەلێک زیادی کردووە چونکە ئێمە لەم بەینەدا زۆرمان گۆڕیوەتەوە، ئەم خەبەرە ئەڕوات بەملاو بەولادا، هەتا هەشت نۆ ڕۆژی تر ڕەنگە لیرەیەکی زۆر بێت بۆ ئێرە، ئەوسا ئێمەش دە پانزە بیست هەزارێکی تریش ئەگۆڕینەوە، ئەویش وتی: من ئەمانە نازانم، ئەم مانگە هەتا ئەچێتە سەر ئەبێ سەد هەزار لیرەی ترم بۆ بگۆڕنەوە و بۆم تەواو بکەن، ئەوانیش هەردووکیان وتیان : تۆ خۆش بیت ئینشاڵڵا تەواو ئەبێ. منیش لەم وەختەدا لە دڵی خۆما وتم ، ناکات لەم هەموو پارەیە کە گشتی هینی موسوڵمانانە دەست بەرێ هەزار لیرە بدا بەمن بڵێ بڕۆرەوە ناو ماڵ و منداڵی خۆت و دانیشە بەرەحەتی بیخۆن. ئەمجا ڕووی کردە کابرا وتی: قسەی خۆمان بێ ئێستا تۆ و فڵانە کەس، یەکی دە هەزار لیرەیەکتان ناوەتە سەریەک، ئەویش بەپێکەنینەوە وتی: قوربان سەری تۆ خۆش بێت، هەموو دنیا هینی ئێمەیە، وتی: نەء ... ئەم قسانە هیچن ئێستا ئەویش خۆی دێتە ئێرە، لێی بپرسە بزانە من ڕاست ئەکەم یان نە؟ مەگەر هەر من ئێوە بناسم. هەروا لەم نەوعە قسانە بەعزێک گفتوگۆیان کرد، دوواجار کابراکە وتی: قوربان تەقاویتەکان هەراسیان بەعالەم هەڵگرتووە بۆ مەعاش نازانم ئەمرتان بەچییە، ئەویش تووڕە بوو وتی: مەعاش لە کوێ بێنم بۆ تەقاویتی موبارەک، وا عەسکەر و مەئموورەکان دوو مانگە مەعاشیان وەرنەگرتووە، ئەویش وتی: قوربان زۆریان هەیە شەش مانگە پوولێکیان وەرنەگرتووە، ئەمانەش هەموو قیرسیچمە و نەبەز و سەهەندەن، لە هەر قوژبنێکەوە ڕێگایان بوو، داوا ئەکەن و هاوار ئەکەن، سەریان لەم عالەمە سەندووە، لە هەموو ماڵان و کۆڵان کە یەکێک ئەبینن دەست دەکەن بەتەعجیزات. ئەویش وتی ئەمانە چەقاوەسوون و چەرداوەڕوون، کەواتە خۆ پارە نادرێ بەوانە ئەم مانگە هەروا یەکی چەند حوقەیەک چەڵتووکیان بدەنێ لە جیاتی مەعاش با بیخۆن یاخوا هەر ئەوە بخۆن، ئەمانە بۆچی چاکن مەعاشیان بدرێتێ؟ ئەویش وتی: قوربان باشە.

ئەمجا یەکێک هاتە ژوورەوە وتی: قوربان مەلاکان تەشریفیان هێناوە، فەرمووی: بەخێر بێن با بێنە ژوورەوە. ڕوانیم چوار مەلای نوورانی یەک لە دوای یەک هاتنە ژوورەوە، هەموو جبەی قۆڵفش لەبەردا، چاویان ڕشتووە، مێزەرەکانیان هەموو سپی وەکو چۆڕی شیر، هاتن سەلامیان بەئەدەبەوە کرد و دانیشتن، هەموو لێویان ئەجوڵایەوە لام وایە ویرد و سەڵاواتیان ئەخوێند، لە پاش ئەوان سێ چوار کەسی تر هاتن، یەکێکیان پیاوێکی گەورە دیار بوو هات چووە لای ژوورەوە دانیشت، ئەوانی تریش لە خوارەوە دانیشتن، دوو سێ کەسی تریش بەپێیانەوە وەستابوون، منیش نەختێک دڵم خۆش بوو وتم ئێستا ئەم پیاوە کە ئەم مەلایانە و ئەم زاتانەی کۆکردۆتەوە ئومێد وایە شتی باش بکات، هەڵبەت هەموو ئیشێک بەمشاوەرەی عولەما و پیاوی زانست و باش و تێگەیشتوو ئەکات، خۆ هیچ نەبێ ئەمانە مەیدانی زوڵم و ناحەقی و زۆر نادەن، ئینشاڵڵا لەم ناوەدا ئیشی منیش دێتە ناوەوە و منیش نەجاتم ئەبێ، بەم ئومێد و ئەمەلە دڵم خۆش بوو، هەموو لەشم کرد بەگوێچکە وتم: ئەبێ هەموو قسەکانیان ببیەم، هەناسەم لە خۆم بڕی وشک وەستام وتم بزانم خوا چی ئەکات، ئەمە من جارێ هەر بۆ شتێک ئەگەڕێم بەڵکو ڕێگای نەجاتێک بۆ خۆم بدۆزمەوە و لەم تاریکییەدا ڕووناکییەک ببینمەوە، هەتا ئەهات ئومێدم زلتر ئەبوو، ئەموت: خۆ من هیچم لەسەر نییە سوچ و گوناهێکم نییە، هەڵبەت خوا ڕەحم ئەنێتە دڵیەوە، ئەم کابرایە بەخوتوخۆڕایی من تووشی هیچ ناکات. ئەم جارە گەورەکە ڕووی کردە یەکێک لە ڕاوەستاوەکان وتی: قسەی مەحرەم و خسووسی هەیە وریابن کەس لەم دەورە نەبێ، قسەکانمان لە ناو خۆماندا نەچێتە دەرەوە، ئەویش چووە دەرەوە لە پاش نەختێک هاتەوە وتی: قوربان کەسی لێ نییە. خۆ ئاگایشیان لێ نەبوو کە لە ژووری ژنەکانەوە قسەیان ئەکرد ئەیانوت ئەمشەو مەلاکان و فڵان و فیسار گرد کراونەتەوە ئیشیان هەیە، لەوێوە دوو سێ ژنی دەستوپێوەند تەگبیریان کرد کە لە پشتەوە بچن گوێ لە قسەکان بگرن، لەو وەختەدا گوێم لە ترپوهۆڕی پێیان بوو، لەودیو هۆدەکەوە کە منی تێدا بووم، سێ چوارێک چوون و لەوێ وەستان و گوێیان لە قسە و باس گرت.