Jump to content

دیوانی نالی/ق

From Wikisource
312838دیوانی نالی — پیتی ق1860نالی

1

[edit]
قوربان مەحاڵە پێکەوە بن سەبر و ئیشتیاق خاریج لە نەسسی ئایەیە تەکلیفی لا يطاق
مەعنایی نوور و زوڵمەت و نەشری حەیات و مەوت بوو، ڕوو و زوڵف و ڕۆژی ویسال و شەوی فیراق
ئیزهاری ئیددیعایی تەسەببور لە وەسڵی تۆ یا مەکرە، یا دەسیسەیە، یا کیزبە، یا نیفاق
بۆ تۆ کە بیکر و تازە، وەکوو حۆریی جەننەتی قەیدی چییە عەجووزەیی دونیا بدەم تەڵاق؟!
شیرینی و، لە تاڵی و ترشی عیتابی ڕووت، خاڵت لەسەر جەبین بووەتە دانەیی سماق
سۆفی لە فەقر و فاقە وەکوو فاقە فاقی دا تەسبێحی دام و دانەیە، ڕیشی دوو فاقی فاق
ئەی میهری میهرەبان وەرە سەر بامی بامیداد دا مەهڕووان ببن بە هیلالی شەوی میحاق
نالی کە سەدری مەسنەدی تەمکینی تەکیە بوو بۆ تۆ بووە بە دەربەدەری کووچە و سوقاق

2

[edit]
چییە گوارە گوناهی، وا بە نەستەق بە گوێ هەڵتاوەسیوە، سەر موعەللەق؟!
دەخیلت بم نەخیلی یا ڕوتابی وەها شیرین و، سینە نەرم و، دڵ ڕەق!
سەراپای گرتووی زوڵف، بۆیە بوویی موقەییەد، هەم موخەلخەل، هەم موتەووەق!
لە پێت ئاڵاوە حەڵقەی ماری گێسووت عەجایەب حەیی بێ جان قەیدی موتڵەق!
کە لێڵ و سوور و کول بوو چاوی تیژت ئەوەندە پێی دەڕێژی خوێنی ناحەق
شوکر نالی سەری خەسمت وەکوو گۆ بە خواریی، نەک بە یاری، کەوتە بەر شەق