دیوانی حاجی قادری کۆیی/ی

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی حاجی قادری کۆیی  (1876)  by حاجی قادری کۆیی
پیتی ی

1[edit]

ئەی بێ نەزیر و هەمتا هەر تۆی کە بەرقەراری بێ دار و بێ دیاری، بێدار و پایەداری
بۆ باغی مەردی یاغی سەرمایەکەی خەزانی بۆ مەزرەعەی فەقیران سەرمایەکەی بەهاری
تۆ پادشا نیشانی بۆ هەر سەوادی ئەعزەم بێ سەدر و شانشینی، بێ پەردە پەردەداری
خەللاقی بێ فتووری، سوڵتانی بێ قسووری ڕەززاقی مار و مووری، ئاودێری دێمەکاری
فیرووزە تەختی گەردوون مەسنووعی نەقشی تۆیە یاقووت و لەعلی ڕۆژە، ئەستێرەکان دەراری
جێ و مەکانی تۆیە بێ جێ و بێ مەکانی لەیل و نەهاری تۆیە بێ لەیل و بێ نەهاری
هەر ئەمری تۆ مەدارە بۆ کارووباری عالەم هەرچەندە بێ وەزیر و بێ سەدر و کاروباری
سەحرانەوەردی شەوقت خورشید و ماهی تابان دوو جارییەن شەو و ڕۆژ بێ مەحمەل و عەماری
مەعلوومە بۆ چی حاجی مەدحت دەکا بە کوردی تا کەس نەڵێ: بە کوردی نەکراوە مەدحی باری

2[edit]

ئاسمانی بێستوون وەک خوسرەوی میهری هەڵات هیندی شەو تێک چوو، شکا وەک موویی زەنگی لەشکری
ئیتتیفاقەن ئیتتیفاقم بوو لەگەڵ نالی وەکوو تاجر و گەوهەر لەگەڵ گەوهەرفرۆش و موشتەری
چەند غەزەل بوون تازەبافتی کارگاهی موشتەری تاجیر و گەوهەر مەتاع و شامی غوربەت تاجیری
یەک یەکی هێنایە دەر، گەردی کەسادی لێ تەکاند دایە من فەرمووی درێغا کەس نییە سەوداگەری
دەست بە دەستی خستم و هەم دایە بەر با مەجمەعم ئاسەفی من بای لە جەمعێ تۆ کە حاجی قادری

3[edit]

ئەگەر کوردێک قسەی بابی نەزانی موحەققەق داکی حیزە، بابی زانی
وەرە با بۆت بکەم باسی نیهانی تەفەننون خۆشە گەر چاکی بزانی
سەلاحەددین و نوورەددینی کوردی عەزیزانی جزیر و مووش و وانی
موهەلهەل، ئەردەشێر و دەیسەمی شێر قوباد و باز و میری ئەردەلانی
ئەمانە پاکیان کوردن، نیهایەت لەبەر بێدەفتەری ون بوون و فانی
کتێب و دەفتەر و تەئریخ و کاغەز بە کوردی گەر بنووسرایە زوبانی
مەلا و شێخ و میر و پادشامان هەتا مەحشەر دەما ناو و نیشانی
بە زیددی میر و پاشامان بڕاوە بەسە با بێینە سەر ڕێی میهرەبانی
کە دەیگوت شێخی من: من دەستگیرم لەلام وا بوو لەبەر جەهل و جوانی
کە پیر بووم تێ گەیشتم دەستی گرتم لە کەسب و کار و تەحسیلی مەعانی
بەڵێ شێخ قوتبە ئەمما قوتبی ئاشە بە ئاو و نیعمەتی خەڵقە گەڕانی
لە بۆ ژن دێ لە کۆڵان وەک سەگی هار لە ژن هەڵدێ بە میسلی کەر لە خانی
بڵێ بەو سەرکزۆڵەی کوزپەرستە بە چاوی کلدراو و ڕیشی پانی
کە نەفعێکت نەبێ بۆ دین و دەوڵەت بە من چی نەقشبەندی یا نە مانی
کەسێ پیاوە کە دانێ وەک حەماغا لە بۆ ئەبنایی جینسی نان و خوانی
وە یاخود وەک ئەمین ئاغا بە هیممەت بکا بۆ قەسری میللەت پاسەبانی
بڵێ لەم بەحسە هەر کەس مونکیری تۆن بفەرموو سەهلە ڕێگەی ئیمتیحانی
بە ئوممێدی دووسێ دانایە حاجی بە هەرزانی دەدا دوڕڕی گرانی

4[edit]

پەرێشان زولفی تاتاری میسالی ئەژدیهای جەنگی نەزیری سەروی کشمیری، قیامەت قامەتی شەنگی
لە شەوقی شەمعی ڕوخساری، لە بیمی تەعنی ئەغیاری لە کولبەی سینەیی ناری دەسووتێ دڵ بە بێدەنگی
لە ئەو لای کەس قوتار نابێ چ موئمین بێ چ کافر بێ لە ئەم لاش کەس خەلاس نابێ لە هیند و دەیلەم و زەنگی
تەماشام کردووە نەقشی دەراهیم سەرفی مەمنووعە کەچی قازی ئیزافەی کرد بە مفتی هاتە بەر چەنگی
دوو ماری زولفی شەبڕەنگی کە بێ بۆ لەعلی زەححاکی لە ترسان پێی دەدا حاجی فەرەیدوون تەختی هۆشەنگی

5[edit]

سۆفی بە سەر و ڕیش و بە خەرقەی سەری دۆشی چەند چێڵەگەل و بزنەگەل و مێگەلی دۆشی
فەرمانی کە دا کوشتمی جەللادی نیگاهی خوونی منی بێچارە عەدوو نۆشی بە خۆشی
لەو وەعدە ڕەقیبم گوتی: بێ عەهد و وەفایە مەعلووم نەبوو لەم عالەمە دا ڕاست و درۆشی
تەشخیسی دەواکەم مەکە ئەی بوو عەلی سینا لەو چاوە کە بۆم بوو بە شیفای عەینی نەخۆشی
ئەو چاوە وەکوو مەسئەلەیی کوحلە سەوادی شازە وەکوو نەرگس نییە بێ فەزلی برۆشی
موشعیر بە وەفاتی منی مسکینی فەقیرە وا ڕووتە لە خەت بەرگی سیای ماتەمی پۆشی
حاجی لە تەوافی حەجەرولئەسوەدی خاڵی گریانە سەفابەخشی نە وەک سەعی و خرۆشی

6[edit]

بەم نەحوەیە سەرفی عیشقبازی موستەقبەلی کەمترە لە مازی
یەعنی لەمەدا کە بیکوژە زوو بێ فەرقە حەقیقەت و مەجازی
ئەم شیعرە زەریفە خەتتی چاکە نووسیومەتەوە لەڕووی بەیازی
کەششافی ڕمووزی ئایەتی تۆ تەفسیری کەبیری فەخری ڕازی
بۆ قەددی زراوی بێژراوە! نێزە و عەلەم و مەسافە غازی
نەیداوەتە من خودا بە مفتی بەم مەشرەبە خۆت مەکە بە قازی
ئەم قافییە شایەگانە ئەمما عەیبی نییە جاهیلێ بە ڕازی
ئەو ڕزقی موقەڕەڕە بە خۆی دێ سەد دەفعە بخوازی یا نەخوازی
قیرتاسی و شەهڕەوایە حاجی نەقدینەیی تۆ، بە چی دەنازی!

7[edit]

تا سالیکی مەسالیکی موڵکی قەناعەتی باکت نەبێ لە ڕێگر و ئەهلی شەقاوەتی
سۆفی عیبادەتی هەموو بۆ مەکر و ڕیوەیە گەر شێری نەڕ بە گوێ بگرێ، پەشمە تاعەتی
ئیخلاسە ئەسڵی مەقسەد و خۆڕا شەقی دەبێ وا تێ دەگا بە سەرمەقولاتە سەعادەتی
بێ مەعریفەت مەبە لە تەریقی حەقیقەتا سەرمەنزیلی شەریعەتە جێگەی سەلامەتی
ناگەن بە حیز و ڕێگری ئێمە لە موڵکی ڕۆم عەللامەیی ویلایەت و شێخی ویلایەتی
مەفهوومی دوو حەدیسی سەحیحم لە بەیتەکا جێ کردەوە؛ نەزەر بکە کوردی و فەساحەتی
دونیا سەگی لە ئۆغڵەمە تۆقیوە تالیبی نەیماوە هەروەکوو سەگی پێ سووتوو ڕاحەتی
سەد قوببەیی خەوەرنەق و سەددی سکەندەری ناگاتە بەیتەکاولی نالی و مەتانەتی
ساقی کەریمە بادەیی بەزمی (ئەلەست)ەیە حاجی لە جامی قەلبی شکاوە شکایەتی

8[edit]

کە هەستا قامەتی بەرزی لە فەرقی تا وەکوو ئەرزی پەرێشان زولفی سەد تەرزی بە یەک دا داڕژا و لەرزی
لە دەوری تابەتا وەستا لە تەشبیهی دڵی وەستا، موعەتتەل بوو گوتی: ئێستا لە چین و پێچش و تەرزی
سەدای یا حەیی دەروێشان لە ترسی زولفی پڕ چینی لە عیسا عەرسەیی گەردوون بە تەنگ هات هەروەکوو دەرزی
لە سەودای زولفی پڕچینی لەنێو چینی نومایان بوو خەتا و چین و خوتەن یەکسەر گرفتار بوون لە ژێر قەرزی
هەڵیدا زولفی چەوگانی کورەی خورشیدی دا بەر شەق کە دایدا چی مەلاییک بوو لە گەردوون هاتە سەر ئەرزی
حەیای چوو چەتری تاووس بارەگاهی شەعشەعەی خورشید کەمەندی پیلەتەن، زنجیری داود، گورزی گوودەرزی
دەقیقەک بێ سەری موویەک لە زولفی وەرگەڕێ مەودا لەگەڵ سوبحی قیامەتدا دەکا بێ تەقیە سەربەرزی
مریدان مەست و سەرخۆشن لە نەشئەی بادەیی دەستی مەلایک جوملە بێ هۆشن بەنازی چاوی پڕ ڕەمزی
مرادی من مریدی خالیسە خەییاتییە کاری مەلایک سوورەتە، ئاهوونیگاهە، حاجییە تەرزی

9[edit]

لەسەر تەناف کە لەرزی هەتیوی سندووسی شکا مەتاعی زەریفی و قیمەتی لووسی
تەنافی پردی سیراتە مونازیران مەحشوور مەکانی مەلعەبە حەشرە لە موئمین و ڕووسی
سەمایە عەرسەیی بازی گوریسی کاهکەشان ستارە نازیر و ماهیش هیلالی مەعکووسی
شوعاعی شەعشەعەیی شەمعە مەشعەلی ماهی لە شەرمی تەلعەتی ئەو شەو دەبێتە جاسووسی
موناسەبەی ئەو و لەیلا، میسالی دێو و پەری موشابەهەی ئەو و عەزرا، خەزاڵ و جاسووسی
دوو چاوی عەینی نەخۆشی لەنێو سەری زولفی گران و سووکە لە ترسی ڕەقیبی کابووسی
لە کونجی خانەقە سۆفی خزا و نەیزانی تەماعی دینی نەبێ یا ئەمانی نامووسی
وە حەشرە سۆفی بفەرموو هەتا لە دونیا دا سیاهڕووی و خەڵق وا بزانێ سالووسی
عيوني تنقطع من نعمه الله ارقني دمعي الى ما تبل ملبوسي
و عيني عاد لتبكي فما استطال لنا على فراق من اهوى يكون مايوسي
فیدایی لەنگەری دەستی سینانی کەیکاووس درەفشی کاوە، ڕمی گیو و نێزەیی تووسی
کە هات و کەوتە سەما عیسەوی شکا و نەما هەلاهەلایی کلیسا، سەدایی ناقووسی
کە هاتە خەندە و فەرمووی: یەڵانجی ماشەڵا بە سادیقی بووە عیسایی میللەتی مووسی
هەچی کە هاتە تەماشا بە نووکی موژگانی فهولاء عبیدی لەسەر دڵی نووسی
بە وەسفی قەترە بە دەریایە شاعیری وەکوو من ئەگەر بە قافییە دانێم لوغاتی قامووسی
لە قافییە شوعەرا عەیبە لا بدەن ئەمما بە یادی چاوی ئەمن لا دەدەم بە مەخسووسی
جەبینی ماهـ و ڕوخی میهرە، زولفی شەو، دەهەنی سەبەب بە قافییەتەنگی بوو حاجی نەینووسی

10[edit]

سەد وەکوو ڕۆستەم بە دڵ قەمچی لە ڕەخشی دا بە زی وەک گەیشتە خەندەکی پایانی عومری دابەزی
ڕۆژتە ئەی بادی نەورۆزی لە بن بەفری گران کانی پێی سڕ بوو، چناریش دەستی چوو، پەنجەی تەزی
سونبولی زولف و گوڵی ڕوخسار و سەروی قامەتی مانگی نیسان و گوڵان نەیدی لە نێو باخ و ڕەزی
دڵبەرم تەنها کە بوو لەو بەینە خۆی ڕووت کردەوە من دڵم خۆش بوو کە چی دووبارە دایپۆشی کەزی
غەمزە دەستی کردە ناز و ماری زولفی داخزی دڵ لەبەر پێی کەوتبوو، ئەم دەیدزی ئەو دەیگەزی
چاکی سینەم بۆ چی ئەو خەییاتە نایدروێتەوە چاوی بیماری وجوودی کردمە دەرزی و دەزی
حاجیب و حاجی هەموو ڕۆژێ بە گژ یەکدا دەچوون بێ حەیا بوو ئەو سەگە عاری نەبوو، حاجی بەزی

11[edit]

هەموو عومرم لە ڕێی هات و نەهاتی بەسەر چوو ئەی ئەجەل هەر تۆ نەهاتی
لە دەستی حاجیبت چاوم غوڵامت بەراتی قەبرە، پەیکانە خەڵاتی
بە ڕوخ فەڕزە غوباری سوممی ئەسپت بماڵم شاهی پیل ئەفکەن بە ماتی
لە تاوی خوسرەوی سەییارە ئەنجوم هەڵاتن، یاری من تۆ هەڵنەهاتی
لە ڕەهنی وی دەبێ سۆفی وەکوو من بکا پێشکەش هەموو سەوم و سەلاتی
دەزانم رحمة للعالمینی لە بەدبەختی منە کەم ئیلتیفاتی
چ گەنجێکە ئیلاهی گەنجی حوسنت لە هیچ دینێ نەبوو واجیب زەکاتی
لە تووشیی خۆم بوو هەرچی تووشی خۆم بوو لە دەستی خۆیەتی حاجی شکاتی

12[edit]

نەققاشی دەمی نوقتەکی دانا بە نیشانی زانی کە زەمی کردووە بێزارە لە مانی
وەسفی کەمەرت غەیری دەمی تۆ نییە بیکات بێ نوقتە بڵێ ئەو خەتی مەعدوومە بەیانی
سوورەتگەری سەر لەوحەیی دیوانی مەلاحەت دوو یوسفی کێشاوە بەبێ ئەووەڵ و سانی
فەڕقێکی نەبوو غایەتی ئەو کردییە سووکی زوو هات و ئەتۆ باعیسی نازت بە گرانی
پێم خۆشە غەزەل فەرشی قودوومی عوقەلا بێ نەک بێن و لەبەرکەن جوهەلا لەفز و مەعانی
ئیمکانی لەکن ئەو عولەمای موو دەقەڵێشن عەنقا و وەفا بوو چ میانی چ دەهانی
تا دەستی نەدا خەنجەری نەیفەرموو: دەسا دەی حاجی بکوژن خێرە ئیتر مەیدەن ئەمانی

13[edit]

مەهـ و میهری بە غارەت دا بە شوعلەی شەمعی ڕوخساری گوڵستانیش بە یەغما چوو لە تەنگیی خونچەیی زاری
لە نەشئەی دیدەیی مەستی هەموو مەیخانە وێرانن هەموو کەس بەستەزوننارە لە سەودای زولفی تاتاری
ڕەوان پەروانەیی نارە، منیش وەک چاوی بیمارم زەمانم وەک شەوی تارە، دڵا وەک خونچە خوونخواری
دڵ و جان و ڕەوان و تەن وەکوو ئیمان و دینی من فیدای ڕوخساری گوڵناری، نیساری زولفی تەڕڕاری
دەخیل ئەی چاوی جادووگەر بفەرموو مەردومان یەکسەر دەڵێن خەوتوویی بێداری، دەڵێن مەخمووری هوشیاری
شوعاع و شەعشەعەی میهری، ئەشەععە و مەشعەلی بەدری لە سایەی پەڕتەوی ڕووتە بەقوربان نووری یا ناری
بپرسە حاجی تۆ جارێ لە زولف و پەرچەمی خواری بڵێ: گەر تاری بۆچ ماری؟ بڵێ: گەر ماری بۆچ تاری؟

14[edit]

لە عەینی لەعلی کانی خەتتی سەبزی بوو بە میوانی نەنازێ با خدر ئیتر کە مەشهوورە بە حەیوانی
هەتا کوحلی غوباری پێی نەکاتە چاوی خۆی مەردوم سەوادی خوێندنەوەی نابێ شکستەی خەتتی ڕەیحانی
کە هات و کەوتە حەڵقەی گێژی مریەم ئەو دەمە یەکسەر ئەرەستۆش وەک فلاتوون توون بە توون چوو، کەوتە حەیرانی
ئەگەر ئەم زولفە موشکینە، وەگەر ئەم لەعلە ڕەنگینە دەڵێی سەحرای ماچینە، دەڵێی کانی بەدەخشانی
بخوێنە کافییە و شافێ کەماڵی نەشئەیی جامی سەدی وەک ئیبنوحاجیب سەرفی عومری کرد لە دەربانی
بەجێما نالی وەک ناڵی، بە پاش کەوت کوردی وەک گەردی کە حاجی غاری دا ئەسپی لە مەیدانی سوخەندانی