دیوانی مەحوی/ۆ
Appearance
-1-
[edit]| دنیا تیاتڕۆیە، مەوەستە تیا، بڕۆ! | کێ مایەوە تیا کە نەبووبێ تیا، تڕۆ! |
| دنیایەکە دوو ڕۆژە نەوازش بکا، سێیەم | ڕۆژی گودازشە، ئەمەتە داکی سێبەڕۆ |
| ڕوو ترش و ڕوو خۆشە لە ڕووێکا، لە یەک دەما | قەهری درۆیە، میهری درۆ، هەر دوو هەر درۆ |
| پشتی کە دا بە پشتتەوە، بۆ پشت شکاندنە | ئەمڕۆ خودا شوکرتە، سبەینێ برا لە ڕۆ |
| پیرێ نەمامی باغی جوانیمی کردە پووش | تازەم درەختی توولی ئەمەل دەردەکا چرۆ |
| گەردن کە چی چڵێکە سەرەفرازییە گوڵی | بڕوانە، چاوەکەم، کە لە سەر چاوە جێی برۆ |
| مەحوی! بە مُوتُواوە کە لە مردن ببی نەجات | ڕۆیاندنت لە پێشە، لە پێشا وەرە بڕۆ! |