دیوانی حەمدی/و

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی حەمدی  (1936)  by حەمدی
پیتی و

1[edit]

بێ سەر و سامان عەجەب دەریایەکی قەترانە شەو ڕۆژی ڕەش بێ دۆزەخێکی موددەتی هیجرانە شەو
کردەوەی دنیا کە هەر عەیبە دەبێ داپۆشرێ پەردەیێکی موختەسەر خاسی بەسەردا دانە شەو
ڕۆژی کردە پەردەوە باقڵ لە باخەڵ مانگی کرد بۆیە وا وەختی زەفافی ئەکسەری بووکانە شەو
بەدری کامیل سەر لە گۆشە دەردەهێنێ هەر دەڵێی خێڵە ڕەشماڵی ڕەئیسی جوملە مەهڕوویانە شەو
دەردەخا هەر کەس بە ڕەنگی خۆیەوە وەک سیم و زەڕ وەک محەک مەفتوونی تەدقیقاتی عوششاقانە شەو
عادەتا هەر وەک سەحیفەی بێ سەوادە بەدری ڕووت حاشیەی هەر لازمە زلفی مەهی تابانە شەو
هەر لە ئاوابوونی ڕۆژانایە ماتەم دەیگرێ عەرزی ئەندامی دەکا دیارە لە ڕەش پۆشانە شەو
هەر شەوی میعراجی تەنها کائیناتە قیمەتی لەیلەتولقەدری موقابیل سەد هەزار ڕۆژانە شەو
خاڵ و میل و چاوی خۆمی پێ بڕێژم فرسەتە پڕ دڵی چونکە جەواهیر سورمەیی چاوانە شەو
ڕۆشنایی گەر لە دڵتایە شەوە وادەی ویساڵ بۆ عیبادەت خەڵوەیێکی موشکیل و ئاسانە شەو
حەق وەهایە تا قیامەت حەمدی باسی شەو بکەم چونکە ڕۆژی ڕۆشنی ئەهلی دڵ و ڕەندانە شەو

2[edit]

عاشق و سۆفی لە خوڵقا ئەم مەلەک شەیتانە ئەو پیری بادە و شێخی تەکیە ئەم بەشەر حەیوانە ئەو
ڕازی عیشقم بردە لای زاهید وەکوو کەر گوێی لەقان حاڵی بووم خاڵی بوو ملپانە خەریکی نانە ئەو
نووری مەی فەرقی لەگەڵ شوعلەی ئەلەتریکا هەیە ئەم چرای ئافاقی فیکرە و خاسی کۆڵانانە ئەو
من کە دەسلەملانی شیشەم هەر بە یادی گەردنە ئەم مل ئەشکێنم کە دەرخا گەردن و گەردانە ئەو
زامی ناز و زامی خەنجەر پێت بڵێم فەرقی چییە چاوەڕوانی مەلحەمە ئەم دەردی بێ دەرمانە ئەو
عاشقی ئەگریجە وەک مەفتوونی کاکۆڵ قەت نییە وەسڵی ئەم پشتگوێ خراوە هەمدەمی لێوانە ئەو
شاخی مەرجان قابیلە تەشبیهی لێوی تۆی بکەم ئەم بەری ماچینە داری بێ بەری بەحرانە ئەو
ڕۆژ و یارم ڕوو بە ڕوو وەستان وەکوو ئاوێنە یار ڕووی نیشاندا بوو بە عەکسی ئەم کە سەرگەردانە ئەو
تێگەیشتوون چاوی مەست و ئەبرۆ بۆ کەوتوونە یەک نیم نیگاهی ئەم ئیشارەی کوشتنە و فەرمانە ئەو
وەسڵ و هیجرانم لەلا ئەمسالی فەقر و سەروەتە موشکلی زۆرە وەسڵ هەر چی ببێ ئاسانە ئەو
عەشقی حەمدی سەوقی ساحەی فەلسەفە و ئیدراک ئەکا عەشقی لێ لادە بزانم ساحبی عیرفانە ئەو

3[edit]

نامەوێ ڕۆژی ڕەشی عومرم هەموو با بێتە شەو ئەشک ئەگەر بێڵێ بنووم و دلبەرم گەر بێتە خەو
ئەو گوڵەم دی وا دەزانم هاتووە بۆم موژدەیێ عومری نەو، ئیقبالی نەو، هەم ڕۆژی نەو، هەم ماهی نەو
دڵ بە شەوقی ڕوومەتی سووتاوە، پەروانە بە شەمع هەر دوو هەم سووتانە ئەمما قابیلە ئەم بێتە ئەو
من لە ژێر سایەی فەلەکدا ئارەزووی ژینم نییە هەر کەوە دەیکا بە باز و بازە هەر دەیکا بە کەو
کیمیایێکە عەقڵ، عاقڵ دەکا زەرد و زەعیف ئەحمەقی، ئەم ئەحمەقانەی کردووە هێندە قەڵەو
ئەشقەری ئیقبالی یاری سەرکەشی من سەرکەشە بازوویێکی ڕۆستەمانەی پێدەوێت بگرێت جڵەو
سکەیی ساحێبقڕان ناوی نەما ئێستا بە نەقد حەمدی داغی دڵ لە ناوا نایە کەوتۆتە بڕەو

4[edit]

ڕۆیوانن خوا پێداو و ماوەوەن خوا پێنەداو خۆزگە بەو سەیدانە بێ پەروا چوون و کەوتوونە داو
گەر سەرم تێدا بچێ ناوی ببێ هەر خۆشە پێم خۆشە پەروانە بسووتێ ناوی تۆ هاتۆتە ناو
کوللی سوبحێ زوو بە شۆری گریە خوێناوی جگەر داغی دڵ شوبهەی نییە بیناترە ئەلبەت لە چاو
کاری عاقڵ نەبووە ئەمنییەت لە دڵ ڕێشی قەدیم مەستە گەر ساقی شەرابی کردە ناو شووشەی شکاو
ژنیەتی دنیام بە حەققەت ئێستە بۆ ساغ بۆتەوە هەر کەسێ ئەمڕۆ کە پیاوی ژن نەبێ نابێ بە پیاو
سەیدی سەحرا موستەریحن هەر دوعا بۆ شێخ دەکەن ئەمری داوە جا لەناو شارایە نۆبەی خووگەڕاو
بۆ بڕینە دەستی کورت و داری بێبەر سەوز ئەبن سەرو و من پێمان حەرامە فیلحەقیقە نان و ئاو
کێ لە باخەڵ عاقڵێکا شاهێدی مەقسوودی دی بەش بڕاو و دڵشکاو و نابەکامن ناتەواو
عیززەت و زیللەت کە یادی دیدەیی حەمدی بکەن قاچی ئەشکێ عیززەت و زیللەت بە ئانێ دێ بە تاو

5[edit]

کێ هیلالی دیوە شەق بێ ماهی نەخشەب بێ بە گۆ تیفلی چاوی یار ئەکا یاری بەسەر کوڵم و برۆ
کۆیی یارم پێمەدە زاهید بە جەننەت عالەمێ بەردە بارانم دەکەن چۆنی بدەم گەندوم بە جۆ
من لە ڕێی عەشقا لە پیری کەوتووم وەک داری شەخس شاخی ئومێدم خەریکە دەربکا تازە چرۆ
موژدەیی پشکووتنی دەمتی بە گوڵشەندا سەبا غونچە وا تێکچوون بە قڕچوون هەر بە مشتی خۆ بەخۆ
خوێنی من گەر خۆت لە پێی ئەگری زەریفە بمکوژن من بسووتێنن ئەگەر دەمکەن بە کل بۆ چاوی تۆ
بۆنی ئەو زلفە بە ڕۆژی ڕووتی کرد شەوبۆ وتی من کە شەوبۆ بم ئەمیشم ناو ئەوا نا ڕۆژبۆ
باسی ئەو خاڵە وەنەشەی مل شکاند بێ هۆشی کرد خۆ فەقیرە لێشی هەڵناسێ بسووتێ بێنی سۆ
دەستگاهی قودرەتی تاقە عەجایب دەردەخا ئەم نیگارە هەر لە ڕشتەی بەرگی گوڵیە تانوپۆ
عیززەتی نەفسی گەدایان سفرەیی سوڵتانییە دوودی ئاهە نانی گەرمی حەمدی ئەشکی ئاو و دۆ

6[edit]

بێستوون تۆزە سەنەم نیسبەت بە ئیستیغنایی تۆ حەقیە ناگاتە خەوی شیرینی گەردی پایی تۆ
من دوعاگۆی سەرکەشی تۆم نەمکوژی لەم وەختەدا ناکەوێتە سەر جەنازەم سێبەری باڵایی تۆ
تۆ لە خەو هەڵسی هەڵێ خۆر بەزمی حوسنت گەرم ئەبێ ئەی سەنەم ڕۆژە مەزەننە پەنبەیی مینایی تۆ
شک نییە جیسمی لەتیفم گەر وجوودێکم دەبوو بۆ چی جارێکی نەدیوم دیدەیی بینایی تۆ
حوسنی تۆ ئیعلانی ئیستیقلالی کرد لەم عەسرەدا هەیئەتی خاسی وجودی دەوڵەتە ئەعزایی تۆ
عەکسی ئەحواڵی جیهانە حاڵەتی دنیایی عەشق موحتەرەم نابێ هەتا عاشق نەبێ ڕیسوایی تۆ
هەر لە زددی قاعیدەی عیلمە کە جەمعی زد ئەکا مەست و هوشیارە سپی و ڕەش نێرگسی شەهلایی تۆ
شەرحی خزری داوە سەبزەی مەیکەدەی پیری موغان چەشمەیی ئاوی حەیاتە کوپەیی سەهبایی تۆ
حەمدی کورت کورتە قسەت ئاڵۆزە فکری ئەمشەوت باسی پەرچەم کە گەلێ شێتی ئەکا سەودایی تۆ

7[edit]

باڵی کێشاوە بەسەر حوسنا لە دوو لاوە برۆ وەک هوما گەییە مەقامێ پێی لەسەر چاوە برۆ
ئەمری هەر قەتلە ئیشارەی دڵ بە دوولەت کردنە شیری میسرە قەت لە کالانا نەوەستاوە برۆ
ڕوتبەیی باڵا بە ئینسانی بچووکی قەت مەدەن چۆن لە ڕووی ڕۆژا بزانە شیری کێشاوە برۆ
پەنجەیی ئیعجازە سایەی ما لەسەر شەققولقەمەر یا لە قاپی مەستی نازا حاجیبی ناوە برۆ
بۆیە ساف و تیژە وەک خەنجەر لە بەختمدا سەبا بەو هەسانی مەککەیەی زلفانەیی ساوە برۆ
ڕەنگە قەت ئەهلی موحیببەت یەک کەسی لێ دەرنەچێ تیغی ڕاکێشاوە ئەمری کوشتنی داوە برۆ
وەک چەمەن حەمدی بە خەتتی وردە تەعریفی بکەی چونکە ئەو ڕەیحانەیە تەعریفی هەر ماوە برۆ

8[edit]

سەیری عینوانی ئیشارەی ئەمر ئەدا مەعنا برۆ یەعنی گەر نیتە برادەر مەیلی شیربازی بڕۆ
نرخی خەرموهرەی نییە گەوهەر لەکن سەڕڕافی عەسر کومەڵێکم ئیستیقامەتدا بە تەنها یەک درۆ
من درۆم دیوە لە باغی عالەما سەوزیش بووە سووکی و ڕیسوایییە وەختێ ئەدا غونچە و چرۆ
ئاشنایی قەت لەگەڵ ئەحمەق مەکە گەر عاقڵی حەیفە بۆ تووتی لە تەیرا بێ بەکەر خۆری گرۆ
یەک قسەی ڕاستیش بکە بەڵکوو درۆت بۆ سەر گرێ مەنجەڵێ ژەک قەترەیێ شیرە کە دەیکاتە فرۆ
مەنزڵی دوورە درۆزن سەیری ناکەی حەمدی یا ئەم قومارە هەر کەسێ ئەیکا زوو دەبێ سووک و تڕۆ

9[edit]

دڵ لە دنیا دەرچوو دنیا خۆ لە دڵ هەر دەرنەچوو چارە دەرچوونە هەتا عیزز و شەرەف زیاتر نەچوو
ئاگری گرت کولبەکەم ئەمشەو بە پرشنگی فیراق تۆ لە دڵما بووی لە ترسا ڕۆحەکەم بۆ دەرنەچوو
زۆری وت واعیز بە چاوی تۆ بەچەی پەیمانەگێڕ گوێم نەدایێ قەت دڵم بۆ ساقیی و کەوسەر نەچوو
هەر بەسەر تیغی برۆیا دەستی هەڵێنا کوشتمی حەقیەتی شاهید وتوویە دەستی بۆ خەنجەر نەچوو
بۆ تەماشای کوشتنی شەیدابوانی شەمع و گوڵ بولبول و پەروانە چوون و دڵ لەبەر دلبەر نەچوو
هەر وەکوو نەشتەر دەماری دڵمی دەرهێنا موژەت چوو بە جەرگی ئاوێنەشدا هەر وەکوو نەشتەر نەچوو
دلبەرم تەعنەی لە لەیلادا وتی مەجنوونی تۆ چۆتە دەفتەر ناوی وەک حەمدی بەسەر دەفتەر نەچوو

10[edit]

خەواڵو بوو برا بەختم وەیا خود هەر لە خەودا بوو سوپای شادی لە دڵدا تیپی تێکدا بوو لە ڕەودا بوو
کە فرسەت کەوتە دەست غەم هێرشی هێنا وەکوو شەیتان وەها ڕێکەوت کە ڕۆژگیرانی ئەمجارە لە شەودا بوو

11[edit]

لە باسی زلفتا جانا قسوورم بوو بە موو فەرموو ڕەزام هەڵماوەسی ئەمما نە ئاڵۆزی بەشەرتێ موو
لە داغی زیوی پڕ غەش بۆتە بەردی ڕەش محەک یاڕەب بەچی بم من لە داغی کردەوەی هەمسایەیی بەدخوو
قەباڵەی فەڕ و ئیقبالم بداتێ نامەوێ چونکە ژنێکی هەرزەیە دنیا کە حاشا هەر دەکا بۆ شوو
هەموو کەس هەر ئەگاتە شەشدەری نەردێنی ئەم دەهرە بە دوو شەش بێ، بە دوو سێ بێ، چ ئەمڕۆ بێ، چ فەردا زوو
نیقابی شەوقی یەکڕوویانی دنیایە سیەهـ بەختی چ باکی شەو بوو کە ڕۆژی جیهان ئارا ئەبوو دوو ڕوو
لە هەمڕازی ڕەقیب ئەم شۆخە حەیرانم کە سڵ نەکا مەگەر ئیعجازی عیشقە سەگ دەکاتە نۆبەچی ئاهوو
لە هاتووچۆیی دنیا حەمدی ئیستیغنا بکا حەقیە نەچوو کەس بێتەوە ئەمما ئەوانەی هاتووە هەر چوو

12[edit]

کە ئەوزاعی جیهانم دی قەناعەت عەینی سەروەت بوو گەدایی ڕەحمەتی حەق پادشاهی حەققی زەحمەت بوو
بەبێ دێوانەیی تەرکی عەلایق ناکرێ حەقیە لە تەقسیماتی ئەحواڵا دڵم ماییل بە جەننەت بوو
نەتیجەی کاری دنیا زەحمەتە دووبارەیە یاران حەیاتێکی سەفیلانە و مەماتێکی بە زیللەت بوو
لە سایەی نەفسەوە سیححەت لە ئەبنایی بەشەر دوورە بەڕەحمەت بێ پدەر نوتفەی دەڵێی مەعجوونی عیللەت بوو
لە سەفحەی دەفتەری ئەخلاقی عالەمدا ئەگەر بووبێ وەفا نەمدیوە بیستوومە بووە ئەمما بە قیللەت بوو
فەقر تۆشەی خوڵاسەی سالیکی عیرفانە تەحقیقە موسیبەت بەرگی ڕەعنایی قەدی ئەربابی هیممەت بوو
لە ڕێی یەک ڕەنگیا هەر کەس وەکووحەمدی کە سابیت بوو بە تەعنەی ئەهلی بێ غیرەت نیهایەت هەر بە عیبرەت بوو

13[edit]

وەرن یاران ئەجەل ڕەهبەرمە ئەمشەو فیراقە ئەووەڵی ئاخرمە ئەمشەو
خەیاڵی بەزمەکەی قەیسەرمە ئەمشەو «سەدای سەمتووری کەللەم گەرمە ئەمشەو
چریکە و بانگی دڵ بێ شەرمە ئەمشەو»
تەبیعەت بەرزە زاهیر گەرچی پەستم نەوەی ئەو شێرەکەی ڕۆژی ئەلەستم
لە باڵا بۆ بەڵا پشتێن ئەبەستم «بە نینۆک کاری فەرهاد دێ لە دەستم
وەها شاهوولە سینەم نەرمە ئەمشەو»
شەوی هیجرە دڵم زامار و مەحزوون دەروونم ئاگری بەردایە گەردوون
نەماوە ڕاحەت و عەقڵ و سەبر چوون «لە تەنیایی بە یادی ڕۆحی مەجنوون
خەیاڵی گەشتی دەشت و دەرمە ئەمشەو»
لەسەر عەقڵ و لە دڵ ڕاحەت کە دەرچن ئیتر نامینێ فەرقی ژین و مردن
حەقی وایە کە عاشق دەربەدەر بن «ئەگەرچی یار و یاوەر بوونە دوژمن
غەمی بێ یاری بوو یاوەرمە ئەمشەو»
ڕەقیب و ناحەزت مەسروور خەندان ڕەفیق و دۆستانت مات و حەیران
منیش سووتاوە جەرگم بۆتە بریان «لەسەر ڕووم زامی ناخوون نەخشی تۆی بەست
تەمای سنعاتەکەی ئازەرمە ئەمشەو»
بە کوشتن عاشقانت کرد سەرەفراز منت هەر هێشتەوە بۆ عیشوە و ناز
وەکوو کەو خۆی دەکا حەمدی فیدات باز «سەرم شۆری ویساڵی کەوتە سەر باز
دیسان کوردی کە دەردی سەرمە ئەمشەو»