دیوانی حەمدی/م

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی حەمدی  (1936)  by حەمدی
پیتی م

1[edit]

بەهـ بەهـ چ ڕۆژێکی نەوە، هەی هەی چ عومرێکی نەوە
هەوا دەریایی پرتەوە، گوڵ بۆ چەمەن بەسەر ڕەوە
سەوزە جڵەوکێشی ئەوە، دنیا وەک باغی خوسرەوە
شیرینە جێی سەیرانەکەم، ئەمما بدەی جەژنانەکەم

سەحرا هەموو سەوز و سوورە، چەشمە مەنابیعی نوورە
گڵ وەک کلی کێوی توورە، نەغمەی نەسیمی سەمتوورە
زەمین بەهەشتی پڕ حوورە، عالەم غەمی لە دڵ دوورە
جارێ بدە جەژنانەکەم، ئەوسا وەرە سەیرانەکەم

گوڵزارێکە چ ڕەنگینە، دنیا سپی و سوور و شینە
لالە و وەنەوشە و نەسرینە، ڕەیحانە و مینا چین چینە
شەستپەڕ خەریکی پەرژینە، هەر ڕۆژی وا ڕۆژی ژینە
زوو کە بدە جەژنانەکەم، تێکی مەدە سەیرانەکەم

هێنایە لەنجە دەستی چڵ، وەک جامی بادە عەتر و گوڵ
عەرعەر تەقانی دەست و پل، سەما سەما ئەکا بە خول
نەی کەوتە خوێندنی بە دڵ، نابێ ببم زیاتر خەجڵ
زۆری بدەی جەژنانەکەم، خۆشی ئەکەم سەیرانەکەم

ئەووەڵی ڕۆژی بەهارە، هەوا پاک و میشکبارە
فەسڵی کەنار و جۆبارە، جامم لە نەشئەی سەر شارە
وەعدەی ویساڵی دڵدارە، هەر جارێکە و هەر ئەمجارە
بەسیە بدە جەژنانەکەم، بەڵکو بچمە سەیرانەکەم

تۆ ماهی و من ئەختەرت، تۆ شاهی و من ئەفسەرت
تۆ ئەهلی دڵ من دڵبەرت، تۆ یاری و من یاوەرت
تۆ ئاغای و من نۆکەرت، ڕۆحم بەسەر گەردی سەرت
کوانێ بدە جەژنانەکەم، ماتەڵ نەبێ سەیرانەکەم

گوڵ غەرقی ئاو و ڕەنگە، غونچە دەم و دڵ تەنگە
نێرگز گێژ و دەبەنگە، بولبول لەسەر ئاهەنگە
ڕۆژێکی شۆخ و شەنگە، لوتفێ بکە درەنگە
بێنە بدە جەژنانەکەم، بچم بۆ سەر سەیرانەکەم

قەدەح مەست بوو ڕشایەوە، عومر لە نوێ نووسرایەوە
گوڵ پێکەنی گەشایەوە، شەونم وەک من بەشایەوە
چرۆی درەخت ژیایەوە، غونچە دڵی کرایەوە
با بەس بڵێم جەژنانەکەم، زایەع نەبێ سەیرانەکەم

وەتەن غەرقی عیشوە و نازە، ئەلحەق لە ئەرزا مومتازە
قەلی شەلی ئەڵێی قازە، کەوی هەموو ئەڵێی بازە
بە قاعیدە ئەمەند شازە، وەختە بڵێم کە ئیعجازە
ڕۆیشتوون هاوڕێکانم، بدە پارە پڕ گیرفانم

1925/03/21

2[edit]

وا عەجەب ماوم کە ماوم بۆ بەبێ تۆ نامرم وامدەزانی کەڵکی ئانی هیجری دلبەر ناگرم
شێخ و دەروێش و مرید و جاهید و پیر و جەوان گەر بەبێ عەشقت موسڵمانن ئەوا من کافرم
ئەم سەری ڕووتە لەبەر بێ قودرەتی عاشق نییە تاجی خورشیدم لەسەردایە کە شێتی قادرم
وەک مەجووسی عالەمێ سوجدە دەباتە عاشقت چونکە سووتاوی فیراقی تۆم و پشکۆی ئاگرم
چونکە مونکیر زۆرە قوربان وەرە تۆ بنوێنە ڕوو یا قەمەر وەک سینە شەق کەم قورسی ڕۆژیش داگرم
مەسکەنم مەیخانەیە مەستی شەرابی ئولفەتم حەزرەتی ساقی دەزانێ سڕڕی قەلبی زاکیرم
تو خودا ڕەحمت ببێ ڕووی دڵ لە حەمدی کە دەمێ با ببێتە مەزهەری نووری خودایی زاهیرم

3[edit]

دڵ برینداری نیگاهی دیدەیی غەممازی تۆم کوشتەیی بێ نازی جەمعی کوشتەگانی نازی تۆم
من سلووکی ڕۆژ پەرستیم کرد لە خزمەت شەونما دەرکەوێ بێ ئیختیاری ڕوو بە ڕوو پەروازی تۆم
بۆ بەسەر سیمورغ و عەنقادا نەزاکەت من نەکەم کۆترێکی پڕ بە چنگی دیدەیی شەهبازی تۆم
بەحری ساوای دیدەکانم وشکە سا لادە نیقاب ئەی سەنەم شەققولقەمەر کە کافری ئیعجازی تۆم
ساقیا ئەسبابی عەیشت بێنە نۆبەی هیممەتە موتریبا بێ پەردە نامەرد شیفتەیی ئاوازی تۆم
هەی گەروو وەک نەی بناڵە لێدە سا سینە کەمان ئەی نەفەس قانوون نەشێوێ ئینتیزاری سازی تۆم
هەڵبگیرسێنە بە نووری مەی بتا ئەمجا جەماڵ شەوقی سووتانم هەیە پەروانەیی مومتازی تۆم
قاعیدەی عەشقت لە بەختی حەمدی یا هەڵگرتووە بێ قەواعید ئەی سەنەم مەفتوونی حوسنی شازی تۆم

4[edit]

لێم گەڕێن شینێکی ڕەنگین با بکەم بۆ حاڵی خۆم دیدە داوێنم بە گوڵشەن کا لە خوێنی ئاڵی خۆم
هەروەکوو زیبایی بەرگی خاسی بەر جانانەیە کەی لە عوششاقا بووە شەیدایێکی ئەمسالی خۆم
گەر ببینی غونچە ڕەنگە هەر لە داخا شەق بەرێ نوقتەیی ئاڵی دەمی مەحبووبی دیدە کاڵی خۆم
نوقڵی دا جانان بە ئاغیار و جنێوی دا بە من هەر وەکوو شاخی نەباتم دی جنێوی تاڵی خۆم
ئیشتییاقی من بەجێیە عەرزی کەن وەختی ویساڵ بەم سکووتە شەرحی بۆ دەکرێ زمانی لاڵی خۆم
مالیکی حوسنە بە خەتت و مۆر و توغرایی خودا ئاشنا نەبوون بە زلفی یاری شیرین خاڵی خۆم
خادیمی فیکری قەناعەتکارە ئیستیغنا غەنی دائیما موحتاجە ئەلحەق ئافەرم بۆ حاڵی خۆم
من لە ئەوجی ئولفەتا حەمدی ئەوەندە بەرز فڕیم تا بە نووری شەمسی ڕوومەت ئاگرمدا باڵی خۆم

5[edit]

چی لە کەوسەر کەم کە ئێستە من شەوێ بێ بادە بم خوا هەڵەگرێ من بە یادی حۆرییان بێ سادە بم
ئیختیارم بۆیە کردووە ئەم تەکالیفەی وجوود چەندە ڕۆژێ لێرەدا بۆخۆم بژیم ئازادە بم

6[edit]

نامەیی ئەعمالی خۆم دی گەیمە پیری ڕەش بوو مووم وەک تەباشیری سپی شەرحی گوناحی نووسی مووم
وا لە گێژی بەحری یەئسی پیرییا کەشتی حەیات ناخوداییم تازە داوا لێدەکا شەیتانی شووم

7[edit]

خۆم کە ئەوسا وەک بەرق بووم بووبووە با ئەسپەکەم ئێستە کورتانم کە من بۆتە کەر و گا ئەسپەکەم
وا بە ڕەنگ زەردی و زەعیفیما خەریکم ببمە پووش زۆر دەترسم برسییە بمخوا وەکوو کا ئەسپەکەم

8[edit]

دێنە دنیاوە بە ڕووتی خەڵقی وەک بچنە حەمام غوسڵی دەرچێ و دەرنەچێ هەر دەردەچێ شاهـ و غوڵام
هاتەوە لەو دەرچووانە تێ گەیشتوویێ وتی خۆ نەگۆڕاوە زەمانە ئەسکی تاس ئەسکی حەمام

9[edit]

من بە مەجنوون دامەنێ مەحزەن کەلامی تەفرەقەم وامەزانە هەر مناڵانە خەریکی شەق شەقەم
چونکە گاهێ هەروەکوو دێوانە کێوانە جێگام وەک چەقەڵ گاهێ لە چەمدا هەمدەمی بۆق و ڕەقەم
گەهـ دەگێڕم ئاشی میحنەت هەر بە لافاوی خەیاڵ نەی گروو بەردە دڵ و بەستەجگەر دەم چەق چەقەم
نەفسی کافر مانیعی مەجرایی ئاوی جۆگەیە بۆ بناوانە خەریکی بەستنی ئەو ئەحمەقەم
گەهـ زەوی قووتم ئەدات و گەهـ فەلەک جەزبم ئەکا ئەم بە تێهەڵدانی شەق ئەویان بە هێزی پێلەقەم
سا خودا جا وەختی ڕەحمە بمخەرە سەر ڕێی نەجات چونکە بەرد و خاکی ڕێگەی ئەو شەفیعی موتڵەقەم
هەر وەکوو کوێری سەراسیما کە ڕێگا گوم بکا وێڵ و سەرگەردانە حەمدی گوێ قوڵاغی یەک تەقەم

10[edit]

بەستەیی زنجیری زلف و داغداری خاڵتم ئەی سەنەم شێتی زڕەی زنجیرەیی خرخاڵتم
کۆهکەندێکم لە کێوی بێستوونی ئولفەتا دائیما شیرین مەزاقی پاسوخێکی تاڵتم
بێتە عەنقایێ لە ئەوجی سووتنا پەروانە تۆ بۆ حزووری شەمعی مەجلیس گەر بچی شەهباڵتم
بەسمە ساقی گەردنی مینا و لێوی جامی مەی من کە شێتی گەردنی بێگەرد و لێوی ئاڵتم
گەردی من بۆ سورمەیی دیدەی غەزالان دەست ئەدا چونکە کوشتەی ناوکی موژگانی چاوی کاڵتم
باری میننەت تا قیامەت ئەهلی دڵ هەڵناگرێ بۆ بەهەشتێ وا دەزانێ زاهیدا حەمماڵتم
یار وتی بێ میسلە حوسنم سێبەری ڕوویی نیاز یەعنی ڕۆژی تۆ هەتا ئەم ڕۆژە بێ ئەمسالتم
تۆم لە پارسەنگی سەبک مەغزانی عەسرا دانەنا من بە نەقدی لەفزی شیرین موشتەری مسقالتم
قەت بە حاڵی دانەناوە حەمدی ژینی بێ کەماڵ ئەی کەماڵی بێ مرووەت سەیری چۆن بێ حاڵتم

11[edit]

دەمێکە ئینتیزاری هاتنی دەور و زەمانێکم لەدوو نانم فەرقکا چونکە من موحتاجی نانێکم
لەسەر پارە کە تەقدیری حیساباتی شەرەف بکرێ منیش ساحێبقڕانێکم شوکر ساحێب قڕانێکم

12[edit]

سوراحی واعیزی ڕەندانە بێ دەنگ تا ملی نەگرم لە وەعزا وەک قەدەح گوێ چۆن لە دەنگی قولقولی نەگرم
بەبێ ئیزنی ڕەقیب ناگا بە داوێنێ نیگارم دەست گوڵم دەست ناکەوێ تا وەک عەسا چقڵ و چڵی نەگرم
بە قانوونی گوڵان یارم لەگەڵ خەسما عەمەل ناکا لە من ڕوو وەردەگێڕێ گوڵ کە قەدری بولبولی نەگرم
بە نووری مەعریفەت تەسخیری تالیع وەک پەری نەگری بە زوڵماتی دوعا چی بکەم ئەگەر پەردەی دڵی نەگرم
برینی کۆهکەن دەکولێتەوە گەر من قسەی شیرین بکەم تا هەروەکوو لالە کەناری گوڵگوڵی نەگرم
لە بێشەی عالەما هەر ڕێوییە هەڵسێ دەڵێی شێرە لە داغی حەسرەتم چی من کە ڕەنگی پڵپڵی نەگرم
بە من چی حەمدی دنیا گەر بەهاری گوڵشەنی خەڵقە لەکن من هەر خەزانە دەست بە ساقی سونبولی نەگرم

13[edit]

لە داوی میحنەت و دەردی زەمانە ئێستە ئازادم کە پابەندی سەری زلفی پەریڕوویانی بەغدادم
بە بادی داوە لەیلا زلفی خاوی میشکبار ئەلبەت منیش مەجنوون سیفەت بۆیە لە وادی دیجلە بەربادم
بە شۆری بولبولانەی من وەکوو گوڵ پێکەنی دلبەر وتی یاڕەب چ سڕڕێکە بە عاجزبوونی تۆ شادم
لە کێوی بێستوونی عەشقییا ڕەنگێکی شیرینم کە ڕێژا جا وتم خەڵقینە بمناسن کە فەرهادم
بە شاگردی نەگرتم دەستگاهی چەرخی دوون پەروەر لە بابی عالیی عەشقا شوکر ئێستاکە ئوستادم
لە جەورت خۆت دەزانی شەکوە ناکەم ئەی ستەمگەر شۆخ نەوەک تەئسیری بێ جارێ لە دەرگاهی خودا دادم
لە لێشاوی سرشکم دیجلە پردی تاقەتی پچڕا بناغەی جسرەکەی مۆدیشی کردە عەینی بونیادم

14[edit]

لە ڕووی تۆدا نەبێ شەرتە وجوودی خۆم تەلەف ناکەم کە ڕۆحم عائیدی تۆیە فیدای تۆ بێ ئەسەف ناکەم
شەرەف جا ڕووکەشی عوششاقە ڕاحەت خادیمی دەروێش کە دەروێش و کە عاشق بم ئیتر مەیلی شەرەف ناکەم
نەفەس ساز و سەرم سەمتوورە ناڵەم نایە بەزمێکە لە تەپڵی سەر ئەدەم چەنگ و خەیاڵی دەنگی دەف ناکەم
جنوونی حەزرەتی مەجنوونە بۆتە شوهرەتی لەیلا ئەگەر عەقڵم ببێ تەرکی مەقاماتی سەلەف ناکەم
وەرە سڕڕی دەم و لێوت لە من زاهیر کە تا ماوم بە مەرگی تۆ قسەی مەرجان و مرواری و سەدەف ناکەم
غەزەبناکە دڵ و لەعلی کە قەلبی خوێنی لێ بتکێ دەڵێ لاچۆ موحیببەت من لەگەڵ پارچەی خەزەف ناکەم
حیکایەی سوبحی غونچەت تۆ لە بولبول بیستووە حەمدی خەتای کرد ئەو من ئەم باسە لەسەر چاوی خەلەف ناکەم

15[edit]

لەگەڵ ئەو شۆخەدا غوربەت ببێ یادی وەتەن ناکەم کە بۆسەی ڕوو بەسەر بێ قەت تەنەززول بۆ دەهەن ناکەم
بە سەد میحنەت هەتا خوێنی شەهادەت کەوتە داوێنم وەسییەت بێ حەرامە ئارەزووی غوسل و کفن ناکەم
ئەگەر دوردی پیاڵەی حەزرەتی پیرم بە قسمەت بێ سلووکی غەوسی سانی ڕابیتەی وەیسی قەرەن ناکەم
لە کۆیی دلبەرا غەڵتانی خوێنم کەن بە سەد خەنجەر ئەوێم پێ خۆشترە بمرم بە دڵ مەیلی چەمەن ناکەم
کە مەجنوون و کە مەفتوونی سولالەی زلف و چاوی تۆم ئەگەر عەقڵم ببێ فەرقی سەگ و ئاهووی خوتەن ناکەم
بە نیوە پێکەنینێکت دڵم وەک غونچە شەققی برد لە دار و بەرد ئیتر فەرقی دوڕ و لەعلی یەمەن ناکەم
سرشکم ڕەنگی بەحری ئەحمەری ڕێژاوە مەعلوومە بە تەنها بێ ئەمە تێکەڵ بە عوممان و عەدەن ناکەم

16[edit]

بە کوێری چاوی دوژمن پێت بڵێم ڕوتبە و مەقاماتم غوڵامی پیرم و فەڕڕاشی ئەیوانی خەراباتم
نەما کەشتی ئومێد و گوڵشەنی شادی بەڕەڵڵا بوو نە ئەرزم مەتڵەبە ئێستا نە موحتاجی سەماواتم
بە سیرەت گەر ببێ حائیل نییە بۆ دیدەنی دلبەر لە عەینی فیرقەتا مەشغوولی ئاهەنگی مولاقاتم
ڕەزیلە چونکە دنیا خەزنەداریشی ڕەزیلانە محەللی فەخرە فوقرم بۆ شەرەف بۆتە عەلاماتم
بە کەیوانی دەزانی مەسلەکی دێوانە کێوانە بە ڕووتم تێدەگەی گەر تێبگەی ساحێب موهیمماتم
نەما حەققی حەیاتم ئەهلی غیرەت سا ئەجەل زوو بە لەگەڵ ئەم ئەهلەدا نەکرێ قیامەت با حیساباتم
سەبر سەبری نەماوە تاقەتی چوو تاقەتم حەمدی تەحەممول جا دەبێ بگرم هەتا ڕۆژی موکافاتم

17[edit]

وەفا پێوەندی کردووم و موحیببەت کۆت و زنجیرم وەگەرنە دەست و پێ هەر باقییە مەعلوومە تەدبیرم
بە دەستی تۆ بە کوشتن چم ڕەزام ئەی نازەنین دلبەر بە تەنسیبی ڕەقیبانت نەکەی بەو شەرتە تەکدیرم
لە دیوانی جەماڵا حاشیەی زلفت موتالا کەم بە ئیمانێکی کامیل گوێت ئەگرت ئەوسا لە تەقریرم
خودا بمکاتە قوربانی شوعاعی ڕوومەتت ئەی مەهـ کە ڕۆژت دێتە سەر قاپی دەڵێ موحتاجی تەنویرم
بە سەییادی لە پارێزی منا بوو تورکی تیرەنداز بە چوونم پێکەنی فەرمووی ئەجەل هێنایە بەر تیرم
بە دارا کردنی مەنسوور ئەگەر حەق بوو لەسەر حەق بوو ئەگەر ناحەق بڵێم حەقمە ببوورن سا لە تەقسیرم
لە سایەی عەشقەوە گەییە مەقامێ زوعفی من حەمدی لە بازاڕی دەگێڕن وەک نموونە لەوحی تەسویرم

18[edit]

خەڵاتم خەلعە گەر بەرگی درۆ بۆ بەر زمان نەبڕم دەڵێن دەم ڕووتە گەر کاڵا بەقەد باڵای زەمان نەبڕم
لەبەر ڕوو سەیری دڵ ناکەم خەتایە وەختی عەرز و حاڵ کە تیر زایع دەبێ گەر چاو لە ئاماجی نیشان نەبڕم
بەخوێنی خۆم هەتا شیرین نەکەم دڕکی گوڵستان دەم وەکوو بولبول دەبێ چاویش لە بەزمی گوڵڕوخان نەبڕم
سەدەف وەک شاخی مەرجان پڕ گەوهەر بێ هەر دەم و لێوە بەهای ئەم توحفەیی دەریایی حوسنە چۆن بە جان نەبڕم
لە سوبحی نەوبەهارا ڕەنگە ڕوو زەردی گوڵستان بم وەکوو عەرعەر کە نیمە تەن لە ئەسبابی خەزان نەبڕم
کڕیداری مەتاعی وەسڵتن سەوداگەرانی عەشق لە بازاڕی موحیببەتدا بەهای گەر من گران نەبڕم
کەمەندکێشی سەری زلفم کە من هاتوومە دنیاوە خەڵاسیم قەت نییە تا ڕشتەیی ڕۆحی ڕەوان نەبڕم
بە قورسێکی گەنم ڕەنگی بدەم حەمدی جیهان چاکە وەک ئادەم پێ بە یەک گەندوم لە گوڵزاری جینان نەبڕم

19[edit]

کە وەک شەونم لە داوێنی گوڵا دوڕڕی خۆشابێکم لە میعراجی موحیببەتدا نیساری ئافتابێکم
سەراپەردەم لە کووچەی مەوجی دەریایی وجوودایە بەسەر گەردابەوە تاجی موزەییەن وەک حوبابێکم
غوباری خاکی شەیدایانە ئەم خاکە لە کۆیی یار سەبا وەختی تەیەمموم چاوەڕێی تۆزە توڕابێکم
بە مەستی خوێنخواری من لە حەشرا دیدە هەڵدێنێ کە مەستی دیدەیی مەخموورتم جامی شەرابێکم
لە ساقی گەردنا دڵ حەپسی زنجیری سەری زلفە بە ڕەغمی ئەم حەسوودانە ئەڵێی مالیک ڕیقابێکم
فەلەک گەر پاک تینەت بێ نە ئاڵۆزێ هەوا ئەی مەهـ ڕەقیب شەیتانە بۆ ڕەجمی دەبینی چۆن شەهابێکم
لە ڕووی پشکۆ چییە ئەسبابی سووتانت وتم ئەی خاڵ لە بەزمی مەعنیی حوسنا وتی من میشکی نابێکم
لە ماڵ ئاوایی دنیا گەر غەنی ئاسوودە بێ کفرە لە کولفەت من کە موستەغنیم شوکر خانە خەرابێکم
چرۆی کرد عیززەتی نەفسم فەقیری نۆبەرەی هێنا کە موستەغنی لە هەر مەتڵەب لە ناخۆشی جەوابێکم
لە وەششمسا نییە ئەم ڕووپەڕە وەرگێڕە باسی زلف لە وەللەیلا خەریکی شەرحی تەفسیری نیقابێکم
بە سفرەی بادەنۆشان لازیمە ئەشعاری شۆرەنگێز چ خۆشە پارچەکەم جانا عەجەب لوقمە کەبابێکم
لە حەمدی لادە زاهید ناکەوێتە داوی تەزویرت کە تۆ مەجبووری شەخسێکی منیش مەفتوونی شابێکم

20[edit]

جگەر خوێنینی لێوی ئاڵ و دڵ زوخاڵی زوخاڵم دەمێ پشکۆم وەکوو یاقووت و وەختێ عود و زوخاڵم
وەکوو ئەکسیری ئەحمەر پێی خەناوی گەر بە سەرمانێ مسی قاڵی موحیببەتم و دەچێتە لیرە میسقالم
بە کەڵکی مردنیش نایێ ئەوی بەدحاڵە حاڵداریش بە دەردی من دەچێ کافر بە جەستەم چەندە بێ حاڵم
قسەی حەق قەت مەکە یەعنی قسەی ناحەق لە دنیادا لە عەینی ئیستراحەتدام لە وەختێکی کەڕ و لاڵم
سەر و سامانی پەرچەم قەت بووە بدرێتە دەس شانە بە دڵ ڕێشی قەدیممدا منیش واچوو سەر و ماڵم
بنازم بارشی فەیزت بمینێ هەوری غەم بۆ من بەسەر دەریایی فرمێسکا دەگێڕم ئێستە بەرماڵم
عەرەق ڕێژی خەجاڵەتم و ئەشک ڕێژی پەشیمانی کە بوومە بەحری ڕەحمەت جا دەشۆم ئەوراقی ئەعمالم
بە بادی سەڕسەڕی سەردی ئەوت من ناشکێم ئەمما برا پشتی شکاندووم بێکەسی بەستوویەتی باڵم
لە هاوعومری مەی و گوڵدایە ڕوو سووری و فرەح یاران وەکوو نەی جا دەناڵێنم لە پەنجا تێپەڕی ساڵم
شوکر لەم دەورەدا مەزڵوومە زاڵم بەسمە من حەمدی نەما مەزڵووم و نۆبەی خۆیە زوڵمی لێ بکا زاڵم

21[edit]

غەرامافۆنەکی دەستی زەمانم نیمە تاوانم کە تەئریخی بەشەر موحتاجە گوێ بگرێ لە قاوانم
سەری موویێ لە تەسویری منا نابێ زیاد و کەم دڵە عەینی فتۆغرافە وەکوو دووربینە چاوانم
لە ئیعجازی نبووەت فەرقی کرداری زەمان ناکەم چی بینم بەحری ساوابێ چی بێتە بەحری ساوانم
ئەلەرزم من لە هاژەی زەڵم و لۆمە و تانجەڕۆی تەعنە لە خیلقەتدا مەگەر من داری بێ بەینی دوو ئاوانم
بچووک هەر کاری گەورە و گەورە هەر کاری بچووکی کرد خەریکی مەبحەسی گەورە و بچووکی وەخت و ئاوانم
جیهان بێ باک و ئەربابی جیهان بێ هۆش و بێ پەروا مەگەر مامە خەمەم حەمدی کە وا غەمخۆری نادانم

22[edit]

لە عەشق و غەم کرا ڕۆژی ئەزەل تەرکیبی مەعجوونم کەمیشە بەم حەدە ئەمڕۆ کە مەحزوون و کە مەفتوونم
لە باغی عالەما دێوانەیە ئەشیایی بێ حاسیل میسالی بیدی مەجنوون سەرفگەندە و خوار و مەجنوونم
خیلافی ئارەزووی گەردوون و دەهری دوونە ئەخلاقم لە ڕێی هیممەت بڵیندیدا شوکر پاماڵی دوو دوونم
بەسەر ناچێ ئەوی سەرگەردی دنیایی موحیببەت بێ کە ڕێگەی پێ نەبێ حەقمە بەسەر هاتن بە سەر چوونم
لە حەسرەت چاوی لەیلا ڕوو لە سەحرایە وەکوو مەجنوون بە دوو مەسڕەع بە مەجبووری دەکەم زنجیری مەزموونم
بە یادی باسی گوڵڕوویان لەسەر جۆباری فرمێسکم دەڵێی سەروە کە وەستاوە بە شۆخی تەبعی مەوزوونم
بە خوێنی من خەیاڵی وایە ڕووسووری بکا قاتیل ئەگەر بێ خوێنی ڕوو زەردەم نەکا ئازا بێ مەمنوونم
لە یارانی زەمانا شادمانیم هەر مەی و شەمعە کە هەمڕازن بە دڵ گەرمی شەوێکی وا کە مەحزوونم
خیلافی عادەتی دنیا بە مەرگم شادمانن خزم کە حەمدی ناوی هەر کەس ویستی بەم ئەحواڵەوە بوونم

23[edit]

بە لێوانی برین دەگرم دەمی تیغی دەوەستێنم بە قەد خوێنم هەتا ئاوی حەیاتی تازە دەستێنم
شەوی فیرقەت بە پەیغامی نیگای ئاوی بە ئاگردا بە پشکۆی ئەشکی خوێنی گەش دڵی عالەم ئەبرژێنم
لە ئاتەشبازیا ئەمشەو دڵم دەیوت بە پەروانە بە ئاهێ حەز بکەم تاجی سەری شەمعت دەسووتێنم
برۆ و زلفت یەکی نەوعێ دەکەن تەڵقینی ئەم خەڵقە بە دینت ئینتخابم بۆ بکە ئیمان بە کێ بێنم
میسالی مەوجی دەریا دڵ لە هات و چۆیی لێوایە ئیجازەی بۆسەیێ نادا هەتا زوو ئەستۆ بشکێنم
ڕەقیب ناچێتە خەو تا لەحزەیێ بەختم لە خەو هەڵسێ لە دەوری فیترەتا ماچێ لە لێوی بەڵکە بفڕێنم
قەدەحبازی دەکەن غەرقی نیشاتن ڕۆح و دڵ ئەمشەو کە فەرموویە سبەینێ زوو خوێنی حەمدی دەڕژێنم

24[edit]

تەماشای بەرقی ڕوخسارت نەکەم حەقمە لەبەر چاوم لەگەڵ فرمێسکما ڕۆحی ڕەوان ئەڕوا لەبەر چاوم
وەها پڕ ئاوی کردووە دیدەکانم شەوقی ڕوخسارت کە مانگ و خۆر میسالی بەردی بن گۆمن لەبەر چاوم
شوکر یار ئیزنی داوە عەکسی نووری ڕوومەتی بگری لەمەولا تا ببێتە مەتڵەعی شەمس و قەمەر چاوم
لە دەریایی نەزاکەتدا نموونەی گەوهەری نازە بەری چاو ناگرێ چ بکا نەکا تەرکی نەزەر چاوم
بە پێی خۆی حەج ئەوا هاتۆتە بەر پێت گەر موسوڵمانی دەچیتە کەعبە بێ شوبهە بە پێوە بێتە سەر چاوم
لە دەرگاهی نیگار بادی سەبا گەردی نەهێنابێ کە وا ئەمشەو لە خۆشیانا خەریکە بێتە دەر چاوم
هونەرمەندانی موفلیس چەند کەرەمکارن لەگەڵ کوێری شوکر بۆتە زیارەتگاهی موحتاجی بەسەر چاوم
مووەققەت تەم دەکا چاوێ کە سەیری پرتەوی خۆر کا لە سەیری ڕووت موئەببەد حەقیەتی تەم کا ئەگەر چاوم
لەبەر مەستی نیگاهت کەوت لە دیدەی حەمدی یا سەوز بوو خودا ئەم نەخلی نازە نەبڕی بەڵکوو بێتە بەر چاوم

25[edit]

لەبەر ئەبرۆت شکاتی چاوی مەستت قەت بەدەم نابەم لە ماڵی کەعبەدا سوجدە دیارە بۆ سەنەم نابەم
لەناو بەحری وجوودا گەوهەری دەمتم نەدی تا بۆت بە کەشتی تا نەکەم شوێنێ بە دەریایی عەدەم نابەم
بە من بێ غەیری چاوم پێ بەسەر سەرما نەنێ حەتتا درۆیە چۆن بەخیلی من بە ئەرزی جێ قەدەم نابەم
دەخیل سڕڕی دەمی ئەو شۆخە یاران مەیخەنە دەمدەم کە خەڵقی دوو زمانن من قسەی وا سەر قەڵەم نابەم
لە نیسبەت گەرمی ئولفەتدایە سەردی میحنەتی هیجران غەمم لێهاتووە بمرم لەگەڵ خۆمدا کە غەم نابەم
حیسابی ڕۆژی مەحشەر گەر لەسەر داغ و ئەسەف بکرێ ڕەقیب دەمرێ لە داخانا دەزانێ من کە کەم نابەم
کە پێم قابیل ببینن حەمدی سەرگەردی لە کۆیی یار حەسەد بەو ئەفسەر و جاهەی کەی و جەمشیدی جەم نابەم

26[edit]

نەنۆشێ ئاوی گوڵ بولبول منیش نەینێمە سەر دەم دەم دەبێ ئەو شیوەنی گوڵ، گوڵ بکا من گریەیی دەم دەم
کە جامی مەی کوڵی گریەی سوراحی دی دڵی پڕ بوو بە چاوی پڕ لە ئەشکی خوێنەوە فەریادی کرد جەم جەم
وەهامزانی جەنابی غەم لە دڵدا جێی نییە هەم هات گەلێ ماڵی دڵ ئاوا بێ کە دای جێگە و بەشی هەم هەم
فەرەح گەر هاتە کن من ناعیلاجم ئەیدەمە بەر شەق لە یاری نامووافیق خوا نەخواستە نەک بخوا غەم غەم
ئومێدی کردەوەی شیرین لە ناشرین دەبێ نەکرێ ئەوی جۆیایی لەعلە قەت شکی ناچێتە سەر تەم تەم
دەبێ تەشبیهی ڕوخساری بە قورسی خۆر بکەم نەک مەهـ لەگەڵ ئاوی حەیاتا مەی قیاس ئەکرێ نەوەک زەم زەم
لە قورسی ڕوومەت و غونچەی دەمی حەمدی سوئالێکە لەسەر زۆر زۆرە ئیحسانی جوانمەردان لەسەر کەم کەم

27[edit]

بە گەل کەڵ گەینە سەر کەل من بەجێ مام بەجێمانێکی وا بێ جێ و ڕێ مام
تەقازای ئینقیلابی سەر بووم ئەوسا بەسەر ئیستە ئەدا ئاوێزی پێ مام

28[edit]

تەماشا کەن قوڕێکی شل دەپێوم بە کاسەی دیدە خوێنی دڵ دەپێوم
دەڵێی شیرداخی زەرد و سوورە دلبەر زەمانێ دادەنێ لێوی لە لێوم
لە دنیادا سەری موو غەم نەماوە لە دەورەم گردە بۆیە میسلی کێوم
لە گوڵزاری ئەمەلدا موددەتێکە بەهێ دەگرێ درەختی بەختی سێوم
جگەرگۆشەم لە من ئەمڕۆ دەترسێ لەبەر چاوی دەڵێی ئەرژەنگی دێوم
لە پاش ئولفەت بەهەشتێکە جەهەننەم بەڵێ ئانێ بە بێ میحنەت پەشێوم
خودا حەمدی غەمی نارد بۆ سبەینێ غەمێکی تر بخۆ بۆ وەختی شێوم

29[edit]

بە توڕڕەی پەرچەمی شۆخێ دووچارم ئەڵێی ڕووسم ئەسیری دەستی چارم
مەڵێ پەروانە شەوقی عەشقی زۆرە منیش سووتاوی شەمعی کوڵمی یارم
خەتای مەنسوورە ئەم ئیرسەی بەجێ هێشت لەسەر حەق وا منیش سەرداری دارم
لە دووی ئاوازەیی مەجنوونی مەستە کە ڕووم کردۆتە چۆل و پشت لە شارم
خەلیلوڵڵا ئەڵێن خۆی خستە ئاگر منیش کەوتوومەتە هیجری نیگارم
من و نینۆک و فەرهاد و قوڵنگە ئەو و کێو و من و سەرسەختە کارم
ئەمانە نامدارانن لە عەشقا بە تەنها من ئەمەندە نامدارم
لە چاوی مەست و مەخموورت بترسە هەمیشە مەیکەش و دایم خومارم
تەلی عوودی سەری زلفت بە قانوون منی کێشایە لای ئوستادی تارم
خەتام کرد باسی زلفم کەوتە سەر دەم مەحاڵە خاتیمەی ئەوسافی یارم
مەڵێ غەمبارەکەم سەرشانی ڕێشە هەتا مەیلت ببێ بۆ غەم لە بارم
فیراقت ئاگری گرت تێگەیشتم گوڵی نوخشەی خەزانە بۆ بەهارم
کە پرسی حاڵی چاوی حەمدی جانان بڵێن بۆ ئەو خەریکی چاوەزارم

30[edit]

لە مەوجی بەحری فیکرەتدا پڵوپووشانە گەردانم لە ئەوجی نووری وەحدەتدا میسالی زەڕڕە حەیرانم
دەڵێم بەحسی نەکەم عەقڵی کولی تێدا کە کوڵ بووبێ لە بازاڕی کەماڵم چی لە نەقد و جنس کە نوقسانم
جگەر سووتاوم و توشنەی نماوی ڕەحمەتم دەشڵێم بە ئاهی سەردەوە خاکی بەسەرداکەم بە دامانم
بیرونی دائیرەی دەرکە لە ئافاقی فەهم خاریج چییە و چۆنە و چ نەوعێکی بکەم تەعریفی نازانم
کە مەخلووقی نیگاهێکی بەجارێ کائیناتی بێ لە عەقڵێکدا چلۆن وەسفی ئەگونجێ ماڵی وێرانم
لیقایەک جوملە ئەجرامی سەماوی زەڕڕەیێکی بێ ئەگەر وەسفی بکەم ئەلبەت بە ویسعەت ئاسمانانم
بە ئەمرێکی بووە نەشبێ بە ئەمرێکی کە مەوجوودات دە بەحسی قودرەتی وا ناکرێ حەقمە کە نەتوانم
زیایی جیلوەیێکی ئاگری بەردایە کێوی توور بە بەحسی کلکە توورێکم کە من مەعلوومە بریانم
مەلائیک تێنەگەی بێ ئەنبییا بەو داخەوە چووبێ بەیانی ئەو شکۆهە قابیلە بیگرمە سەرشانم
نە ڕۆحانی نە جیسمانی بە کونهی زاتیا زاتی نەبووبێ کەس بکا خاکم بەسەر من چیم کە ئینسانم
کە بێمە سەر سیفاتی بێ نیازی دێتە گۆ خامە قەڵەم نیم من دەڵێ سەفحە منیش کەی عەرشی ڕەحمانم
سەمیعێ بێ کە ببیێ دەنگی خشپەی مار و مێروولە لە شەرحیدا کەڕ و لاڵم ئەگەر سوحبان و لوقمانم
عەلیمی کوللی شەیئێ نوقتەیی پەرگاری عیلمی بێ دڵۆپێکە بەیاناتم ئەگەر خۆ بەحری عیلمانم
بەسیری ڕۆژی ئەووەڵ کردەوەی ئاخر شەوی دیبێ چلۆن وەسفی دەنووسێ بۆم ئەگەر بینایی چاوانم
خەبیرێ بێ خەبەرداری خەیاڵی فاسدی دڵ بێ زمان دەشکێ لە وەسفیدا ئەوەندەی تۆزێ بزوانم
خودایێ ساحبی ئەم عەدل و دادەی ڕۆژی مەحشەر بێ بەحەشری وەسفی ئەو وا من چی یارامە کە بڕوانم
کە ناوی لەرز لە دڵ دێنێ پڕیشکی قەهرییە دۆزەخ بەسەر بەحسی سیراتا گەر بچم بێ شک دەچێ جانم
فەسوبحانە لە خەللاقێ بەهەشت یەک شەممە لوتفێ بێ بەباسی غونچە بوو پشکووت دڵم وا گوڵم و خەندانم
وەکوو ڕۆژێ کە گیرابێ بە ڕەش لەم مەتڵەعە حەمدی سەرت دەربێنە با عالەم بزانێ چەند پەرێشانم

31[edit]

لە ترسی قەهری تۆ ڕەببی خەریکی شین و گریانم جگەر خوێنین و دڵ غەمگین و شێت و وێت و عوریانم
بە دڵما فکری پرشنگی جەحیمی قەهری تۆ دەڕوا گڕێ دەگرم دڵی دۆزەخ دەسووتێ هەر بەسووتانم
لە ئەفعالی منا ڕەش بوونەوە ئێسقان و گۆشت و پۆست بە ڕیشی سپیەوە هێشتا خەریکی سواغی ڕیشدانم
نە ئەمرێکم بەجێ هێنا دڵی پێ خۆش بکەم جارێ نە خۆم لادا لە نەهیێکت موفەڕڕەح بێ کە ئیمانم
جەهەننەم باوەڕم نایێ قیامەت من لە خۆی بگرێ ئەڵێ ئالوودە ناکەم من بە پیسی حەیفە دامانم
خەجاڵەت بووم لە ئاقاری گوناهـ ئالوودەیی من بوو گەلێ ڕوو زەرد و شەرمندەی بەرابەر نەوعی عسیانم
پەشیمانی ئەگەر شاخی لە ئینسان دەرئەکرد بێ شک لە گەردوون توند دەبوو شاخم بە دڵ هێندە پەشیمانم
حیسابی خۆم دەکەم قەسدم وەهایە خۆم بسووتێنم کە فکری بەحری ئیحسانت دەکەم پڕ ئاوە لێوانم
ئەمەند خاکم بەسەردا کرد لە سەردا ئەشکی خوێنم ڕشت بە کەیفی خۆم شوکر ئێستا لە خاک و خوێن غەڵتانم
کەل و کۆم و شەل و شێت و فوتادە و پیر و داماوم بەجێ ماوم لە گەل چبکەم لەگەڵ هاوفکری شەیتانم
شەپۆلمدا بە بەحری ڕوو ڕەشی و عوسیانەوە هاتم بە یادی قەترە ئاوێکی لە بەحری لوتف و ئیحسانم
وەکوو کێوی گوناهـ هاتوومەتە بەر بارەگاهی تۆ کە موحتاجی بەقەد یەک پەڕڕەکاهی عەفوی غوفرانم
بەجاهی شەوکەت و ئیجلال و قەدر و قودرەتت حەمدی ببەخشە چونکە وەک بەردی دڵی دەریایی حیرمانم

32[edit]

لە ئەووەڵ دەرسەوە من گوێ لە حەرفی ئەلف و بێ دەگرم ئەبم فەرموویە دەستی دڵ بە چاکی بێ وتێ دەگرم
بتی چاکە دەلیلم بێ زەلیلم دەستی پێ دەگرم «لە شاگردانی کۆڕی عەشقم و جێ هەر لەوێ دەگرم
کە من مشتێ چڵوچێوم بەچی بم کەڵکی کێ دەگرم»
بە غەیری زەڕڕە گۆشە جیلوەیی داوە بە بەختی کێ ئەویش سەرگەردی یێکە لەم هەموو ئەرزەی خودا بێ جێ
غوباری دامەنە دەرمانی سەر یا سەندەڵی بەر پێ «نەگەییە دامەنی دەستی دوعا جا دەبمە خاکی ڕێی
تەریقەی گۆشەگیری بەردەدەم ئەمجارە ڕێ دەگرم»
نەوەک بولبول لە خەندەی غونچە هەڵساوم سبەینێ زوو نەوەک پەروانە ئاگر بەربووە جەرگم لە شەمعی ڕوو
نە ساڕێژی ئەکا ڕێشی دڵم وەک شانە نە تاری موو «کە دادی یەئسی خۆمم بردە لا ئەم عارفە توند بوو
وتی ئاخر سبەینێ جەژنە خوێنی تۆ لە پێ دەگرم»
کە دەستم کردە مل مینا و نۆشیم خوێنی لێوی جام لە ئەوجی مەستییا کەوتم ئیتر نەمدیوە سوبح و شام
میسالی شاخی مەرجانی کە بگرێ کارەبای ناکام «لە ڕووسووری عیبادەت لام و ڕووزەردی خەجاڵەت مام
بە ناوی سێوی ناوم باغەوان و من بەهێ دەگرم»
کە گوڵزاری جیهانی عەشق کرایە ئەم چراخانە یەکێ ڕێی بولبولی گرت و یەکێ ئایینی پەروانە
ئوسولی کیشوەری عەشقە ئەما شەرتی نەوەستانە «لەسەرخۆچوونە شەیدابوونە قوڕپێوانە سووتانە
هەتا مردن مەحەببەت ئیشی زۆرە ڕێزی لێ دەگرم»
بەسەرما پێ دەنێ لەم ئەرزەدا بێ ڕێم دەڵێ یا شێخ کە دەستی کەوتە کار عادەتیەتی جێ پێم دەڵێ یا شێخ
دەڵێی نوورە لە فانۆسی دڵا بێ جێم دەڵێ یا شێخ «چ شۆخە ئاگرم تێ بەردەدات و پێم دەڵێ یا شێخ
بە خاشاکی دەوت شوعلە عەسامە دەستی پێ دەگرم»
بەیەک غەمزە دەماری جەرگ و دڵمی ئەنجنی ورد ورد بەری بەست دیدەکانم جوێباری خوێنی پێدا برد
تەعەججوب مام ڕەقیب لەم حاڵەتە بۆ چی لە داخا مرد «کە سینەی ڕێشمی بەو تیغی نازەی ئەنجن ئەنجن کرد
وتی پەژموردەیە ئەم لالەزارە ئاوی تێ دەگرم»
تەماشای ڕشتەکە عەقڵت هەیە مەنواڕە نەرمی شەرم هەزار سەر ڕەق ئەسیری پەنجەیێکی تاقە یەک سەر نەرم
نەبوو غەرقی عەرەق دوژمن نیشانم دا کە بەحری شەرم «لە پاداشی قسەی سەردا هەمە ئاهـ و هەناسەی گەرم
کەسێ شێتانە بەردم تێ گرێ من بەرقی تێ دەگرم»
یەکێ مەستی مەیی کیبرە یەکێ مەخمووری ئافاتە یەکێ کەماڵی نوقسانە یەکێ نوقسان کەماڵاتە
لە هەم بەزمی وەها حەمدی تەرەب نەوعی مەحالاتە «شوکر هوشیارە مەحوی تێ دەگا دنیا خەراباتە
کە بەدمەستیی بکا ئەهلی خراپەی بۆ چی لێ دەگرم»