دیوانی حەمدی/ح

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی حەمدی  (1936)  by حەمدی
پیتی ح

1[edit]

نەیدیوە شەو بە عومری بووە ئافتابی سوبح یا ڕەب چ ڕوو ڕەشە ئەوی نەیدی حیسابی سوبح
زاهید نوێژی سوبحی قەزا کرد کە زلفی یار لاچوو لە ڕوومەتی وتی لاچوو نیقابی سوبح
گەردن کەچە موقابیلی گێسوو ملی نیگار حەیفە شەوە کە مالیکی حەڵقە و ڕقابی سوبح
جەبهەی کڵاوی دلبەری گرت شوعلەیی جەبین ئیشغاڵی مەشریقی کە دەکاتن تەنابی سوبح
زوهدی ڕیایی یەک شەوی زاهید بە دینی من ناگاتە خێری یەک قەدەحی پڕ شەرابی سوبح
ڕۆژی خەراپ و مەستە بە جامێکی ئافتاب دەیدا بە شەو کە ساقی عالی جەنابی سوبح
وەک ڕۆژە حەمدی ڕوومەتی هەرکەس سەحەرگەهان دەشوا بە دەستی شەوقی لە چەشمە و سەرابی سوبح

2[edit]

زمانی لاڵە خامەم هەر لە باسی ئەو دەمە ئەفسەح قسەی بێ خوێم بە زیکری بستەی ئەو لێوانەیە ئەملەح
وتم من نیمە ئیستیعدادی سەرداری وەکوو مەنسوور وتم حەقت دەوێ ڕیسوا بە دارا کردنی ئەسڵەح
بە چاوی چڵکن و تیری قەزاوە بێ لەگەڵ فکرت ڕەقیب چۆنی دەکەی تەرتیب ئەمەندە فیتنەیە پەح پەح
لە شانەم پرسی باسی توڕڕەیی میشکینی ئەگریجەت ئەمەندەی وت ئەمە توولی هەیە نامەرد وەلاتەشرەح
بەهای خوێنی منی پێ نادرێ گەوهەرشوناسی دەهر کە کردوویە بە کانی لەعل و گوهەر کوچەیی مەزبەح
بە خامۆشی لە کن پەروانە دەرسی حوزنی خوێند حەمدی هەتا سووتن لە مەیدانایە نابن عاریفان ئەفرەح

3[edit]

بێنە مەی ساقی دەخیلە مەی دەدا قووەت بە ڕووح من دەکەم کەشفی دوو دنیا هەر بەیەک چاوی سەبووح
شێخی من تۆبەی هەزاری وەک منی دادا بە من تۆبەیێکی کرد کە بێتە حاشیەی تۆبەی نەسووح
پیر ئەگەر مەیلی ببێ موشکیل گوشایە نووری مەی مەیکە شانە گەر لە عالەمدا ببێ ساحێب فوتووح
ئاگری زەردەشت بە ئاهی عاشقی دەکرێتەوە هەر لە چاوی عاشقێکیش دێتەدەر تۆفانی نووح
تیری موژگانی نەڕێژێ تا بە سورمەی نازی یار دڵ عیلاجی ناکرێ بۆ ڕشتنی چاوی جورووح
بەزمی مەیخانەم لە تەهلیلەی ڕیا پێ خۆشترە حەمدی گەر پەیمانەگێڕی نازەنینی بێ سەمووح

4[edit]

من لە ئەڵتافی درۆم پێ خۆشترە جوێنی سەریح زەهرە شەککەر خەندەیی دڵ تاڵی لێوی دەم مەلیح
سوحبەتی ڕۆشن زەمیرانە بدا سەفوەت بە دڵ غەیری ئاوێنە بزانم چی دەکا تووتی فەسیح
مشتەری مشتێ لە بارێ بۆ نموونە سەیر دەکا کافییە بۆ ئەهلی دنیا تاقە یەک ئیشی قەبیح
پەنجەی ئەبرۆی بوو کە باسی خستە ڕوو شەققولقەمەر پێکەنینی خاسەتەن ئیعجازی نایە دەم مەسیح
پەندی ناسح چارەسازی تینەتی بەدخوو نییە کەی بە کەڵکی بڵح و نامەرد هاتووە نەوعی سەلیح
تێگەیشتوو بۆیە حەمدی عاشقی خوبان دەبن کاری زوشتی کەس نەدی بیکا کە ئینسانی سەبیح

5[edit]

ئەهلی دنیا نین ئەوی پیاون لە کن ئەهلی سەڵاح گەر دەڵێن پیاوین لە دنیا بۆ دەکەن خۆیان نیکاح
نەشئەبازانی محەببەت وەک مەلەک کۆ بوونەوە کوا لەبی مەیگون و دیدەی ساغیر و گەردن سوراح
شەربەتی ڕەسمی گوشادی دەمتە خوێناوم دەسا توخودا فەرمانی قەتڵم کە بە نوتقی ئیفتیتاح
فرسەتە ئەمڕۆ بە دڵ خاکی بەسەر داکەم سروشت توخمی غەم بڕوێنی بەڵکو بۆ سبەینێ وەک فەلاح
بۆ لە پێستم دەردەکەی واعیز بە وەعزی هیچ و پووچ بەختی من کردی جەنابیشت بە جەردەی بێ سیلاح
من لەبەر تۆ هەر وەکوو شەونم هەڵەستم دەرکەوی بۆ دەڕۆی وەک خۆر بەسەرما بێ سەلام و بێ سەباح
مەسکەنی دێوانەگانی چاوی لەیلایانە بەڕ سووچی فرمێسکە لە دەریای حەسرەتا بوومە مەلاح
حەمدی شەرحی حاڵی خۆی بۆ چی بە بە نەزم و نەسر دەکا عەشق ئەگەر مەیلی ببێ دەیکا بە حەرفێ ئینشراح