Jump to content

دیوانی وەفایی/ت

From Wikisource
310936دیوانی وەفایی — پیتی ت1902وەفایی

1

[edit]
ئەلئەمان سەر تا قەدەم سووتام و جانانم نەهات چاو لە سورمەی خاکی ڕێ بووم، ڕاحەتی جانم نەهات
خاڵ و خەت گوڵزار و ڕەنگی شۆخی بێباکم نەدی زولف و ڕوو هیندوو فەڕەنگی شاهی خووبانم نەهات
ئەی عەجەب گریام وەکوو هەوری بەهاران و کەچی پێکەنینی ئەو گوڵەی کاکۆڵ پەرێشانم نەهات
چاوی خوێنین غەرقی پەروین بوو لە بێمیهریی گوڵم مات و حەیرانم لەسەرچی ماهی تابانم نەهات؟
حەڵقەیی زونناری زولفی بوو بە میحرابی دوعام تورکی کافرکێش و یاری ناموسوڵمانم نەهات
تەشنە لەب دێوانە بووم، سەرگەشتەیی زوڵماتی غەم دڵبەری باڵا بڵندم، ئابی حەیوانم نەهات
کەعبەیی ڕۆحم، حەبیبی من، عەجەب پەیدا نەبوو قیبلەکەی دینم، تەبیبی دەردی پەنهانم نەهات
نەی سیفەت ناڵینمە، بولبول تەریقەت شینمە شای شەکەر لێوان گوڵ و ئەگریجە لەرزانم نەهات
بوو بە خوێن غونچەی دڵم، نەمدی هەوای خەندەی گوڵم سووت دەر و ژوورم، سەدای بەرقی بەهارانم نەهات
چەند بە چەند گریام هەوای عیشقم لەسەر خاڵی نەبوو غەرقی تۆفان بووم کەچی تەسکینی سووتانم نەهات!
وەک «وەفایی» تا بەکەی بگریم بناڵێنم بڵێم: ئەلئەمان سەر تا قەدەم سووتام و جانانم نەهات

2

[edit]
بەس بێ جیلوەی زولف و خاڵان! عاشقی ڕوخساری خۆت ئاڵ و واڵای خولدی ناوێ تالیبی دیداری خۆت
نامەوێ عەیشی جیهان حاشا لە فیردەوسی بەرین تۆی مورادی دین و دونیام، ناری خۆت، ئەنواری خۆت
گاهـ بە یاری، گاهـ بە دیدار، دڵ دەکێشی، دین دەبەی هەر دەمەی نەوعێ ڕەواجی پێ دەدەی بازاڕی خۆت
گاهێ موتریب گاهێ ساقی، من فیدای زولف و ڕوخت کوفر و ئیمان لێکدەدەی سەرخۆش بە نەغمە و تاری خۆت
زولفەکان دێنی و دەبەی بێغەم لە کوشتەی چاوەکان شەو دەچێ ڕۆژ دێ دەمێکی نایێ سەر بیماری خۆت
هەر ڕەگێکم دەنگ و ئاوازێکی لێ دێ پڕ خورۆش ئاورت بەرداوەتە عالەم بە مۆسیقاری خۆت
با بەجارێک تێک نەچێ کاری دڵ و دین، ڕۆحەکەم، وا پەرێشانی مەفەرموو زولفی عەنبەرباری خۆت
پایبەندی زولفی تۆم، مەحروومی ڕووی خۆتم مەکە با بە داغی تۆوە نەمرێ بولبولی گوڵزاری خۆت
دڵ بە تیغ، جان بەندەفرمان، لەشکری ناز بۆ چی بێ؟ پادشاهم! بێخەتا وێران مەفەرموو شاری خۆت
دەستی خۆم دا زولفەکەت مەمکوژە خۆ کافر نەبووم قیبلەکەم هەر تۆی بە دڵ، بمبەخشە بەو زونناری خۆت
دەم بە دەم ناڵەی «وەفایی» دێ لە حەلقەی زولفەکەت جارێکی نابێ بپرسی حاڵی شەوبێداری خۆت؟!

3

[edit]
گوڵەندام ئەی تەنافی گەردەنم زولفی پەرێشانت عیلاجێ! چارەیێ! ڕوحمێ! ئەمان دەستم بە دامانت
غەریبی تۆم، نەخۆشی تۆم، بە گۆشەی چاوی بیمارت ئەسیری تۆم، شەهیدی تۆم، بە نووکی تیری موژگانت
ئیشارەت ئافەتی ڕۆحم، کەلامت غارەتی دینم تەبەسسوم سیحری لێوانت، تەکەللوم ڕەمزی چاوانت
مەگەر سەر تا قەدەم زولفت وەکوو من خاو و شێواوە کە سەرگەردان و سەودایە لە سەر چاکی گەریبانت؟
دەڵێی شەککەرفرۆشی شاری میسرە وا بە شیرینی بنازم! خاڵی وەک هیندوو لە گۆشەی لێوی خەندانت
ئەگەر دڵ بوو ئەگەر دین دام بە سورمەی چاوەکان، ئیدی بەسم سەودازەدە و ڕیسوا کە، تۆبی و دین و ئیمانت
تەلیسمی بابلە، سیحری حەڵاڵە، ڕەنگی ڕێحانە شکەنج و بەندە، یاخۆ جێ دڵانە زولفی سەرشانت؟
بە ئازادی لە کن خۆی شوهرەیە، من مات و حەیرانم گوڵ و نارنجی بەر هێناوە خۆ سەروی خەرامانت
لەبەر چاوت بگریێم، یا لە دەست تۆ داد و هاوار کەم؟ لەبەر نەیڕەنگی مەستان؟ یا لە سیحری ڕەنگی دەستانت؟
دڵم سەودازەدەی باڵاتە، خۆم دڵدادەیی ئەبرۆت بە باڵا دڵ بەڵاگێڕت، بە ئەبرۆ خۆم بە قوربانت
لە دادی من بپرسە جارێ ئەی سوڵتانی عیشوە و ناز بە ناحەق بۆ چی بمکوژێ ئیشارەی چاوی فەتتانت؟
«وەفایی» کەوتە حەڵقەی زولفت، ئیدی مەیدە بەر موژگان کە من کوشتەی تەنافت بووم، چ لازم تیرەبارانت؟

4

[edit]
نیگارا ئەی بە غەمزە ئافەتی دڵ، چاوی بیمارت ئەمان سەر تا قەدەم سووتام لە دووریی نووری دیدارت
دەسا ڕوحمێ وەفادارم! بە حاڵی داد و هاوارم کە وەک بولبول دڵی زارم دەناڵێ بۆ گوڵی زارت
سەرم ناوێ ئەگەر نەیخەم بە حەڵقەی پەرچەم و چاوت دڵم ناوێ ئەگەر نەیکەم بە فیدیەی چاوی عەییارت
ئەسیری زولفی خاوی تۆم، شەهیدی ڕەمزی چاوی تۆم ئەمن گیراوی داوی تۆم، لە سەد جێ دڵ بریندارت
شەهیدی نازی تۆم و داغداری باغەبان ئەی گوڵ لە دووری تۆ بناڵم؟ یا لەسەر بێدادی ئەغیارت؟
ئەمن نەمدیوە هیندوو باغەبانی باغی جەننەت بێ بە شیرینی چ دڵکێشە؟ بنازم خاڵی ڕوخسارت
لەلایێ شەککەرستانە، لەلایێ ئابی حەیوانە ئەگەر گوڵ بێ ئەگەر غونچە، لەب و زاری شەکەربارت
«وەفایی»، دوور لە وەسڵی تۆوە پابەندی تەلیسمێکە لەسەر گەنجی جەماڵت کەوتە داوی زولفی ڕەشمارت

5

[edit]
یار هاتە تەبەسسوم بە هەناسەی منی مەبهووت گوڵ گوڵ بە نەسیمی سەحەری غونچە دەپشکووت
وا زولفی لەسەر گەردەنی لاچوو بە هەناسەم شەو فەجری بەیان بوو کە نەسیمی سەحەر ئەنگووت
هاڕووتی دڵم هات و لە چاهی زەنەخت کەوت سەرگەشتە لە دووی غەمزە بە دوو نێرگسی جادووت
ئەبرۆت مەدەدی زولفە بە کێشانی دڵاندا بۆیێکی وەها خەم بووە شاهێن و تەرازووت
سەف بەستە هەموو مونتەزیری ئەمر و نیگاهن: قوللابی موژەت، زولفی ڕەشت، گۆشەیی ئەبرووت
هەریێکی لەلایێ بە تەمای قەتڵی «وەفایی»ن: تابووری حەبەش، لەشکری چین، عەسکەری هیندووت

6

[edit]
ئارەق ڕووی داگرتی لەبەر پێکەنینت شەبنم لە گوڵ باری ڕۆژی گرت پەروینت
توخودا زولفت لابە تا تێر کوڵمت ماچ کەم ڕێی بولبول با نەگرێ لەو باغە پەرژینت
زولفت خەتاکار بوو چاوت برۆی داخست با بچین ماچ کەین دەستی شای چین و ماچینت
چاوبازەی چاو مەستە، لەو بادەی ئەلەستە دەستم بگرە هەستە، تۆ و دین و ئایینت
کەوتوومە نێو زولفت بۆ خۆت بگرە دەستم کافر بووم بێ ئیمان، تا بێمە سەر دینت
شەو تا سەحەر وەک گوڵ دڵ پڕ لە خوێناوم یا خودا شەماڵ بێنێ، بێنی عەرەقچینت
قوربانی ئەو ڕەنگەم دونیای ڕەنگاند ڕەنگ ڕەنگ بەو ڕەنگە بێ ڕەنگەی ڕوخسارەی ڕەنگینت
زولفت ڕووی داپۆشی، ئەبرۆت عەرەقناکە ڕۆژیان لێ کردمە شەو بەو ماهـ و پەروینت
ڕوحمت پێمدا نەهات شیرین خوداگیر بی ڕۆحی بۆ تۆ دانا فەرهادی مسکینت
بۆچ هەر وەفایی بوو شێت بوو وە کێوان کەوت؟ سەد خوسرەو فەرهادە بۆ لێوی شیرینت

7

[edit]
دیسان بە هەوری نیسانی دونیا ڕەنگی ژەنگاری گرت گوڵ زەرد و سوور هاتە دەرێ دەشت و سەحرا و کۆهساری گرت
دیسان بە نەغمەی زیر و بەم، بولبول دەڵێ بە دەرد و غەم لە تاوی غونچەی گوڵ بەدەم، ساز و سەمتوور و تاری گرت
بەو خاترەی گوڵ دەرکەوێ، بە خەندە هەستێ لە خەوێ هەوری بەهاری ناسرەوێ، شێوەی عاشق و دڵداری گرت
گوڵ لە باغاندا جۆشاوە، ڕەنگ ڕەنگ سەف سەفیان کێشاوە لالە دەڵێی دڵ ئێشاوە، کەناری جۆیباری گرت
سەدای سێتا لەو خوارە دێ، ئاهەنگی تارە دیارە دێ یا سەوتی قومری و سارە دێ؟، بەزمیان ڕووی گوڵزاری گرت
بولبول هاتبوە حاڵی مردن، بەرگی غونچەی وەلا بردن تا تێر دەبێ لە ماچ کردن، خار گەردەن و بازاڕی گرت
لالە سەرتاپێی خوێناوە، جەرگی بە چەند جێ سووتاوە دڵی هەروەک من شێواوە، داغی زولف و ڕووی یاری گرت
هەتا نەگریم نەڕوا سەبرم، دامانی یار کەنگێ بگرم لەبەر عەمری قومری بمرم، سەروی لە نێو کەناری گرت
یاران نەکەن بازی نەزەر، بەردەنە سەیدی بازیکەر زۆرم دی بازی بێخەبەر، شابازی دەوڵەت یاری گرت
ڕۆژێکی پیری مەیکەدە، فەرمووی: دڵت بە هیچ مەدە ئەو دڵە پڕ لە مەفسەدە، عەکسێکی ڕووی دڵداری گرت
غافڵ بووم جارێ لە نەکاو، ڕەنگی غەیرێکم کەوتە چاو قەلبی سەلیمی ناتەواو، نەخۆش بوو لێم ئازاری گرت
کاری دڵم چل ڕۆزە بوو، نەک بێکاری و دەرۆزە بوو مەقسوودی من پیرۆزە بوو، ئەو ڕۆیی بووتیماری گرت
ئەو نەفسی بێهەوایی من، سەرکەش بوو بێڕەزایی من جامی جیهان نومایی من، سەرزەدە بوو غوباری گرت
لەسەر تاقی برۆی جانانە، شەیدای زولفی پەرێشانە سەوداسەر ئەو دڵ دێوانە، قیبلەی بەردا زونناری گرت
پیری من و دۆستی خودای، ڕۆحم فیدای شەرت و وەفای دیسان لەبەر نووری زیای، هەردوو دونیا ئەنواری گرت
لەو سەهبایە ڕۆحی دڵە، ئارەقی ڕووی بەرگی گوڵە زانی دڵم بێحاسڵە، دەستی دڵی بیماری گرت
لە سایەی ڕۆژی هیممەتی، «وەفایی» بوو بە جەننەتی نەخلی سنەوبەر سوورەتی، بار بار بەری گوڵناری گرت