دیوانی حەمدی/ل

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی حەمدی  (1936)  by حەمدی
پیتی ل

1[edit]

عاقڵ بە پووچی زانی کە هێنایە بەر خەیاڵ دنیا برالە یا خەوە یا سەر بەسەر خەیاڵ
جانانە گەر لە ئەوجی فەلەکدا بێ مەهـ میسال سەهلە دەگاتە خزمەتی بێ باڵ و پەڕ خەیاڵ
وەهمم وەهایە زوعفم ئەگەر هیممەتی ببێ شوێنم کەوێ نەبینێ لە جێی پێم ئەسەر خەیاڵ
گوم بوو دەمی دەمێ بوو شوکر خەندەیێکی کرد لەو بەحری حوسنەدا گەوهەری خستە دەر خەیاڵ
سەر ڕشتەیێکی خستە ملی نەفس و ڕستی کرد وا ئەو سەگەی لە خانەیی من بردە دەر خەیاڵ
جەننەت کە هات و پادشەهی عەقڵی کردە دەر مەردانە تاجی سەڵتەنەتی کردە سەر خەیاڵ
لەم دەستگاهی مەعنایەدا حەمدی یا جیناس ببڕین بە ڕەنگی ئەلبیسە بیکەینە بەر خەیاڵ

2[edit]

شەهیدە ئەو کەسە هەڵسێ لە قەبری نوورێ وەک مەشعەل بە خوێنی ئەو دراوە دیارە شمشێری برۆ مەسقەل
هەتا عاشق نەکوژرێ جەوهەری دەرناکەوێ قاتیل دەسی سەوزە چ ڕوو سوورە بزانە تەختەیی مەغسەل
هەتا کەی وێڵی وادی ئولفەتی ئەی بێ خەبەر مەجنوون ئەوە گەردی چ شەیدایێکە گەییە دامنی مەحمەل
لەناو ئەهلی دڵا سۆفی دەزانن چۆنە تەشبیهی لە خەرمانی گەنمدا بێ گوڵی زیزانە و خەردەل
جیهان ڕەنجی من و فەرهادی زایع کرد بە ئەفسوونی بەڵێ پێی خۆشە پیرێژن نەمانی شەهسواری کەل
پەلەی پێکەوت جیهانگیری بە من باقڵ دەکا جانان پەلی سەوقی مەکانێکی دەکا دەمکا کەوا پەل پەل
بە دەعوای ئەسڵ و فەسڵ ئیکمالی نوقسان عەینی نوقسانە کە داعی شوبهەیە فازیڵ نەبێ گەر نوتفەیی ئەفزەڵ
فیراقت ئاگرێکی ناوەتە خەرمانی عومری من لە هەر جێ دادەنێم پێ ئاگری دەگرێ وەکوو مەشعەل
بە لەیلا هەرچی مەیلی بێ بەڵێ لایوسئەلە مەجنوون دەجۆشێ خوێنی دێوانە لەسەریا هەروەکوو مەنجەڵ
لە بەدتینەت ئومێدی حوسنی نییەت بۆ دەکەن خەڵقی ئەگەر ڕۆحی بەبەرداکەی بە لیمۆ قەت دەبێ حەنزەل
یەکێ چاکە لەبەر چاوی یەکێ دوو بێ نەوەک دوو سەد لە ساحێب سووئیزەن ئەلبەت گەلێ ئەهوەنترە ئەحوەل
بە میقداری هونەر قەدری بە کەس نەشداوە ناشیدا جیهان حەمدی دەکا ئەکسەر بە گەوهەردانەیی پشکەل

3[edit]

ڕۆژێ وەسڵێکم دەوێ هەر وەک شەوی هیجران بە توول تا لە نیسبەت میحنەتمدا ئارەزووم بێتە حسوول
هەروەکوو ڕۆژ و شەوم دی پێکەوە یار و ڕەقیب حیرەتم نەمکرد لە داخانا عەجائیب بۆ نزوول
گەر بسووتێ حەقیە بۆ موشتاقی وەک پەروانە شەمع چونکە میعراجی موحیببەت سووتنە کردی قبوول
من لە سلکی ئەهلی دڵدا بولبولم دەرکردووە سڕڕی مەعشووقی بە عیففەت نادرێتە دەس فزوول
سەیلە ماڵی خۆی و عالەم کا بە سەر پێچی خراپ ڕوو لە ماڵی کەس نەکا مەخلووقی سەر پێچ و عەجوول
قیر سپی بوو داغی عەشقم تا بە دنیایێ کڕی قەت وەکوو زاهید قیامەت مومکینە بیدەم بە پوول
نایەڵێ حەمدی فەرەح حاڵی لە حاڵی خۆت ببی سەیری عالەم ئەو کەسە دەیکا کە دایم بێ مەلوول

4[edit]

نابەجایی کەس نەدی حەتتا لە حەیوانی ئەسیل هەر بە نائەسڵی بزانن زاڵمی ئەحمەق دەخیل
سەگ بە سائیل هەر وەڕینێکی هەیە ئەمما ڕەقیب ناوەڕێ تا نەمگرێ موعتادییە کەلبی بەخیل
من لە خۆشی ئەو دەمە نەقسوددەمم وا پێگەیی قوڕ بەسەر لالە کە داغی چۆتە دڵ ئەمرێ بە سیل
من بە زیکری ڕوومەتی ئەو شۆخە ڕۆژم کردەوە سۆفی ڕووی ڕەش بێ لە شەودا نەیبووە زیکری جەمیل
بەو ئیشارەی ئەبرووانە وا لەتی کرد جەرگ و دڵ قەت وەهای ناکا بە دوو لەت خەنجەر و شیری مچیل
هەر لەکن پیری موغانە عەرز و حاڵی مەیکەشان ئەو جەوان مەردانە دەگرن حورمەتی پیری زەلیل
ئەم فیراقەم بۆ بووەتە باعیسی شادی ڕەقیب ئاگری نەمروود دەبێتە گوڵشەنی خاسی خەلیل
بۆ کەناری سەومیعەم مورشید دەبا وا تێدەگا پیری عەشقم بۆ دەری بتخانە نابێتە دەلیل
گیانەڵاوە بۆ ئەم گلاراوەی کە کەوتە ڕۆحەوە سا وەرە بیبە ئەمیش هەر وەک دڵت بردم بە دیل
بۆ چی حەمدی وا بە سووکی سەیری ئەهلی دڵ دەکا بۆ بە گوێیا نەچوە مێشوولە کەچی کردوە بە فیل

5[edit]

فەرش و باڵینە لە لانەی بولبولانا دڕک و داڵ بێ بەڵا بێ وا دەگۆڕێ گوڵ لە ئەهلی حاڵ حاڵ
وەعدی وەسڵی دا براگەل وا دڵم کەوتە فڕین گەر بڵێن باوەڕ دەکەم عاشق لە وەسڵا دێتە باڵ
ئەو مەهەی ئەمشەو لە گۆشەی کولبەکەمدا دی وتی موحتەسیب ئەهلی محەللە ئاگرە بەربۆتە ماڵ
عاریفان هەنگامی مردن سەیری عولوییەت دەکەن مەوقیعی سەردارە عاشق زاهدیش ئەنرێتە چاڵ
وەسیەتی فەرهادە نامەرد باسی شیرینی بکەن ناوی توێشەی زاهیدم بردوو دەمم وەک زەهرە تاڵ
خەڵقە ئێوە و خوا دوعا کەن نەک پەشیمان بێتەوە وەعدی دا خەنجەر بە خوێنی جەرگی مندا مشت و ماڵ
کافەیی حوسنی بە تۆ بەخشیوە سانیع ئەی سەنەم هەر وەکوو مۆر و سەنەد وایە لە ڕووتا خەتت و خاڵ
هەر دەڵێی ئەوقاتی حەشرە ساعەتی شامی فیراق حەمدی هێشتا ساعەتێکە مانگی گۆڕی بوو بە ساڵ

6[edit]

نووسی حەرفییەن کە زلفی ماچی ڕوومەتیە حەڵاڵ بێ بەڵا بێ خاڵی نوقتەی کرد ئەوا بۆتە جەلال
تۆ لە خەیمەی نازی لەیلادا بەمن وادەی نشین ئەم مەقاماتە کە ئەمڕۆ کردوویانە ئینحیلال
مەهـ ئەگەر مەیلی نەزیرەی ڕوومەت و ئەبرۆت نییە ئەم کەماڵ و نەقسە بۆ چی یا بەدر بی یا هیلال
من لە ڕیسوایانی عەشقم بانگی بێ پەردەم ئەدەم ئاشکرا بانگی موحەممەد خۆشە گەر بیدا بیلال
بەرقی ڕوخسارت لە مەوجی بەحری نەشئەی بادەدا وەک فەوارەی ڕۆژە هەڵڕێژێ کە ئاوێکی زوڵاڵ
حیکمەتە تووتی لەبەر ئاوێنە فێری نوتق دەبێ من بە سەیری ڕوومەتی تۆ گێژ دەبم بێ نوتق و لاڵ
پێکەنینێکم لە لێوی تێگەیشتوویێ نەدی ڕەهبەری ئیدراک و فەهمە جیلوەیی حوزن و مەلال
حەمدی تەشویشی خەیاڵی غەمزەدەی هیجران دەکەن بانگی یا شێخی مورید و جاڕی کەردانی دەڵاڵ

7[edit]

قەت مەکەن بۆ من حیکایەی عەندەلیب و باسی گوڵ پڕ لە نەشئەی حوسنی یارە تێکهەڵێ بەو باسە دڵ
با لە دیدە هەڵقوڵێ فرمێسکی حەسرەت نەخلی غەم نەک لە تینوانا وشک بێ سا دڵە هەر کوڵدە کوڵ
مەزرەعەی ئومێدی ئەهلی دڵ گەڵا ڕێزانییە فیرقەتیش وا ئاگرێکە بەر بووەتە چێو و چڵ
لەم دەرە دەرچوونی ڕۆحم دەردەخا ئەهلی وەفا هەر دەبێ بیباتە جەننەت وەختی مردن ئاو و گڵ
مونکیری ئەهلی موحیببەت کوفرە وەک زوهدی ڕیا ئەم هەموو ئوباڵە زاهید چۆنی پێگیرایە مل
ئەهلی بینش ئینتزاری گەردی ڕێگەی تۆ دەکەن غەیری سۆفی کەس لە چاویدا نەماوە قەدری کل
حەمدی ئەربابی وەفایە موستەحەققی کوشتنە بۆ لە یاران جێ بمێنێ دابمێنێ مونفەعیل