دیوانی حاجی قادری کۆیی/ە
Appearance
1
[edit]| دالی قەدم کە ئەلفی عەسای گرت بە دەستەوە | تیر و کەمانی سەیدی جەوانیم نەبەستەوە! |
| ئەی پەیکی ناڵە بێنی سەری زولفی بێنە چنگ | گەر خاکی پێی دەڵێی، هەموو دەم وا بە دەستەوە |
| گاوی فەلەک بە باری غەمی زگ دەنێتە عەرز | من چوومە ژێری بێ گلە بەم جیسمی خەستەوە |
| بۆ قەسری وەسفی ئەو مەهە میعماری فیکرەتم | وەستاوە کوللی لەحزە بە خۆی و کەرەستەوە |
| قوربان ڕەقیبی سەگ دەس و پێمی شکاندووە | چۆن بتگەمێ بە پێی شەل و دەستی شکەستەوە |
| ئەو نەوڕەسەی ئیجارەیی مسکێنەکان دەکا | حەججاجە، گەرچی سەییدە بەم خەرج و هەستەوە |
| تا سوبحی گەردەنی لە شەوی زولفی هەڵنەیێ | حاجی مەڵێ بە تالیعی نووستوو: هەڵستەوە! |
2
[edit]| ئەگەر جورعەی ڕەقیبت لا گوڵاوە | نەکەی بیخۆیەوە پیس و گڵاوە |
| لە نەغمەی موتریب و مەی دانی ساقی | برینم کەوتە سۆ، داخم کولاوە |
| لە ڕێگەی تۆ ئەوی بێ پا و سەر بێ | پلۆقەی کەوشە، فەرقی بێ کڵاوە |
| مەڵێ نایخوێنتەوە نامەی فڵانی | لە برژان و لە سووتانا کوڵاوە |
| بە یادی کونجی تۆ حاجی وەکوو بووم | لە مەعموورە، دەچێتە ناو کەلاوە |
3
[edit]| باسی باوکی مەکە، ئارامی نییە ئەو تەرەسە | ڕۆژێ جاسووسە، بە شەو تا بە سبەینێ عەسەسە! |
| ناکرێ مەدح و سەنای تۆ بە زوبان و بە قەڵەم | حەقە مەدحت نەکەم و قافییەزانیم عەبەسە |
| شێر وەکوو موورە لە لای زولفی کەمەندئەندازی | فیلە مێشوولەیە، لێی لابدە، عەنقاش مەگەسە |
| عادەتی گرتووە عوششاقی نەبێ هەڵناکا | وەرنە بۆ کوشتنیان، نیمەنیگاهێکی بەسە |
| لێوی وەک قەندە موکەڕڕەڕ لە دەما شیرینە | بۆیە تەکرارە وەکوو ناڵە ئەنیسی نەفەسە |
| چوونە ژێر باری ڕیاسەت کەری و ئەحمەقییە | لە قەتاریش ئەوی پێشەنگە عەلاوەی جەرەسە |
| بوومی وێرانە بە ڕۆژ و سەگی ئەو کۆیە بە شەو | هەردوو خزمی یەکن و حاجی بە بێ خزم و کەسە |
4
[edit]| ئەگەر خاڵت بڵێم میشکی خەتایە | عەزیزی من ئەمەم عەینی خەتایە |
| لە بەر نەوخێزی سەبزەی دەوری لێوت | تەنم کاهیدە میسلی بەرگی کایە |
| دەڵێن عەنناب و شەککەر چاکە بۆ دەرد | گوڵاوی لێوی تۆ بۆ من شیفایە |
| تەبیبم هاتە بالینم وەهای گوت: | درێغا دەردی عیشقە، بێ دەوایە |
| ئەگەر کوفرە بڵێم من موبتەلاتم | وەرە سا بمکوژە بیللا غەزایە |
| ئەوە خاڵە لە سەر گۆنای شەریفت | وە یاخود دانەیی داوی بەڵایە |
| خەمیدە قامەتی داوی خەمی تۆم | ئەمەندەی ڕاستە حاجی بێ ڕیایە |
5
[edit]| ئەی موحەممەد وەی امین الدوله ئیمڕۆ کۆیی تۆ | جەننەتێکە کەوتە دۆزەخ هەرچی لێی دوور کەوتەوە |
| موددەتێکە دەربەدەر گەردی دیاری غوربەتم | بەندە یادی ئاستان بووسی ئەتۆی کرد هاتەوە |
| چونکە توحفە لازمە هەر کەس لە غوربەت بێتەوە | بەم دوو فەردە من قەزای سەد گۆنە توحفەم کردەوە |
| قاوەچی بەزمی ئەتۆ دنیایە، سینی ئاسمان | ئافتابی زەرفە، فنجانی مەهە، قاوەی شەوە |
| ئەو شەوە بۆ هەر کەسێ دونیا بکاتە ڕۆژی ڕوون | شەو لە خیتتەی عومری ئەو عەنقایە دەربانی خەوە |
6
[edit]| ئەو فەلەک ڕیفعەتە هەر لەحزە نیقابێکی هەیە | کێ دەزانێ وەکوو من خانەخەرابێکی هەیە |
| ڕاستە دڵ خەستە و بێچارە وەکوو نەرگسی تۆ | نەرگسی مەستی ئەتۆ بەس نییە خوابێکی هەیە |
| شەمعی من سەرزەنشی قەت مەکە پەروانە ئەگەر | ئێستە خامۆشە، شەو ئەلبەتتە جەوابێکی هەیە |
| شێعرەکانم کە غەریبی وەتەن و نەوسەفەرن | وەرە بیخوێنەوە ئەم نوقتە سەوابێکی هەیە |
| قەدری حاجی بگرن مەقسەدی هەر دیدەنییە | وەرنە هەرچی بگری نانەک و ئابێکی هەیە! |
7
[edit]| بای وەعدە بەفری بردەوە، یەخبەندی کردەوە | گوڵ شەمعی پێ کرا، شەرەری جەمرە مردەوە |
| ئەسپی ڕەش و سپی بە گرەو غار دەدەن بە تاو | وەک ڕۆژ و شەو، دیارە لە شەو ڕۆژ دەباتەوە |
| بولبول دەخوێنێ، با لە دەفی بەرگی گوڵ دەدا | خونچە لە باتی گوێ بگرێ، دەم دەکاتەوە |
| نێرگس لە مێرغوزار دەزانی بە چی دەچێ | بنواڕە ئاسمان لە شەوا عەینەهوو ئەوە |
| تامی نەماوە قیسسە و فورسەت غەنیمەتە، | مەعلوومی خاس و عامە هەچی چوو نەهاتەوە |
| میسلی شەراری کاغەزە سووتاوە عومرمان | ڕۆمی کە دەفع بوو گرێی دڵ دەفع دەبێتەوە |
| لەم وەقتە هەر کەسێ وەکوو حاجی لە گوڵشەنا | دەستەگوڵی بە دەستەوەیە دەستی بردەوە |
8
[edit]| تا گوڵی ڕوخساری تۆ وەک من هەزاری عاشقە | ڕاستیی قەددت لە سەر سەرو و سنەوبەر فایقە |
| با لە هەردوو لا بە زولفت باوەشێنی لێ نەکا | مێشی خاڵت نافڕێ پابەندی شەهدی ڕائیقە |
| بۆ چی گوڵ پێناکەنێ ئاهم سەحابی باغییە | گریە بارانی بەهارە، ناڵە ڕەعدی باریقە |
| شەو لە داخی عاریزت، ڕیشی سپی بوو ئاسمان | گەر دەڵێی کەززابە ها بورهانی سوبحی سادیقە |
| سونبولی زولفت پەرێشانە، قەدی سەروت بڵند | دڵ پەرێشانی پەسەندە نالەباری لایقە |
| حاسڵی وەسفی گوڵم نایێتە سەر حەدد و بەیان | شیرینی فەرهادە، لەیلای قەیسە، عەزرای وامیقە |
| من دەبێ بمرم ئەگەر مەنعم نەکا حاجی لە خۆی | با جەوابی لَن ترانی، خَرَّ موسی ساعیقە |
9
[edit]| زەمانە ڕەسمی جارانی نەماوە | چراغی نازم و مونشی کوژاوە |
| لە دەوری ئێمە ڕۆمان و جەریدە | ئەگەرچی مەقسەدە، زانینی باوە |
| ئەمان قەدری بزانن ئەم کتێبە | لە دنیا ئێستەکی هەمتای نەماوە |
| لە ئەییامی حەیاتی شێخی خانی | لەسەر نوسخەی خەتی ئەو نووسراوە |
| لە لای ئەربابی خۆی بۆ قەدر و قیمەت | خەزێنەی گەوهەرە و کیسەی دراوە |
| لە مەجمووعی دووەل سۆران و بۆتان | لە سایەی ئەم کتێبە ناسراوە |
| لە کوردان غەیری حاجی و شێخی خانی | ئەساسی نەزمی کوردی دانەناوە |
10
[edit]| دڵبەرم مامزییە، بازی بە ڕەفتاری کەوە | ئەی دڵی خەستە وەکوو گوربە بە شوێنی مەکەوە |
| داغداری ڕوخییە لالەیی حەمرا لە چەمەن | نەرگسە چاولەبەری غەمزەیی غەممازی ئەوە |
| چی لە من داوە ئەجەل حەققی نییە بێتە سەرم | خۆم ئەسیرم، دڵە نەزرە، ئەوە جانیش گرەوە |
| حەز دەکەی سوبحی قیامەت لە شەوا دەربکەوێ | پێی بڵێ: دوگمەیی ئاوێنەیی سینەت بکەوە |
| سەفەری زولفی مەکە حاجی شەوت لێ دەگەڕێ | با وجوود ڕۆژە لە لات وایە کە تاریکەشەوە |
11
[edit]| تەماشای قامەتم پیری چلۆن تیری عەسای دایە | درۆیە داری گەورە وەک نەمامی تازە دانایە |
| ڕقی لێمە فەلەک، ساقی کەرەم فەرموو ڕەقی بێنە | ڕقی وشکی لە تۆ نایێ ئەمان موتریب! لە تۆ نایە |
| لە دنیا ئەمتیعەی وەسڵی لەگەڵ من ناکرێ سەودا | هەموو چین و خەتا لەم لا لە زولفی لام هوەیدایە |
| کەلیمە ئەو دەمە، زولفی عەسایە، خەتتی فیرعەونە | یەدی بەیزایەتی گەردن، جەبینی تووری سینایە |
| سولەیمانێکە «نالی» ساحیبی دیوان و فەرمانە | نییە کەس بێتە مەیدانی مەگەر حاجی خودئاسایە |
12
[edit]| جەهلی ئیشکالی مەسایل وا خەتی زانینمە | زولفی تۆ قەید و حەواشیی سیلسیلەی ئاهینمە |
| دەخڵی خەرجی خۆمە بارانی نەباتانی زەوی | هەوری پاییز ڕوویی سووتان خوسرەوی هاوینمە |
| خامە داخوازی دەکا ئەبکاری مەعنا، پێی دەڵێ: | ڕووسیاهی دووزمان قەتعی سەرت کابینمە |
| ڕۆژی هیجران مەیلی ئەغیاری هەبوو ها بمکوژە | حامیلی باری خەمت هەر گیانە چاو خائینمە |
| عەزمی تابووری سەفی موژگانی تۆ بۆم هات بەتاو | هێرشی بۆ قەلعەیی ئیمانە یا ئایینمە |
| سەیری حاجی کردووە یار هات و ئێستا دەیکوژێ | یا خودا وا بێ ئەمن چەند ساڵە وا ئامینمە |
13
[edit]| ڕۆستەمی مازەندەران ئەو وەقتە دەستی بردەوە | هاتە ڕێی دێوی سپی، ئازانە دەستی کردەوە |
| هەروەکوو شارانی تر کەس ئاشنای کۆیێ نەبوو | شوهرەتی ئەبیاتی من خەڵکی لە سەر کۆ کردەوە |
| هەر کەسێکی دایە بەر شەق زاڵی دونیایی دەنی | گۆی لە مەیدانی جەوانمەردانی عوقبا بردەوە |
| ئەم هەموو زوڵمەی ڕەقیب کردی لە ئاخر، دڵبەرم | ماڵی ئاوا بێ بە ماچی لێوی تۆڵەی کردەوە |
| داستانی هیجری من شەرحی بە نووسین ناکرێ | پێت دەڵێم چۆنە ئەگەر چاوم بە چاوت کەوتەوە |
| ئاهی من سوورە، چیا وەک لۆکە هەللاجی دەکا | عوقدەیی زولفی گرێی موویینە با نایکاتەوە |
| هەر کە بیستم پێم دەڵێ: حاجی سەگی دەرگانەمە | من لە ترسی گورگی بەدکارم کەری خۆم بەستەوە |
14
[edit]| عەسا و قامەتم تیر و کەوانە | کەچی دڵ تالیبی ڕەوتی کەوانە |
| ئەگەر جەمعی وەکوو عەقدی سورەییا | پەرێشانت دەکەم وەک حەفتەوانە |
| هەتا کەی هەروەها شەققەی سمت دێ | غەم و غوسسەی جیهان باری گرانە |
| ددان و مووی سەری وەک کوهنەپیران | نیشانەی داوەشان و هەڵوەرانە |
| جەوانی وەک جوانی کەوتە داوی | لەغاوی ڕیشییە، زینی ڕەوانە |
| بە سەر چوو خەتتی سەبزی، مژدە ئەی دڵ | دەمی دروێنەیە و خەرمان و دانە |
| ئەوی خۆشم دەوێ میسلم نەدیوە | بە غەیرەز خۆی لە ژێر ئەم ئاسمانە |
| لە بەینی زولف و خاڵ و نوونی ئەبرۆ | بە ئەلفی قامەتی جانی جیهانە |
| لە هەردوو لامەوە زولفی دوو لانە | ئەسیری کردم و بێ ئاشیانە |
| لە ڕۆما گەر مەتاعێ بێ تەماعی | بە خۆڕایی بدەن هێشتا گرانە |
| ئەبووزەڕ مالیکی دنیایە لێرە، | ئەوی «غازی» هەیە ساحێب «قڕانە» |
| ئەگەر توججاری حاجی پارە بێنە | مەتاعە نیک و بەد، دنیا دوکانە |
| لەبۆ عوقبا بزانە کام بە کەڵ دێ | ئەتۆ موختاری ئێستا لەم میانە |
15
[edit]| خەزنەیێکە بەیتی من دوو میسرەعم داخستووە | کەس تەماعی تێ نەکا ڕێگەی دزم لێ بەستووە |
| بیکە بەر دیبایی نەزمم تا قیامەت نادڕێ | چونکە ئەبکاری مەعانیی تار و پۆیی ڕستووە |
| زاهیرەن بەیتم لە نالی و کوردی زۆر کەمتر نییە | تالعم بەرگەشتەیە، بەدبەختە بەختم نووستووە |
| باسی حوور و باسی غیلمان و پەری بۆ من مەکەن | وەک مەهی بێ میهری خۆم نەمدیتووە و نەمبیستووە |
| نیوەشەو گەر دەرکەوێ وەک ماهی سەرکەل تەلعەتی | وا دەزانن ئافتاب و موشتەری سەر بستووە |
| دەست و پێی ئەو پادشاهی حوسنە کوێلەم پێ دەڵێن | هێندە ئەنگوستی پەشیمانیم لە حەسرەت گەستووە |
| دڵ لە کونجی سینەدا گەر خوێن دەنۆشێ و غەم دەخوا | حاجی بۆ قوربانی عیدی وەسڵی تۆ دایبەستووە |
16
[edit]| خەم مەخۆ بۆ نان و خوانت خەڵقی هێشتا نوستووە | زاڵەکەی دنیا تەنووری مەشریقی داخستووە |
| بێخەویم دایێ نەخۆشیم لێ کڕی چاوی، کەچی | وەک من و بەختی سیاهم هەر نەخۆش و نوستووە |
| لێت دەشێوێ هەر کە زولفەینی پەشێوی لابدا | ماهتابی سەرکەلە یا ڕۆژەکەی سەر بستووە |
| دڵبەرم بەرمامکی دابوو لە بەر ئێشی ددان | وا دەزانن ڕوومەتیم ئەمشەو لە خەودا گەستووە |
| تاقەت و سەبرم ئەگەر ڕوویین تەنی ئەفراسیاب | ڕۆستەمی هیجری لە ئەرزی داوە دەستی بەستووە |
| ئەی سەبا یارم ئەگەر پرسی لە حاڵم پێی بڵێ: | مابوو تا ئەو وەقتە هاتم وادەزانم مردووە |
| خەم مەخۆ قوربان لە بۆ قوربانی عیدی وەسڵی تۆ | موددەیێکە بەو ئومێدە حاجی خۆی دابەستووە!! |
17
[edit]| قیسسەی شەبی هیجرانی مەکە باسی سبەینە | لەو شامەوە تا سوبحی دوسەد فەرسەخی بەینە |
| مەورووسی تووە خوڵقی حەسەن، حوسنی خەلایق | چونکی کە موسەغغەر بکرێن هەردوو حوسەینە |
| قانوونی شیفابەخشی نیگاهت بە ئیشارات | جەللادی ڕمووزی کوتوبی حیکمەتی عەینە |
| زاهیر مەکە دەللاکی بە مووسای یەدی بەیزات | بۆ خەتتی یەهوودی کە شەڕی بەدر و حونەینە |
| تا سادە بوو جانی نەدەویست ئێستەکە لەعلی | دوو شاهیدی مەستی خەتی هێناوە کە بەینە |
| دڵ گەرمە بە دەوری قەمەری گەردشی چەرخی | خورشیدی زەمانە کە هەموو مووجیبی بەینە |
| یار هاتەوە فەرمووی خەتم هێناوە بە سەوقات | پێم گوت: ئەگەر ئەم توحفەیە بۆ حاجییە مەینە |
18
[edit]| لەسەر شەو ڕۆژی داناوە، مەڵێن فێسی لە سەر ناوە | لە بەر با جامی یاقووتی بە میشکی وشکی داداوە |
| لە دامێنی چیا بۆ خەرمەنی گوڵ خێوەتی خارا | بە دوو ئەستووندەکەی زیوین تەنافی زولفی هەڵداوە |
| لە بەرقی ڕەنگی شەڕواڵی حەیا دامێنی هەڵماڵی | لە تەققەی دەنگی خرخاڵی لە گەردوون زوهرە داماوە |
| لە تەققەی ناڵ و شەققەی پانی بەرزی ئاسمان لەرزی | تەق و تۆق کەوتە سەر ئەرزی، دەڵێی مەحشەر هەڵستاوە |
| لە تاویەی هەڵگەڕاوی زولف و خاڵی ڕەش تەماشا کەن | بۆ تەیری دڵ بیعەینیهی دەڵێی ئەم دانە ئەو داوە |
| بە سەد خوێنی جگەر فێری نیاز و ناز و عیشوەم کرد | کەچی ئێستاکە دەمگاتێ دەڵێ سا لاچۆ بەو لاوە |
| لە تەسویری قەڵەم موو کەوتە بەر دەم، نوقتەکی دانا | ئەوی کردە کەمەر نەققاش ئەمی بۆ زاری داناوە |
| دەری تۆ کەعبە بوو حاجی تەوافی کرد و نەیزانی | چ قەوما کەعبە کەچ بوو، مسجدالاقسىیە ڕووخاوە! |
19
[edit]| ئەم خەیمە کە شەمسییەیی شاهەنشەهی ئەرزە | تا چادری نیلووفەری سەر تەپڵەکی بەرزە |
| ئەتنابی وەکوو توولی ئەمەل لاموتەناهی | ئەوتادی وەکوو کێوی ئوحود مەرکەزی فەیزە |
| سەقفی وەکوو گەردوونە، شکافی وەکوو ئەنجوم | پەردەی وەکوو ئەدواری سەما ئەتڵەسی سەوزە |
| هەروەک ئەلفی جانە ستوونی لە سکوون دا | نەک تابیعی غەیرە، موتەحەڕڕیک وەکوو هەمزە |
| ئەوسافی وەکوو خەتتی دو زولفە بە چەپ و ڕاست | وەک ماری موتەلسەم کە تەلیسمی سەری کەنزە |
| وەسفی چ بکەم؟ نێوەنی گوڵ، دامەنی سونبول | شایستە سەناخوانی بکەم هەروەکوو فەڕزە |
| لای ژووری سەمەن، نێوەنی گوڵ، دامەنی سونبوڵ | لەو سوورەت و مەعنایە کە سەد جەننەتی لەغزە |
| فیلجوملە وەکوو خاڵی ڕوخی دڵبەری حاجی | دڵ پەستە، دەسا بادی سەبا هەستە مەلەرزە! |
| هەر لێرە هەتا دەشتی بەهەشت ئاینی لاجان | ئاهیستە بڕۆ نەک وەکوو دێوانەیی هەرزە |
| تا داخیلی خەڵوەت دەبی ئەمجا بە وەکالەت | خاکی قەدەمی ماچ بکە بەم تەرزە کە تەرزە |
| مەئزوونی ئەوەندە وەکوو ئاهم بە نەزاکەت | لا دەی سەری زولفی نە وەکوو بیخەیە لەرزە |
| ئەم نەوعە گوڵە هەڵدەکەوێ ساڵێ لە قەڕنێ | نەک وەک گوڵی بازاڕییە هەرساڵە کە سەوزە |
20
[edit]| بە ڕوخ و زولفی شەو و ڕۆژی هەتا ڕۆژ و شەوە | گرپەیی دەم بە دەمم دوژمنی خوێنینی خەوە |
| فیتنەیی غەمزە و نازی نیگەهـ و چاوە کە وا | هات و هاوار و هەرا و گێچەڵ و تاڵان و ڕەوە |
| دڵ لە فیکری دەهەنت هالیکی ڕێگەی عەدەمە | یا موقیمی سەری زولفی تۆ وە یا ڕاهڕەوە |
| لەگەڵ ئەم ئاهووە دێ ئەم سەگی ڕیش کۆن و نوێ | دێتە سوو، دێتەوە سوێ، ڕێشێ کە کۆنەجدەوە |
| لە بەهای موژدەیی وەسڵی قەدەمی چت بدەمێ | دڵ ئەنیسی سەری کۆی دولبەرە جانیش گرەوە |
21
[edit]| لە دەوری خاڵەکەی کوڵمی کە ماری زولفی داناوە | لە سەر تەسویرەکەی ئادەم مەلەک سەد عوزری هێناوە |
| شەوی میعراجی سوبحانە بە قەددی سەروی تۆی زانی | لە سیدرە جوبڕەئیل بۆیێ لە نیوەی ڕێگە لایداوە |
| کە شەیتان تاقی میحرابی برۆی تۆی دی وتی: یا ڕەب | لە سوجدەی حەزرەتی ئادەم سەری خۆم بۆ چی باداوە! |
| بەڵام ئەی ویشکەشێخانی زەمانە پێم بڵێن ئاخر | لەبەر چی پەرچەمی ساقی لە سوبحی جەبهە تۆراوە |
| بەغەیرەز باسی ئەو زارە موهیممە دەرکی ئەو زارە | ئەوی بیستوومە بیستوومە، ئەوی دیتوومە دامناوە |
| چ سەییادێکی سەییادی کە بۆ سەییادی ئوستادی | چ هەستی کردووە هەستا چ بازی بەست و وەستاوە |
| وەرە ڕەبعی دڵ و چاوم بەهەشتی ڕوبعی مەسکونە | هەتا دڵ حەز دەکا باخە هەتا چاو بڕ دەکا ئاوە |
| نیهایەت بمکوژن وەڵڵا لە ماچی لێوی خۆش نابم | ئەوی خوا حەز نەکا نابێ، ئەوی قەوماوە قەوماوە |
| لە حەققی مەقدەمی حاجی قوڕی کوێ کەم بە سەر خۆما | دڵێکم بوو لە دنیادا ئەویش بەینێکە تۆراوە |
22
[edit]| لە دوو لا ئەژدیهای زولفی لە گەنجی حوسنی ئاڵاوە | لە لایەک عاقڵم ئەمما لە ئەو لاوە تەمەع خاوە |
| لە بۆ مەردوم وەها چاکە کە ماڵی خۆی لە بەر چاو بێ | وەکوو چاوم لە دنیا دا ئەگەر مەحسوولی هەر ئاوە |
| لە ژووری ئاوی مووسایە، لە خواری ئاگری توورە | عەجایب خەتتی فیرعەونی نە خنکاوە و نە سووتاوە |
| ئەگەر چاوم لە دوڕباری نە عەینی ما نە ئاساری | لە دینی ناکەوێ چونکە نیشانەی خاڵی هەر ماوە |
| ئەمێستێ مووری خەتتی ماچ بە وەجهی توحفە گەر بێنێ | ئەگەر لاقی کولەی پێ دا سولەیمان خاتەمی داوە |
| بە سەر ڕووما دەیێ تابووری ئەشکم بۆ مەدەدکاری | کە دیتم قەلعەیی حوسنت سوپای خەت مەحسەرەی داوە |
| یەقین مورغی دڵم حاجی لە داوی زولفی دەرناچێ | هەتا ئەم خاڵە موشکینە مەکانی عەنبەری خاوە |
23
[edit]| قسەیێکم هەیە دەیکەم مەڵێ بێ تەجرەبەیە | با وجوودی، ئەوی نادانە لە لای وەک گەمەیە |
| موقتەزای ئاب و هەوای خاکی دیاری ڕۆمە | ئەهلی سووتاوی مەیە، بەستەیی ئاوازی نەیە |
| حاکمی ڕێگری مەعموورەیە، قازیی دزی ڕۆژ | وزەرا و وکەلای گورگە، ڕەعییەت گەلەیە |
| سالیکی ڕیخە ئەگەر شێخە ئەگەر مێخە، لەوێ | شێخە هەر کامێ نەدا تا دەمرێ هەر دەدەیە |
| زانی و شاریب و لۆتی دەگرن؛ والی دەڵێ: | بەری دەن پارەیی خۆی دایە، چ عەیبێکی هەیە |
| هێندە بێگانە لە ئیسلامن و ئەحبابی فەرەنگ | موتتەقی دێوە لە لایان، موتەشەڕیع شەوەیە |
| زوڵمیان عامە لە سەر عاممە، ڕەعیەت فەوتا | تۆ مەکە مەنعی عەوامیل، کە خەتای گای بنەیە |
| هەر لە شا تا بەگەدا تووشی یەکێکی نابی | لێی بپرسی بە حەقیقەت بڵێ: جەددم ئەمەیە |
| لازمە ئەم غەزەلە وەک غەزەلێ بیکەنە بەر | هەر وەکوو حاجی: ئەگەر شارە، وەگەر دیهکەدەیە |
24
[edit]| لە نەزاکەت کەمەری وەک خەتی ئەهلی حیکەمە | لە نەبووندا دەهەنی بێ قسە عەینی عەدەمە |
| چین یەکێکە کەچی زولفی کەچی عاجزە، بۆ؟ | دڵی سەودایی خەتای کردووە بۆیە نەدەمە |
| ماچی ئەو خونچەدەمە بێ حەقی جان موهری دەمە | سالیکی ڕاهی عەدەم، بێ دەمی نەقشی قەدەمە |
| گەر ڕەزا بێ چییە بۆ ماچی دەمی جانی عەزیز | تەجروبەم کردووە عیشرەت بە دەمە نەک بە دەمە |