دیوانی کوردی/ە
Appearance
1
[edit]سەیدی دڵ بووم و ئەتۆ کوژتمت، ئارێ مەسەلە: | حلّت الصيد لمن يقبض، لاَ لمن قَتَلَه |
یار وەکوو مەردومەکی دیدەمە، سەد حەیف ڕەقیب | لەبەر ئەم مەردومەکی دیدەمە هەر وەک سەبەلە |
سۆفی! بیستوومە عەمامەت لە بەهای مەی دەکڕن | قوڕ بەسەر! فرسەتە بیگۆڕەوە ِنعْمَ الْبَدََلە |
باخی عیشق ئەرچی لە دوور خۆشە لە بۆ عاشقی زار | بیخی عیجز و چڵی بەدبەختی و خونچەی ئەجەلە |
سەد جەهەننەم لە حەشردا بەسە بۆ گیانی ڕەقیب | گەر بڵێن ئەجری گوناهـ کەردە بە قەدری عەمەلە |
نازی بێ ڕەحمی و حیلەی دەغەڵی و ئاهـ و فوغان | بۆ من و یار و ڕەقیب قسمەتی ڕۆژی ئەزەلە |
مشتەری، دیدەیی ئەو ماهڕووە و، زوهرە، جەبین | بەختی مەڕڕیخە، ڕوخی ڕۆژە، سفەت وەک زوحەلە |
هێندە بەدبەختم لەگەڵ دەردەکەوم سەبر دەڵێ | ئەی خودا نامرێ لە کۆڵمان بکەوێ ئەم چەپەڵە |
ئەی ڕەقیب! بەس بڵێ یار خۆشی دەوێی، من کوردیم | کۆنە ڕەندم بە خودا بەو قسە ناکەومە مەلە |
2
[edit]شێخ بۆ چی لەسەر مەستی دەگەڵ من بە عیتابە؟ | مەر دڵ شکەنی و کافری کەمتر لە شەڕابە؟ |
عیشق ئەر غەمی هیجرانی نەبێ خۆشە، بەڵێ ڕاست | بێ دەوڵەتی خۆی چاکە بەڵان قۆرتی خەرابە |
عاشق کە لە دنیا غەم و هیجرانە نەسیبی | سەد دۆزەخی بۆ تاو دە، چ باکی لە عەزابە؟ |
هات بۆم سەگی دەرگای و زریقایەوە دەیکوت | هەر لێی گەڕێ با بیگەزێ، ئازاری سەوابە |
ئەی دڵ بە تەمای ڕەحمی لە یار؟ نابەڵەدی بۆچ؟ | کەی ڕەحمی لە دڵدا بووە ئەو ڕافزی بابە؟ |
نامەم بە خەمۆشی کە جواب دایەوە زانیم | بۆ من نەنویسێ کە جوابنامە جەوابە |
وەعزی عولەما کوردی لە ناو مەجمەعی عوششاق | بێ عەینی قسەی قەوم و گوزارشتی عەزابە |
3
[edit]ئەی موسوڵمانینە! نابێ پێم بڵێن چیم کردووە؟ | دڵبەرم بۆ چی وەها دەستی لە خوێنم خستووە؟ |
پەنجەکەی خوێناویە ئێستا دەکا حاشا گوڵم | سوێند دەخوا بە خودا دەڵێ بیللا ئەمن نەمکوژتووە |
چونکە ئەمڕۆ من شەهیدی کەربەلایی عیشقی تۆم | هەروەکوو کەو پەنجەکانت وا بە خوێنم ڕشتووە |
چاوی مەستی فیتنەجۆکەت وەک سواری تورکمان | خەرمەنی عەقڵ و دڵ و هۆشی بە غارەت بردووە |
پەرچەمت هەر وەک پەڕی تاوس کە دەدرەوشێتەوە | هێندە نەرم و سافە وا قورئان دەخۆی تووکی قووە |
کێ خەلاسی دێ لە قوللەی قافی عیشقت چاوەکەم؟ | زەحمەتە بیللا کە چونکە پڕ لە سیحر و جادووە |
ئەو سیا واڵا لە دەورەی گەنجەکەی ڕوخسارتە | پڕ عەجەب ماوم کە وا خۆمارە یاخۆ گیسووە؟ |
یا خودا دوور بێ لە چاوی بەد، تەماشاکەن گوڵم | هێندە باریکە قەدی، قورئان دەخۆی تاری مووە |
4
[edit]ئاغە گیان! تۆ خۆت دەچی بۆ شار و من لەم غوربەتە | زەحمەتە یاران بمێنم من لە پاش ئەم فیرقەتە |
هەر کەسێ شەهدی ویسال و ژەهری دووری چەژتبێ | ئەو دەزانێ دەردی دووری چەند گران و زەحمەتە |
دێ بە تاو ئەشکی دوو چاوم هەروەکوو دەجلە و فوڕات | مەزرەعەی خەم سەوز و تێراوە لەبەر ئەم دوو شەتە |
تا ئەسیری داوی تۆم ڕەحمێ بە حاڵم کە تۆ خوا | مودەیێکی تر لە دەستت ڕادەبوورم، دەرفەتە |
دڵ ئەمانەت بوو لە لات ئێستا کە وا حاشا دەکەی | ئەی موسوڵمانینە! وەرنە سەیری ئەم بێ مروەتە |
جەننەتە جێم چونکە ئەم شۆخە بە ناحەق کوژتمی | هێند شەریف و پاکە حەتتا کوژتنیشی ڕەحمەتە |
ڕوو لە قیبلەی مستەفا ناکەم دەڵێ کوردی | هەتا تاقی میحرابی برۆی دەرخا لە عالەم ئەم بوتە |
5
[edit]تاری کاکۆڵت لە سەر سەفحەی ڕوخت تاتارییە | خەت لە دەوری لێوی ئاڵت جەدوەلی ژەنگارییە |
ڕۆیین و وەستانەوە و عیشوە و نیگاهێکت هەیە | نازە یاخۆ خەشمە یا ڕەحمی دڵەی خەمخوارییە |
دڵ بریندارە بە پەیکانی موژەی خوێنڕێژی تۆ | ناڵەیی زاری منی زاری لە گیان بێ زارییە |
لێوی من موشتاقە قوربان! بۆ ئەسەر لێو نانی تۆ | ڕۆح لەسەر لێوم بە موژدەی وەسڵت ئینتیزارییە |
عیللەتی ناڵاندنی نەی پێت بڵێم وەجهی چییە؟ | بۆ فیراقی ڕووی حەبیبان دائیمەن هاواریە |
من چم و حەددم چیە عاجز دەبی لێم چاوەکەم؟ | عەقڵ و دینم توحفەیە، گیان و دڵیش سەربارییە |
تا کەی ئاخر حەسرەتی کاکۆڵەکەت پەنهان بکەم | هیجری، ئاشوفتە دڵی و کاکۆڵ پەرستی کارییە |
6
[edit]ڕەنگی گوڵ گیانا! وەکوو ڕوخسارەکەت ڕەنگین نییە | شەککەری میسری وەکوو گوفتارەکەت شیرین نییە |
ئەهلی چین نەققاشی چاکن خۆ، بەڵان تەسویری تۆ | نەقشی خامەی کردگارە، کاری وەستای چین نییە |
مەنعی من عەمدەن دەکا ئەغیارەکەت یاخۆ کەرە؟ | تالبی پووش و گیا و جۆیای گوڵ و نەسرین نییە |
من کە کوژتەی تیغی عەشقم ڕۆژی دیوانی جەزا | بۆ چی شاهید بێنم؟ ئاخر کفنەکەم خوێناوییە |
من کە ڕیسوا بووم و تەپڵی عاشقیم لێدا ئیتر | »کوردی»! ئەز پەروام سەر و ئیمان و گیان و دڵ نییە |
7
[edit]سەدای کاروانی فیرقەت دێ دەڵێی سەر قافڵەچی یارە | زڕەی پێشەنگی میحنەت دێ دەڵێی کاڵایی خەمبارە |
ترنگەی تەپڵی باز ئاتڵاڵی چاوەش دەنگی جاڕچی دێ | بە تیپی غەم دەڵێی نامەرد ئەسەر دڵ ئەمڕۆ یەڵغارە |
دەڵێی ئەسپی فیراق سمکۆڵ دەکا وا لێڵە بیناییم | دەڵێی تەپڵی فیراقیان ژەند کە وا گوێم پڕ لە هاوارە |
لە پێش بەیداخی شادی، یار ئەوا ئەسپی دەئاخێوێ | لەسەر تیپی سوپا سالار و هەم پێشەنگ و دوندارە |
مەزندە هەوری ڕەحمەت ئاسمانی عوشرەتی پۆشی | کە وا ڕووناکی ڕۆژ ئەمڕۆ لەبەر چاوم شەوی تارە |
ئەمان سەر قافڵەچی کاروان! دەخیل سا چەرخەچی لەشکر! | جڵەو هەڵکێشە ڕەحمێ کە، کە جارێکە و هەر ئەم جارە |
ئەوا ئێوە دەرۆن یەزدانە پارێز گارتان ئەمما | بەکێی دەسپێرن ئێوە، تۆ خواتان ئەم بریندارە؟ |
کە ڕۆیین تۆ خودا کێ بێتە سەر باڵین و ناڵینی؟ | کە بمرێ کێ هەڵیگرێ و دەفنی کا ئەم موردە بێچارە؟ |
ئەگەر نایبەن لەگەڵ خۆتان، بە کوژتن ساعیلاجی کەن | کە بە خوا ئەو لە پاش ئێوە لە گیانی خۆشی بێزارە |
بە یەزدان حاجەتی کوژتنی نییە هیجرانتان مەرگە | چ فایدە؟ هەروەکوو کوردی ئەویش گیان سەخت و بیمارە |
8
[edit]لە دووری تووتیای خاکی قەدەمگات دیدە بێ نوورە | لە هیجری مەیی لەبی لەعلت، دڵ و کوانێ مەخموورە؟ |
شەهەنشاهی خەیاڵت مەجلیسی بەزمی لە تەن دانا | دڵم ڕەققاسە، سینەم چەنگە، ناڵەم ساز و سەمتوورە |
خەیاڵت پێی دەزانی عاشقی تۆم تاکوو دوور کەوتم | بەڵێ ئێستا لە سایەی هیجر زۆر زۆر فاش و مەشهوورە |
کوتم ئینساف بکە تا کەی ئەسیری چاهی دووریت بم | کوتی ئەی قوڕ بە سەر! عاشق بە دایم زار و مەهجوورە |
لە مڵکی دڵ ئەگەرچی باری کرد شادی بەڵان ئەمما | لە سایەی خێڵی غەم ئێستا لەجاران زێدە مەعموورە |
دەڵێ واعیز وەرە لەم دڵبەرە دەست هەڵگرە پێم کوت | نەفامی خەر! ئەتۆ نازانی بەدعەهدی لە دین دوورە؟! |
لە ڕۆم و تورک و فارس وێنەیی یارت نییە کوردی | لە چاوی بەد خودا حیفزی بکا بیللا دەڵێی حوورە |
9
[edit]لە نووری لامیعی تەشتێکی ڕاگرت و کوتی ڕوومە | بە دۆشی ئەژدەهایی پڕ نێشی ڕاگرت و کوتی موومە |
تکام کرد قەتڵی من ناحەق مەکە سوننەت، کوتی فەڕزە | کوتم بۆ ئاگرت بەردایە عومری من؟ کوتی خوومە |
کوتم تەنها منم کوشتەی ئەتۆ توند بوو کوتی گوم بە | دووسەد وەک تۆ لەهەر سوو کوشتەیی شمشێری ئەبروومە |
کوتم تا کەی لە خانی وەسڵی تۆ نەومید و بێبەش بم | کوتی مردووت مرێ عاشق بەدایم زار و مەحروومە |
کوتم زەخمی دڵم بەس کارییە، توند بوو کوتی | لاچۆ، بە من چی؟ تیرەبارانی نیگاهی چاوی جادوومە |
کوتم تەنها منم بەستەی ئەتۆ توند بوو جوابی دا | هەزارانی وەکوو تۆ بەستەیی زنجیری گێسوومە |
کوتم ڕەسمی وەفاداری بە جێ بێنە، کوتی شێتی | وەفا بۆ دڵبەران کوردی لە ئەم دونیایە مەعدوومە |
10
[edit]شەماڵ! جارێ بڵێ بەو سیخمە ئاڵەی دیدە مەخموورە | بە حوسنی عارزی خۆی حەیفە وا بێباک و مەغروورە |
ئەمن بۆ فیرقەتی ئەو ڕۆژ و شەو دایم دەناڵێنم | لە دووری من، هەمیشە ئەو کە خۆش خەندان و مەسروورە |
لە شادی دوورم و دوژمن، لەگەڵ غەم یار و دەمسازم | هەتا ئەو یارە دڵ ئازارە چاو بە خومارە لێم دوورە |
بە عەکسی شەمسی ڕوخسارت لە بەرقی نیمتەنەی ئاڵت | دەسووتێ دەسری عابید، دەڵقی زاهید، سەتری مەستوورە |
هوجوومی قول موژەی سەر دڵ نیگاهی سەنگی هیجرانی | دەڵێی هێرش ئەسەر گاور دەکا تابووری مەنسوورە |
کە سۆفاری موژەی خەم کرد و هێنای تا بەناگۆشی | موشەخخەس تیری موژگانی بە قەتڵی ئێمە مەئموورە |
عەبەس ئیزهاری بێ ڕەحمی، نیگاهی زیللەتی عیشقە | کە ئەو دەستانە وەک دەستانی کوردی فاش و مەشهوورە |
11
[edit]بۆ گەڕانی ئاشی دڵ فرمێسکی چاو ئاق دنگەزە | غەیری هیجران و بەڵا ئەسڵەن بە من نادا مەزە |
هێند بەتاو هات خوێنی کوژراوان لە موژگانی سیات | ئەسپەکەت جاران سپی بوو ئێستە ڕەنگی قرمزە |
هەر لەوێ ڕۆژ بوویە تیرەنداز شوکر پێکات دڵم | ئەی فیدای دەست و کەمانت بم کوڕەی چاو مامزە! |
تیغی ئەبرۆت تیری موژگانت بە قەتڵ وعامی دڵ | نووکی نێزە تاج بەخشە تیغی جەنگی چەنگزە |
خاڵی ڕووت قوربان بە عەییاری دڵی خەڵقی دزی | بۆ چی ڕێت دا بێتە ناو باخ ئەو حەبەشزادەی دزە؟ |
چاوی بیمارت کە دیم، ڕوحمم بە حاڵی زاری هات | هەرکە تۆ غەمزەت هەڵستاندی لە ناو جەرگم چزە |
وەزنی زەربی پەنجەت ئەمڕۆ سەرفی ڕووی جانانە کرد | ئەی موعەللیم بۆ کزت کرد؟ دەک لە جەرگت چێ کزە |
هەر کەسێ عاشق لە دەست هیجران خەلاس کا مەرد ئەوە | ئارێ فەرهاد تا حەشر مەمنوونی پوورە هورمزە |
من بە ناری سینە جەرگم بۆ کەباب کرد ئەو دەڵێ | کوردی زۆر چاکە کەبابت، ئاخ چ فایدە بۆکزە؟ |
12
[edit]چاوەکەم دەرحەق بە من بە قسەی بەدی بێ پیر مەکە | بێ خەتا و سووچ و قەباحەت خۆت لە من دڵگیر مەکە |
هەر کە لێم عاجز دەبی تو خوا وەرە زوو بمکوژە | چونکە قەتڵم خێرە سا ئەم کارە قەت تەئخیر مەکە |
ڕۆژی دیوانی خودا دەستی من و دامانی تۆ | قەت لە بۆ قەتڵی منی بێکەس لە کەس خۆت زویر مەکە |
خۆت دەزانی من سپەر نانێمە بەر تیری جەفات | سا بە مروەت بە لەگەڵ من، شەڕ بە دەست و شیر مەکە |
دەردی دووریت بۆ هیلاکی من بەسە مروەت بکە | حەیفە ئیتر قەلبی بیمارم نیشانەی تیر مەکە |
تاکوو کونجی فەقر و گەنجی عاشقیت بۆ دەست بدا | قەت تەماعی عیلمی جەڕڕ و کیمیا و ئیکسیر مەکە |
من وتم دین و دڵی کوردی نەبەی، بردووتە خۆ | سا لەمەولا هەرچی پێت مومکین دەبێ تەقسیر مەکە |