دیوانی حەمدی/خ

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
309630دیوانی حەمدی — پیتی خ1936حەمدی

1[edit]

دەردەکەوت ئەوسا بە نادر جار بە جارێ ئۆف و ئاخ ئێستە دەیبێم و دەبینم پڕ بە شارێ ئۆف و ئاخ
واقیعەن دڵسۆزە ئۆف و ئاخی سوبحی موستمەند دڵ نەوایە شەو کە بکرێ بۆ نیگارێ ئۆف و ئاخ
حیرەتم بۆ چی نەلەرزی ئەرز نەڕووخا ئاسمان تۆ بڵێی نەبیەین لە سوبحێکا لە زارێ ئۆف و ئاخ
بێ ڕەواجە هەر لە بازاڕی خوداشا بۆیە وا پوولێ ناکا بیبەیە شارێ کە بارێ ئۆف و ئاخ
خۆ فەقیر و دەوڵەمەند مەزڵووم و زاڵم وەک یەکن گوێ ئەگەر بگری یەکێکی تۆ هەزارێ ئۆف و ئاخ
من دەڵێم تەئسیری نەبووە و نیشییە ئاهی حەزین بوویەتی گەر با دەری بێنێ دەمارێ ئۆف و ئاخ
ویردی مەخسووسی هەیە پیری تەریقەت بۆ مورید زیکری شێخی ئێمەیە دەیکەین بە جارێ ئۆف و ئاخ
ئۆف و ئاخ حەمدی لە دەم تۆشا خەریکە سەوز ئەبێ سێبەری خۆشە ئەگەر بکرێ بە دارێ ئۆف و ئاخ

2[edit]

وا بە گوڵ ئارایشی دا گۆشەیی دەستاری شاخ خۆشە بۆ سەیرانی ڕۆژی حەزرەتی دڵداری شاخ
دامەنی شیرینە گۆشەی گوڵگوڵی کەوتۆتە دەست یا جلی فەرهادە شینی پێ دەکا ئیزهاری شاخ
کەوتە تەفریشاتی ئەرز و عەنبەر ئەفشانی نەسیم مەیکەشان دەعوەت دەکاتە دامەنی کۆساری شاخ
گەوهەر و نەخلی زوموڕڕەد دەردەخا دەریای خزر یا بەهارە ئاو و ڕەنگی دا بە بەرد و داری شاخ
کەی لە سەحرادا بەهاران بوویەتی ئەم جۆششە وەک جگەرگاهی گوڵستان سەبزەیە دیواری شاخ
هەڵقوڵانی چەشمەکانی وەک سوراحی قومقومە یەعنی زوو هەڵسن وەرن بۆ دیدەنی جۆباری شاخ
کامیابن دائیما ئەسحابی تەمکین و ویقار سەر بەسەرحەمدی ڕیازی جەننەتە ئەنزاری شاخ

3[edit]

ناعیلاجە عاقیبەت سەر ڕەق دەچێتە سەنگڵاخ چەند بە مەعنایە وتوویانە قەدیمی شێخ و شاخ
گەوهەری وەحدەت لە دەریای فیکرەتایە ئەی برا تا ببێ وادی محەببەت ڕوو نەکەیتە قەسر و کاخ
مەجلیسی ڕەندان لە بەزمی خوسرەوان کەمتر نییە چەندە مەحزوونە بە قانوونی تەرەب بێ ئۆف و ئاخ
یەک نەفەس خۆزگە لە حاڵی خۆی دەبوو حاڵی نەفام با وەکوو دابەستە ببوایە لە گۆشتا سیخناخ
بەش کرا مەحسوولی عومرم کردەوەم بۆ مایەوە ماڵەکەم خەڵقی دەماغی پێ دەکەن مەردانە چاخ
ئاسمان ئەو ڕۆژە حەمدی کردییە بەر قەوس و قەزەح دی لەبەر ئەو شۆخەدا شیرینە سوخمەی شیرداخ