دیوانی حەمدی/ڵ

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی حەمدی  (1936)  by حەمدی
پیتی ڵ

1[edit]

چۆن زمانی خامە نەشکێ نەپچڕێ ڕشتەی خەیاڵ کاسەیی پڕ مێشکی کەللە بۆ نەبێ یەکسەر بەتاڵ
حامیی قەومی زەعیف و عامیلی عەدل و ئەمان وا لە کوێ چۆنی بنووسم چۆن بنێرم عەرز و حاڵ
چۆن لەژێر ئەم سێبەری گەردوونی دوونە دەرنەچم خەسمی مادەرزادی قەومم ساحبی عەزمە و کەماڵ
چۆن لە ساحێب قودرەتی نەوعی بەشەر تەعنە نەدەم بۆ لە بەختی ئێمەدا ئەمڕۆ هەموویان کەڕن و لاڵ
بۆ بەژێر بەحرا دەڕۆن و ئاسمانان کەشف دەکەن بۆ چی ناکەن کەشفی دەردی کوردی بێ چارەی شیمال
سەیری ناکەن وەک نیگاری لەوحی تەئریخی بەشەر نەقشی کوڕڕەی ئەرز ئەکا وەک بەحری ئەحمەر خوێنی ئاڵ
کێ لە قانوونی بەشەردا دیویەتی ڕاستی بڵێ بێ قەباحەت خوێنی ئەم کوردە لە کوللی کەس حەڵاڵ
بۆ بە دارا بکرێ پیاوی تێگەیشتووی قەومی کورد بۆ بنێژرێ نەوجەوانی پێگەیشتووی وەک نیهال
لەحزەیێ نەبڕا لە بەدخواهانی ئەم قەومە فەرەح خێر خواهیش نەبوو ئانێ وا بەبێ حوزن و مەلال
درزی ئەرزێ هەر نییە ئێسکێکی کوردی تیا نەبێ سەگ نییە نەیخواردبێ گۆشتی ژنێکی یا مناڵ
وا بە خوێناوی سرشک و خامەیی خامی موژەم ئەم عەریزەم نووسی نامەرد بۆم بەرە بادی شەماڵ
بیبەرە مێشکی هەموو ئەفرادی قەومی کوردەوە تا لە قوڕ نیشن لە ڕۆژی ماتەما ئال و عەیال
ڕۆژی تەئریخی لە بیست و چواری مارتا واقیعە ڕۆژی ماتەم ڕۆژی قوڕپێوانی کوردە کوللی ساڵ
قەت برا نابێ گلە لەم قەومی خۆتانە بکەن دەردەدارن بۆیە ناگەن بۆ ڕەفیقانیان بە باڵ
دەست لە شەرحی دەردی کورد هەڵبگرە حەمدی چاترە نەک بکا نەقلت هەتا ڕۆژی حەشر جەڕی مەقال

1925/3/24

2[edit]

شوعلەیی ڕۆژی فیراقە ئاگری برژانی دڵ هەر نەسیبی دوژمنم بێ قرچەیی بریانی دڵ
دڵ شکاوم فرسەتە قابیز بکێشە ئێستە ڕۆح فەرقی پێ ناکەم ئەگەر بمرم لە هەوڵی ژانی دڵ
ناوی عەشق ئەرز و سەمای هێناوەتە لەرز و سەما بۆتە جارووکەش کەچی بۆ کولبەیی وێرانی دڵ
ڕۆحی خاقان و گوڵی فەغفوور و مەغزی قەیسەرە ئەم خەمیرە بۆیە غەڕڕایە نەشئەی فنجانی دڵ
چاوی لەبڕێزی سرشکی شادییە ساغیرکەشی قەهقەهەی مینا نەخاتە بەر کوڵی گریانی دڵ
هەر ئومێدێکی چرۆیێ داغی هەریەک غونچەیێ مەحبەسی ئەربابی مەعنا باغە وەک زیندانی دڵ
میسلی نەی شێرانی دڵ هەر یەک نەوایێ لێ ئەدەن وەک جلووسی ساڵی تازەی کردبێ سوڵتانی دڵ
ئەمری سوڵتانان هەموو تەکلیف و قەید و زەحمەتە تووڕەیی ئازادی و ختوونی شادییە فەرمانی دڵ
دەرکی بێ چاو، حیسسی بێ دەست، سەیری بێ پێکەی ئەکا ئافەرم بۆ دیدەن و بۆ حیسس و بۆ سەیرانی دڵ
ڕۆحی بێ ئیدراک و وێڵ و هەرزەگەردم بۆ چییە ساحبی تەمکین و دەرکە دەیکەمە قوربانی دڵ
ڕۆح بە هاتووچۆیی ئەو وەک توتیی چۆتە قەفەس بۆ فڕین ئامادەیی وەستاوە تا وەستانی دڵ
سەیری کەن پووش و پەڵاشی ڕوویی لافاوی بەهار عاشقی تەمسیل ئەکا کەوتۆتە بەر جەریانی دڵ
سووڕەتی هەرچی کە چاوم دیویەتی گرتوویەتی ڕۆژ دەڵێی زیزانەیە کەوتۆتە سەر خەرمانی دڵ
میحوەری ڕۆحە و ڕەئیسی هەیئەتی بەزمی وجوود با وجوودا عەرشی ڕەحمانە ئەڵێن عینوانی دڵ
عەشقە، شۆرە، سەوزە، سوورە، شینە، عەیشە، شادییە فیتنەها گرتوویەتی لەم سەفحەدا دامانی دڵ
ئەو زەمانە بۆ هەموو دەردێ دەوایان دادەنا ئەهلی حیکمەت دەردیان داناوە بۆ دەرمانی دڵ
حەمدی ڕەنگە دڵ پەری بێ دەست لە کاری قەت مەدە گرتنی شێتی دەبەخشێ هارییە بەردانی دڵ

3[edit]

چاوم لە تۆ بڕاوە بڕاوە فەڕەح لە دڵ تۆ ڕوو دەپۆشی بۆیە لە باغا نەماوە گوڵ
بێ ڕوویی تۆ مەحاڵە بزانم زەمینی شیعر ئیمکانی خوێندنی نییە بولبول لە زەوقی چڵ