دیوانی مەحوی/ڵ
Jump to navigation
Jump to search
-1-
[edit]کە شێخ و واعیز و سۆفی بە جەننەت بەن گەد و گیپاڵ | دەبێ ئەمسالی ئێمە بۆ جەهەننم بەن سڕ و سیپاڵ |
بە دەرسی من نەشا والشمسی پاری تەلعەتت، ئەمساڵ | ئیجازەم دە موتاڵاکردنی واللیلی خەتت و خاڵ |
لە چاوم خوێنی جاری کرد و هەم ڕەنگی لە ڕوو بردم | ئەم ئاشووبی دڵ و دینە بە لێوی ئاڵ و چاوی کاڵ |
کە سەیری ئاینەی کرد و لە پاشان ئەم کەلامەی دی | وتی: من هەم بە بێ تیمسال و ئەم شیعرانە بێ ئەمسال |
زوبانی واعیزی بێدڵ درێژە دەرحەق ئەهلی دڵ | بە جێشە، غەیری ئەو مل پانە کێ بێ هەڵگرێ ئۆباڵ! |
کە ڕێی ئەو شاهە کەوتە ئەم مەقامە، جێ بە جێ هەستا | وتی: ئەم زاتە ساحێب حاڵە، حەیفە کەوتووە بێ حاڵ |
چ خۆشە بەم هەموو عیسیانەوە یا ڕەببی بمبەخشی | ببەخشە، بگرە دۆزەخ خۆڵەمێشی کەم بۆ یەک مسقاڵ |
بە بێ یارێ مەچۆرە مەعرەکەی ئەسفەندیاری نەفس | کە لەم مەیدانە دا هەر پیرە زاڵە ڕۆستەمی بێ زاڵ |
بە غەمزەی نازەوە ئەو سەروی نازە کەی چووە گوڵشەن | کە نێرگس وا بووە چاوی سپی، سەروی بووە تۆپاڵ |
کە بمرێ عاشقی زاری مەلائیک بێن و بیبینن | دەڵێن ئەم باقە چیلکە ناگرێ یا ڕەب بەرێ گۆپاڵ |
سەماعی سازی عیشق و ڕێگە بۆ پاڕانەوەت مەحوی | لە بەر قاپی تەڵەب بێ، گوێ دەبێ کەڕ بێ، زوبانت لاڵ |