دیوانی مەحوی/ن
Jump to navigation
Jump to search
-1-
[edit]وەک گوڵ هەموو دەمە دەرەوەم سەر بە سەر زوبان | وەک غونچەیە دەروونی، دڵی گوڵ لە سەر زوبان |
یەعنی، کە زیکری زاهیرم و فیکری باتینم | هەر وەسفی لێوتە، بە هەموو دەم، بە هەر زوبان |
ناوت دەبەم، دڵم بە زوبانم حەسەد دەبا | یادت دەکەم، لەگەڵ دڵەکەم دێتە شەڕ زوبان |
دێ باسی دیدە و لەب و گوفتاری تۆ بکەم | بادام و شەککەر و نوقڵم دێتە بەر زوبان |
هەر حەرفی کوشتنە کە دەمی پێ بپشکوێ | ئەم تووتیە بە خوونی پژاوە مەگەر زوبان |
بۆ شوکری جەوری ئەو دو برۆیە لە قەتڵما | هەر بن مووێکە میسلی گوڵی شەست پەڕ زوبان |
هەر ئەم زوبانە باعیسە بۆ سەربڕینی شەمع | مەحوی! سەرم ڕەحەت بووە بێڵێ ئەگەر زوبان |
-2-
[edit]بەهاری عومر ئەوا گەییە حوزەیران | کە چی وەک کۆدەک ئێستە دەچمە سەیران |
دەبێ ڕەم کەم لە شار و ببمە وەحشی | نیە حیلەی ترم بۆ ڕامی جەیران |
لە ئاوی تێغی هەر زامێ بوو ئاوا | بڕینی من نەبێ هەر وایە وەیران |
بە نەشئەی بۆنی گوڵزاری چ کۆیەک | لە تەنما مورغی ڕۆحم هاتە تەیران؟! |
سولەیمانم هەواڵی مووری پرسیم | لە ناو ئەمسالم ئەز هودهود لە تەیران |
بریقەی بەرقی جیلوەی تۆ لە چاوی | نەدا بێ، بۆ چیە ئایینە، حەیران؟! |
لە مەحوی دڵ ئەگەر ون بوو وەکوو گەنج | سۆراغی کەن لە کونجی کۆنە دەیران |
-3-
[edit]هەموو عالەمتە پابەند و لە دامان | کە چی دەستی کەست ناگاتە دامان |
دوهاتی ئەورۆپا وەک ئەهلی دێهات | لە چارەی دەردی عیشقا جوملە دامان |
برا! مەردم دەوێ عەقڵی نەلەنگێ | بە لەنجەی ناز و عیشوەی نەو نەمامان |
لەگەڵ زانت دەکەویە کۆشی دنیا | سبەی قاتیلتە، ئەمرۆ بۆتە مامان |
سەر و سامانمت پرسی، مەپرسە! | سەری تۆ خۆش، نە سەر ماوە نە سامان |
غورووری حوسنە فیرعەونی بە تۆ دا | ڕەقیبی سەگ بە چی بوو بوو بە هامان؟! |
لە دنیا دا وەکوو منداڵی ناکام | بە ناکامی دەچن دنیا بە کامان |
بەهانە مەگرە، لەو جامانە جامێ | کەرەم کە، ساقیا، بگرە ڕجامان |
بە کولفەت ئەو، بە ئولفەت ئەم گرفتار | وەکوو یەک زاهید و مەحوی لە دامان |
-4-
[edit]نیسبەت بدرێ حوور و پەری گەر بە لە تۆ چوون، | باڵیدە دەبن تا دەگەنە ئەوجی لە خۆ چوون |
ئەم خەڵقە کە وا تێ گەییون گەییونە مەقسوود | ڕێشگاویەکی مەحزە، بە دەردی من و تۆ چوون |
بۆ جیلوەی بێچوونی نییە قوەتی چوونم | لا حول و لا قُوّة کە من حەولمە بۆ چوون |
بێچوونە عەدەم، پەی بە سۆراغی دەمی نابەیی | فایز ببە بەم گەوهەرە لەو بەحرە بە ڕۆ چوون |
موشتاقی دەمی تێغت ئەوەندە بە بەهانەن | بۆ چوونە فەنا، هەر بە ئیشارێکی برۆ چوون |
خەندێکی لە غونچەی دەمی تۆ دی کە لە باغا | هەر لەو دەمەوە لێو و دەمی غونچە لە گۆ چوون |
بۆ قورسی گەنمگوونیە ڕۆحی چووە مەحوی | وەک زاهید و سۆفی کە لە بۆ خەپلەیی جۆ چوون |
-5-
[edit]شەخسێکی ساحێب ئەحواڵ پرسی کە ئەی فلاتوون! | یوونانییانی قەومت بۆ چی بە دەردی سەگ چوون؟ |
ئەو زووفنوونە جوابی دابوو: بە جێیە وا بێ: | خۆی دایە بەر شیهابی ساقیب کە دێوی مەلعوون |
باتیل موقابیلی حەق وەستا، بەتاڵە ئیشی | گەردی بە بادە خاکێ بێ هەڵپژێ بە گەردوون |
خورشیدە موعجیزەی شەرع، زوڵماتە سەفسەتەی پووچ | ئیسلامییان هەموو دین، یوونانییان هەموو دوون |
لەم کارەدا تکاکەر کێ: حەزرەتی ڕیسالەت | لاسیمّا تکاگر کێ: ذوالجلالی بێچوون |
فەتح و زەفەر بە ناوی کێ بێ؟ خەلیفەی ئیسلام | عەبدولحەمیدی غازی، سولتانی ڕوبعی مەسکوون |
سائیل کە لەو جەنابە فائیز بوو بەم جەوابە | مەزموونی پڕ لە حیکمەت، ئەلفازی پڕ لە مەزموون |
پێی وت بە سەد تەئەددوب، ئوستادی بێ تەعەسسوب! | بەم حاڵە و ساڵە لایق تەئریخی چی دەفەرموون؟ |
دووبارە هاتە گوفتار: من زوو وتوومە ناچار | ئیسلامییان بفەرموون، یوونانییان تەلەف بوون |
-6-
[edit]لە مەیخانە، خودا، گەر ئێمە دەرچین، | بە کێ بەین ئیلتیجا، بۆ کێهە دەرچین؟ |
کە ئێمە چوونە جەننەتمان بە تۆ دا، | لە ئێمە لا دە زاهید! ئێمە هەر چین |
خەت و زوڵفی بە یەک دا دێ لە سەر ڕوو | مەگەر زەنگ و خەتا شەڕیە لە سەر چین |
لە باوەشما دەدا مەوج ئەشکی حەسرەت | کەمەرتی گرتە باوەش تا کەمەر چین |
ئەوەندە تەنگ و ناخۆشە، لە دنیا | خۆشە دەرچوون، ئەگەرچی بۆ سەقەر چین |
سەرت پێ لازمە، مەیبازە مەحوی | دەبێ دولبەر کە هات ئێمە بە سەر چین |
مەحاڵاتە لە بەندی زوڵفی دەرچوون | چەها چینە، چەها چینە لە سەر چین |
-7-
[edit]خوداکەی! بەس کە بۆ دنیا ئەمەندە ئایین و ئۆیین | تەماشا کە ئەحیببا ساغ و ئۆیین چی هەموو ڕۆیین |
لە مانمدا نەدیوە حاسڵێ غەیری تەوەححوش من | خودا پێ دا و ئەوانەی لەم وحووشستانە زوو ڕۆیین |
لە بەرچاوی بتم کەوتووم ئەمن، وەک ئەشکی نەومێدی | هەتا دەچمە فەنا، خاکم بە سەر منم و بە ڕوو ڕۆیین |
بڵا نەیشیگەمێ، هەر بۆ سەرەفرازی بە سەر نەک پێ | بە ڕێگەی یاردا لابدّ منه دوو بە دوو ڕۆیین |
عیبارەت چی هەیە؟ هەر «سیمیا» تەعبیری پێ لێدەم | لە دنیایەک عیبارەت بێ لە مەحزی هاتن و ڕۆیین |
برۆ داگرتنت عوششاقی پێ چوونە شەرارەی مەرگ | دەها مەرگ ئینتیزارێکن بە ئەمرێکی برۆ ڕۆیین |
لە بەینی نوور و زوڵمەت ئامەشۆ سەر ناگرێ مەحوی | نیگارم بۆیە پێمی وت: لە من هاتن، لە تۆ ڕۆیین |