دیوانی وەفایی/د
Appearance
1
[edit]لە ژێر زولفی سیا ڕووی خستە دەر چاوی لە دونیا کرد | شەوی دی، سوبحدەم گۆیا، دەری مەیخانەیان وا کرد |
بە ئاب و ڕەنگ و ڕوو حۆری، بە زولف و کاکوڵی غیلمان | گوڵاویان دا لە مەیخانە، غوباریان عەنبەرئاسا کرد |
بە ڕەنگی چاوی خۆی ساقی لەبالەب جامی مەی گێڕا | بە تەرزی زولفی خۆی موتریب دەمادەم چەنگ و نەی چاکرد |
خەرامان شاهی خووبان هات، هیلاکی دین و ئیمان هات | بە زولف و ڕوویی تابان هات، کە کوفر و دینی یەغما کرد |
لە جیلوەی قامەتی بەرزی، لە عیشوەی زولفی سەد تەرزی | زەمین و ئاسمان لەرزی، سوجوودی ڕووی دڵارا کرد |
شەکەرخەندەی گوڵی زاری، دڵی هێنامە هۆشیاری | مەگەر گوڵقەندی لێ باری، کە وا بیماری ئیحیا کرد |
هەزار تا زولفی وەک سازێک، بە ناز بوو نەغمە پەردازێک | کە هەر سازە بە ئاوازێک، دوو دونیای پڕ لە غەوغا کرد |
لە عەکسی شۆخ و شەنگێکە، جیهان گوڵ گوڵ بە چەنگێکە | هەر ئەوراقی لە ڕەنگێکە، بەیانی حوسنی یەکتا کرد |
وەنەوشە و گوڵ لە باغان بوو، لە باغان شەو چراغان بوو | مەگەر دارووی نەساغان بوو، بە ڕوودا زولفی تاتاکرد |
لە تاتا زولفی شەوکاری، درەخشا نووری ڕوخساری | لە هەر حەڵقێکی سەد تاری، هەزار خورشیدی بەرپا کرد |
غورووری حوسنی خۆی وا بوو، دەمی پڕ خەندە کرد و چوو | کە بۆ خۆی ڕازی خۆی فەرموو، «وەفایی» بۆ چی ڕیسواکرد؟ |
هەوا بۆنێکی چینی پەرچەمی کرد و وەکێوان کەوت | سەبا عەترێکی غونچەی زاری هێنا و ڕووی لە سەحرا کرد |
نیشانێکی لە ئەنواری جەماڵی خۆی بە شەم بەخشی | سەراسەر جانی پەروانەی «پُر از» سووتان و سەودا کرد |
نەسیمێکی لە باغی حوسنی خۆی هێنا بە گوڵدا دا | سەراپا بولبولی زاری «پُر از» ناڵە و تەمەننا کرد |
کەمان ئەبرۆیی پەیوەستی، بە غەمزەی چاوەکەی مەستی | کە دای تیرێکی سەردەستی، لە جیسم و جانی ئاوا کرد |
مەگەر موژگانی نەشتەر بوو، حەکیمی چاوی دڵبەر بوو | کە خوێنی دڵمی پێ دەربوو، نەخۆشی خۆی موداوا کرد |
کوتم: ئەی شۆخی چاومەستم، خەراب و عاشق و مەستم | بە ڕەحمەت بگرە ها دەستم، خوماری ئاشکارا کرد |
دڵی دا دڵ شکستی خۆی، هەڵستا هات بە دەستی خۆی | بە جامێکی ئەلەستی خۆی، «وەفایی» شێت و شەیدا کرد |