دیوانی وەفایی/ر

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی وەفایی  (1902)  by وەفایی
پیتی ر

1[edit]

بادی نەورۆزی ئەوا هات، گوڵوەشان و عەتربار وەک شەمیمی ڕوویی دڵبەر، وەک نەسیمی زولفی یار
گوڵ قەرارێکی بە بولبول دابوو دیسان بێتە باغ زۆر نەچوو، بای وەعدە بۆی هێنا نەویدی نەوبەهار
وەک شەهیدی زولف و ڕووی دڵبەر لەسەر یەک کەوتوون تا قیامەت مات و بێدەنگ و خەمۆشن لالەزار
بۆی وەنەوشە و سونبوڵە سەحرا سەراسەر تۆ دەڵێی بای سەبا عەنبەر دەبارێنێ لە دەشت و کۆهسار
مەیلی کردە جۆیباران سەروی گوڵروخساری من جەننەتێکی دیکەیە ئەمڕۆ کەناری جۆیبار
سەر بەسەر زیکر و حەدیسی گوڵشەن و سەرو و گوڵە نەغمەیی گوڵبانگی بولبول، دەنگی قومری، سەوتی سار
بوو بە مایەی سۆزی جەرگ و دوودی ئاهی عاشقان گوڵ بە ڕوویی ئاتەشین، سونبول بە زولفی تابدار
باغ دەڵێی مەیخانەیە، پیری موغان گوڵ، مەیفرۆش! لالە سەرخۆش، ئەرغەوان پەیمانەکەش، نێرگس خومار
گوڵ بە ناز و عیشوە خەندان، بولبولی ئاشوفتە حاڵ نەغمە پەرداز، مەست و حەیران، دڵ فیدا و جان نیسار
وەسڵ و گریان قورب و هیجرانە تەریقی عاشقی فەسڵی گوڵ بۆیە لە سەرچاوان وەها ئاو دێتەخوار
هەر گوڵێ ڕەنگێکی بۆنی ڕەنگ و بۆی دڵبەر دەدا ڕەنگی بێڕەنگی تەماشاکەن! بە چاوی ئیعتیبار
بۆ تەنی دڵموردەگان کاری مەسیحایی دەکا سەبز و خوڕڕەم، دڵگوشا، جانبەخشە، دەشت و کۆهسار
عەتری بەردا غونچەدەم، نێرگس نیگاهی کردەوە دوودی عوودی مەجمەری باغ بوو بە دەفعی چاوەزار
ئەشک و ئاهی من هەتا بێ زۆرترە ئاسوودەگیم ڕاحەتی ڕۆح و دڵە، ئاب و هەوایی سازگار
دەم بە دەم سەرو و سنەوبەر وا کە هەر دێن و دەچن عاشقن سەوداسەرن مەجزووبی گوڵ بێئیختیار
عوشرەتی هەردوو جیهان دێنێ «وەفایی» فرسەتە گۆشەیی گوڵزار و جامی بادە و ڕوخساری یار

2[edit]

ئەی چرای زوڵمەتکەدەی دڵ، ئەی جەلای نووری بەسەر تۆ و جەماڵی باکەماڵت، ئافتابی یا قەمەر؟
شەو ئەگەر تۆ ماهتابی، ئینتیزاری تا بەکەی؟ رۆژ ئەگەر تۆ ئافتابی، بۆچ لە هەوران نایە دەر؟
جیلوەیێکت پڕ بە عالەم بۆ شەهیدان عومری نەو خەندەیێکت پڕ بە دونیا بۆ نەخۆشان گوڵشەکەر
ئاب و تابی ڕووتە مایەی سۆزش و گریانی من گا غەریق و گا حەریقی میهری ڕووت وەک نیلووفەر
ئاوی چاوم بۆتە مایەی سۆزش و گریانی دڵ گا نەخۆش و مەست و حەیران، گا بەهۆش و باخەبەر
وا فیگار و ڕەنجەڕۆم کافر بە حاڵی من نەبێ بێقەرار و ئەشکبار و، دوور لە یار و دەربەدەر
هێند لەبەر ئاوری فیراق و ئیشتیاقت مامەوە بوو بە کۆی زووخاڵ دەروونم، بوو بە خوێن جان و جگەر
دەستی من دامانی زولفت با لە ڕووت مەحرووم نەبم ڕەوشەنە موشکیل گوشای شەو زیندەدارانە سەحەر
دوێنێ دەیفەرموو: بە هەویای وەسڵی ڕوخسارم مەبە تا وەکوو زولفم نەبی گەردەن کەچ و دەستە و نەزەر
سەد شوکر هێنامیە بەر ئەبرۆ لە قەیدی زولفی خۆی پاشی عومرێکی درێژ باڵی هومای ئاویتمە سەر
حۆری عەین، ڕوحولقودوس، یاخۆ مەلایک، یا پەری؟ یا ئەتۆ بووی وا خەرامان هاتی ڕۆحم هاتەبەر؟
خۆش بە ناز فەرمووی: «وەفایی» عومری خۆی هیچ ڕابوارد یا بە قوربانی دەمم بوو یا بە سەرگەردی کەمەر

3[edit]

یا ڕەسوولەڵڵا دەخیلەک ڕووم نییە بێمە حوزوور وەک دزان گەردەنکەچ و شەرمەندە وێستاوم لە دوور
گەرچی سەرمایەم نییە خۆ موستەحەققی ڕەحمەتە ڕەنگی زەرد و ڕوویی ڕەش، موویی سپی و فرمێسکی سوور
وەک لە گۆشەی بێشەدا مەل بێتە تووشی دام و داو تووشی نەفس و تووشی شەیتان بووم غەریب و بێ شوعوور
موستەحەققی ڕەحمەتم، ئەی مەستی حەق! ئەی دەستی حەق! دەستی من بگرە لە نار و بمخە نێو دەریایی نوور
ڕۆح لەسەر لێوم نەفەسگیرە، لە نێو خەوف و ڕەجا چاوەڕێی فەرمانی تۆیە: چێتە دەر، یا بێتە ژوور
تابی گێسووت وەقتی خەندە تابشی ڕووت بوو، وتم: نەردەبانی عەرشە پایەی لامەکان مایەی حوزوور
تا خەس و خاشاکی بەر دەرگاهی تۆم بۆ دەست بدا چیم لە گوڵزاری بەهەشت و لەززەتی حوور و قوسوور
یادی ڕووی تۆم کرد و ئارامی نەهێشتم نووری حەق ئاوری تێ بەردام شوعاعی ڕۆژ بە تەقریبی بلوور
دەنگی بێ ڕەنگی سەدای هات ڕەنگ و دەنگم پێ نەما باغی ڕۆحەفزا دەپشکووتن لە پووشی وشک و زوور
ڕووی وەدەرنا، مووی پەرێشان کرد دڵی پێدامەوە یەعنی: هەر ئەمنم شەفیعی عاسییان ڕۆژی نوشوور
تاقی ئەبرۆم دی، عەیان بوو سوجدەگای مولک و مەلەک تابشی ڕووم دی، وەدەرکەوت بارەگای نووری سودوور
ئەی شەهەنشاهی سەریری عەرش و ڕۆحانی غولام! چلچرای عالەم فەراز و شانشینت ماهـ و هوور
شانشینت عەرشی ئەعزەم، جیلوەگاهت فەرشی خاک مەزهەری وەعد و وەعیدت، سەوتی ڕیزوان نەفخی سوور
ئەی گوڵی گوڵزاری وەحدەت، سەروی باغی ئیستیفا عاریزت وەقتی بەیانان، قامەتت وەقتی زوهوور
ئەی جەماڵت باوەشێنی شاهباڵی جوبرەئیل جایڕووبی خاکی ڕێت کاکۆڵی غیلمان زولفی حوور
بەندەگانی عاشقی ڕووتن ستارەی میهر و ماهـ زەڕخڕیدەی خاکی پێتن عەنبەر و میسک و بخوور
خۆشنویسی موسحەفی ڕووت بۆ ڕەواجی حوسنی تۆ خۆش خەتی کێشا بەسەر ئایاتی تەوڕات و زەبوور
گەر تەجەللای حەق مورادی جیلوەیی ڕووی تۆ نەبوو چاوی «مووسا» کەی دەبوو ڕوون بێ بە سورمەی کێوی توور
تۆ و خەمی گیسووت کە تەشریحە لە سیڕڕی ڕۆژ و شەو تۆ و خوتووتی ڕووت کە تەفسیرە لەسەر ئایاتی «نوور»
تۆ بی و زاتی خودا - قوربان - وە هاوارم وەرە ئەو دەمەی بێکەس دەمێنم دەبمە لوقمەی مار و موور
دەم بە خەندە یەک دەم ئەی کەششافی سیڕڕی لامەکان کافییە جارێک بفەرمووی بۆ وەفایی یا غەفوور

4[edit]

دیسان نەسیمی بەهار، نەرم نەرم هاتە خوار دونیای زیندوو کردەوە بە ئەمری پەروەردگار
بە ئاهـ و گریان دیسان، هاتەوە هەوری نیسان جگەر پڕ ئاو و ئاور، وەک عاشقی بێقەرار
هەوا لە بەرگی گوڵان، تەبەق تەبەق عەتری سوو سەبا لە بۆی یاسەمەن، چەمەن چەمەن موشکبار
هاتەوە بادی وەزان، بوو بە بەزمی نێو ڕەزان کانی بە تاو هاتنە ژان، وەنەغمە کەوت ئابشار
نمەکفرۆشی داغان، کردیانە شەوچراغان سوورەگوڵی ڕەز و باغان وەنەوشەیی جۆیبار
سەمەن عەتری بە با دا لە نێو چەمەن گوڵ گوڵاو عەبیر عەنبەری هێنا وەنەوشە میشکی تەتار
فریبی دین و دڵان لە پەردە بووکی گوڵان سەبر سەبر هاتەدەر بە ناز و مەست و خومار
دێن و دەچن وەحش و سڵ دەست بەندیانە بە دڵ نارەوەن و سەرو و گوڵ لە شایی بووکی بەهار
لە نێو بەزمی گوڵستان، بە سەر، بە پێ، بە دەستان هاتنە سەمایە مەستان، نەومەستەکانی گوڵزار
لالە و گوڵ بێسەدان، شەهیدی عەشقی خودان ئەم بە تەنی پڕ لە خوێن ئەو بە دڵی داغدار
گوڵ تار و زەرد و شینە، بەرگی زوموڕڕەدینە نەقش و نیگاری چینە، دەشت و دەمەن کۆهسار
هەوای گوڵانیان بزووت، هاتنە باغێ تاق و جووت فاختە و عەندەلیب، بولبول و کەبک و هەزار
هاتنە چەمەن کەف زەنان، خۆش نەفەس و نەغمەخوان قومریی و دوڕڕاج و سار، بە ساز و سەمتوور و تار
بادی سەبا مەست و چوست، هەروەکوو شاهید پەرست دەستی لە ڕووی گوڵان خست، بەربووە بووس و کەنار
زولفی ڕەشی سونبوڵان، خستیە سەر و ڕووی گوڵان ئایەتی نارد بۆ دڵان، حاجیبی لەیل و نەهار
بۆ دەرسی ئەربابی دڵ، پەڕ پەڕی ئەوراقی گوڵ هەر دەرسی عیشقە حاسڵ، سەرمەشقی ئامووزگار
وەنەوشە و گوڵ خەمڵیوە، عیبرەتە چی نەدیوە لە یاقووت و لە زیوە، فەزا بە خەتتی غوبار
باغ نییە مەیخانەیە، پڕ مەی و پەیمانەیە هەر شەم و پەروانەیە، لەبەر چاوی هۆشیار
غەیری ئاوی زۆر و کەم، بە زەمزەمەی زیر و بەم دەخوێنین بە هەموو دەم، مەعریفەتی کردگار
«وەفایی» ئیدی بەسە، عیشق و هەوای مەدرەسە بینووسە ئەم هەندەسە، بێنە خەت و خاڵی یار
بچۆ بەلای دڵڕوبای، بە سەر بە یادی بەقای هەتا ئەتۆ بێوەفای، بە خۆت مەکە ئیعتیبار
دەمێک نەفس بگرەوە، وە دووی دڵی خۆت کەوە بزانە ڕۆژ یا شەوە، خەوت نەیە هەستە کار
هەزار سەوم و سەلات بێ، چاوت لە دووی زەکات بێ خودات نییە حەیات بێ، قەت وانییە تۆبەکار
تف لە ڕەنگ و ڕەوانت، دەگەڵ فیعل و ژیانت چی تێدایە دووکانت؟ چت لێبکڕێ خڕیدار؟
مومکینی سڕڕ و نەهان، هەم سوحوفن هەم بەیان هەم کیتابن هەم زوبان، بە وەسفی پەروەردگار
قسە بیست و چوارە، هەر یەکێکیان بەکارە رێگای خودای دیارە، بمرە ببە ڕەستگار
لە خەو لە خۆوە هەستە، حەیات بێ! هێندە بەستە «وەفایی» گێژ و مەستە، دەنگە لە شار و بازاڕ