لە خەوما/ڕۆژەوەبوون و قۆرتی سێیەمین

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
لە خەوما  (1925)  by جەمیل سائیب
ڕۆژەوەبوون و قۆرتی سێیەمین

بەیانی لە تاریکە و لێڵەدا بوو هێشتا، گوێم گرت لە دەرگایان دا، دەرگا کرایەوە، ڕوانیم سێ زەبەللاح هەڵیان کوتایە ژوورەوە، وتیان کوانێ کابرای جاسووسەکە، مامەی کاروانچی منی نیشان دان و وتی: ئەوەتە، باوکم ئێوە بۆچی ئینساف و ڕەحمتان نییە، ئەم فەقیرە غەریبە و هیچی لێ هەڵناسێ و سوێندی مەغلەزەتان بۆ ئەخۆم ئاگای لە هیچ نییە، لە تاو دەردی نەبوونی و کەمدەستی خۆی کوتاوە بۆ ئێرە، ئێستا بێ دەسەڵات و بێ پارەیە، ناتوانێ سەری خۆی بقەبڵێنێ و خزمەتێکی ئێوە بکات، ئەوا لێرە خەریک ئەبێ، ئەگەر بۆی هەڵبسووڕێ ئیشێ، کارێ ئەگرێ بەدەستەوە، لەمەودوا لەبەر دەستی خۆتاندا ئەبێ، ئەتوانن هەموو وەختێ بەهەوەسی خۆتان بیڕوتێننەوە و لەبەرەوە حەقی ئەم چاکەیەتان بۆ بکاتەوە. کابرای کاروانچی بەم قسە مێچکەمێچکانە گەلێکیان لەگەڵ خەریک بوو، زۆریان بەدەور و پشتا هات لە ئاخری هەموو شتێکدا وتیان ئێمە ناتوانین وازی لێ بێنین، ئەم خەبەرە ئاخری ئەگاتەوە جێی خۆی، دوایی ئێمە تووشی موسیبەت و بەڵا ئەبین، کەوابوو ئێمە خۆمان بۆچی تووش بکەین، هەر ئەبێ بیبەین لەگەڵ خۆمان. کاروانچییەکانیش وتیان ئاخر ئەوا ئێوە ئەم فەقیرەتان برد و کردتان بەکوڵکی موسیبەت و ئەزیەت و لێدان و گرتن و ئەمانەوە چی بەئێوە ئەبڕێ. نەوەڵڵا کەوابوو خوا هەڵناگرێ، ڕەحمی پێ بکەن وازی لێ بێنن، هەزارتان بۆ دنیا کردووە، ئەمەش بۆ خوا بکەن. ئەمە بەم گێرە و کێشەیەوە بووین هەتا نزیکی هەتاو کەوتن، خوا کاریان ڕاست بێنێ ئەو کاروانچییانە بەدەوروپشتی ئەواندا هاتن و تەفرەیان دان، بەڵام بێ فائیدە بوو، ئەوان هەتا ئەهاتن شێتگیرتر ئەبوون و ئاگریان ئەگرت، ئاخری یەکێکیان وەکو هار پەلاماری منی دا و قۆناغە تفەنگێکی کێشا بەکورتە کەلەکەما وتی: هەڵسە بابڕۆین، تەماتە بەم گێلەگێلە و خاوەخاوە هاتووی لێرە جاسووسی بکەیت. ئێستا من ئەزانم چیت بەسەر ئەهێنم. کوڕە وتم پیاوی چاک بن ڕەحم و موسوڵمانەتیتان بێ، بەخوا هیچم بەبەرەوە نییە، ئەمە چەند ڕۆژە بەم باران و سەرمایە هاتووم بەڕێدا، هیلاک و برسی و نەخۆش و غەریب، خوا قەبووڵی نییە وازم لێ بێنن و ئەزیەتم مەدەن. هەر ئەوەندەم زانی یەکێکی تریان لە پشتەوە زرموهۆڕ دامیە بەر پێ لەقە و شەپازللە وتی: یاڵڵا پێشمان کەوە، وا ئەزانی سەری دنیا بەپووش گیراوە، ئەوی تریشیان لێم هاتە پێشەوە بەپاڵەپەستۆ بەهەرسێکیان دایان گرتم (عەیب نەبێ) بەشەق و زللە و لێدان و سەروسەکوت کوتاندنەوە پێش خۆیان دام، ئیتر هەرچەندە کاروانچییەکان پاڕانەوە و لاڵانەوە هەوڵ و تەقەڵایان دا و دەخالەتیان پێ کردن، بێ فائیدە بوو، پارەی نەکرد و ڕایان فڕاندم بۆ کۆڵان، هەروا لە کۆڵان و بازاڕدا هێنامیان بەڕێوە، خەڵق و خوا هەروا تەماشایان ئەکردین، بەعزێ کەس ئەمڕوانی بەزەییی بەمنا ئەهات لەبەر خۆیەوە پرتەوبۆڵەیەکی ئەکرد، بەعزێک کەسی تر پێم پێ ئەکەنین، ئەیانوت ئەمە جاسووسە با بیخوا، تەماشام ئەکرد لە ناو شاردا بەعزێک قیافەتم ئەبینێ هەروا ئینسان زراوی لێ ئەتۆقێ، هەریەکە دە دوانزە چەفتە و مشکی و جامانەی ڕەنگاوڕەنگیان تێک ئاڵاندووە و بەسەریانەوە بەستووە هەریەکە بەقەدەر بەرداشێ، چوار ڕیز و پێنج ڕیز فیشەکیان لە خۆیان دابوو، خەنجەر و دەمانچەیان کردبوو بەقەدیانا، هەروا خوێن لە ناوچەوانیان ئەباری. تووشی ئێمە بوون ئەیانوت ئەمەیشڕەنگە جاسووس بێ، مڵۆزمەکانی منیش ئەیانوت بەڵێ جاسووسە، منیش لە دڵی خۆما وتم نەخێر نەخۆشییەکەی کابرای خانچییەکە وتی منیش گرتم و ڕابورد. هەروا بەم ڕەنگە ئەڕۆیشتین دنیاش زۆر سارد و سەرما بوو، هەور و هەڵڵا بەباوە پروشەی ئەکرد ئەلعیازو بیللا، سەیرم کرد لە کۆڵانێکدا گەیشتین بەژنێک خۆی و دوو منداڵی ڕەشوڕووتی پێخاوس سەرقۆتین لەو بەر سەرما و قوڕەدا بەگریان و شیوەن ئەکرووزێنەوە و ئەپاڕێنەوە، ئەلاڵێنەوە و هەڵئەچۆقن، ژنەکە پەلی منداڵەکانی گرتبوو هەرسێکیان ئەگریان وەک باڵاڵوک فرمێسک بەچاویانا ئەهاتە خوارەوە، کە چاوم بەوانە کەوت و ئەو ئەحواڵەم دی بەجارێک خۆمم لە بیر چووەوە وتم ئاخۆ ئەم قوڕبەسەرانە چییان لێ قەومابێ، نەمزانی منیش حەپسم و مڵۆزمم بەدواوەیە، بێ ئیختیار لە ژنەکەم پرسی خوشکەلێ ئەوە چیت لێ قەوماوە وا ئەگریت. هەر ئەوەندەم زانی لە پشتەوە کابراکان زرموهۆڕ دایانمە بەر شەپازللە و قۆناغە تفەنگ، وتیان تۆ دەخڵت چییە بەسەرەوە، هەرچی هەیە و نییە، تۆ بۆچی ئەپرسیت؟ یەکێک لە زەلامەکان بەڕق و گاڵتەوە وتی ئەوە چییە. ئەوە مێردەکەی لەم بەینەدا لە شەڕی فڵانە جێگە عەسکەر بووە کوژراوە، ئێستا ئەمانە کەسیان نەماوە و هیچیان نییە، شێت بوون داوای مەعاش و ئیدارە ئەکەن وا ئەزانن پارە ڕژاوە، لە دڵی خۆما وتم بەخوا باشە، مێرد و ماڵی بڕوا، بەم ڕەنگە داوای مەعاش بکا و تۆیش وا بەگاڵتەوە جوابم بدەیتەوە، هەڵبەت لەو جێگەیەش کە داوای مەعاشی کردووە، زۆر باش و بەدڵی خۆیشی بەڕێ خراوە، بۆیە وا بەپێکەنین و کەیف خۆشی گەڕاوەتەوە، زۆر زەریفە، بەهەناسەی ساردەوە نەختێکی تر ڕۆیشتین گەیشتینە مەیدانیک لەوێ سەیرم کرد سێدارەیەک هەڵخراوە لە ژوور ئەویشەوە سێ چوار داری تر پێکەوە داچەقاوە و پیاوێکیان پێوە بەستووە، بەو سەرما و بەفر و بارانە چەند کەس دەوریان گرتووە، ڕووت و قوتیان کردۆتەوە، بەتۆیی کراس و دەرپێ، زەلامێکی بێ ئینساف بەدارێکەوە وەستاوە لەو قوڕبەسەرە ئەدات. ئەمما چۆن لێدانێک، زرموهۆڕی دارەکانی ئەمپەڕوپەڕی ئەو مەیدانە ئەگرێتەوە، کابراش هاوار ئەکا و ئەپاڕێتەوە و ئەلاڵێتەوە و خوا و پێغەمبەر ئەهێنێتە ڕجا، ئەزریکێنێ و ئەقیژێنێ و ئەویش هەر لێی ئەدا و گوێ ناداتێ، کە ئەوەم دی هەموو لەشم هاتە لەرزین و دڵم داخورپا، هێز و هەناوم لێ بڕا وشک بووم لە جێگای خۆم، پێی ڕۆیشتنم نەما، ڕەق ڕاوەستام. یەکێک لە مڵۆزمەکان تێی خوڕیم وتی ئەوە بۆچی ڕاوەستاوی، وابزانم ئەمەت پێ خۆشە سەیری بکەیت، چاوت نەفڕێ تۆیش بەخزمەتی ئەگەی، ئەمیش وەکو تۆ لەسەر جاسووسی گیراوە، وا داری تێ ئەبڕن، منیش هیچ هۆش و شعوورم نەمابوو کە جوابی بدەمەوە، لە عەزرەتانا هەروا وشک وەستا بووم، ئاخری پەلیان ڕاکێشام و ڕایان فڕاندم سەرەوژوور پێش خۆیان دام، ئیتر منیش نەدڵم مابوو نەچاو تا بزانم بۆ کوێ ئەچین، هەروا بەو کۆڵانانەدا تێیان پەڕاندم هەموو دار و بەرد بۆنی خوێنیان لێ ئەهات، بەجارێ ڕۆحم چوو، ئەوەندەم نەزانی گەیشتینە بەر دەرگایەکی گەورە، قەڵەباڵغێکی زۆری لێ وەستابوو، هەر مەڕۆ مەڕۆ و نابێ نابێ بوو، کەسیان نەئەهێشت بچێتە ژوورەوە، مڵۆزمەکانی لەمەڕ من وتیان ئەمە جاسووسە ئەمشەو نیوەشەو گرتوومانە و هێناومانە ئەبێ بیبەینە ژوورەوە ئەوانیش وتیان جارێ نەختێ ڕاوەستن، ئێستا ئیشی خسووسی و موهیم هەیە نابێ کەس بچێتە ژوورەوە، قەدەرێ ڕاوەستن، هەر کەسێکی تریش ئەهات هەروا ڕایان ئەگرت، نزیکەی سەعاتێک ئێمەیان لەو بەر سەرما و بارانە ڕاوەستاند، خەلقێکی زۆر لەوێدا گردبوونەوە، هەروا بەعزێک لەوانە کە ئەهاتن ڕایان ئەوەستاندن لچێکیان هەڵئەقوڵتاند و لەبەر خۆیانەوە ئەیانوت ئەها هەر ئەم جارە ئیشی موهیم و خسووسی نەبوو، دوایی سەیرم کرد یەکێک لە دوورەوە بەکەش و فشێکەوە دە دوانزە کەس بەشوێنیەوە تفەنگ بەدەست، فیشەکلغ لە پشت، خەنجەر و دەمانچە بەقەد، سەرزل سەرزل، کابراکە خۆی دانەکانی هەموو ئاڵتوون بوو، وردە وردە هاتە پێشەوە، خەڵکەکە هەرچی دانیشتبوون بەجارێک ڕاستەوە بوون، خۆتان لادەن، خۆتان لادەن پەیدا بوو، کە نزیک کەوتەوە منیشیان هەستاندە سەر پێیان وتیان ڕاوەستە بەپێوە، منیش لە تاواندا بەلەرزەلەرز هەستام و ڕاوەستام. کابراکە کە هاتە پێشەوە بەکبر و غرورێکەوە، بەچەناگە نیوە سەلامێکی کرد و زوو سەیرێکی منی کرد، وتی ئەمە چییە، مڵۆزمەکانم سنگیان نایە پێشەوە وتیان قوربان ئەمە جاسووسە، ئەمشەو گرتوومانە، وا هێناومانە، کابراکە ئەم جارە بەغەزەبەوە تێم مۆڕ بووەوە و پرسی، لە کوێوە هاتووە. یەکێک لە مڵۆزمەکان چووە پێشەوە بەسرپە دوو سێ قسەی لەگەڵ کرد، ئەویش سەرێکی بۆ لەقاند وتی ئێی، کەواتە بیهێننە ژوورەوە. ئەو تێ پەڕی چووە ژوورەوە، دوایی پەلی منیشیان گرت و ڕایان کێشام بۆ ژوورەوە، حەوشێکی گەورە و ئاوەدان، باخ و حەوز و باڵەخانەیێکی خۆش. هەروا بردمیان هەتا بەر بینا و باڵاخانەکە، لەوێ بەچەند پلیکانەیەک سەریان خستم، ڕاڕەوێک بوو سیخناخ بوو لە تفەنگچی و زەلامی غەریب و عەجیب کە ئینسان هەر لە چاو پێکەوتنیان ئەتۆقی، قەدەرێک لەوی ڕایان گرتم لە پاشان مڵۆزمەکان دامیانە دەست دوو سێ نۆبەتچی و زەبەللاح خۆیان ملیان شکاند و ڕۆیشتن منیش لە قوژبنێکەوە هەڵتوتام بۆ خۆم سەرم کز گرت لەبەر باری خوادا چاوەڕوانی قەزا و قەدەر بووم وتم بزانم چی تریش ئەبینم، ئەو ڕۆژە بەو ڕەنگەوە لەو سووچەدا بۆ خۆم هەڵتروشکام، نەنانێک نەئاوێک، نەلێپرسینەوە، هیچ نەبوو ..... ئەم زەلام بەو زەلامی ئەسپاردم، لە سەد کەس زیاتر هاتوون پرسیویانە ئەمە چییە؟ وتویانە جاسووسە و بەعزێکیان بەغەزەبەوە لێم مۆڕ ئەبوونەوە و لێم ئەهاتنە پێشەوە. ئەموتئێستا هەڵم ئەلووشن و بەعزێکیشیان بەنیوە پێکەنینەوە لێم ورد ئەبوونەوە و بەتەئسیرەوە ڕوویان وەرئەگێڕا.

وەرە سێ چوار ڕۆژ بەم سەرما سەهەندەیە بەهیلاکی بەڕێگەوە وەرە، شەو بەو ڕەنگە بەبرسێتی و بێ خەوی ڕابوێرە، بەیانی بەو حاڵەوە بتهێنن بۆ ئەو جێگایە، هەر سەعاتی مردنێک ببینە، ئەو ڕۆژەش وا بێ زاد و ئاو داتنێن، ئنجا سەیری ڕەنگوڕووم بکەن، ئەبێ چیم لێ هاتبێ، چاکە لە برسانا هەروا گیانە گویینەیەکم تیا مابوو، کە ئەجووڵامەوە هەموو لەشم ئەلەرزی. وەختی پاش نانخواردن کە شەوی بەسەراهات یەکێک لەو خزمەتکارانە وتی: خۆمە ئەمە گاورسانی نییە ئەم فەقیرە لە بەیانییەوە بێ نان و بێ ئاو لێرە حەپس کراوە، خوا هەڵناگرێ هەر لە خۆیەوە لەو پاشماوانە چەند پارچە نانێکی دامێ و کاسەیەک ئاویشی لەلاوە دانام. وتی: ئەوە بخۆ، منیش وەکو هار پەلامارم دایە، نانەکەم خوارد و چەند قومێک ئاوم کرد بەسەرا، تۆزێک زیندوو بوومەوە، هۆشێکم هاتەوە بەبەرا. ئیتر کەسێک لە منی نەپرسییەوە. هەر ئەموت ئاخۆ کەی منیان بیر بکەوێتەوە و نەجاتم بدەن، بەرەڵڵام بکەن و بۆ خۆم بچمە دەرەوە. لە دڵی خۆما وتم شەرتم ئەمەبێ، سەعاتێک لە دەست ئەم دەعبایانە نەجاتم ببێت ئەو ڕێگەیەی کە بیگرمە بەر ئیتر ئاوڕ نەدەمەوە و سەری خۆم لەم وڵاتە خوێناوییە زاڵمە دەرکەم و دەقیقەیەک لەو وڵاتە کاولەدا نەمێنم، بەڵام جارێ خۆ هیچ لێپرسینەوە نییە. لە پاش قەدەرێ ڕوانیم یەکێک بەعەزمەت و جەبەرووتێکەوە هاتە ڕاڕەوەکە، خەڵکەکە هەموو هاستان و ڕاوەستان و ئیشارەتی منیشیان کرد، منیش بەنیخەنیخ هەڵسام و بەپێوە ڕاوەستام سەیرم کرد هەروا هات و وردەوردە بەناو خەڵقەکەدا بەپشم و غەزەبێکەوە بەخەڵکەکەدا هەڵڕوانی. ئەم جار چاوی بەمن کەوت، وتی ئەمە چییە، ئەم دەعبایە کێیە؟ وتیا: قوربان ئەمە جاسووسەکەیە کە بەیانی هێناویانە، وتی: ئەی بۆچی بەمنیان نەوتووە. ئا فڵانەکەس بانگ کەن. کابرای کە سەرلەبەیانی لە دەرگای حەوشە هات و منی لەگەڵ خۆی هێنایە ژوورەوە بانگ کرا، ئەویش بەڕاکردن هاتە پێشەوە، وتی: چی ئەفەرمووی قوربان؟ وتی: ئەم جاسووسە چییە و لە بەیانییەوە هێناوتانە بۆچی بەمنتان نەوتووە. وتی قوربان سەر لە بەیانی عەرزم کردی مەشغوڵ بوویت فەرمووت جارێ ڕاوەستە، وەختی پاش قاوەڵتی ئەوەبوو دیسانەوە عەرزم کردیتەوە، فەرمووت ئێستا نا. عەسریش کە عەرزم کردیت کەچی تووڕە بوویت، ئێوارە هاتم عەرزت بکەمەوە، مێوانت هات ئێستاش خەریک بوو بێمەوە عەرزت بکەمەوە. ئەمە زۆر موهیمە وەکوو ئەوانی تر نییە. ئەویش چاوی چووقاند و دەستێکی برد نای بەناوچەوانییەوە، قەدەرێکی چاک ڕاما، منیش هەروا بەترس و لەرزەوە تەماشای ئەکەم و ئەڵێم ڕەنگە ئێستا بیر لە ئەحواڵی بێدەسەڵاتی و بێگوناحیی من بکاتەوە و بەزەییی پێما بێتەوە و هەر ئێستا ئەمر بکات بەرەڵڵام کەن و ڕەنگە دڵنەواییشم بکەن بەخوا. کەچی هەر ئەوەندەم زانی سەری بەرز کردەوە و هەردوو چاوی دەرپەڕی، وتی: ڕاست ئەکەن بەقەبری باوکم ئەمە زۆر دەهشەتە، ئادەی بیکەنە ئەو ژوورەوە زۆر چاک ئاگاتان لێ بێ هەتا بانگی ئەکەم و لێی ئەپرسمەوە. ئەرێ گەڕان، ئەمە هیچ قاقەز و ماقەزی پێ نەبوو. کابرا وتی: نەخێر قاقەزیان پێ نەدیوە، هەڵبەت شاردویەتیەوە، لە تەحقیقاتدا ئەمانە دەرئەکەون، ئەویش وتی: وایە ڕاستە، دەبیبەن بۆ ئەو ژوورە، منیش لە جێی خۆم هەروا وشک بووم، زوبانم بەسترا. حەپەسام. ئەوەندەم زانی دوو زرتەبۆز نەوینە پەلم و بردمیانە ژوورێکی گەورە و تاریک لەوێ دایاننام و دەرگای ژوورەکەیان لەسەر داخستم و بەتەنها بەجێیان هێشتم.