دیوانی حاجی قادری کۆیی/ێ
Appearance
1
[edit]| ئافتابی حوسنی تۆ ڕۆژە کە دێ و ئاوا دەبێ | قامەتیشت وەک هیلالی یەکشەوە ئا وا دەبێ |
| کامە دانا مێزەری دانا و فێسی کردە سەر | بێحەیا و سەرپەل و سەرخۆش و بێپەروا دەبێ |
| پادشاهێکم هەیە گەر من بکاتە دەرکەوان | حاجیب و خەددامی من ئەسکەندەر و دارا دەبێ |
| داوی ناوە زولفی دوولانە لە هەردوو لامەوە | دڵ گرفتارە ئەگەر لەم لا نەبێ لەو لا دەبێ |
| شەو لە بەزمی دولبەرم بەم تەعنە وا سووتاندمی | چاوی دا پەروانە فەرمووی عاشقی هەر وا دەبێ |
| واسفی قەددی ئەتۆ خامەی دەبێتە نەیشەکەر | ئەلفی قەددی موستەقیمی قافیەی باڵا دەبێ |
| سەرسپی و دڵ ڕەش بوو حاجی تا فەقێ بوو، ئێستەکەش | ڕووڕەشێکە ڕیش سپی، خوا عالیمە هەر وا دەبێ |
2
[edit]| مەتنی کوتوبی ئەم دووە با شەرحی کرابێ | ئیشکالی ڕمووزی مەسەلەی قازیی مابێ |
| قازی هەڕۆ سینەت سوپەری تیری قەزا بێ | وەک دینی ڕەوافیز بەدەنت بێ سەر و پا بێ |
| خۆت حاکمی ئەم مەسئەلەیەی، کەی دەبێ وا بێ | پیری وەکوو تۆ ماهی هەبێ و ماکەری گابێ |
| بێ مروەتێ بەم مروەتە قەت مروەتی نابێ | سەد دەفعە کەریش هەروەکوو تۆ مروەتی گا بێ |
| حاجی دەڵێ ئەم میسرەعە تەئریخییە قازی | ئینسافی نییە، عاری چییە، مروەتی گابێ |
3
[edit]| ئەی سولەیمانی زەمان و شەیخولئیسلامی ئەنام | قاسیدی ڕێگەی هیدایەت هودهودی دانا دەبێ |
| من هومام و قوللەیی قافی قەناعەت جێگەمە | لایقی پەیغامی ئەو پەرویزەیە عەنقا دەبێ |
| بۆ حوزووری قادری بۆ چی دەنێری ماکیان | ماکیان ئەمری لە سەر شاهین لە کوێ ئیجرا دەبێ |
| وەختی پەیغامت خورووسێکی هەزار پۆپەم هەبوو | دایە بەر شەق، قاسیدێ وا بێ جەوابی وا دەبێ |
| تا هەڵێنێ زاغی شەب تاووسی هێلکەی سوبحدەم | مەزرەعەی چەرخیش لە توخمی نەجمی تا ئاوا دەبێ |
| دانەیی خەرمانی عومری تۆ لە مینقاری ئەجەل | دوورە، سەرسەوز و موتەڕڕا بێ هەتا دونیا دەبێ |
4
[edit]| دەڵێن یار دێتەوە بابی مەحەببەت، یا خودا وا بێ | ئەگەر دوشمن دەڵێ: نابێ! موغەننی تۆ بڵێ: نا بێ |
| دەلەرزێ باغەبان سەروت لە ترسی قامەتی بەرزی | گوتی ئەم نوکتە بارێکی گرانە تێ دەگەی نابێ |
| لە هیجرت هەردەمە سەیلی سروشکم ماجەرای چاوم | بە ڕەنگێک ڕەنگی کرد، ڕەنگی جیهان باوەڕ مەکە وا بێ |
| لە ناکاو دڵبەرم فەرمووی هەڵستە ئێستەکێ واعیز | لە بۆمان دادەدا وەعزێ؛ گوتم: باکت چییە با بێ |
| بە تەزمین فەردەکی نالیی دەهێنم تا ڕەفیقانم | بزانن فەڕقمان زۆرە، خەزەف قەت وەک گوهەر نابێ |
| «کەمەندی زولفی دوولانە، لە بۆ گەبر و موسوڵمانە | دەکێشێ بێ موحابانە، چ لەم لا بێ، چ لەو لا بێ» |
5
[edit]| گەر خەڵقی جیهان یەکسەرە فەریادڕەسم بێ | وەڵڵاهی مەپوندار بە غەیری تۆ کەسم بێ |
| وا سۆزی دڵم ئاگری بەرداوەتە جەرگم | تۆقیوە هەناسەش نەفەسێک هەمنەفەسم بێ |
| مورغی سەحەرم باڵ و پەڕی وەحشەتی ڕێگەی | هەستان و فڕینم یەکە چەرخیش قەفەسم بێ |
| نادەم بە هەموو موڵکی سولەیمانی زەمانە | لەم عالەمە ڕووتی چییە هەر گا هەوەسم بێ |
| هەر شەو بە دزی نەغمە لە سەر سیدرە دەکێشم | با سابیت و سەییارەیی گەردوون عەسەسم بێ |
| حاجی کە نیگارم سەفەری کرد و نەمردم | عەیبم مەکە وەک هاتەوە ئەم شەرمە بەسم بێ |
6
[edit]| وا دیارە ڕەسم و قانوونێکی دەوران دادەنێ | کوردی ئێمە گەردشی گەرمێن و کوێستان دادەنێ |
| ئەی ئەمیری کوردەکان بۆ ئێوە عەیبە و شوورەیی | حیزەکی وەک ---- ---- دادەنێ |
| بۆ کەیە نامووس و عار و بۆ چییە ئیمان و دین | خاچ و ئینجیلی لە جێی تەفسیر و قورئان دادەنێ |
| هەر کە تاجی نایە سەر تەختی لە کوردستان دەبێ | خەرج و پیتاکی لە سەر گۆران و سۆران دادەنێ |
| مەدرەسە دەیکاتە جێی قیسیس و ڕەهبان و کەشیش | بانگە ناقووسی، لە تەکیەش پیری مەتڕان دادەنێ |
| بۆ ئیهانەت کامی ساحیب عیززەتە عەزلی دەکا | بۆ ڕەزیلی جووتیاری خۆی و گاوان دادەنێ |
| هەم لە جێی بەگزادەکان و جێی فڵان ئیبنی فڵان | بۆ ڕیاسەت سەربەسەر ئەلقابی -- دادەنێ |
| هەر لە پاش چەند ساڵی تر تەسخیری بەغدادیش دەکا | شارەزووری قشڵەیە، دەببۆ لە بابان دادەنێ |
| باغ و ڕاغی بولبولە دەیکاتە جێی زاغ و زەغەن | گورگ و مام ڕێوی لە بێشە و لانی شێران دادەنێ |
| خانەتان وێران دەکا قەسر و قوسووری لێ دەکا | بۆ ئەمەی نەچنە عەجەم ئێڵچی لە تاران دادەنێ |
| بۆ کوڕی چاک و کچی شیرینێ ڕای کێشێ بە زۆر | کوللی شار و دێهکەدە جاسووسی پەنهان دادەنێ |
| تا بزانێ کێ نوێژی کرد و ڕۆژووی گرتووە | بۆ سیاسەت کردنی پەنجا نیگەهبان دادەنێ |
| تا وەها بێ ئیتتیفاقی و سەرکەشی بێ شێوەتان | تاجی کیبر و نیخوەت و غیرەت لە سەرتان دادەنێ |
| شارەزای ئەحواڵمانە --- بێگانە نین | داغی سەد ساڵی هەیە ئەمڕۆ لە کوردان دادەنێ |
| خزمە بەسیە، تێ بگەن هەر بایە قەولی --- | شاهی ئێران ڕادەکا سوڵتانی تووران دادەنێ |
| ئیستە مەعلووم بوو --- ---- --- | زاهیرەن هەر کامیان تاعەت دەکا، نان دادەنێ |
| ڕێگر و حیز و دزە، ژن هەڵگر و ماڵانبڕە | فایدەی چی نێوی کونیەی خۆی موسوڵمان دادەنێ |
| وا دەزانێ قەومی خۆی وەک دایە بەر شیر و تفەنگ | قەسری دین ئاوا دەکا، بونیادی ئیمان دادەنێ |
| عەقڵەکی خوا داویە، گەر پیرەژن سەرفی بکا | دەستی ڕۆستەم با دەدا، تووران لە ئێران دادەنێ |
| ئیستەکێ ئەییامەکە هەر میللەتێ هیممەت بکا | مووری بێ مایە لەسەر تەختی سولەیمان دادەنێ |
| بەیتی حاجی چونکە ئەفسانەی تورکبازی نییە | زۆر وەڕینە، با وجوودی دوڕڕ و مەرجان دادەنێ |
| سایلێکی مەککەیی دێت و بە مەکتووبی درۆ | حیشمەتێک پەیدا دەکا، ماڵی فراوان دادەنێ |
| گەورە دەیخوێنێتەوە، هەم بەچکە دەینووسێتەوە | بەیتەکانی من لە گۆشەی تاقی نیسیان دادەنێ |
| بیست و سێ بەیتە قەسیدەم هەر کەسێ گوێی لێ بکا | پێ لە سەر تاقی مەهـ و ئەیوانی کەیوان دادەنێ |
7
[edit]| حەبیبی جان لە سەر چی ئەم ڕق و کینە، هەتا کەی بێ | بفەرموو دەنگی ساز و نەغمەیی موتریب، نەوای نەی بێ |
| بەری بوو دڵ لە عالەم تا لە نێو زولفت موقەییەد بوو | ئیتر فەڕشی حەیات و خۆشی یەکبارە دەبا تەی بێ |
| بە بادم دا دڵ و دین عاقیبەت بۆ بادەیی چاوت | دەمێکە توشنەیی هیجرم، بڵێن بادەی پەیاپەی بێ |
| لە نەزعی دەردی فیرقەت جانی زارم قەت خەلاس نابێ | مەگەر لەم کەوسەری لێوە، بڵێ بۆ خەستە با مەی بێ |
| لە بەر سێوی جەمالت حەق نیە تەنها منم مەحرووم | یەکێ لەیموون و یەک نارنجە، بۆ حاجی مەگەر بەی بێ |
8
[edit]| ئێمەش دەمرین دەبینە خاکی سەرەڕێ | ئەم ڕۆژ و شەوە تەنووری سوبحی دەگڕێ |
| دەسگا و دوکانی شارەکان دادەنرێ | ئەمیان دەفرۆشێت و ئەوی تر دەکڕێ |
| ئەم مردووە باوکی یەخەیی دادەدڕێ | ئەو بووکی نوێی هەیە کەوای بۆ دەبڕێ |
| بێ بستە فەلەک ئاشەکی وای ناوەتەوە | بۆ هاڕدنی ئێمە چ عەجایب دەگەڕێ! |
| لادێیش ڕەزی ئاو دەدات و وەردی دەبڕێ | حەیوانە دەزێ، سەگ دەوەڕێ، کەر دەزەڕێ |
| لوقمان لەمە دا شوانە ئەگەر خۆی بکوژێ | گاوانە فلاتوون لە غەما گەر بدڕێ |
| ئەم دەستە کە چوو دەستەیەکی تازەیە دێ | مەعلووم نەبوو ئەم کەشمەکەشە کەی دەبڕێ |
| عالەم هەموو مردن لە خەمی زانینی | ئەم حیکمەتەیان نەزانی، هیچ لێی مەگەڕێ |
| لەم لاوە هەتا حاجی نەچێتە ئەو لا | مومکین نییە تێ بگا لەوە، گەر بفڕێ! |
9
[edit]| داغی کردم بە جەفا لالەڕوخێ، زیبایێ | پیری کردم بە ستەم لامەزەبێ تەرسایێ |
| تیژبین وەقتی ستەم، گاهی کەرەم بێ بەسەرێ | لە وەفا هیچنەزانێ لە جەفا دانایێ |
| یاری ئەغیار و بە خۆی موئمین و کافرسیفەتێ | خزمی دوشمن ڕەوش و قاتیلی بێ پەروایێ |
| ناموسوڵمان سەنەمێ، خوێنی موسوڵمان ڕێژێ | سەرکەش و بەدخوو و هەم دڵشکەن و خودڕایێ |
| قیسسەیی حاڵەتی ئەو کەشفە لە ڕۆم و عەجەما | نییە وەک حاجیی بێچارە ئەبەد ڕیسوایێ |