دیوانی نالی/س

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی نالی  (1860)  by نالی
پیتی س

1[edit]

سابوونی کەففی پێیە کەفی زاری چاپلووس خاسیەتی ڕەققی هەیە نەرمی زوبانی لووس
ئەی دڵ! خەراجی حاسڵی زوڵماتی بەحر و بەڕ میراتی ئیعتیبارە لە فورزەندی فەیلەقووس
بونیانی کیبر و سەرکەشیە تاقی کیسرەوی دانانی زوڵم و ڕووڕەشییە تەختی ئابنووس
بنواڕە بوونی ئەووەڵت و چوونی ئاخرت: هاتی چ ڕووت و قووت و، هەڵاتی چ لووس و پووس؟!
گەر فەڕڕ و تاج و زینەت و شەوکەت وەفای دەبوو بێ دەردی سەر دەمانەوە بۆ تاوس و خورووس؟!
گەر ئاب و تابی جەننەتیی و دۆزەخیت دەوێ بنواڕە نێو چەوانی بەشووش و برۆی عەبووس
بۆ مەشقی عیشقی زوڵفی نیگار و نیگارشی نالی لە خامەدا بووەتە شاهی توڕڕەنووس

2[edit]

کە تۆ هاتی لە نەومیدی نەما باس لە هیجر و ئینتیزار ئیدی نەما باس
لە سایەی زوڵفی تۆوە شەو درێژە لە سوبح و نووری خورشیدی نەما باس
فەلەک تۆی دا کە ئەمشەو ڕۆژمان بووی لە ڕەجمی نەجمی ناهیدی نەما باس
حەوادیس جام و، دەوران بوو بە ساقی لە بەزمی جامی جەمشیدی نەما باس
شوکر جەمعییەتێکی بێ نیزاعە لە شەڕڕی موددەعی و کەیدی نەما باس
ڕەقیب و موددەعی هەردوو لە خەودان هەتا چەن ساعەتێکی دی نەما باس
سەماعە، گەردشی عیشقە، حەقیقەت لە سۆفی و ڕەقسی تەقلیدی نەما باس
لە سایەی قەددی مەوزوون و دوو زوڵفی لە نالی و شیعر و تەسویدی نەما باس

3[edit]

لەکن ئەو جەوهەرە فەردە لە هەیوولا نییە باس لە حیکەم پەروەرییی بووعەلی سینا نییە باس
سۆفییان هاتنە مەجلیس وەرەقی دیدە بشۆن لەکن ئەو دێمییە وشکانە لە دەریا نییە باس
بەزمی ڕەندانە ئەمە، مەلعەبەیی وەعز نییە لە بەد و نیکی و قەللابیی دونیا نییە باس
ئەمە جێی ڕەمز و ئیشاراتی دەروونە، لە گەرووی تەنگی پڕ غەرغەرەیی واعیزی غەڕڕا نییە باس
بە سەراوێزەیی چاوێنەیی کەللەی سەریان لە «کەی» و «قەیسەر» و «ئەسکەندەر» و «دارا» نییە باس
جێی زوبان گرتن و دڵ ڕۆشنی و سووتانە موقتەدا شەمعە کە خامۆش نییە ئەمما نییە باس
حەزرەتی هەیبەتە، نەک غەیبەت و ڕەیبەت نالی ئەڵڵا ئەڵڵا، چ حوزوورێکە کە ئەسلەن نییە باس!

4[edit]

عومری بێحاسڵی من چوو بە عەبەس ئەمەکم هەرچی هەبوو چوو بە عەبەس
میهری بێمیهری ڕوخت گیراوە لە منی سایە سیفەت چوو بە عەبەس
قەسدی یاریتە لەکن بەزمی ڕەقیب یاری من! خۆت مەکە بەدخوو بە عەبەس
خانەیی دڵ کە خەرابە، چ بڵێم بە خەیاڵت کە: بفەرموو، بە عەبەس!
نالی ئەو غونچە دەمە بێزارە مەکە ماچی دەمی، ئەرجوو، بە عەبەس