دیوانی حەمدی/ە

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی حەمدی  (1936)  by حەمدی
پیتی ە

1[edit]

خەوم دیوە موعەبیر دڵ حەزینە نیشانەی شادییە عیززەت قڕینە
لەگەڵ یارم موقیمی گوڵشەنێ بووین وتی باغی جینان و حۆری عینە
وتم غونچەی نەپشکووتووی دەدامێ وتی دەم تەنگە ڕەوزەی عارفینە
وتم دوو ماری نایە گەردنی من وتی زلفی سیاهی عەنبەرینە
وتم سێوێکی خونساری لە دەم نام وتی کوڵمی زەریف و نازەنینە
وتم دوو نەجمی هەڵهێنا لە قەوسا وتی چاوی خوماری نێرگسینە
وتم ڕۆژی لە شەودا شوعلەوەر بوو وتی پەرچەم لەسەر تەختی جەبینە
وتم جامێ شەرابی دایە دەستم وتی شەهدی ویساڵی ئەنگەبینە
ئەگەر خەو مردنە بەم نەوعە خۆشە جەهەننەم دارە فەرش و بەرد سەرینە
ئیتر ناچێتە خەو مەعلوومە چاوم لەبەر بێ تالیعی حەمدی ئەمینە

2[edit]

مەبە غافڵ یەکێ بگرە دوو بەردە کە دنیا هەر هەوایی حەڕڕ و بەردە
بچووک و گەورە زانیوتە نەتیجەی گەزێ ئەرز و دوو گەز جاو و سێ بەردە

3[edit]

بنواڕینە ئەم نەشئەیە ئەمڕۆ لە دڵایە هەر لایێ دەچی دەم لە دەم و دەس لە ملایە
دوو بیستی من ئەمڕۆ وەکوو پەنجا لە چلایە بەم نەوعە خوایا کە بڕۆم بچمە چ لایە

4[edit]

لە ئەحواڵی زەمانە گفتوگۆ ناکەم خەرافاتە هەموو عالەم کە سەرمەستی مەیە و دنیا خەراباتە
ڕەئیسی بەزمی عوشرەت سۆفییێکی وشکی بەدخوڵقە ئەنیسی مەجلیسی خەڵوەت ئەگەر لۆتی نەبێ لاتە
خەمیرەی تۆ بلوورە چونکە مەنعی ماوەڕا ناکا لەژێر پێتا ببێ لەعلێ ئەڵێی ئەنگوشتەری پاتە
بە نیسبەت شەوقەوە لازم دەکا بۆ سەیری جانانە لە عەینی دیدە نابێ وەک بەسەر هەرچی مەساماتە
خەیاڵی وەسڵ ئەکەم هەجری موئەببەد دێتە بەر چاوم نەتیجەی وەسڵ گەر ڕاستت ئەوێ مەرگی موفاجاتە
لە حاڵی من خەبەر نادا بەتۆ عەرزە وەکوو ڕەهبەر نوشتەیی حەک دەبێ باقڵ ئەویش فەرقی تەماشاتە
بە گوێی هەمڕازی تۆ دا ئاشنا نابێ فیغانی من لە برسی قەت ئەپرسێ ئەو کەسەی تێری تەعاماتە
ئەجەل فرسەت بدا بەم یەئسە حەمدی عەینی ئومێدە کە زەحمەت ڕەحمەتی هێناوە هیجرەت بۆ مولاقاتە

5[edit]

دوڕی ئەشکم لە عەکسی خوێنی جەرگم عەینی یاقووتە وەرە ئەم خەزنەیە لێوانی یاقووت و دوڕی ڕووتە
کە لاچوو پەرچەمت ئەمشەو وتم ڕۆژە کە نەمزانی شەمس تەنویری وا ناکا ئەمە هەر جیلوەیی ڕووتە
من و دڵ قیبلەمان هەردوو موقابیل کرد موتابیق تۆ لەگەڵ میحرابی کەعبە تاقی ئەبرۆت کەچ نییە جووتە
لە بێداد و ستەمدا بۆ منی بێچارە سەربەستی سەوادت بۆتەوە جانا ئەمە هەر کردەوەی زووتە
منی ئافەت زەدە قەدرم چییە بنواڕە شێری نەڕ لە بێشەی زامداری تیری غەمزەی چاوی ئاهووتە
لەبی زەخمم لەبەر شەوقی تەڵەب دووبارە شەققی برد دەڵێی مەیلی دووبارە زەربی تیغی دەست و بازووتە
تەپووکۆی سەیدی بێچارە لە خۆشی وەسڵی سەییادە کەچی مردم نەهاتی بێ بەڵا بی هەر ئەمە خووتە
شکافی سینەکەم پەیوەستی هەر ناکا دەوا قوربان ئەگەر ڕەحمت هەیە موحتاجی هەودایێکی گێسووتە
شوعاعی ڕوومەتت موشکیل بوو حەللی کردەوە حەمدی بە دەر وەک نوقتەیی پەرگاری حەپسی دائیرەی مووتە

6[edit]

جەلالی سەرکەشانی باغی عالەم جوملە بەربادە مەڵێن سەروی سەهی قامەت لە تەرفی گوڵشەن ئازادە
میسالی غونچە و گوڵ پاک تینەت شاهیدم زۆرە ئەوی ئەمڕۆکە دڵتەنگە سبەینێ خوڕڕەم و شادە
بە تێشەی تەعنە عاشق بەرببێتە بێستوونی چەرخ مەڵێن شیرین نییە نامەرد تەقازای عەشقی فەرهادە
لە بەحری نەگبەتیشدا هەر بە قەدرە وەک گوهەر عاریف بە نادان نابڕێ بەحری جەلالێکی خودا دادە
لە باسی پەرچەما هەر وەک زمانی شانەیە خامەم لە وەسفی قامەتا تەبعم میسالی قەددی شمشادە
بە مەرگی زاڵمی مومسیک ڕەوایە شین و واوەیلا لەگەڵ باری گرانا ڕەهڕەوی بێ توێشە و زادە
ڕژایە دڵ لە شەوقی ڕوومەتت نوورێ کە چاوم بووی بە ڕۆژە کاری عالەم ماڵی وێران ماڵی ئابادە
مەڵێ مەنسووبی کوردی و سالمم حەمدی لە بێ فەزڵی کە ئەجدادی فەزیلەتمەند گەلێ مەحجووبی ئەولادە

7[edit]

جانا وەرە دەمێکە دوو چاوم لە ڕێوەیە حەشرە مەزەننە بۆیە دوو عالەم بەپێوەیە
من عاشقی جەمالی کەسێکم کە کافریش ئەو حوسنە بابڵێ دەبزانم بە کێوەیە
شێواوە سەر لە عالەم و حەیرانە عەقڵی کول وەستاوە سالیک و هەموو عالەم لە جێوەیە
نامەی عەمەل موشابیهی ڕەنگی سیاهمە ڕۆحم فیدات زەلیلم و چاوم لە ئێوەیە
ڕۆژێکی کەس نەپرس و زەمانێکە پڕ لە ترس بێ ترس و پرس بفەرموو شەفیعت لەمێوەیە
حەمدی چییە گوناهی دەبێ قابیلی چی بێ لوتفێکی تۆ عیلاجی هەموو دەردی پێوەیە

8[edit]

بولبول بە خەندە دێت و دەڵێ دەی بڕایەوە شاخی درەختی عومری شکۆفە ژیایەوە
تەقلیدی دیدەکانی منی کردووە زەمین هەرکۆرە شێوە چەشمەیی تێدا ژیایەوە
نەورۆزە جەژنە بۆیە چراخانی عالەمە یا ئاگری لە عومری شیتا چوو کوژایەوە
عەرعەر لە لەنجەدایە لە ڕەقسایە سەروەکان بەرگی چەمەن لە ڕەنگی زموڕڕود کرایەوە
خەیرولخەلەف نیهالی لە جێدایە سەوز و تەڕ داری بە بەفر و بادی زمستان شکایەوە
گوڵ دەستی یاسەمینی لە ملدا بە شەرمەوە فەرمووی زەمانی بولبولە جا بێتە کایەوە
وا تێدەگەم لە بەزمی چەمەندا چراچییە لالە کە ڕۆنی شەونمی کردە چرایەوە
بۆ گەردەنی هەمیشەبەهارە کە زلفییە عوقدەی دەمی سییاهی ڕەیاحین کرایەوە
قەترانی تێ تکاوە ئەگەر داغی دڵ نەبێ یا سورمەیە بە دیدەیی نێرگس گەشایەوە
لیمو قەدەح لە چاوی ترنجە کە نۆشی کرد بەدمەست و سەرکەشە بەشی خورما نەمایەوە
هەنگامی وەسڵە شەست پەڕ و مینا بەیەک ئەگەن پەردەی زەفافە قەوس و قەزەح ڕاکشایەوە
گەردن کەچە وەنەوشە لە زەنبەق سەلام ئەکا نیلوفەرە بە قەهقەهە لێوی کرایەوە
بووکانە ئەرخەوانە لە تارایی پەمبەیی خوێنی دڵی بە غەمزەیی نەسرین تکایەوە
چەترێکی بێ بەرە کە درەختانی نارەوەن خیوەت کە دووبەرە نییە سێبەر بە لایەوە
گریەی عینەب بە باوەشی بادامەوە دەڵێی تیفلێکی شیرەخۆرە بەبەر مەمکی دایەوە
هەر عەتری بیدمشکە نەسیمی سەحەر کەدێ نەی دێتە ڕەقس و لەنجە دەخاتە سەمایەوە
خوێنی ئەمەندە گەرمە گوڵی ئاتەشی سەحەر لوئلوئی شەونمی لە مەراقا توایەوە
پەستی مورادە حیکمەتە باڵایی شۆڕەبی وەر نە جوانە قامەتی بۆ چی چەمایەوە
کەو کۆساری گرتووە سەحرایە مەسکەنی هودهود بە تاج و حاجی بە شان و عەبایەوە
تەبریکی ساڵی تازەیی بازە مرادی کوند هاتۆتە دەر لە خەڵوە بە ڕیشی ڕیایەوە
حەمدی نەبێ خولاسە بە جەمعی خەلایقا عومرێکی تازە لەززەتی تازە بەشایەوە

9[edit]

خوێنی دڵی فەرزانە بە دێوانە حەڵاڵە بۆ کافری موتڵەق مەی و مەیخانە حەڵاڵە
مەی ڕاستە حەرامە کە دەڵێن ئەما بە تەنها ئەسبابی موهەییا کە بۆ ڕەندانە حەڵاڵە
نامەردییە هەرچی بە شەریعەت کە حەرامە ئەو کردەوەیەی لایقی مەردانە حەڵاڵە
باسی مەکە تەشویشی عەقیدە کە دەکا زلف دڵ چاکە ئەوە هەر بەدەمی شانە حەڵاڵە
خۆکوشتن و سووتانە تەقازایی موحیببەت هەرچی کە بکەن بولبول و پەروانە حەڵاڵە
مەی دوژمنی ئیمانە دەفەرموون کە مەلاکان بیخۆم کە من ئەم دوژمنی ئیمانە حەڵاڵە
واعیز لە نەزەر مەنعم دەکا مەقسەدی غەیرە وەک خۆر نەزەری ڕوومەتی جانانە حەڵاڵە
دڵ دیدە پەرستە لەبەر و پشتی برۆیە ئەم کەعبەیە بۆ سالیکی بتخانە حەڵاڵە
جائیز نییە حەمدی بکوژی جوولەکە بێ ناو بەو دینە بڵێ گەرچی موسڵمانە حەڵاڵە

10[edit]

شێواوە، پەرێشانە دڵم حەقیە کە تەنگە مەحروومە لە دیداری کەسێ شۆخ و قەشەنگە
خاریج لە خەیاڵی بەشەرە باسی زەریفی نەرم و سپی و ناسک و مەهپەیکەر و شەنگە
عاشق کوژ و بێ ڕەحم و بە ئاشووب و بە قینە بێ واسیتە پەیوەستە لەگەڵ ئێمە بە جەنگە
گەهـ ساحیر و گەهـ زاهید و هوشیارە گەهێ مەست حاشا نە یەهوودە نە مسوڵمانە فەرەنگە
ئەم باری منە بیخەنە سەر شانی فەلەک جا ئەو وەختە دەزانی کە دڵم بۆ چی کەشەنگە
شەیدایە وەکوو من لە فیراقی وەتەن و یار گەر فیل و ئەگەر دێو و ئەگەر شێر و نەهەنگە
تەئسیری نەبوو دادی من و شەکوەیی یارم ئەم لەعلی بەدەخشانە دەڵێی پارەیی سەنگە
لەو ساوە کە بوومە هەدەفی دیدەیی مەستت وەک تەرکەشە جلدم بنی موو نووکی خەدەنگە
ئەم ئەشکە بە سووری کە نیگاری ڕوخی زەردە حەمدی ئەسەری هیجرەتی دڵدارە بە ڕەنگە

11[edit]

بۆ دیدەنی جانانە عەجەب بوومە سەییارە گاهێ بە شەمەندەفەر و گاهێ بە تەییارە
ساقی بە فیدات بم قەدەحێکم بدەرێ زوو هەر مەستییە بیکا غەمی ئەم فیرقەتە چارە
پەیکانی موژەت هێندە برینی لە دڵم کرد هەر چەندە دەکەم نایەتە میزانی ژمارە
دڵ موجریمی عەشقە بەخودا حەقیەتی دلبەر بەستوویە بە ئەگریجەوە ئەیدا لە قەنارە
بۆ پەنجە دوڕ و لەعلی کە پێ لازمە جانان هەڵڕێژە دەسا دیدە سرشکت بە عەییارە
بازاڕی مەیی و مەیکەدە بۆ چی دەشکێنی بەم مەستییە، بەم نەشئەیە، بەم چاوە خومارە
باکی نییە حەمدی لە دەمی خەنجەر و شمشێر ئەبرۆتە کە دەبڕی جگەری هەر بە ئیشارە

12[edit]

تەهی دەستە سەخی ئەخز و عەتا هەروەک قەمەر بەشیە خەسارە ڕەنجی مومسیک نانە سک وەک ڕەنجبەر بەشیە
لە بەزمی عالەما ساقی کە چەرخی سوفلە پەروەر بێ لەباتی مەی ئیتر ئەهلی هونەر خوێنی جگەر بەشیە
لەبەر سۆزی فیراقت شەو بە دڵ نابێ بکەم یادت بە جێیوادا شەوی وا هەر کەسێ بڕوا شەرەر بەشیە
بە یەک جلیوە بە پێ چوونی کە دیم سووتاندمی فەرمووی سەفەر بۆ کۆیی من هەرکەس بەسەر نەیکا سەقەر بەشیە
بە لێوی وشکەوە گریانی عوششاقی کە بیست فەرمووی بڵێ تینووی بیابانی موحیببەت چاوی تەڕ بەشیە
وتم عەکسی سەراپاتی نەگرت ئاوێنەیی چاوم وتی عەکسی بتان مەردوم هەتا قوببەی کەمەر بەشیە
دەخیل ئەی پیری مەی نەشکا خوماری من بە ڕەتڵ و خوم وتی مەستی نیگەهـ دایم خومار و دەردی سەر بەشیە
ئەوی دوژمنمە یاری یار و ساحێب سووئی زەننم بێ مەلەک بێ هەر وەکوو جانی هەموو لەحزە خەتەر بەشیە
لە خوێنی بێ نەوایان پڕ بووە کاسەی کەلی دنیا بەشی هەر دۆ ڕژانە پیرەژن یەئس و کەدەر بەشیە
ئەوی بەدخوو بە خۆیکا تا قیامەت دوژمنی نایکا کە سەیل خۆراکی چڵکاوە هەمیشە دەربەدەر بەشیە
درەختی سەرکەش و بێ بەر لە باغی عالەما حەمدی وەکوو عەرعەر سەروبەر هەر بڕینی موختەسەر بەشیە

13[edit]

لە عەکسی دەستی ڕەنگینت دڵی پەیمانە ڕەنگینە لە خۆشی لێوی شیرینت مەی و مەیخانە ڕەنگینە
کە ئەسراری دەمت بادی سەبای بۆ غونچەیێ هێنا فەرەح کەوتە دڵی ئێستا گوڵە و خەندانە ڕەنگینە
مەگەر خەندە جودایی خستە بەینی لێوی شیرینت کە پشکووت غونچە هەر عەینی وەک ئەو لێوانە ڕەنگینە
لە باسی گەردن و گێسوویی لەیلاکەی دەکا عاقڵ نەزانی چەندە زنجیری ملی دێوانە ڕەنگینە
کە باسی دەست و پەنجەی پڕ نیگاری تۆ دەکەم جانا میداد و خامە و سەفحە هەموو ئەفسانە ڕەنگینە
غەریبت کردە کەعبەی ئەهلی دڵ تەنها بە یەک جیلوە میسالی حۆریی جەننەت بت و بتخانە ڕەنگینە
بە شوعلەی شەمعی کوڵمت بۆ نەسووتێ دڵ کە بیبینێ وەکوو توتی لە شوهرەتدا پەڕی پەروانە ڕەنگینە
وەرە ساقی بە یادی دلبەرە بێ شەرتەکەی حەمدی بدە جامێ دەخیلت بم قسەی مەستانە ڕەنگینە

14[edit]

بە پووڵی نایەوێ ئەم شۆخە هەرچی نەوعی کاڵایە بەبێ کاڵا تەماشاکە وەکوو گوڵ ئاڵ و واڵایە
نیگاری پەرچەم و نەقشی برۆی وەک خەتتی ڕەیحانی دەڵێی هاتۆتە تەدریسی موحیببەت شەرحی مەللایە
گوڵە مەستانە کەچ کە دەرکەوێ با حاشیەی زلفت دەسووتێ چونکە شەمعی ڕوومەتت وەختی موتاڵایە
بە ئەجزایی چەمەن تەشکیلی ئەندامت دەکا بولبول خەرامان سەرو و گوڵ خەندان و نێرگس مەست و شەهلایە
کە تۆ مەیلت بە هیجرانە لە وەسڵم چی منیش وەک شێخ لەبەر بێ چارەیی کارم دەڵێم ڕاجیع بە مەولایە
فیراقت ئاگرێکی خستە سینە هەروەکوو دۆزەخ لە واوەیلایی دڵ کەوتوومە شک باقڵ لە وەیلایە
لەبەر هیممەت بڵندی خۆ نەگەییە دامەنی دەستم بە میزانی تەبیعەت هەڵچووە کەی کورتە باڵایە
وەرە ناسیح تەماشاکە کە حەمدی شێتی شۆخێکە لە دەفتەرخانەیی ئیجلالی حوسنا ڕوتبەی ئەعلایە

15[edit]

دەزانم قاتڵم کێیە چ حەققێکم بەسەر تۆوە ئەوە خوێنی دڵە دەتکێ بە برژانگ و بە ئەبرۆوە
بە بۆنی خست دڵم زلفی کە با هێنایە سەر کوڵمی بە جارێ کۆمەڵێ عەنبەر وەکوو بخرێتە پشکۆوە
لە شەرمی خاڵی ژێر پەرچەم وەنەوشە گەردنی کەچ کرد وەکوو موجریم خزایە سێبەری بن باڵی شەوبۆوە
بە دەورەی مەمکەوە حەڵقەی سەری زلفی تەماشا کەن دەڵێی گۆچانی عوودی خستە زیوی سافی وەک گۆوە
بە جورمی عەشق ئەگەر حاکم سەرم ببڕێ منەتبارم وەگەر نە توو خودا فەرموو گوناهم کوا بە ئەستۆوە
دڕک غونچەی لە دەستایە لە ڕۆژێکی لە چڵ دەرچوو بەڵێ گوڵڕوو بەدایم وا بەدەس ئینسانی بەدگۆوە
لە ئاوی زیندەگی سەهبا و قورسی ڕووی بەچە چبکا دڵی سۆفی کە دایم وا بەلای دوو خەپلەیی جۆوە
لەکن ئەربابی دڵ وەختی شەهادەت ئەووەڵی عومرە کە مرد حەمدی بکەن شادی بەناوی شین و ڕۆڕۆوە

16[edit]

لە زوڵماتی شەوا جانانە شەمعێکی شەبستانە شەرابی کەیفی عوششاق و نیشاتی بەزمی مەستانە
گەهێ وەک بت زیارەتگاهی ڕەندانی خەراباتە گەهێ ڕەندانە سەر حەڵقەی عموومی بت پەرستانە
لە سەحنی گوڵشەنا خۆشخوانە گاهێ هەر وەکوو بولبول بە ڕەنگ و بۆ گوڵ ئاسا گوڵ نمایندەی گوڵستانە
گەهێ بۆ دلبەری ئەسبابی کوردانەی لەبەردایە گەهێ بۆ ساحیری هەروەک پەری مەستووری فستانە
لەگەڵ دڵ حەمدی بۆ سەیر و تەماشا گەر تەماح ناکەی بەسە ئەم حۆرییە وەک جەننەت و بۆستانە بەستانە

17[edit]

بەکفری پەرچەمت کوێری دەبینم نووری پڕ چاوە بەنووری ڕوومەتت چاوی مونەووەر کوێر و داماوە
بەساڵ و سین نییە کاری جیهان شەوقێکە تێ فکرە گەماڵی کۆنە وەک تووتک بە شەوقە عاشقی ڕاوە
وتوویە من شرینقەی ئاوی حەیوان بوو نەجاتی دام بەڵێ ئەم سنعەتە عیللەت پەڕێنە بۆیە وا باوە
مەتینە وەک کڵێسا هەر کەسێ مایل بە ئیبلیسە خودا خواهیش تەماشاکە ئەڵێی مزگەوتی ڕووخاوە
دەخیلە داخڵی تەئریخی کەن ئەم وەزعە بۆ عیبرەت ئەوی بێ ناوە ناودارە، ئەوی ناودارە بێ ناوە
تەجەلی هەر دەکا شەمسی دیانەت موتمەئیننم من نیهایەت ئەم شەوی دەیجوورە وەخت و ساعەتی ماوە
لەگەڵ غیرەت دیانەت لازم و مەلزوومە مەعلوومە دەماری ئەم موسڵمانانە حەمدی قەت مەڵێ خاوە

18[edit]

ئەگەرچی پیرە دنیا سەیر ئەکەی هێشتاکوو منداڵە وەکوو میوەی شەرابردوو ڕزیوە ڕەنگی هەر کاڵە
هەمیشە بیکرە دنیا چونکە مەعشوقی کەسانێکە خەیاڵی دەرکی بێ کوێرە ئومیدی نوتقی بێ لاڵە
هوما ئێسکی سووا هێندە گەڕا بۆ تۆزە ئێسقانێ کەچی لاشەی قەڵە و دایم لەسەر خوانی قەل و داڵە
دڵم پڕ داغە جەرگم خوێنی لێ دەتکێ وەکوو لالە کە من سووتاوی ئەو لێوەم دەبینم مەسکەنی خاڵە
درێژ و کورتی عومری ئەهلی دنیا تابیعی عەیشە فیدای شامی ویسالێکە لە هەجرا عومری سەد ساڵە
بە ڕەنگ و بۆ نییە ئیحسانی دنیا هەر بە ڕێکەوتە لە نەی شەککەر دەبارێ ژاڵە بەو شیرینییە تاڵە
وەرە حەمدی ئەوی ماڵە لە پێش خۆتا ڕەوانەی کە ئەوەی بێ جێ کە چوو وا چوو ئەوی جێی بێڵی کەی ماڵە

19[edit]

مەکە مەنعم لە بتخانە کە نەتدیوە سەنەم کامە لە جەننەت کەی ئەگەی واعیز کە نەبینی ئیرەم کامە
بە تەشریفی ئەگەر ئەو شۆخە مەیخانە موزەییەن کا بە زاهید بۆ ئەڵێن نامەحرەمە ڕێگەی حەرەم کامە
بە دڵ سافی نییە شێخم وەرە بڕوانە پەڕڕەی دڵ دەزانی جا نیگاری لەوح و ئەسراری قەڵەم کامە
وەکوو من میحنەتی هیجران ببینێ گەر شەوێ زاهید قیامەت جا دەبینێ تێ دەگا گۆشەی عەدەم کامە
لە بەزمی وەسڵی جانانا ئەگەر هەمدەم دەمێ بووبێ دەزانی دوردی مەخمووری شەراب و جامی جەم کامە
لە یومنی بادە تەنیا من نەمایەندەی خەراباتم بەڵێ پیری موغان ئەلبەت ئەزانێ موحتەرەم کامە
ئەگەر مەستی نیگاهی تۆ نەبێ مەجنوونە سا حەمدی بیابانی لەبەر چی گرتە بەر جاهـ و حەشەم کامە

20[edit]

لە دنیادا ئەوی باقی بمینێ نیک و بەد نامە حەسەد ئەلبەت بەبێ ناوان دەبا هەر کەس کە بەدنامە
تەماشای عاقیبەت کە بۆ بەد و نیکی عەمەل زاهید شەوی بەزمم نەتیجەی سوبحە ڕۆژی ڕۆژووت شامە
کە نازانی ئیمامەت ئەی ئیمامی سەومیعە فەرموو سلووکی قامەتی مینا کە سوجدەی بۆ لەبی جامە
مەقامی خۆ نەناسینە تەماشای جێی پودەر کردن بەقەد سەرمایە گەر سەودا نەکا تاجر بەد ئەنجامە
گلە نابێ بکەی شێخم کە ڕووم کردۆتە پیری مەی کە نووری مەی خسووسی بۆ نییە وەک خۆر لەسەر عامە
لە فکری ئینتیقاما نابی نەبووە ئەو کەسی مەردە لەگەڵ قودرەت ئەگەر بووی وادیارە بڵح و کەم فامە
بە مار نەدراوە پێ هیشتا کە دەهری کردە زەهری مار خودا نەیکا کەبیدا جا ئیتر عالەم زەهر کامە
زەمانم من بە ئەحواڵی عەدەم زانیبوو تا ئیستا وجوودە گەر ئەمە تۆبە خودایا ئەی عەدەم کامە
تەوەححوش قەت مەکەن ئەهلی موحیببەت قاتیلە سەییاد ئەگەر سیمورغی بەڕ بێ کوشتەیە یا وەک کەوی ڕامە
ئەلفبا خوێنی بوو مەجنوون لە مەکتەبخانەیی عەشقا بە ڕەسمی سوختەیی ئولفەت کەبابی پوختە هەر خامە
لە باڵا و زلفی یارا لا ئیلاهم خوێندەوە حەمدی بەناوی خوا خودا بۆ سەیری کردوە ئەم ئەلف لامە

21[edit]

لە پارسەنگی گەدایانی عەشقدا شا نییە سووکە من و ڕووی یار، ئەو و پارەی دڵی مسکینی مەفلووکە
دڵم بۆ وەک نگین شەق شەق نەبێ تەختی سولەیمانی لەدەس بەخت نەسردا بێ بڵێن تابیع بە کەرکووکە
بە چاوی مەستی جانان نێرگسی شەهلا دەشوبهێنن کە بادام و نوقڵ کەی قابیلی تەتبیقی خڕنووکە
کە سەیری تەوری دنیاخوازەکانم کرد وتم یاڕەب کە زاوا بن ئەمانە وای بە حاڵی بووک و بەربووکە
بە گوێی من گەر بکا سۆفی دەخاتە پشتی گوێی ڕیشی کە ئێرە جەننەتە جێی کاکۆل و ڕوخساری بێ تووکە
زڕەی زنجیر و ناڵەی پڕ لە تەئسیری لە دڵ هەڵسا چییە سووچی لە زیندانا دیسان مەحبووس و مەترووکە
وتوویە حەمدی کوشتەی غەمزەمە بۆ گەردن ئازایی لە مردنیا دەچم ئامان ئەجەل هەرچی دەکەی زووکە

22[edit]

لەسەر ڕوخساری گوڵ شاخی سەمەن ئاسایە ئەو زلفە بەسەر پشکۆوە هەروەک عەنبەری سارایە ئەو زلفە
لەسەر قەت دەردەچێ شەوقی جنوون گەر زەڕڕە عەقڵم بێ دەزانم سیلسیلەی مەجنوونەکەی لەیلایە ئەو زلفە
بە جیلوە لەمعە لەمعە پرتەو ئەڕژێنێ لە گەردندا دەڵێی سەبحەی شەوە ڕۆژی جیهان ئارایە ئەو زلفە
بە پەنجەی شانە ئەفشانی دەکا بۆ مردنی عاشق لیباسی تەعزییەی زیبەندی باڵایە ئەو زلفە
سەبا هیممەت بفەرموو باوەشێنی پەڕڕەیی گوڵ کە بە ڕەیحانە کە دەستە بەستەیی مەولایە ئەو زلفە
گەهێ سەرمەستی نەشئەی ساغیری یاقووتی لێوانە گەهێ زنجیرەیی ساقی ملی مینایە ئەو زلفە
گەهێ مەسنەدنشینی ڕوومەتە هەمڕازی دوو نێرگس لەبەر چاوی بەدە گەهـ حایلی سیمایە ئەو زلفە
کەلامی تەفرەقە و فکری پەرێشانی هەیە حەمدی لە مەعنادا دەڵێی ئەشعاری بێ هەمتایە ئەو زلفە

23[edit]

ڕەفیقی من بە شەو تەیرێکە دەگری دائیما تاقە ئیتر بۆچیمە هەمدەم نامەوێ ئەم گونبەد و تاقە
بە فەرمانت ئیتاعەت هەر دەکەم تاکوو نەفەس مابێ لە دڵتا هەرچی تەکلیفە بفەرموو گەر هەموو شاقە
ئەگەر مەیلت بە بەرگی ئەتڵەسی ئەفلاکە پارچە کەم گوڵی ئەستێرە شیرینە نەوەک گوڵ سورمە و تاقە
ئیدارەی مەشعەلی حوسن و جەماڵی تۆیە مەقسوودی خودا لەم شەوکەتی ئەفلاک و تەنزیماتی ئافاقە
ئەزەل مەربووتی زلف و ڕوومەتی تۆیە دڵ و ڕۆحم ئەگەر ئیمان ئەگەر کوفرە لەسەر ئەو عەهد و میساقە
بە ئیستیحقاقە ئیحسانت ئەگەر ئەهلی بەسیرەت بێ شەهنشاهـ و گەدا سەیری مەقامی کۆیی عوششاقە
مەجازە مەرتەبەی ئەووەڵ کەسێ مەیلی حەقیقی بێ ئیتر غەدرە بە حەمدی گەر بڵێ واعیز بەد ئەخلاقە

24[edit]

ڕەشێنەی چاوی شەوقی دیدەنی یاری سپی کردووە خوایا ڕوو ڕەشی کەی مانعی دیدارە ئەم بەفرە
بە تانەی سەر سپێنەی عەینی عەشقی ئێمە قەت نابێ وەکوو بەحری سیا گەر مەوج بدا لەم شارە ئەم بەفرە

25[edit]

بە نەخچیرانی سەییادان ئەدەن مەردانە ئەو دانە بەهای خوێنە بە ئینسانی بدەن دوونانە ئەو نانە
لە ئەجزای سلسیلەی عالیت بەبێ ئومێدی فەیز و فەڕ تەماسی پەرچەمی نەبوایە نەیبوو شانە ئەو شانە

26[edit]

موبارەکبادی جەژنم لێ مەکەن کەی من ئەوەم جەژنە کە وەسڵم بۆ مویەسسەر بێ شەویش بێ ئەو شەوەم جەژنە
کە من قامەت خەمیدەی باری هیجرانم لە خەودا گەر سەراپای بەژنی ئەو سەروە ببینم ئەو خەوەم جەژنە

27[edit]

بە شانە هەر شەوێ ئەگریجە دابێنی کە تا سینە ئیتر دڵ هەر تەپ و کۆیە دەزانێ وەختی تا سینە
لە سینی و تەشت ئەدا عالەم کە من ئەیدەم لە سینە و سەر لە خەڵقی وایە ڕۆژ گیرا کەچی داپۆشرا سینە

28[edit]

بۆیە من مەستیم لە هوشیاری گەلێ پێ خۆشترە ئەم خەراباتە کە هوشیاری لە مەست سەرخۆشترە
سەیرە هەر کەس ڕوو دەکاتە ئەم خەراباتەی وجوود کاسەکەی هەر چەندە پڕتر بێ ئەوەندە بۆشترە

29[edit]

تۆ لە شەودا بی وەتەن من چۆن بڵێم نەورۆزمە ئەم گوڵاڵەی ئاڵ و واڵایەی بەهار پیرۆزمە
جەژنی چی هەر ماتەمێکی ڕووتە شین و گریەیە تا هەڵێ ڕۆژێ کە کوردیش پێی بڵێ جا ڕۆژمە

30[edit]

ڕووڕەشی وەک هاتووە دی هەر لە جەبهەی غەربەوە ڕۆژهەڵاتی سوورە ڕوویان نەک لە وەختی حەربەوە
ئەم قیاسە هەر کەسێ چاوی ببینێ تێ دەگا شەرقیی و غەربی دیارە چی بە حەرب و زەربەوە

31[edit]

عەکسەکەت پڕ مەحفەزەی چاوە بەجێ جێم کردەوە لایقی عەرشی دڵم بوو لوتفەکەت ڕێم کردەوە
من نەوەی کوردیم و لوتفی تاجداری قەومی کورد کەوتە دەستی بەستراوی خزمەتم پێم کردەوە

32[edit]

مونتەهای بەرزیی بە دیققەت تێ دەفکرم پەستییە ئیبتیدای حاڵی عەدەم دیارە نەتیجەی هەستییە
میحنەتی پەست و بڵندی و زەحمەتی هەستی و عەدەم دەردی بێ دەرمانن و دەرمانیان هەر مەستییە

33[edit]

ئەی وەتەن ڕۆم و عەجەم موشتاقی کوردستانتە ئیفتیخاری میللەتی کورد شەوکەتی عینوانتە
بەستە سەربەرزی ئێواران و سبەینان مانگ و ڕۆژ وەک نیشانی ئیفتیخاری سنگ و نەجمەی شانتە
بەرق ئەدا و ئەڕژێ وەکوو ئەمواجی گەوهەر چەشمەکان ئاوە یا ڕۆحی ڕەوانی چەشمەیی حەیوانتە
ئاوە یا نوورە لە عەکسی خۆر کە دەبریسکێتەوە ئەهلی حیکمەت وا دەزانێ دوڕڕەکانی کانتە
گوڵگوڵی سوور و سپی خاڵخاڵی خاکی ڕەش ئەڵێی پۆدرەیی ڕوخسار و سورمەی ڕشتنی چاوانتە
عاشقی ڕەنگی خەزانی تۆیە بۆیە دێ بەهار فەسڵی هاوین گەرمی مەیلی بەفرەکەی زستانتە
بۆ چی ئەنباری زەخیرەی کائیناتە شارەزوور شەهربازاڕ خوانی میوانە لەبەر میوانتە
باسی میوەی تۆ دەکەم بۆیە قەڵەم هاتۆتە بەر بەستەکانم بستەیی ئەهلی دڵ و عیرفانتە
بۆ ئەمەی جارێ بەسەرتا پێ نەنێم ئەفکاری من یا بەسەر ڕۆیشتنە یا سەربەسەر هیجرانتە
پڵپڵەی پشتێنی زێڕینی حەبیبی قەومی کورد زڕزڕە و پشتێنەیی بەردینی قەد شاخانتە
پۆیە سیروان و زەرب بۆ شاڵی چۆغە و ڕانکت وەک حەریر دیجلەی جەزیرە با ئەدەی بۆ تانتە
کورد کوڕەکاژاوی لووتی وا بڵند کردۆتەوە هەر وەکوو شەمزینی بادین ئارەزووی بەرزانتە
ئاسمان و شاخی بەرز و سەتحی ئەرزت دەردەخا ماڵی کوردیت و ئەوە دیوار و حەوشە و بانتە
پەیکوڵی تا قەسری شیرین ڕاکشاوە پێی کوڵی دەستی قەندیلت درێژە بۆ چراچی وانتە
پیرەمەگروون تاجی شاهانەی بەسەر بەرزی فڕاند تەم دەماوەند داگرێ مەحجووبی هەورامانتە
خەتتی دیوانی شکستەی گرد و لووتی بەرزی شاخ وازیحە بۆ سەربەخۆیی توڕڕەیی فەرمانتە
جار بە جارحەمدی گلەت گەر لێ بکا ناحەق نییە جەردە ڕامەگرە نەڵێن خەڵقی کە جانی جانتە

1927

34[edit]

وەک هەوا کەوتوومە گێژی گونبەدی ئەفلاکەوە ڕەببی بیبینم وەکوو کیسرا بە سینەی چاکەوە
بۆ کەسێ تا سەر وەفاداری نەبوو بێ مروەتە سەیری ئەسکەندەر دەکەن ڕۆیی بە مشتێ خاکەوە
چاکە دایم هەر لە پێناوی خراپا ڕۆییوە گەوهەری دەریا بە دایم وا لەژێر خاشاکەوە
هەر شکستی ئەهلی مەعنای مەتڵەبە دەورانی پیر ڕەش دەخاتە سەر سپی پیسی ئەکاتە پاکەوە
ئینتیقامی خۆم دەسێنم جەهل ئەگەر مانیع نەبێ شوعلەیی ئاهم دەنێمە خەرمەنی ئیدراکەوە
خەرقەیی شاهـ و عەسای مووسا لە لام بێ شەوکەتە فەخری ئێمە وا بە کەوڵی پۆست و دار مەششاکەوە
عیبرەتە ئەربابی غیرەت تێبگەن من چی دەڵێم ئەهلی عیسمەت حەپسە سەربەستی بە لای بێ باکەوە
قەومەکانی ڕوپیەخۆرم دێنە بەرچاوم ئەڵێن گەر بە جۆ بمرێ شەهیدە سەگ بە گۆشتی لاکەوە
لاتن و لۆتی نەفامن بۆ نیشات و مەنفەعەت دەبنە قوربانی سەگێ بێ شک بە باب و داکەوە
بۆ نەمانی دین و غیرەت هیممەتی کورد و عەرەب وا بەسەر لەوحەی کیتابی حەسرەتی ئەتراکەوە
تا دەبێتە مولکی ئەربابی حەمییەت کەم دەکا ئاگری تاجر دەنێتە خەرمەنی مەللاکەوە
شەرتە تا ڕۆژی قیامەت دەست لە ئەژنۆ بەرنەدەم سەر لە قوڕ نێم بۆ سیادەت بەم دڵەی غەمناکەوە
بۆ دلێری حەزرەتی مەحموود مەمدووحی جیهان تاقە یەک گوڵ بوو بە فەرقی پیری ئەحمەد کاکەوە
بۆ دوو مەحمودخان ئەمیری سەرحەدی ڕۆم و عەجەم بوونە ئەسحابی قوڕەیش و چوونە سیلکی چاکەوە
ساڵی تەئریخی دەپرسی «ئالی کاک ئەحمەد غەریب» کەوتە عالەم دڵ حەزین و دیدەیی نمناکەوە

1919

35[edit]

ساڵی جارێ هەر دەبێ ئەم شارە بێتە مەزبەلە یا بە بۆمبا یا بە ئاگر یا بە بارانی پەڵە
ئاگرت تێ بەربێ گەردوون وا ئەبێ دەور و خولت نایەڵی قەت مەزرەعەی ئومێدی کورد بێ دوو پەلە
بۆ مەزەڕڕەت هەر تەنەززولتان کە فەرموو بۆ زەمین عادەتت وایە کە کوردستان بکەیتە مەرحەلە
بۆ چی بوویتە مەسخەری ئەرز و سەما ئەی مەملەکەت بۆ چی بوویتە مەعرەزی ئافات و فیتنە و وەلوەلە
خەڵقی وەک تینووی بەراون بۆ نمی باران کەچی بەو نمە بارانە ئێمەت خستە ئەم مەرگە مەلە
یا بە حاڵی ئێمە گریا گوێژە فرمێسکی بەخوڕ هات و لێشاوی سلێمانی کە خستە زەلزەلە
هاژەیی لافاو و گرمەی هەور و چەخماخەی هەوا لەرزی هێنایە مەلەک ئینسانی خستە هەلهەلە
سەددە هەڵدەستێ لەبەر لافاوی کوردستان کە بێ دیجلە لێڵ و وێڵ ئەکا شەیتان ئەخاتە پێمەلە
موقتەزایی خاکە هەر شەیئی کە تێدا هەڵکەوێ هێندە بەرز و دیارییە وەک دارەکانی سەرکەلە
کوندەبووی نەگبەت وەهای زانی کە ئەیوانی جەمە ئەم کەلاوانەی کە دی گڤ بوو بوو ئەتوت هۆکەڵە
پاشی لافاو هەر بەیەک مەوداوە فیرقەی عەنکەبووت بۆ سەرا پەردە لە شاران کەوتبوونە کەل کەڵە
ئەم برینانە زەمانە هەر دەبێ ساڕێژی کا حەمدی ئەمما بۆ ئەمەش پێویستە سەعی و حەوسەلە

36[edit]

مەکتەبە چاوی وەتەن بیلبیلەی تیفلی میللەتە گەر نەبی مەکتەب وەتەن کوێرێکی ساحێب زیللەتە
خەڵقی تازە پێگەیشتووی میللەتن ئەم مەکتەبە هەر وەکوو باغە موعەللیم باغەوانی سنعەتە
بورجی ڕۆژی ئاسمانی دەوڵەتە مەکتەب ئەگەر ئارەزووتانە وەکوو ڕۆژ شوعلەوەر بن فرسەتە
تەربیە و تەعلیم ئەباتە ڕیزی ئینسان وەحشیان بێ عیلم ئینسان لە ژێر بارا خەریکی میحنەتە
ماڵی مەکتەب ڕەببی ئاوا بێ خەزێنەی جەوهەرە تا هەڵی کۆڵی هەر ئەشیا و کیمیا و حیکمەتە
میللەتی کورد وا بە شیددەت ئینتیزاریمان ئەکەن تێبگەین و پێبگەین زەحمەت نەتیجەی ڕەحمەتە
ئیفتیخار ئەووەڵ چرۆی ئەم باغەیە ئەووەڵ بەری هەر دەمی تامێ ئەدا هەرجێ بەجێ پڕ قیمەتە
هەر کەسێ مەکتەب بە ئەرزێکی موقەددەس دانەنێ دیارە حەمدی ئەو کەسەش مەحکوومی جەهل و نیگبەتە

37[edit]

ئاسمانی فکرە ئەرزی پاکی دیوانی قسە عەرشی قەلبی خاس و عامە تەختی سوڵتانی قسە
توحفەیی لایق بە فەخری عالەمی دیبێ خودا هەر کەلامێکی قەدیمە سەیری عینوانی قسە
ڕۆژ و شەو شام و نەهاری لێ ئەکەن ئەم عالەمە ڕێزەیی نوقسانی نابێ نیعمەتی خوانی قسە
پیرەزاڵی پووری زاڵێکە ئەگەر دەستی کەوێ قەبزەیی شمشێری جەوهەرداری بوڕانی قسە
کۆنەباوی شیر و تیری ڕۆستەم و ئەسفەندیار ئەسلەحەی خامە و زمانە مەردی مەیدانی قسە
بۆ دەمی مەستی مەیی ئیدراکە لێوی کردەوە لەفزی پڕ مەغزە کە بەستەی نەخلی بوستانی قسە
شانەیی شمشادی فکری نازکی ئەربابی تەبع بۆ سەری گێسوویی موشکینی پەرێشانی قسە
پڕ لە لەفزی نازکە هەروەک سەدەف بەحری فکر مەعنییە دوڕڕی یەتیمی ئاوی نیسانی قسە
ئاوی حەیوانە لە شیعری ئابدارا غائیبە باقییە ناوی موئەببەد مەردی دیوانی قسە
سەبحەیی سەد دانەیی ئەربابی عیرفانە غەزەل ڕشتەیی باریکی فکرە لەعل و مەرجانی قسە
حەقیە بولبول گوڵ بنێ دایم بە کەللەی سەریەوە دەستی وەک حەمدی بگاتە چاکی دامانی قسە

38[edit]

دەک فیدات بم شاهبازی خێڵی خوبانم وەرە توخودا ڕەحمت ببێ کەبکی خەرامانم وەرە
پەرچەمت لادە لەسەر ڕوومەت بە مەحزی ئیمتیحان دەفعی زوڵمەت با ببێ ئەی ماهی تابانم وەرە
من لە دوور هاتوومە دیدەن بۆ چی بێ مەیلی دەکەی کافریش بم خۆشە لای خوا چونکە میوانم وەرە
ڕوومەتی سافت لە پەڕڕەی گوڵ گەلێ نازکترە قەد سنەوبەر، دیدە نێرگس، زلف ڕەیحانم وەرە
با وەکوو من عالەمێ شەیدایی حوسنی تۆ ببێ دلبەری مومتاز و شاهی دیدەمەستانم وەرە
من لە تەعنەی دۆست و دوژمن زەڕڕەیێ باکم نییە بمکوژە ئەمما بە شەرتێ نووری ئیمانم وەرە
غەیری وەسڵی تۆ لە لای حەمدی نەماوە ئارەزوو تاکوو ماوم لەحزەیێ ئاسایشی جانم وەرە

39[edit]

دیدە بۆ مەغشووشە لێڵایی بەسەردا هاتەوە هیجرەتە تەشریفی دووبارە لە دەردا هاتەوە
مەجلیسی ئولفەت کە گەرمی مەستی نەشئەی بادە بوو هەر وەکوو ماتەم لە غەم پەردەی بەسەردا هاتەوە
دەس لەگەردنکردنی زلفت چ شیرینە خودا سا لەتیکەی جەرگی شانە بەو کەمەردا هاتەوە
تۆ کە هەڵهاتی خۆر ئاوا بوو لە عەکسی ڕوومەتت شوعلە ئەفشانی بە ڕوخساری قەمەردا هاتەوە
توخودا فەرموو بە پێوە بێرە بانی دیدەکەم با تکەی کەم بێ گڵی زۆرە بەسەردا هاتەوە
چاوی تۆ خۆش بێ نەماوە تازە ئومێدی ژیان لەت لەتی دڵمە لەگەڵ خوێنی جگەردا هاتەوە
ئینتیزاری قافڵەی غەم بووم لە ڕێوە بێتەوە حەمدی وا هیجری موئەببەد خۆ لەبەردا هاتەوە

40[edit]

نازی گەردوون بۆ دەکێشم ئەو بە ڕۆژی ڕووتەوە من بە ماهی نەخشەبێکی شوعلەدەر وەک ڕووتەوە
بەر دەخا ئاهووی خوتەن بۆ نافەیێکی میشک بۆ عەنبەری سارا فرۆشم من لە سایەی مووتەوە
تاقی ئەبرۆتم مورادە ڕوو لە قیبلەم بۆ نوێژ ئەهلی قوبلە چی بەسەر میحرابی تاق و جووتەوە
تا قیامەت من منەتباری غەمی هیجرانی تۆم ئەو دەخۆم و عامییانە نیم بەتەنگی قووتەوە
بۆ گەدایی کۆیی جانان سەڵتەنەت هەر مردنە گەر خودا ڕەحمی لە دڵ نێ بێ لەتەک تابووتەوە
عەشقی شیرینت ببێ عاشق لەگەڵ ئەم زوعفەدا کۆهکەندێکی چ حەققت تۆ بەسەر بازووتەوە
دلبەرت ڕۆیی ڕەقیبی کەوتە دوو خاکت بەسەر حەمدی بنواڕە سەگێکە وا بەدووی ئاهووتەوە

41[edit]

موژدە بێ یاران ئەڵێن تەشریفی جانان دێتەوە وەک هیلالە قامەتم تا بەدری تابان دێتەوە
ڕۆژ کە گیرا شەمشەمەکوێرە عەجەب کەوتە سەما سا دەبا کوێر بێ بینینی ڕۆژی ڕەخشان دێتەوە
موددەتێکە موڵکی دڵ وێرانە شاگەردانییە ساحیبی سواری هەوایە وەک سولەیمان دێتەوە
وەک شەوی لێکردووە زوڵمەت دڵی ئیسلامەکان ڕۆژە جا ئەلحەمدولیللا نووری ئیمان دێتەوە
بولبولی شەیدا لە ئەترافی چەمەن بۆ ناڵەتە گوڵ بە خەندانی وەکوو سەروی خەرامان دێتەوە
بۆ حەیاتی تازە بیداتە شەهیدانی وەفا هەر وەکوو دەریایی عوممان ئابی حەیوان دێتەوە
مەسکەنی کێوانە حەمدی هەمدەمی دێوانەگان تا بەخێرێت ئەو ڕەئیسەی خێڵی ڕەندان دێتەوە

42[edit]

وەختە ساڵێکە کە ڕۆژێکم نەدیوە هەر شەوە مردنە ئەم حاڵە یا ئاخر زەمانە یا خەوە
بێ وەفایی گەر نەبێ ڕاستی لە نەگبەت عاجزم ڕەببی بینێری ئەجەل قائیمەقامی ئەم ئەوە
ئەم دڵە لەت بێ لە زوڵمی خەسمی کافر عاجزە دلبەری بێ شەرت دەزانێ واسیتەی عیجزم ئەوە
شوعلە کەوتۆتە دەروونم حیسی ڕووناکی ئەکەم بەرقی ئاهە یا تلووعی شەمسی ساحێب پرتەوە
وەسڵە یا هیجران بێ وەقفە گرۆهی عاشقان یەک بەیەک حەمدی ئەڵێن نامەرد زەمانی سەرڕەوە

43[edit]

تۆ بە چاوی سورمەدار و زلفی موشکین نافەوە ئاسکەکەی دەوری خەتا بووی کەوتییە ئەترافەوە
بەم شەوی هیجرانە فەرموو با چراخانێ بکەین من بە شوعلەی ئاهی گەرم و تۆ بە مینای سافەوە
تۆ کە تاقە غونچەکەی گوڵزاری حوسنی ڕۆحەکەم چیت بەسەر ئەسبابی تاقە و ئەتڵەس و کیشبافەوە
کفرە بۆ چی گەر بپرسی حاڵی خەستەی عەشقی خۆت با بڵێن کردوویە جارێ ڕوو بەلای ئینسافەوە
سالیکی ڕێگەی موحیببەت سەر لە جێی پێ دادەنێ چی بەسەر چۆلی عیراق و یا بە کێوی قافەوە
تا قیامەت با بەرن باری گلەی ئێمە سەلەف ئاگرێکی وەک عەشقیان نایە دڵ ئەخلافەوە
تێ گەیشت حەمدی کە بەندەی شێتییە دنیا و دین ڕوو ئیتر ناکاتە زاهید چی بەسەر ئەشرافەوە

44[edit]

من لە عالەم چوومە دەرچیمە بەسەر ئینسانەوە ئێستە ئینسانم کە چوومە مەسلەکی حەیوانەوە
شێت و شەیدایی نیگاهی چاوی مەستی دلبەرم پێکەنینم دێ بە کوشتن چیم بەسەر گریانەوە
کوڵمی هەڵگیرسا وەکوو ئاگر بە نووری ئابی مەی دڵ وەکوو پەروانە چۆتە مەجلیسی سووتانەوە
کەس نەبوو داوێنی ساقی بابدا ڕەحمی ببێ خوێنی من بۆ چی دەکاتە کاسەیی خوبانەوە
تاجداری خوسرەوانم چونکە خاکی کۆیی تۆم خاکی کۆی تۆ گەوهەری تاجە بەسەر سوڵتانەوە
ئارەزووی وەسڵم لە هیجرانا ئەگەر حاسڵ دەبوو جا دەبوو بمرم بە داخی یەک نەفس هیجرانەوە
حاشیەی پەرچەم عەیانی کردووە سڕڕی جەمال هەر وەکوو تەفسیری بەیزاوی بەسەر قورئانەوە
خوێنی من کەوتۆتە سەر لێوت حەقە بیخۆمەوە بیدە وەک ساقی کە ئەیدا مەی بەدەم مەستانەوە
من فیراری دەوڵەتم ئەمما ئەسیری زلفی یار شاد و مەحزوونم کە مەشهوورم بە دوو عینوانەوە
دەرنەکەوتی بۆیە بەم جەژنە بە ڕۆژوو مامەوە جەژنی من جەژنانەیی تۆ بێ بە ماڵ و جانەوە
تو خودا ڕەحمت ببێ بەسیە ئیتر بنوێنە ڕوو ئینتیزاری مانگە حەمدی چونکە بەم سەربانەوە

1920
هەڵەبجە

45[edit]

لێم گەڕێ واعیز ئیتر سووڕەت پەرستی کارمە ئەم جەلالە سەیری عەکسی دڵفریبی یارمە
خوێنی جەرگم گەر لەدەست و پێ گری هەروەک خەنە جا دەڵێم خۆزگەم بە خۆم خوێنم لەسەر خونکارمە
زەڕڕەبینم بۆچییە گەر زەڕڕە نووری بێ بەسەر جیلوە بەخشی دیدە عەکسی شەوقی مەهڕوخسارمە
چەرخە توخوا با بزانم چۆنە ڕەسمی بت پەرست ڕووبەڕووی سووڕەت لە خاکە کەوتنم ڕەفتارمە
شێوەکەی بێ دەنگ ئەدا ئەم عەکسە تەسکینی بە دڵ بێ بەشە دەمدەم بە دەم حەقمە کە هەر هاوارمە
لەب بەخەندە سوڕەتی جانانە حەمدی سەیر ئەکا بۆ نیساری بۆیە شیرین وەک شەکەر گوفتارمە

46[edit]

هێند دڵم موشتاقی تاقی جووتە کەعبەی ئەبرووە وا لە عەینی فیتنەدا سوجدەی بە قیبلەی بردووە
سەیری ئەم شەوقە بە سەیر و باسی زلفی ئەو گوڵە موو لە ناوی چاوم و نوکی زمانم دەرچووە
با نەجاتی زوو ببێ عاشق لەژێر چنگی ڕەقیب ئەو مەڕە ناژی لە چنگی گورگی زاڵم بەر بووە
تۆ لە شەوقی من دەسووتێی بۆ چی دەیفەرمووی وتم ئەی شەمع پەروانە لوتفەن فێری کردم ئەم خووە
هێند گەڕا دنیا نیهایەت کەوتە دەستی کوفئی خۆی خوێنی خەڵک و ماڵی عالەم بوو جییازی ئەم شووە
وەک لە دووی دنیا گەڕا گەر بۆ عەسای مووسا دەبوو ئێستە دەستی کەوتبوو بووبوو بە فیرعەون ئەم جووە
ناوی حەمدی بۆتە پێخۆری قسە زوو بیکوژن با لە لوقمەی ئەم دەنی تەبعانە دەرچێ ئەم مووە

47[edit]

ڕووم لە تۆیە پرتەوی خورشید و ماهم بۆ چییە خاکی بەرپێت تاجی سەرمە، تەختی شاهم بۆ چییە
کیشوەری سەبرم بە مەعمووری تەسەڕڕوف کردووە ماڵ و موڵک و شەوکەت و ئیقبال و جاهم بۆ چییە
هەر دەمەی نەوعێکە ڕەنگی چەرخی کەچ ڕەفتاری پیر گریەیی پڕسۆز و خەندەی قاهقاهم بۆ چییە
زیکری قادر نەقشبەند لەوحەیی قەلبم دەکەم نامەوێ ئەسڵەن ئیعانەی کەس پەناهم بۆ چییە
خۆشە دەروێشی نەبوونی بۆتە مایەی ڕاحەتی خەوفی ڕزقی شام و لوقمەی سوبحگاهم بۆ چییە
هەر بەیەک نیمە نیگاهت تا قیامەت مەست ئەبم چاترە فیرقەت لە وەسڵی وا نیگاهم بۆ چییە
بۆ عەدو بەرقی هەناسە و بەردی ناڵەم کافییە حەربگاهـ و ئەسلەحە و نوزم و سوپاهم بۆچییە
ڕاحەتی مەملووکی دەروێشانە حەمدی لێم گەڕێ عەرز و حاڵ و ڕەهبەر و یا دادخواهم بۆچییە

48[edit]

یووسفی من سەد زولەیخا عاشق و مەفتوونییە سەد هەزاری میسلی لەیلا هەر وەکوو مەجنوونییە
ڕوومەتی وەک قورسی خورشیدە لە بەرق و شوعلەدا زلفی شەو جەبهەی ئوفوق چەرخی کولە گەردوونییە
بۆتە بۆتە سینە دڵ مەشغووڵی حەللی دلبەرە ڕۆحی گوڵ لەعلی بەدەخشان و قەمەر مەعجوونییە
نێرگس و شەوبۆ و وەنەوشە بەرگی گوڵ سەرووی سەهی چاو و زلف و خاڵ و ڕوخسار و قەدی مەوزوونییە
سفرەیی ئەربابی هونەر کەمتر لە خوانی جەم نییە دیدە جام و دڵ کەباب و مەی سرشکی خوێنییە
شاهێدم زۆرە کە مەیلی ڕۆینت فەرموو وتم ڕۆحەکەم حەمدی کە دەفڕێ ئارەزووی دەرچوونییە

49[edit]

وەتەن عەزیزە دەخیلە مەڵێن گڵی خاکە گڵی کلێکە سورمەیی عیوونی ئیدراکە
مەڵێن تەحجیری کردووە لە ئاو و گڵ بەردی بڵێن کە جەرگی شەهیدانی کوردی بێ باکە
خەڵقی حەقە بە دیجلە بڵێن ئاوە لێڵ و وێڵ چەشمەی ڕەوانی ئێمە ڕەوان قیبلەیی پاکە
شاخی درێژی سەددی سکەندەر نیشان ئەدا گردی ستوونی بەرزی سەراپەردەی ئەفلاکە
گەر گوڵشەنی نەپشکوێت و نەڕازێنەوە چەمەن حەقیانە کورد دەمێکە پەشێواو و غەمناکە
حەمدی دەناسی تورک و عەجەم دیارە ئەجنەبیش دوژمن بە خاکی کوردن ئەمانەت کە دی ڕاکە

50[edit]

بازاڕی عالەمە کە بەقاڵی بە قاڵییە مەعنا لە مەعنایە قسەی خاڵی لە خاڵییە
ڕوو ترش مەکە لە کردەوەی ئەم چەرخە کەچڕەوە شیرینی ئەم هەوایە بە تاڵی بەتاڵییە

51[edit]

بۆ چیمە ماڵ و چیمە بە بەحسی ژیانەوە وەک نەخلی بەختی کوردە کە دیومە ژیانەوە
جێی حاکمی بەبانی بە دەروێشی دا زەمان ڕێوی ئەخاتە لانەی شێری ژیانەوە