دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی/پیتی ک

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی  (1891)  by شێخ ڕەزای‌ تاڵەبانی
پیتی ک

1[edit]

بەم حاڵە ئەگەر دەفعەیە تر بچمەوە کەرکووک مەعلوومە بە مەردی نەروواوە لە سەرم تووک
بۆچ بچمەوە کەرکووکی قوڕمساخ کە لەگەڵ من ئەهلی هەموو ناسازە وەکوو ئاوی حەمامووک
پێم خۆشە لە بەر جەوری برا و لۆمەیی ئەقوام سەد جار لە غەریبی بکەوم موفلیس و مەفلووک
ڕۆژێ بە مورادی منیش ئەڵبەت دەگەڕێ چەرخ ئەم میچە قەراری نییە، گاهێ جکە گەهـ بووک
شاهی کە نەبێ ڕادەبوێرین بە فەقیری بۆ ئەهلی قەناعەت لە پڵاو خۆشترە داندووک
شەش مانگە زیاتر کە لە پاش مەرگی پدەر من مەغدوورم و مەزڵووم و جەفا دیدە و مەهتووک
تا ساکنی کۆی مامە غەفوورم وەکو فەغفوور کیسەم پڕە دائیم لە زەڕ و لیرەیی مەسکووک
پابەندی خەلایق نییە تەبعم وەکوو خەڵکی بێ کولفەتم و ڕەندم و سەییاحم و سالووک
من خواجەیی ئەحرارم و ئامێزشی دنیا، هێشتاکە نەمیکردووەتە بەندەیی مەملووک
وەک لامعی شاعیر نییە ئێستێ لە جیهاندا شیرین سوخەن و قابیل و خۆش تەبع و ڕەزا سووک