دیوانی مەحوی/ل
Appearance
-1-
[edit]| شنەی بادی بەهاری هاتەوە، خۆشی لە تۆ بولبول! | بە شایی هاتی گوڵ کۆکی کە سازی چەهچەهە و غولغول |
| چەمەن هەر سەرو و نەسرینە لە تەرزی خوابگەی شیرین | سەری کێوانە یەکسەر وەک کەناری کۆهکەن هەر گوڵ |
| چ شۆرێکی جنوونی پێوەیە بای ئەم بەهارانە | لە شارا هەر زڕەی زنجیرە، سەحرا شۆڕشی بولبول! |
| دەبینی قل هُو الله خوێنەکانی کونجی مزگەوتان | ڕووەو سەحرا، کە دەبیەن وا سوراحی هاتەوە قولقول |
| دەبینم سیبحە دەر دەستانی مل کەچ بوو لەتەکیانا، | لە سەحنی گوڵشەنا سەرمەست و دەستەملانی شیشەی مول |
| هەموو خوێنی شەهان و تاجدارانە لە بن خاکا | کە وا هەوری بەهاری سەرزەمینی پێ دەکا گوڵ گوڵ |
| زوبانی لاڵە، بۆ حەیرانە، حاڵی بۆ پەڕێشانە | لە سۆسەن دەفکرم مەحوی، لە وەزعی نێرگس و سونبول |
-2-
[edit]| پەروانەیەک بە بولبولی وا وت کە بُوالفُضُول | سووتانە ئیشی ئەهلی مەحەببەت، نە هوولەهوول |
| چاوی لە وەعدی کوشتنی من چاوی دزیوە | خوونکاری وا دەبێ لە قسەی خۆی نەکا نکوول |
| بەم ئیختیساسە سا سەری من بۆ نەگاتە عەرش | هات و لە سەرمی دا، وتی: ابدأ بما یؤول |
| وەک دێوی لەعنەتی کە کەلامی قەدیمی بیست | زاهید کە باسی عیشق ئەبیسێ، دێتە جوولەجوول |
| سەججادە مەی پیا ڕژاوم و عوریان و لەش بە خوون | نوێژم مەزەننە وایە لەمەولا بکەن قوبوول |
| دەرچوو لە حەددی غایە عورووجی دەجاجیلە | یا ڕەببی تۆ بکەی کە بکا عیسەیەک نزوول |
| زاڵم! سبەی بە زەڕڕە حیسابت لەگەڵ دەکەن | ئەمرۆش، ئەتۆ مەبوورە، حیسابت بکە بە پوول |
| ڕێگەی هودا تەریقەتی عیشقە، دە مەحویا | وەرن و پیا بڕۆن و و صلُّوا علی الرسُول |
| هەر ئەم تەریقە بوو بە هەموو سەحبی گرتیان | ڕۆیین پیا هەتا گەیینە مەرتەبەی وسوول |
-3-
[edit]| حەیاتم سەرفی عیشقت کرد بە ئومێدی فمن یعمل | بە هیجرت کوشتم و نەتکردەوە فکری و من یعمل |
| جەمالت حەیفە دەرخەی بۆ کەس و ناکەس، وتم. فەرمووی: | جەلالی حوسنە ئێمەی کردە شاهەنشاهی لایُسأل |
| وتم: ئەم عالەمە دڵیان ئەسیری غەمزەتە، بەس بێ! | وتی: کەی بۆتە قووتی شاهبازێ پڕ بەکەف خەردەل! |
| موسەببیب حەز نەکا، پڕ عالەم ئەسبابت پەڕێ کایە | فەقەت چاری نییە قەت یەک بە دوو بینینی مام ئەحوەل |
| بە چی، بۆ چ ئەم غروور و کیبر و نازە، دەبیە تۆزێ خاک | بە ئەسڵ و فەسڵ ئەنازی؟ چۆڕە ئاوێک ئەسڵتە و ئەووەل |
| پەلی داوێنی پاکت گرتنی بۆ بوو زیاد ئەوجا | لە مەیدانی مەحەببەت دا ئەگەر مەحوی کرا پەل پەل |
| بە جێ ماوم لەگەڵ من حەسرەتا، مەکسم لە سەر بایەک | بە جارێ هاژە بێنم مەحویا وەک دارەکەی سەرکەل |