لە خەوما/گفتوگۆکردن و فتوا وەرگرتن، ئەمر بەئیجرا کردن، مەسئەلەی سیاسییە

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
لە خەوما  (1925)  by جەمیل سائیب
گفتوگۆکردن و فتوا وەرگرتن، ئەمر بەئیجرا کردن، مەسئەلەی سیاسییە

لە پاشان گەورەکە دەمی هەڵهێنایەوە و نەختێک بەتوڕەیییەوە دەستی بە قسەکردن کرد وتی: من ئەمە چەند ساڵە هەوڵ و تەقەڵا ئەدەم، برینداری و حەپسی و ڕەزالەتم کێشا، ئەنواعی موسیبەت و مەرارەتم چێشت، دەستم لەسەروماڵی خۆم شت، هاتم تێکۆشام وتم بەڵکو ئەم میللەتە بۆ خۆی هەناسەیەکی ڕەحەتی هەڵکێشێت سەربەست و ئازایانە بۆ خۆمان بژین و دەستی بێگانەمان بەسەرەوە نەبێ، ئێمەیش وەکو ئەم میللەتانەی تر بکەوینە ڕەحەتی و خۆشی و زیادی و گەورەیی، دەوڵەمەند و سەربەرز بین، دینەکەمان بەرز بێتەوە، چەند جار چووم بەگژ ئینگلیزدا، لەگەڵ تورکدا تێک چووم، تەشەبوسم بە ڕوسیە و بوڵشەویک کرد، چەند خوێنمان ڕشت، من ئەمانەم هیچیان بۆ خۆم نەکردووە، هەموویانم بۆ ئەم دین و میللەتە کردووە، وتوومە بامیللەتەکە بکەوێتە ڕەحەتی و سوعادەتەوە، دینەکەمان زیاد بکات و بەرز بێتەوە، کەچی لەگەڵ ئەم هەموو ئەحواڵانەدا، ئەوەتا هەموومان ئەیبینین، بەشێکی زۆر لەم میللەتە لایان داوە لە من و چوون شوێن غەیرەدین کەوتوون، ڕۆیشتوون بۆ وڵاتان خزمەتی فکری ئەوان ئەکەن، هەموو ماڵ و حاڵ و ژنیان بەجێ هێشتووە لێرە و خۆیان لە وڵاتان بەدیار غەیرەدینەوە دانیشتوون و ئێمە واین لەم حاڵ و ڕەزالەتەدا، عەسکەر و مەئموور و عولەماکانمان هەموو ئیحتیاج و بێ ئیدارە ماونەتەوە، ئاخۆ فتوای شەرعی بۆ ئەمانە چۆنە؟ ڕووی کردە مەلاکان وتی: ئەی عولەمای میللەت بزانم ئێوە دەرحەق بەمانە، بەم زاڵم و بێ دین و مورتەدانە(!) قسەتان چییە و ئەڵێن چی، ئاخۆ ماڵ و حاڵ و ژنی ئەمانە چییان دەرحەق بکرێت باشە؟ مەلاکان هەر چواریان ڕەنگێکیان هێنا و برد و سەیرێکی یەکتریان کرد، لە دواییدا یەکێکیان نەختێک بەپەلە قسەی ئەکرد و دانیشی نەمابوو، چمکی مێزەرە سپییەکەی شۆڕ بووبووەوە خوارەوە هەتا لای پشتێنەکەی، عەسایەکی باسقەندی بەدەستەوە بوو، سیواکێکی درێژی کردبوو بە پشتێنەکەیدا، جارجار تۆزێک بڕنووتی هەڵئەمژی، لکی فەقیانە سپییەکەی لە قۆڵی جبەکەیەوە هاتبووە دەرەوە، هەر عەجەلە و پەلەی ئەکرد بۆ قسەکردن، لە پڕێکدا تێی هەڵکرد و وتی: بەڵێ ئەم نەوعە شەخسانە کەوا خزمەتی دینی خۆیان ناکەن و بۆ دین و ئاین هەوڵ نادەن و شوێن غەیرە دین ئەکەون و لەپێناوی دین و ئەحکامی شەریعەتی غەڕادا سەعی ناکەن و خزمەتی غەیرەدین ئەکەن بەموافق قەولی ئیمام... و ئیمام... و ئیمام... کێ (ئیتر نازانم ناوی دە دوانزەیەک لەم ئیمامانەی هەڵڕشت، هەر ناوی موجتەهید و ئیمام بوو وەک برێشکەی گەنمەشامی لە دەمی هەڵئەتۆقی) ئەمانە بەنەزەر مورتەد و بێ دین تەماشایان ئەکرێ، لازمە ماڵیان هەموو بۆ بەیتولمال سەرف بکرێ، ژنیشیان لێ تەفریق بکرێ و ئەمانە لە پاش مرووری عیدەی شەرعی ئەتوانن شوویەکی تر بۆ خۆیان بکەن. یەکێکی تر لە مەلاکان وا بزانم زمانی وەکو نەختێک لاڵ بێ وا بوو، چونکە هەر قسەیەکی ئەکرد، تفێکی قوت ئەدا و بە توورەتوورە کەلیمەیەکی تری تەواو ئەکرد، لەگەڵ قسەکان خێرا خێرا دەست و پەلی ئەجووڵایەوە، سەر و سنگی ئەهێنا و ئەبرد وتی: بەڵێ وەکو فڵان ئەفەرموێت وایە، ئەمانە قەولێکی مەعرووف و موعتەبەر و موقتەدابهین. یەکێکی تری ملدرێژیان تێدا بوو، چاوشین، موو زەرد، وەکو شینە شاهۆ ملی هەڵبڕی و سنگی دایە پێشەوە وتی: خۆ من بۆ ئەم مەسائلی شەرعییەیە دەمێکە خەریکم و هەوڵ ئەدەم، هەتا وەکو هەموو ئەم نەوعە مەسئەلانەم خستووەتە سەر کاغەز (دەستی کرد بەباخەڵیا کاغەزێکی نووسراوی درێژی هێنایە سەر مێزەکە) وتی: هەر ئەمەش نییە، زۆر شتی تری وا هەیە، ئەم ئیشانە وا چاکە سەعاتێک زووتر جێبەجێ بکرێ و بەربەستی ئەم ئەحواڵانە بکرێت، ئەگینا ئەم دینە بەجارێک مەحو ئەببێتەوە، بەڵێ بەهەموو مەزهەبێک ماڵ و ژنی ئەمانە بۆ ئەم بەقییەتولموئمنینە حەڵاڵە و ڕەوایە، ئنجا ڕووی کردە سەرسپییەکەی لای سەرووی هەموویانەوە وتی: قوربان تۆ چی ئەفەرموویت، ئەویش مەلایەکی ڕیش ماشوبرنج بەو یقارەوە لای سەرووی هەموویان کەوتبوو بەعەزمەت دانیشتبوو وەکو چاوی نەختێک کز بێت وا دیار بوو کە مەلای سوورە قاقزەکەی خستە سەر مێزەکە، ئەو گورجوگۆڵ هەڵی گرت و عەینەکێکی کردە چاوی سەیری کرد، ئەویش ئەم جارە کاغەزەکەی دانا و دەستی کرد بەگفتوگۆ (بەقسەکانیا وا دەرئەکەوت خەڵکی ئەو گەرمیانە بێت) وتی بەڵێ ئەم مەسئەلەیە زاهرە بەهەموو مەزهەبێک ماڵ و سەروەتیان لێ جوێ ئەکرێتەوە و ئەم قەولانە هەموو موسەدەقن.

منیش لە ژوورەوە هەروا تاس ئەیبردمەوە، ئەموت ئەی هاوار بەماڵم، بەخوا من و هەزاری وەکو من بێتاوان و بێگوناح مەحو بووینەوە، من ئومێدی چیم هەبوو، کەچی چیم دی و چیم بیست، بەجارێک ئەژنۆم شکا و موچڕکێک لە تەپڵی سەرمەوە هات، لەبەری پێمەوە دەرچوو، هەروا حەپەسام، هۆش و شعوورم نەما، تەمام بوو بەهەردوو چەپۆک بدەم بەسەری خۆما هەتا هێزم تیایە بقیژێنم، دوواجار سەیرم کرد گەورەکە ئەم جاریش بەدەنگێکی بەرزەوە وتی: ئەمە باشە، مەسئەلەیەکی تریش هەیە ئەویشتان بۆ بکەمەوە، ئەوانیش چاویان لێ سوور بووبوو، فەرمو بزانین ئەو چۆنە.. وەکو پێم وتن ئێمە ئەمە هەمووی لە ڕێی دینی ئیسلامدا ئەکەین، ئێستا غەیری ئەوانەی کەوا ڕۆیشتوون و لەملاولا خزمەتی غەیرەدین ئەکەن، بەعزێک کەسی تر هەیە لە ناو خۆماندا لەوان زیاتر خەریکی مەحوی دینن بەهەموو نەوعێک بۆ نەمانی ئێمە و ئەم حاڵە (کە هەموو بۆ دینی ئەکەین) هەوڵ ئەدەن جاسووسی بۆ غەیرە دینەکە ئەکەن و لەجیاتی تەلقینی ئەهالییەکە هەر خەریکی کفرکردن و گاڵتە بەمەشایخ و عولەمای موحتەرەمن، ئەمانە ئەگەر هەروا بمێنن، ئەمینم کە بەرەبەرە ئەم تۆزە دینە کەوا ئێمە هەوڵ بۆ زیادیی ئەدەین بەجارێک مەحوی ئەکەنەوە، ئێمەش و عولەمای میلەتەکەش (جاروبار بۆ قووەتی قسەکانی خۆی وەکو خوێی چێشت ناوی عولەماکانی تێ ئەخست) ئەفەوتێنن، ئەم نەوعە ئەشخاسە موزیڕانە بەناوی دینەوە فەوتاندنیان لەسەر ئێمە واجب و لازمە یان نا؟

سوورەی چاوشین لە پڕێکدا قسەکانی لە دەم قۆستەوە و تێ هەڵچوو وتی: ئاخر ئەوەی منیش عەرزم کردن و نووسیومە ئەم مەسئەلەیەیە، ئەگەر بێت و حاڵ بەم ڕەنگە دەوام بکات ئەوا دین و دنیامان بەجارێ مەحو ئەبێتەوە، لە زووەوە بەرهەڵستیی ئەمە نەکرێت نابێ، بەهەموو مەزهەبێک نەهێشتنی ئەمانە بۆ دین و میللەت مەسڵەحەت و لازمە. هێشتا ئەو قسەکەی تەواو نەکردبوو مەلا بڕنووتی کێشەکەیان ملی قوت کردەوە و هەڵی دایە و بەپەلەپەل و خێراخێرا دەستی پێ کرد، دە دوانزە (قال، يقول، قيل)ی تری هەڵڕشت، دیسانەوە ناوی چەند ئیمامێکی تری خوێندەوە، فەرمووی: بەڵێ نەمانی ئەمانە بەناوی بەقا و تەحکیمی دینەوە و مەسڵەحەتی موڵک و میللەتەوە لازم و واجبە. جووتە مەلاکەی تریش دەستیان دا بەسنگا بە (صدقت، صدقت، أحسنت، أحسنت) تەسدیقیان کرد و فتوایان لەسەر دا. یەکێک لەوانەی دانیشتبوون و لە ئەوەڵی ئەم قسانەوە چرکەی لە خۆی بڕیبوو، بەهەموو ئەعزاکانیەوە گوێی لەم قسانە گرتبوو، وەک مەئمووری ئیجرای ئەم فتوا ناحەقانە بێت و هەموو ئۆباڵ و گوناحی ئەمانە لەسەر ئەوبێ، لە پاش ئەم قسانە وتی من قسەیەکتان عەرز ئەکەم، بزانم ئێوە چی ئەفەرموون، وتیان: بفەرموو بزانین ئەڵێی چی؟

وتی: ئەم خەڵقانەی کەوا ئێستا ئێوە سەر و ماڵ و ژنیانتان حەڵاڵ کردن، ئەمانە ئەگەر بێتو خۆیان لێرە مەوجوود بوونایە و مدافەعەیەکی شەرعیی خۆیان بکردایە. دیسانەوە ئێوە لەسەر ئەم قەول و فتوایە ئەمان یان نا؟

سوورە چاوشینەکە و لاڵەپەتەکە هەردووکیان بەجارێ هەڵیان دایە وتیان مدافەعەی وەکو چی؟ ئەویش وتی بەڵکو ئەمانە بڵێن ئەم حکوومەت و ئیدارەیە، حکوومەتێکی وا نییە کە بتوانێ جارێ بەم ڕەنگە ئیدارەی ئەم موڵک و میللەتە بکات و خۆی و میللەتەکەی بێنێتە ناو و ببێ بەساحێبی ئەم هەموو ئیسلامە و بچێت بەگژ ئەم حکوومەتانەدا و لە نەتیجەدا ئەم عیبادوڵڵایە تووشی فەلاکەت و زەرەری گەورە بێت. بەم ڕەنگە ئیشی ناچێتە سەر، ئێمەش لەبەرئەوە وامان کردووە و ئەیکەین (کابرا نەیئەویست یاخود نەیئەوێرا بەتەواوەتی دان بەهەموو قسەکاندا بنێ بۆیە هەر ئەوەندەی بۆ بێژرا)، ئیتر ئەو مەلایەی کە لە سەروو هەموویانەوە دانیشتبوو جوابی دایەوە وتی: ئاغا، ئاغا، ئەو مدافەعەیە شەرعی نییە و لە نەزەری شەریعەتدا مەردوودە، چونکە ئەمانە وا دیارە لەسەر مەحوی دینن، کەوابوو ئەم مەعزەرەتانەیان لێ قەبووڵ ناکرێ (لەم قسانەدا گەورەکە ڕەنگێکی هێنا و برد، ڕەنگی سوور بووەوە، بەتیلاییی چاو سەیرێکی هەموو مەلاکان و ئاغاکەی کرد لە پاشان چاوی گەش بووەوە و دامرکایەوە)، ئیتر ئاغاش قسەی پێ نەما وتی: کەوابوو هیچ.

ئیتر من لەوێوە نەهۆشم ما و نەشعوور، جارێ وەکو شێت هەستام قەدەرێک لە ژوورەکەدا ئەمسەر و سەرم کرد، هەرچی خوێن لە ڕەگەکانمدا هەبوو مابوو، هەمووی کەوتە جوڵەجوڵ و هاتوچۆ، پێستی لەشم ئاگری لێ ئەبووەوە، هەردوو چاوم دەرپەڕی، دانەکانم تەقەتەق بەیەکیانا ئەدا. تەمام بوو پەلاماری پەنجەرەکان بدەم و هەڵکوتمە سەر مەجلیسەکە، دەست بنێمە بینی مەلاکان و ئەوانی تر، وتم: یاڕەبی ئەمە چ دڵ و دەروون و ویجدانێکە، ئەمە چ تەتبیقاتی شەرع و قاعیدەیەکە، ئەمانە چۆن ئەم قەرار و فتوایەیان دا؟ ئەوانەی کە ڕایان کردووە و خۆیان لە شاڵاو و هاڵاوی زوڵم و زۆری ئەم زاڵم و خوێنخۆرانە نەجات داوە، ئەوا بەجارێک ژن و ماڵیان حەڵاڵ کرا: ئەوی لە ژێر لافاوی غەدری ئەمانەدا ماوەتەوە وەکو ئەمان خەریکی پیاوکوشتن و زوڵم و زۆر نییە، ئەوەتا وا فتوای کوشتنی ئەویش دراوە ئەیکوژن، ئاخۆ ئەمانە هیچ لە خوا و قیامەت و لێپرسینەوە و عەزاب ناترسن، چونکە ئەم زمانە هەروا لە دەمی ئینساندا تەڕ و پاراو نابێت، ئاخری مردن و پرسینەوەیەک هەر هەیە، حەق و حیساب هەر ئەبێت. هیچ لەوە ناترسن کە لێیان بپرسن ئایا ئێوە بەچ حەق و سەڵاحییەتێک وا لەم عیبادوڵڵایە ئەکەن. جارێ وتم ئەم کابرایە کەوا هەر ناوی دین ئەبات و ئەڵێ من بۆ دینم کردووە و لە ڕێی دیندا ئەیکەم هیچ تەریق نابێتەوە و لە خوا ناترسێ بڵێ من چ حەقێکم بەسەر ئەم عیبادوڵڵایەوە هەیە، ئەبم بەباعسی مەحوی سەروماڵیان، بەچ ناوێکەوە و بۆ چ دینێک و بەحوکمی کام شەریعەت ئەمانە دەرئەکەم، ئەمانەی لە تاو زوڵم و زۆر وازیان لە مڵک و ماڵ و نامووس و حەیسییەت و جێگای خۆیان هێناوە و دەربەدەری وڵاتان بوون، ئاخۆ ئەمانە شوێنی غەیرەدین کەوتوون، یاخود لە ترسی ئەم جۆرە زوڵم و گەورە ناحەقانە (کە دار و بەرد لە بەری ئەلەرزێ) و نیشتوومەتە سەریان بەنای ناحەق ماڵ و خوێنیان ئەخۆم و ئەخۆمەوە، ڕایان کردووەتە پەنای عەدالەت و ئەمنییەت. زۆرم بەلاوە سەیر و عەجایب بوو کە خۆی لە پێش مەجلیسەکەدا قسەی لە سەد و هەزار و دووسەد و هەزار ئەکرد، کە مەعلوومە ئەمەی لە ماڵی ئەم موسوڵمانانە پێکەوە ناوە و ئەم عالەمەی خستووەتە سەر ساجی عەلی، بووە بەباعیسی چەند هەزاران مەخڵووق کەچی ئێستا بەچ ڕوویەکەوە جەسارەت ئەکات، ئەم نەوعە قسانە ئەکات و ئەم مەلا موبارەکانەش چەند گورجوگۆڵ بێ گرێ و قۆرت ئەم فتوا ناحەقەیان دا، هیچ بیریان لەوە نەکردەوە ئەم خەڵقە بەڕەنجی شان و عەرەقی ناوچەوان خوێنیان بووە بەئاو، هەتا ماڵ و حاڵێکیان پێکەوە ناوە، ئێمە بەچ حەق و شەریعەتێک بڵێین بەجارێ لە دەستیان وەربگیرێ و بدرێ بەم زاڵم و خوێنخۆرە بێ ئینسافانە.

وتم ئەی خالیق، ئەی مونتەقیم ئەی قەهار، ئەی عالیمولغەیب! تۆ چی لەمانە ئەکەیت، ئەمانە لە ڕۆژی خۆیاندا چۆن حیسابیان ئەبینی، تۆ لە حەقی ئەمانە چی ئەکەیت؟ ئاخۆ لە دەفتەری مەحکەمەی گەورەی تۆدا گوناحێکی تری وەکو ئەمە قەید کراوە یان نا؟ تۆ بۆ ئەمانە چ نەوعە جەزایەک دائەنێیت، تۆ چۆن ئەم حاڵانە قەبووڵ ئەکەیت مەگەر هەر بەحری بێ بنی حیلمی تۆ ئەمانە قووت بدا، تۆ چۆن ئاگر نابارێنی بەسەر ئەم قەومەدا، تۆ ئەو غەزەبەت کە وەکو ئاگر وایە بۆچی بۆ ئەم تاقمە نایەتە جۆش، تۆ بۆچی هەر ئێستا ئەمانە بەناخی عەرددا نابەیتە خوارەوە و حەقی ئەم میللەتە قوڕبەسەرەیان لێ ناسێنی. ئەی ویجدان، ئەی ئینساف ئێوە کە ناوتان هەیە و بۆچی ئێستا ناچنە سوورەتی ئینسانەوە و بێن یەکی چەپۆڵەیەکی زل لە سەروچاوی ئەمانە بنێن و مەحوویان بکەنەوە، ئای... ئای... ئای....

ڕوانیم هیچ شتێک نییە و هیچ پەیدا نەبوو، منیش هەروا وەستام لە جێگای خۆم وشک بووبووم، ئەوان هەر قسە ئەکەن، منیش لەبەر خۆمەوە هەر ئەڵێم پەح.. پەح.. پەح ئەمە چی بوو من دیم، من لە کوێم، ئەمە خەوە یان نا؟ بۆیە هەردوو چاوی خۆم گڵۆفت وتم بەڵکو ئەگەر خەوە خەبەرم بێتەوە. کەچی ڕوانیم هەموو شتێک هەر لە جێگەی خۆیەتی و ئەو جانەوەرانە هەر لەبەر چاومن، هەموو لەشم لە تاوا هاتە لەرزین و دڵم کەوتە کوتەکوت و سەرم گێژی خوارد، لە پڕێکا گرم بەدەما کەوتم بەعەردا، لە ئێش و ئازاری کەوتنەکەم هۆشێکم هاتەوە بەبەردا و هەستامەوە بیرێکم کردەوە وتم ئەمانە فائیدەیان نییە بابزانم چی ماوە بیبینم. هەستام وردەوردە چوومە پێشەوە گوێم گرت، هەر قسەیان ئەکرد بەڵام دواییی قسەیان بوو، هەر ئەوەندە حاڵی بووم وەکو مەلاکان لە مکافاتی ئەم خزمەتە گەورەیەدا کە کردوویانە داوای شتێکیان کردبێ و ئەویش وەعدی دابنێ کە بیانداتێ، ئیتر ئەوان چوونە دەرەوە، لەو ناوەدا مەلای بڕنووتیکێش لە دەرگاکەوە گەڕایەوە هاتە پێشەوە وتی: ئومێدم وایە ئینشاڵڵا خوا هەر موەفەقت بکات مادام تۆ ئەوەندە بۆ ئەم دینە هەوڵ ئەدەیت و تێ ئەکۆشیت، خوا و هیمەتی پیران پشتیوانت بن، ئەویش پێکەنینێکی بۆ کرد، ئیتر ئەوان ڕۆیشتن و مانەوە خۆیان.

دوای ڕۆیشتنی مەلاکان ئنجا یەک دووانێکی لەو پیاوانە بانگ کردە پێشەوە، یەکێکیان کوڵەبنەیەک بوو ڕانک و چۆغە لەبەر، بەگفتوگۆکەیدا وا دیار بوو ئەمە یەکێکە لە ئاغاواتی ئەو ژوورە چونکە قسەکانی وا دیار بوو کە جیایە لەگەڵ ئەوان، هەر ئەمیش بوو لە وەختی فتوادانەکەدا ئیعترازی لە مەلاکان گرت، یەکێکی تری کەچەڵەی پۆشتە و پەرداخ، خەنجەرێکی دەسک ماهی و دەمانچەیەکی باش بەقەدەوە، ئەمیشهەر ڕانک و چۆغەی لە بەرابوو، بەڵام هەر بەزمانی خۆیان قسەی ئەکرد، هەر ئەمیش بوو کە بۆ مەسئەلەی لیرە گۆڕینەوە قسەی لەگەڵ ئەکرد، ئەم دووانەی بانگ کردە پێشەوە لە بەردەم خۆیدا زۆر بەئەسپایی و هێواشتر، قەدەرێکی چاک قسەی لەگەڵ کردن، بەئەتوار و دەست هەڵسووڕاندن و حەرەکاتەکەیاندا دەر ئەکەوت کە ئەمە تەرتیباتێکە ئەو بۆیان دائەنێ و بەعزێک ئیشیان پێ ئەسپێرێ و ڕێگەیان نیشان ئەدا، لەم تەرتیبات و فسەفسە بۆم دەرکەوت کەسێکی پێ نیشاندان و بۆی دیاری کردن کە ئەمانە پیاو و زەلامیان بۆ تەعین بکەن و بیاننێرن بیانکوژن. ئیتر من لەم حاڵانەدا کەوا بەبەرچاوما دێت و ئەڕوا هیچم پێ نەمابوو، هەر ئەموت یاڕەبی ئەمە چییە من ئەیبینم، من هەر ئەوەندە تێ دەگەیشتم کە ئەیانوت: چوار تفەنگچی بچێت بۆ سەر فڵان لە فڵانە وەختا بچەنە ئەوێ، بۆ بەعزێکیان کوشتن و بۆ بەعزێکیان ترساندن و بریندارکردن دانرا. خولاسە هەتا نزیک سەعات سێ بەم کەینوبەینەوە بوون، لە پاشترا ئەوانە هەموویان ڕۆیشتن، هەر گەورەکە خۆی و یەکێکی دانیشتوو و یەکێکی ڕاوەستاو لەوێ مانەوە.