دیوانی ئەحمەد موختار جاف/ە
Appearance
1
[edit]| دڵبەرێکم هەیە سیمینبەر و خۆش ڕەفتارە | چاوی وەک نێرگسی شەهلا هەموو دەم بیمارە |
| ئەبرویی قیبلەیە، خاڵی حەجەرولئەسوەدە ئەو | پەرچەمی میسلی سەلیب، زوڵفی ئەڵێی زوننارە |
| ڕووی گوڵەباخە نیگارم بە خوا حەیفە کە ئەو | هاوڕەفیقی شەو و ڕۆژی دڕک و هەم خارە |
| ساحیبی عیشوەیە غارەتگەری ئیمانی مەیە | دڵڕەق و زاڵمە بێ میهر و وەفا و عەییارە |
| ڕوویەتی ئاهویی چین و نیگەهی ئافەتی دین | دەمی وەک فندق و لێوی هەر ئەڵێی گوڵنارە |
| بۆ فریبی دڵی ئەحمەد هەموو دەم ئەو شۆخە | حازرە یاڕەبی، ئەو دڵبەرە چەن مەککارە |
2
[edit]| دوو دیدەیی مەخموورت غارەتگەری ئیمانە | بۆ زوڵفی پەرێشانت حاڵم چ پەرێشانە |
| بۆ عاشقی بێچارەت وەک ڕۆژی حەشر وایە | گەر بێت و دەمێ دەرخەی ئەو سوبحی گریبانە |
| وەک خاکی ڕەهت جانا کەوتووم لە سەری ڕێگەت | شایەد کە بە سەرما بێت ئەو گەردشی دامانە |
| ئەم سەرمە لە مەیدانە گۆی بازییە ئەی دولبەر | چونکە کە سەری زوڵفت وەک حەڵقەیی چەوگانە |
| هەر چەندە وجوودی من سووتاوی غەمی تۆیە | ماچی لەبی ڕەنگینت بۆ من وەکوو دەرمانە |
| دایم لە غەمی باڵات دوو دیدەیی خوونبارم | نمناکە فیدای تۆ بم هەر پیشەیی گریانە |
| تۆ پادشەهی حوسنی ئەی ئافەتی جان و دڵ | عاشق وەکوو مەملووکت ئامادەیی فەرمانە |
| فەرمووی بە من ئەی ئەحمەد حازر بە لەبۆ کوشتن | ئازاد بە لە دەرد و غەم وا مەوسیمی قوربانە |
3
[edit]| دڵی وەک هوزاری حەزینی من شەو و ڕۆژ بە ئاهـ و ناڵەیە | بە ئومێدی چاوی مەستی تۆ، بەتەمای مەی و پیاڵەیە |
| لە غەم و فیراقی قامەتت، لە دوو چاوی پڕ لە خوێنی من | کە بەخوڕ هجووم ئەکا سروشک وەکوو ئاوی کانی نەواڵەیە |
| بە نیگاهـ و غەمزەیی دولبەرم کە ئەڵێی غەزاڵی خەواڵووە | سەبەب چییە بە ڕۆژ و شەو کە ڕەفیقی ئەو گەماڵەیە |
| مەهی ئەوجی ناز و نیعمەتە شەهی موڵکی عیزز و شەوکەتە | خەتی دەستی کاتبی قودرەتە، خەتی عاریزی قەباڵەیە |
| وەرە سەیری باخی ڕوومەتی، وەرە سەیری گوڵشەنی قودرەتی | قەد و قامەتی وەکوو نەیشەکەر، بە نازگی گوڵە ژالەیە |
| دڵی ئەحمەد و من بێ نیشان، سەر و ماڵی عالەمی ئینس و جان | بە فیدایی ئەو خەت و خاڵەیە، بە فیدایی ئەو خەت و خاڵەیە |
4
[edit]| سەر و ماڵم فیدای ئەو چاوە کاڵە | دڵم پڕ خوێنە بۆ ئەو لێوە ئاڵە |
| کە ئەو شۆخە لە حەق من میهرەبانە | ڕەقیب حیلە و دەسیسەی تۆ بەتاڵە |
| لە ئولکەی دڵبەریدا یارم ئەمڕۆ | شوکور شاهەنشەهی حوسن و جەماڵە |
| بە شمشێری برۆت ئەی یاری بەدخوو | دەخیلە بمکوژە خوێنم حەڵاڵە |
| لەلام بێ قەدرە نەسرین و وەنەوشە | ئەگەر دەستم کەون ئەو زوڵف و خاڵە |
| بە دنیا دڵ مەبەستن ئەی ڕەفیقان | گەلێ دامادی دی ئەم پیرەزاڵە |
| وەفا و خووبان و سەبر و عاشقی زار | نەبینراوە ئەمە ئەمری مەحاڵە |
| فیدات بم چۆن بنووسم شەرحی حوسنت | لە تەعریفی، زوبانی خامە لاڵە |
| لە دنیا هاتن و دەرچوون لە لای من | بەڕاستی ئەحمەدا هەر وەک خەیاڵە |
5
[edit]| ئەمشەو لە غەمی تۆ دڵەکەم زار و زەبوونە | مەجڕووحە دڵم دیدە کە ئاڵوودە بە خوونە |
| ئەلفی قەدەکەم ئێستە لەبەر حەسرەتی باڵات | وا خەم بووە گیانا کە ئەڵێی حەڵقەیی نوونە |
| ئەو تاو و شەرارەی کە ئەڵێن وا لە سەقەردا | عوشرێکە لە میعشاری گڕ و سۆزی دەروونە |
| هەڵسە وەرە لای عاشقی سەرگەشتەیی وێڵت | سەیری کە، کە چەن شێت و چ سەرخۆش و جنوونە |
| بنواڕە چ غەڕڕایە «کەماڵی» هەموو شیعرم | عەیبی منی بێچارە بە خوا پارە نەبوونە |
6
[edit]| چارشێوی هەڵبڕی لە سەری خۆی بە شەرمەوە | یار پێکەنی بە ڕوومەوە دوێنێ بە نەرمەوە |
| فەرمووی بە من کە ئێستە لەبەر غەم زەعیفی تۆ | حەقتە ببی بە حەڵقە بە دەوری کەمەرمەوە |
| ڕووناکی چاوی من بە مولاقاتی تۆ ئەبێ | ڕۆحم فیدایی تۆیە بە نووری بەسەرمەوە |
| گفتا پدر تو پیر شدی ترک عشق کن | پێم وت دڵم جوانە لە عیشقی پسەرمەوە |
| هەر وەختێ دێتە بەر نەزەرم ڕۆژی وەسڵی تۆ | ڕەقس و سەما ئەکەم بە دڵی پڕ کەدەرمەوە |
| لەم ڕۆژەدا نەماوە ڕەواجی هونەر خوا | مەحوم بکا بە خۆم و بە عیلم و هونەرمەوە |
| ئاوارە بووم و کەوتمە چۆڵی و لە یار جودام | چیبکەم بە دەستی عەقڵی دڵی دەربەدەرمەوە |
| شمشێری ئەبرووانی ئەگەر دەرنەخا نیگار | ڕۆحم فیدای ئەکەم بە زرێم و سوپەرمەوە |
| بولبول سیفەت خەریکی فوغانم بە ڕۆژ و شەو | هەر ناڵەمە لە عیشقی گوڵی سیمبەرمەوە |
| وێران و چۆڵە موڵکی دڵی ئەحمەدی هەژار | ئەمڕۆ لەبەر غەمی بوتی بێدادگەرمەوە |
7
[edit]| قووتی دڵم بە ماچی دەم و لێوی ئاڵتە | ژینم بە مەدحی غەمزەیی دوو چاوی کاڵتە |
| سبحەینێ زوو لە مەشریقەوە ڕۆژ کە دێتە دەر | ڕەنگە بڵێم کە شوبهی شوعاعی جەماڵتە |
| فەرمووی بەسە دە بیبڕەوە بەسیە ناکۆکی | بۆ وەسڵی من بە سۆزی دەروون ناڵەناڵتە |
| هەرکەس کە عاشقی من ئەبێ چاری مردنە | ئەی شێتە تۆ خەیاڵی شتێکی مەحاڵتە |
| نایدەم بە تاجی خوسرەوی ئەو دەرک و قاپییە | جارجار کە گوێم لە جوێن و قسەی توند و تاڵتە |
| یار تینووە بە خوێن و لە تەگبیری قەتڵییە | ئەحمەد ئەوەندە شێتە خەیاڵی ویساڵتە |
8
[edit]| سەیری ئەم بەختی ڕەش و نەحسە چ ناهەموارە | یاری چەن ساڵەمە ئێستاکە لە من بێزارە |
| خۆم فیدای نێرگسی شەهلا ئەکەم ئێستا شەو و ڕۆژ | چونکە وەک دیدەیی ئەو یاری منە بیمارە |
| هەر گورێزانە لە من دەستی ڕەقیبێ ئەگرێ | ئەی خوا دڵبەری من بۆ چی ئەوەند غەددارە |
| بەم سەری پیرییەوە جێگەیی من مەیکەدەیە | سەیری ئەم عاشقە چەند سەرسەری و بێ عارە |
| حەقیەتی عاشقی بێچارە لە دین وەرچەرخێ | چونکە ئەو پەرچەمە پڕپێچە ئەڵێی زوننارە |
| زوڵم و جەوری وەکوو زوححاکە خەریکی قەتڵە | حەڵقەیی زوڵفی لە پێش چاوم ئەڵێی ڕەشمارە |
| شێری نەڕ ئێستە ئەسیری دەسی ڕێوی حیزە | ئیشی ئەم چەرخە تەماشاکە چ کەچ ڕەفتارە |
| ملی کەر پڕ لە زەڕ و زێوەرە ئەسپی نەژدی | لەڕ و لاواز و لەجەر کەوتووە وا زامارە |
| بە سەری تۆ قەسەم ئەی یاری دڵازاری من | قیسمەتی من هەموو هەر دەردی دڵ و ئازارە |
| بتکوژێ بتبڕێ ئەو شۆخە دەخیلم عاشق | زویر مەبە هەر چی بکا ساحیبە خۆی موختارە |
| مەنعی ئەحمەد مەکە زاهید کە هەمیشە مەستە | عەفوی ئەو ڕۆژی جەزا سەهلە خوا غەففارە |
9
[edit]| خاڵی ڕووت داخی دڵی زامار و بیماری منە | ڕوومەتت گوڵ، قامەتی تۆ سەروی جۆباری منە |
| ئەی تەبیب بۆ چی موداوای زامی جەرگی من ئەکەی | باعیسی ژین و حەیات و سیححەتم یاری منە |
| پێی وتم عاشق لە گەنجی حوسنی من بەهرەت نییە | پاسەوانی ئەم تەلیسمە زوڵفی ڕەشماری منە |
| من وتم دولبەر لەبەر چی لالە دڵ خوێنینە وا | پێی وتم عاشق بە لێوی ئاڵی گوڵناری منە |
| ئەی ڕەفیقان، گەر ئەپرسن ئەم برینانە چییە | تیرەبارانی نیگاهی شۆخی غەدداری منە |
| لابە توخوا عوود و عەنبەر، باعیسی دەردیسەرە | بۆنی زوڵفی ئەو نیگارەم موشکی تاتاری منە |
| مردن و سووتان و قوڕپێوان وەزیفەی ئەحمەدە | تەرکی سەرکردن لە عیشقا چاوەکەم کاری منە |
10
[edit]| تۆ کە یارم بی ئیتر غیلمان و حوورم بۆ چییە | ڕوو ئەگەر دەرخەی تەجەللای کێوی توورم بۆ چییە |
| ناڵەیی سینەم وەکوو نەی، سەر وەکوو سەمتوورە بۆت | من بە غەم شادم ئیتر کەیف و سروورم بۆ چییە |
| گەر خوا بیکا موتاڵای موسحەفی ڕووی تۆ بکەم | دڵبەرا ئینجیل و تەورات و زەبوورم بۆ چییە |
| گەردنی سافت لە پێش چاوم ئەگەر بێ جیلوە کا | کافییە بۆ من ئیتر مینا و بلوورم بۆ چییە |
| بێ وجوودی تۆ لەلام وەک دۆزەخە باخی جینان | گەر نەبێ تەشریفی تۆ من شارەزوورم بۆ چییە |
| چی ئەبێ جارێ بڵێی تۆ بەو ڕەقیبەت دولبەرا | لاچۆ سەگباب بەسیەتی کەلبی عەقوورم بۆ چییە |
| سەیری کەن یارم کە من لەم شارە ڕۆییم پێم ئەڵێت | تۆ بەسەر چوویت تێپەڕیت من یاری دوورم بۆ چییە |
| قامەتت بۆ من وەکوو ڕۆژی قیامە چاوەکەم | ئەحمەد ئیتر حەشر و نەشر نەفخی سوورم بۆ چییە |
11
[edit]| خەڵقە وا فەسڵی بەهارە و من گەڵاڕێزانمە | پیرم و تازە تەمەننای وەسڵی گوڵڕوویانمە |
| وا مەزانە ڕۆحەکەم تەنهام لە کونجی عوزلەتا | عەکسی ڕووی تۆ مەجلیسئارا و زینەتی ئەیوانمە |
| بەسیەتی زاهید حیکایەی جەننەت و ڕۆژی جەزا | بەرگی خوێنینم نیشانە و حوججەتی غوفڕانمە |
| تەرکی کەم چاکە بەهەشتی بەزمی جانانە ئیتر | چونکە وەک ئادەم ڕەقیبی سەگسیفەت شەیتانمە |
| ئەی نیگاری بێ وەفا ئەی شۆخی هەورامی نەسەب | دوور لە تۆ کەی مەیلی گەشتی گوڵشەنی تارانمە |
| قامەتم گەر وا خەمە و حاڵم پەرێشانە ڕەفیق | تێبگە تەمسیلی ئەبرۆ و پەرچەمی جانانمە |
| گەر بڵێی دەستم کەوێ من خاکی بەر دەرگانەکەت | کەی هەوای تەخت و سەریری قەیسەر و خاقانمە |
| هەرکە دیم شەونم لەسەر ڕوخساری گوڵ دوێنێ لە باغ | یادی ڕووی تۆم کرد و بۆیە ئارەزووی گریانمە |
12
[edit]| دڵبەرم دیسان لەگەڵ من عاجزی و قینی هەیە | بۆیە دیدەی ئەشکبارم ئارەزووی شینی هەیە |
| ئەو گوڵاڵەی وا لە کێوی بێ سنوورتا سەوز ئەبێ | چەن لەتیف و ئاڵە ڕەنگی لێوی شیرینی هەیە |
| ڕوومەت و خاڵت لە پێش چاوم نیگاری نازەنین | هەر لە عەینی ڕەنگی ماهـ و شکڵی پەروینی هەیە |
| من کە دیم تاقی دوو ئەبرۆی قیبلەگاهم کەچ بووە | تازە بۆ من زاهیدیش ئوممێدی ئایینی هەیە |
| ڕوومەتی تۆ باغە ئەمما بۆ دڵی بولبول سیفەت | مەنعە بۆی چونکە لە زوڵفت دەوری پەرژینی هەیە |
| سەیری چەن شێتە تەبیب ئێستا موداوای من ئەکا | من کە کوشتەی دەستی تۆم ئەو ئارەزووی ژینی هەیە |
13
[edit]| دێتە گوێم دەنگێ بە سۆز و شیوەن و گریانەوە | ناڵەیی دڵمە لە حەسرەت خاکی کوردستانەوە |
| لانەواز و بێکەس و مەزڵوومن ئێستە قەومی کورد | گا بەدەستی تورکەکان و گا بەدەس ئێرانەوە |
| ئیسمی ویجدان و عەداڵەت بێ موسەممایە و درۆ | بۆ سیاسەت ئەم قسە کەوتۆتە سەر لێوانەوە |
| ڕاستە گەر ئیسمی عەداڵەت بۆ چی منداڵانی کورد | وێڵ و سەرگەردان بسووڕێنۆ بەسەر کێوانەوە |
| هێندە حیزە بەختی کورد بۆ کوشتن و تاڵانیان | کۆمەڵێ هاتوون بە سواریی وشتری پێپانەوە |
| حاڵی کورد ئێستا لە بەینی تورک و ئێران و عەرەب | بێچووە تەیرێکە کە کەوتە داوی منداڵانەوە |
| ئەم قەراری عوسبە وا خەڵقی ئەڵێن بۆ کورد ئەبێ | هەر قسەی ڕووتە و قسە ناچێتە ناو گیرفانەوە |
| ئەمڕۆ با وا بێ بەڵام ڕۆژێ ئەبێ ئەولادی کورد | دێنەوە مەیدان بە عیلم و سەنعەت و عیرفانەوە |
| نەوجوانانی وەتەن تەوحید ئەکەن ئەم میللەتە | هەر لە کرماشان هەتا ورمێ و سنە و بۆکانەوە |
| ڕێک ئەخەن وەزعییەتی وان و جزیرە و باشقەڵا | عەقرە و زاخۆ دەبەستن ڕێک بەقەد بۆتانەوە |
| خانەقین و مەندەلی خاکی لوڕستان یەک بە یەک | وەک وەسا ئەدروون بە باڵای مەنتیقەی بابانەوە |
| لەشکرێکی مونتەزەم بۆ سەندنی حەق ڕێک ئەخەن | جوان و ڕازاوە بە تۆپی لاکەلی ئەڵمانەوە |
| بەچکە شێرانی عەشایر بۆ قڕانی دوشمنان | هەر وەکوو ڕۆستەم ئەکەونە هاتوچۆ و جەولانەوە |
| پاش قڕانی موددەعی دەس پێ ئەکەن تەعمیری موڵک | ڕێگەیی ئاسن ئەچێتە شاخی هەورامانەوە |
| کێو و کەژ گشتی ئەبێتە باغ و جادە و قەیسەری | بۆ تەماشای دەستەدەستە دێن لە ئینگلسانەوە |
| لادە ئەحمەد تۆ لە باسی میللەت و سا پێی بڵێ | تاکوو ساقی زوو بدا بادە بەدەم مەستانەوە |
| پێی بڵێ بەو ساقییە بەو حوسن و ناز و دڵبەری | داغی خۆی ناوە بە جەرگی یۆسفی کەنعانەوە |
| بێتە جیلوە تا بە یادی پاشەڕۆژی قەومی کورد | زەمزەمە و شادی بخاتە مەجلیسی ڕەندانەوە |
| ئەم دڵی زامارمە تاوێ لە غەم فاریغ ببێ | بسرەوێ یەکدەم لە ناڵە و شین و قوڕ پێوانەوە |
14
[edit]| شەمسی خاوەر، بەدری پڕ، یا ڕوومەتی گوڵنارتە | لەعلە یا یاقووتی تەڕ یا لێوی گەوهەربارتە |
| نوور و زوڵمەت پێکەوەن توخوا نیگارا پێم بڵێ | یا مەگەر کوڵمی لەتیف و زوڵفی عەنبەروارتە |
| دەنگی عوود و تارە یا ناڵەی نەیی دڵ کون کونە | یا وەکوو ناڵە و فوغانی عاشقی غەمبارتە |
| ئاگرت بەردایە جەرگی عالەمی ئیسلام چییە | تۆ مەگەر هیندووی کە وا ئاتەشپەرستی کارتە |
| چاوی مەخموورت کە هەڵئەبڕی بە سەد ئەفسوون و ناز | عالەمێ جانا پەشێوی نێرگسی بیمارتە |
| وەختی لوتف و ڕەحمە ئێستا دەرحەقی عوششاقی خۆت | فرسەتە سا دەی زەمانی گەرمییی بازاڕتە |
| پێی وتم بۆ چاوی تۆ عەینی جەواهیرسورمەیە | تۆزی ئەم ڕێگەی منە چونکە گوزەرگەی یارتە |
| حەقتە تۆ جانا کە داوای مەسلەکی زوححاک ئەکەی | شاهیدی ئەم ئیددیعاتە زوڵفی وەک ڕەشمارتە |
| گاهێ گەر ئیسلام و گاهێ کافرم مەنعم مەکە | گشت خەتای میحرابی ئەبرۆی پەرچەمی زوننارتە |
| موشکیلە دەستت کەوێ ڕۆژێ نیگاری بێ ڕەقیب | شێتی تۆ ئەحمەد تەماعی غونچەیی بێ خارتە |
15
[edit]| نێرگسی شەهلا غوڵامی دیدەیی مەخموورتە | گوڵ وەکوو بولبول هەمیشە عاشق و مەجبوورتە |
| نۆشی دارووی لێوی تۆیە ئەی تەبیبی حاڵزان | باعیسی ژین و حەیاتی عاشقی ڕەنجوورتە |
| ڕۆژ کە وا ڕوو زەردە سەرگەردانە هەر دێت و دەچێ | شێت و سەرگەشتەی فیراقی ڕوومەتی پڕ نوورتە |
| بۆ خەرابی و غارەتی مەعموورەیی دڵ چاوەکەم | تیپی موژگانت بەدایم لەشکری مەنسوورتە |
| پێی وتم هۆشت ببێ ئەو ڕێگە وا من پیا ئەڕۆم | تۆزی ئەو دەرمانی چاوی پڕ لە خوێنی سوورتە |
| گەر حەقیقەتبینی عاشق لابە نەعلەینی حەیات | جێی تەجەللای حوسنی ئەو دڵدارە کێوی توورتە |
| تۆ کە شیرینی زەمانی من کە فەرهادی غەریب | حەیفە بۆ تۆ خوسرەوی خووبان ڕەقیب شاپوورتە |
| بۆ چی عاشق شێتی تۆ وا مەیلی فیردەوست هەیە | بەزمی ئەمشەو جەننەتولئەعلایە دڵبەر حوورتە |
| گەر نیگاهێکت لەگەڵ مندا ببێ عەیبی چییە | تۆ سولەیمانی زەمانی عاشقیشت موورتە |
| مەنعی تۆ ناکەم کە بێباکانە خوێنڕێژی ئەکەی | موقتەزای ئەحواڵ و تەبعی سەرکەش و مەغروورتە |
| ئەم قەسیدە وەختێ هاتە خزمەتت بیخوێنەوە | عەرز و حاڵی بەندەیێکی بێنەوای مەهجوورتە |
| ئەی دڵە بەسیە هەتا کەی تۆ خەریکی هاتوچۆی | موشکیلە وەسڵی تەمەننای مەتڵەبێکی دوورتە |
| بەسیەتی تاکەی لە حەق ئەم بەندە بێ لوتفی ئەکەی | ئەحمەدی بێچارە تەنها عاشقی مەغدوورتە |
16
[edit]| ئەم دڵەم وا دیارە مەیلی ڕووی گوڵی یاری هەیە | بولبولئاسا بۆیە دایم ناڵە و زاری هەیە |
| گەر لەدەس جەوری ڕەقیبان من بناڵم حەق نییە | چونکە مەعلوومە کە گوڵ بوو، دائیمەن خاری هەیە |
| وا لە عیشقی پەڕتەوی سەر کوڵمی ئاڵت چاوەکەم | سینەکەم شوعلە و بڵێسەی کوورەیی ناری هەیە |
| فەرموو بێرە حوجرەیی دڵ خەڵوەتە بۆ بەزمی تۆ | غەیری تۆ قوربان نە نامەحرەم نە ئەغیاری هەیە |
| ئەشکی چاوم وا لە حەسرەت لەعلی لێوت دەمبەدەم | جارییە و سوور و سوێرە، ڕەنگی گوڵناری هەیە |
| دڵ لە خەوفی زوڵفی تۆ بۆ گەنجی ڕووت ڕێگەی نییە | چونکە دەوری ئەو تەلیسمە جووتێ ڕەشماری هەیە |
| ئەحمەدی بێچارە بۆ وەسڵت ئەناڵێ ڕۆژ و شەو | ڕەنگی زەرد و ئاهی سەرد و قەلبی بیماری هەیە |
17
[edit]| ئەو زیایە وا لە دوور دیارە مەقامی دڵبەرە | یا وەکوو شەوقی جەماڵی ئەو مەهی سیمینبەرە |
| بۆ جگەر لەتکردنی عوششاقی موژگانی سیای | ناوکی تیرە وە یاخۆ نووکی تیژی نەشتەرە |
| ئەبرووە یا قەوسە یا باڵی هومایە پێم بڵێ | سەیفی خونڕێزە هیلالە دڵبەرا یا خەنجەرە |
| دوودی ئاهی سینەکەم ئەمشەو لە هیجرت چاوەکەم | وا سەری گرتووم گەلێ زیاتر لە دوودی مەجمەرە |
| فەرموو تەشریف بێنە کولبەی عاشقت ئەمشەو بە ناز | حازرە بۆ بەردەبازی ڕێگەیی تۆ ئەم سەرە |
| قەت بە بۆنی زوڵفی تۆ نابێ گوڵاڵە و یاسەمەن | عەتری توڕڕەی تۆ نە وەک عوودە نە میسلی عەنبەرە |
| لالەزارە دامەنم، جانا بە خوێنی ئاڵی ئەشک | وەختی سەیران و تەماشایە دەخیلت بم وەرە |
| خۆی لەسەر ڕوخساری جانانە لە بەرچاوم ئەڵێی | هەر لەسەر بەرگی گوڵە شەبنم، لەسەر ماهـ ئەختەرە |
| سەیفە یا قەوسە وە یا باڵی هومایە پێم بڵێ | یا هیلالی یەکشەوە یا تاقی ئەبرۆی دولبەرە |
| ڕوومەتت بەدرە ملت مینایی سافە بێ غەشە | دەم قوتووی دانەی دوڕی دەریایە لێوت شەککەرە |
| چای زەنەخدانت بڵێم وەک زەمزەمە زەممی ئەکەم | ئەبرووت زیاتر لە تیغی دەستی تووسی نەوزەرە |
| وا بە عومری جوانەوە پیر بووم قەدم خەم بوو لە غەم | دڵبەرا دووربینی چاوم ئێستە ئەم سەر ئەو سەرە |
| نائومێد و بەش بڕاو ئەحمەد لە دنیادا ئەتۆی | نەخلی ئوممێدی مورادی تۆیە دایم بێ بەرە |
18
[edit]بەبۆنەی ژنهێنانی خوشکەزای شاعیر، حەسەن فەهمی بەگ کوڕی عەلی بەگی مەحموود پاشای جافەوە
| ئەی حەسەن ئەم کاغەزەم تەبریکی عەیش و شادییە | پڕ لە مەعنایە ئەگەر چی بۆ موبارەکبادییە |
| کەیفە، بەزمە، دەنگی سازە، ناڵەیی عوود و نەیە | جەژنە ئەمڕۆ، ماچ و مووچە، مەوسیمی ئازادییە |
| هەر کەسێ لەم ڕۆژەدا بێ دەنگ و عاجز دانیشێ | ئەحمەق و شێتە بە جیددی ئیشی ئەو گەووادییە |
| نووکی تیرت بۆ چی کول بوو، تیغی تیژت بۆ شکا | چی لە تۆ ڕوویدا بڵێ پێم بۆچ سوپەر فوولادییە |
| ڕەنگ سپی بوون لەرزە لەرزی دەست و ئەژنۆ پێم بڵێ | قاعیدەی تۆیە وە یا خوود شێوەیی دامادییە |
| سا «حەسەن» ئەمشەو وەکوو پیاو دەس بە شیر و تیغی تیژ | ئیستیلا کە زووبەزوو ئەو قەلعەیی شەدادییە |
| دوڕسمین و مووشکافی تۆ ئەگەر نازانی خۆت | ئەحمەدی خاڵۆت هەمیشە پیشەیی ئوستادییە |
19
[edit]| شیفای دەردی دڵە ماچی دەمی وەک شانە هەنگوینە | بە عیشوە پێکەنینی ئەو نیگارە باعیسی ژینە |
| کە دیویە ئەو غەزالە ئێستە بەرگی شینی پۆشیوە | ئەمە چەن وەختە بۆیە ئاسمانیش بەرگی وا شینە |
| لە دڵما نەقشی ناوی تۆ لە دیدەم بەژن و باڵاکەت | کە دیم ئەو ڕەسم و تەسویرە چ ئیحتیاجم بە بینینە |
| خوا سەد شوکری تۆ دایم کە ئەو دڵدارە بێ ڕەحمە | بە خوێنی ئاڵی جەرگم دەست و پێی ئێستاکە نەخشینە |
| سەری زوڵفی وەکوو سونبول دوو دیدەی نێرگسی شەهلا | دوو کوڵمی بەرگی گوڵ ئەلحەق نیگارێکی بە تەمکینە |
| نموونەی عیشقی من بوو ئێستە وا مەشهووری دنیایە | ئەڵێن فەرهادی کۆکەن کوشتەیی موژگانی شیرینە |
| بنازم سونبولی زوڵفت کە ئاڵاوە بە باڵاتا | لە سەر تا پێ هەموو هەر حەڵقەحەڵقە و چەمبەر و چینە |
| خەیاڵی وایە مەشقی ناڵە و گریانی عاشق کا | کە هەوری نەوبەهاران بۆیە وا مایل بە بارینە |
| هەمیشە لوتفی یار دەرحەق ڕەقیبانە و بەڵام بۆ من | قسەی خۆشی جنێو و حیددەت و بێ لوتفی و قینە |
| لە دووریی ڕووی گوڵی تۆ بولبولی دڵ ئێستە ئەیبینی | لە سینەی شەرحە شەرحەمدا خەریکی شین و ناڵینە |
| لە ڕۆژی حەشردا جێی جەننەتە ئەحمەد کە کوژراوی | دەس و تیر و کەوانی دڵبەری بێ میهر و ئایینە |
20
[edit]| نەخۆش کەوت نێرگسی بێچارە بۆ ئەو چاوە بیمارە | قەدی نوشتایەوە عەرعەر کە دی باڵایی ئەو یارە |
| برینی سەر دڵی دیسان بە ناسۆر کەوتەوە ناڵە | لە داخی لێوی ئاڵی ئەو نیگارەی بێچووە عەییارە |
| کە تای زوڵفی نواند سونبول خەجاڵەت بوو لەناو باخا | فیراری کرد و ڕووی کردە بیابان وێڵ و بێچارە |
| نواندی گەردنی خۆی، گەردنی مینای شکان دیسان | موسوڵمانی نەهێشت حەڵقەی سەری ئەو زوڵفە زوننارە |
| کە دی گۆنایی ئاڵت گوڵ لە باخا دوێنێ ئەم وەختە | یەخەی خۆی دادڕی سەرتابەپێ وەک شێت و پەتیارە |
| ملی کەچ کرد وەنەوشە، کەوتە بەر پێت وەک قەباحەتبار | کە دەرکەوت خاڵی لێوت تێگەیی شێت و خەتابارە |
| لەمەو پێش قافیە بەندەم، ئەمێستا بوو بە عەبدی من | کە مەجبوورم بهێنم ناوی ئەو مەحبووبە نازارە |
| لە زوڵفت لازمە دیسان بدووم لێم مەگرە مەحبووبم | کە باسێکی درێژ و دوورە گەرچی ئێستە تیکرارە |
| بە بۆنی عەنبەرە، وەک عەقڕەبی جەڕڕارە نێشی ئەو | بە پێچ و حەڵقەیا حەقمە بڵێم بەو زوڵفە ڕەشمارە |
| بڵێم بۆنی گوڵاو و عەترە ئەو زوڵفە کە هێشتاکە | خەتایێکی عەزیمە گەر بڵێم وەک میشکی تاتارە |
| وتم ماچێ کەرەم فەرموو بە ئەحمەد بەندەیی خۆتە | وتی چی بکەم لە دەستی ئەم کوڕە بەگزادە بێ عارە |
21
[edit]| عەجەب سیڕڕێکە بۆچ بولبول خەریکی ناڵەیی زارە | کەچی مەحڕوومە ئەو دایم ڕەفیقی غونچە هەر خارە |
| لە هەر وەقتێکدا نێرگس ببینم چەند لەلام خۆشە | کە چونکە ئەو گوڵەیش نەختێ شەبیهی چاوی دڵدارە |
| هیلالی یەکشەوەم دی سوجدەبەر بووم بێ تەئەممول من | موبارەک بوو لەلام چونکە ئەڵێی تاقی برۆی یارە |
| لە خەڵوەتخانەیی دڵما بەغەیرەز یادی تۆ جانا | نییە باوەڕ بفەرموو چونکە جێی یارە نە ئەغیارە |
| لە سیححەت دائیمەن بێزارم و مایل بە بیماریم | لە ڕۆژێکۆ کە دیومە غەمزەیی ئەو چاوە بیمارە |
| مەکە مەنعم لە عیشقی گوڵ ڕوخان زاهید دەخیلت بم | بە دەستی من نییە چی بکەم دڵی بێچارە ناچارە |
22
[edit]| لە پەنجەی بگرە خوێنی جەرگی من هەر بۆ حەنا چاکە | لەبۆ تەسکینی قەلبی زاری من لوتفێکی وا چاکە |
| فیدات بم تۆ کە ئێستا بوویت بە هەمڕازی ڕەقیبانت | ئیتر بۆ ئێمە دایم ناڵە و شۆر و نەوا چاکە |
| وتم قوربانی تۆ بم لادە زوڵفی خۆت لەسەر ڕوخسار | وتی بۆ پاسەوانی گەنجی وا هەر ئەژدەها چاکە |
| بە ئوممێدی ئەوەی جانا کە بۆنی زوڵفی تۆی لێ بێ | سەر و ماڵم بکەم قوربانی ڕێی بادی سەبا چاکە |
| وتم من ڕۆحی خۆم قوربانی ڕووی تۆ کرد دەسا ڕەحمێ | وتی نازانی تۆ پەروانە بۆ دەوری چرا چاکە |
| زەمانە چونکە خۆی ئەسڵەن بەقای بۆ کەس نییە تا سەر | تەماشا کەن هەمیشە بۆ کەسانی بێ وەفا چاکە |
| لە وەزعی چەرخی دوونپەروەر مەبە تۆ عاجز ئەی ئەحمەد | کە چەن ڕۆژێ لەبۆ ئەشخاسی سپڵە و بێ حەیا چاکە |
23
[edit]| لە حەسرەت لێوی لەعلت ئەشکی چاوم ئێستە گوڵ ڕەنگە | بە یادی چاوی مەستت دڵ هەمیشە مایلی بەنگە |
| تەماشاکە کە دێمە باسی تەعریفی دەمت جانا | شوکور هەرزان ئەکا شیعرم ئەگەر چی قافیە تەنگە |
| بە سورمە ئاوی داوە ئەو نیگارە خەنجەری ئەبرۆی | شەهیدی غەمزەیی خوێنڕێژی بۆیە مات و بێ دەنگە |
| هەزار هاوار و داد ناگاتە گوێی، تەئسیری لێ ناکا | دڵی ئەو شۆخە بێ ڕەحمە لەڕاستی من وەکوو سەنگە |
| لەوەی خەڵکی ئەڵێن پێم عاشق و ڕیسوای نییە پەروام | نەسیبی عاشقی بێچارە دایم لۆمە و نەنگە |
| موسەللەح بوو بە شمشێری برۆ و پەیکانی موژگانی | موحەققەق تورکی مەستی چاوی یارم مایلی جەنگە |
| بنازم چەندە خۆشە تەعزیەی عاشق لەسەر قەبری | لەجێی شیوەن، زڕەی فنجان و دەنگی بەربوت و چەنگە |
| دەخیلم بێرە سەیری مەجلیسی ڕەندان دەمێ زاهید | تەماشاکە سەفایە، سەیرە، بەزمە، ڕەزمە، ئاهەنگە |
| تەواو نابێ بە ئەحمەد ئەی کەماڵی مەدحی ڕووی دڵبەر | لە عەرسەی وەسفی یارا پێی خەیاڵم ئێستەکە لەنگە |
24
[edit]| لە خەو هەڵسن درەنگە میللەتی کورد خەو زەرەرتانە | هەموو تەئریخی عالەم شاهیدی فەزڵ و هونەرتانە |
| دەسا تێکۆشن ئەی قەومی نەجیبیی بێکەس و مەزڵووم | بەگورجی بیبڕن ئەو ڕێگە دوورە وا لەبەرتانە |
| بخوێنن، چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوشمنتان | هەموو ئان و زەمانێ عەینی قەڵغان و سوپەرتانە |
| بەخۆڕایی لە دەستی بەرمەدەن ئەم خاکە مەحبووبە | کە تۆزی وەک جەواهیرسورمە و کوحلی بەسەرتانە |
| بەسەر خاکا ئەگەر نازیش بکەن حەقتانە کوردینە | تەماشای سێبەری ئەو شاخ و کێوەی وا لەسەرتانە |
| بە بێ قەدری بەسەریا ڕامەبوورن حورمەتی بگرن | گوڵاڵەسوورەی ئەم سەحرایە خوێناوی جگەرتانە |
| دەمێکە ئەم وڵاتە وا ئەسیری پەنجەیی جەهلە | لە سایەی عیلمەوە ئەمڕۆ ئیتر نۆبەی زەفەرتانە |
| زوبانی حاڵی ئەحمەد هەر ئەڵێ وریا بن ئەی میللەت | بزانن بەردی ئەم شاخانە ئەڵماس و گوهەرتانە |
25
[edit]| ڕەفیقان ئەم دڵەم ئەمشەو عەجەب حاڵی پەرێشانە | وەکوو بولبول لە عیشقی گوڵ خەریکی شین و گریانە |
| ئەوەند گەوهەر لە دوو چاوم ئەبارێنم لە هیجرانا | نیگار داوێنی من ئەمڕۆ وەکوو دەریایی عوممانە |
| ئەگەر یار ڕوو دەپۆشی حەق بەدەستە چونکە مەعلوومە | پەری دایم لە بەرچاوی هەموو مەخلوقێ پەنهانە |
| تلووعی خۆر ئەکا زاهیر کە گۆشەی نیمتەنی لادا | وڵات ڕووناک ئەکا هێشتا ئەڵێی سوبحی گریبانە |
| لە نەشئەی بادەوە وەختێ سەری کوڵمی ئەکا عارەق | بیعەینە ئەو دەڵێی بەرگی گوڵە ئەو ئاوی بارانە |
| ئەگەرچی دڵ بە تیری عیشقی تۆ زامار و مەجرووحە | فیدات بم خەندەیی لێوت لەبۆ ئەو دەردە دەرمانە |
| دەخیلم لەیلەکەی ئەسڵم بکە ڕەحمێ بە حاڵاتم | کە ئەم عاشقتە وەک مەجنوون جێگای کێو و بیابانە |
| بە ناری ڕوومەتی ئەو شۆخە جەرگ و دڵ کە سووتاوە | مەکەن مەنعم کە من پەروانەم ئەو شەمعی شەبوستانە |
| بە فیتنەی ئەو ڕەقیبەت من لە بەزمت دەرمەکە قوربان | مەبە ئیخفال بە وەسواسەی ڕەقیب هاودینی شەیتانە |
| وەرە با بچینە ناو گوڵزار و جانا چەند قەدەح نۆش کەین | بەهارە وا لە گشت لایەک سەدای مورغی خوش ئەلحانە |
| لە عیشقی ڕوویی گوڵئاسات هەموو دەم ئەحمەد ئەی دڵبەر | بە بانگی بەرز ئەناڵێنێ وەکوو بولبول غەزەلخوانە |
26
[edit]| دڵی زارم بەدایم بەستەیی زنجیری گیسووتە | وجوودی وەک کەتانم لەت لەتی شوعلەی مەهی ڕووتە |
| دڵم دایم کە وا زامارە ئەی شۆخی دڵئازارم | هەمیشە خەستە و مەجرووحی شمشێری دوو ئەبرۆتە |
| وەکوو شەمع ئەر دەمێ ئەگریم و گاهێ وام لە شەوقا من | هەموو سیحر و دەسیسەی عیلم و مەکری چاوی جادووتە |
| لە بازاڕی مەحەببەتدا من ئێستا زۆر بە سەرمایەم | ڕەقیبی سەگ سیفەت ئەلحەمدولیللا ئێستە تابووتە |
| بچۆ بیمارخانەی عیشقی ئەو شۆخە تەماشا کە | لەلایێ ناڵە و دەنگی نەخۆشە، لایێ تابووتە |
| ئەگەر سەد ساڵ جەفا کەی دڵبەرا من بەندەفەرمانم | کە چونکە من ئەزانم دائیمەن بەدخوویی هەر خووتە |
| نیگارم تووتییە بۆ خۆشزوبانی و لەنجە و عیشوە | ئەما حەیفێ کە ئەو شۆخە لەگەڵ زاغی سیا جووتە |
| ئەگەر ئەحمەد بەدایم عاشقی مەجنوون سیفەت ڕووتە | مەکە مەنعی هەموو تاوانی شەوق و شوعلەیی ڕووتە |
27
[edit]| غەزالەی چینە یاخۆ پیاڵەیی سەهبایە ئەو چاوە | شەڕابی نابە یاخۆ نێرگسی شەهلایە ئەو چاوە |
| ئەرێ مایەی حەیات و قووتی ڕۆحە لێوی ڕەنگینت | وە یا غارەتگەری دینی فەقێ و مەللایە ئەو چاوە |
| موسەللەح بوو بە موژگانی سیاهـ و تیغی دوو ئەبرۆ | مەزەننە مایلی فیتنە و شەڕ و دەعوایە ئەو چاوە |
| بە گۆشەی چاوی تۆ نابن ستارەی تارمی ئەفلاک | لەسەر ئەرز و سەما بێ میسل و بێ هەمتایە ئەو چاوە |
| بە تیغی ئەبرووان و تیری موژگانی سیاهی خۆی | لەبۆ قەتڵی دڵی عاشق، چ بێ پەروایە ئەو چاوە |
| غوڵامی ئاستانەت ئەحمەدی بێچارەیە جانا | شەهی ئیقلیمی حوسن و ئامیر و مەولایە ئەو چاوە |
28
[edit]| خوا چی بکەم لەدەس جەور و جەفای ئەو شۆخە بێباکە | چ دڵڕەنجێن و غەددارە چ مەحبووبێکی سەففاکە |
| وتم بەو تیغی ئەبرۆتە دڵم لەتلەت بووە قوربان | کەچی فەرمووی ئەگەر بیشتکوژم تۆ هەر بڵێ چاکە |
| لە عیشقی خوبڕوویان مەنعی من هەرگیز مەکە واعیز | بە دەستی خۆم نییە بەخوا ئەمە دەردێکی زگماکە |
| بەڵێ بازاڕی دەهرە وا یەکێ سۆفی یەکێ شێخە | یەکێ جێگەی خەراباتە یەکێ بێهۆشی تریاکە |
| بەسەر شانا کە وەختێ ڕادەکێشێ زوڵفی پڕچینی | لە پێش چاوی منی سەودازەدە وەک ماری زوححاکە |
| دڵم دەرهات و ئەو دڵدارە بێ ڕەحمە نەهات ئەمشەو | چ بەختێکی ڕەش و نەحسم هەیە توخوا تەماشا کە |
| لە ڕۆژی حەشر ئەگەر خوێنم لە تۆ داوا بکەن جانا | فیدای ئەو لێوە بم شاهید نییە لەو جورمە حاشا کە |
| لە دنیادا ڕەفیقیی پیاوی کەر هەرگیز مەکە ئەحمەد | لەدەست ئینسانی جاهیل تا قیامەت پڕ بە پێ ڕاکە |
29
[edit]| دوێنێ دڵبەرێکم دی کە وەک شمشادی بوستانە | سوئالم کرد کە بۆ چی ڕووت ئەڵێی مانگی درەخشانە |
| ئەوە مەمکە وە یا نارنجە یا سێوی خوراسانە | ئەوە ڕووتە وە یا مانگە وە یا خورشیدی تابانە |
| ئەوە موژگانی تۆیە یا وەکوو تیرێکی دڵدۆزە | ئەوە باڵایی تۆیە یا بە قوربان سەروی بوستانە |
| ئەوە دەمتە نیگار یا نوقتەیی مەوهوومە ئەی دولبەر | ئەوە لێوە وە یا یاقووتە یاخۆ قووەتی جانە |
| ئەوە زوڵفی ئەتۆیە وا لەدەوری ڕووت ئەدا حەڵقە | وە یاخۆ زوڵمەتی کوفرە لەدەورەی نووری ئیمانە |
| ئەمن بولبول، ئەتۆ گوڵ، سا بکە ڕەحمێ بە حاڵی دڵ | لە داخی خاڵی ڕووی تۆ حاڵەکەم یەکجار پەرێشانە |
| سەرم وەک گۆ لە جێگەی بازییا داناوە ئەی جانا | سەری زوڵفت لەبۆ چەوگانی بازی میسلی چەوگانە |
| بە حەرفی موددەعی قوربان لە من عاجز نەبی چاکە | ڕەقیبی سەگسیفەت حیلە و دەسیسەی میسلی شەیتانە |
| دڵم هاوینسیفەت بۆ دیدەنیی یار گەرمە ئەمڕۆ من | ئەما یارم لەئاستی من ئەڵێی سەرمایی زستانە |
| مەدوو ئەحمەد بەخۆڕایی، لە تەعریفی نیگاری خۆت | هەموو عالەم ئەزانێ دڵبەرت سەرخێڵی خووبانە |
30
[edit]| باعیسی کەیف و سرووری من شەراب و بادەیە | مایەیی ژین و حەیاتم ساقی پێکی سادەیە |
| ئەشکی چاوی من شەڕابە، قەلبی زارم وەک کەباب | فەرموو تەشریف بێنە جانا بەزمەکەت ئامادەیە |
| نایەوێ ئەسڵەن ڕەفیقی من نیگاری نازەنین | من فەقیر و ڕووت و قووتم، ئەو نەوەی شازادەیە |
| خوێنی سیاوەحشە بە قوربان ماچی لێوی ئاڵی تۆ | چی بوو تا کەی نابڕێتۆ ڕۆحەکەم ئەم مادەیە |
| هێندە عاجز بوو لە من ئەو شۆخە ڕووی گێڕایەوە | بوو بە هاوڕازی ڕەقیب ئیشم گەیشتە ڕادەیە |
| گیانەکەم قوربانی تۆ بم تۆ بە شمشێری برۆت | بیکوژە ئەحمەد ئەگەر چی مردنی بێ وادەیە |
31
[edit]| بانگی کوردستانە وا دنیایی ئیحیا کردەوە | زامی قەلبی کوردی بێچارەی موداوا کردەوە |
| باعیسی پێشکەوتنی ئەم قەومەیە ئەو مەتبەعە | ئەلحەق ئەمڕۆ خاکی کوردستانی زێبا کردەوە |
| سەد شوکور وا لەشکری عیرفان و عیلم و عاقڵی | شاری پڕشۆری جەهالەتیان کە یەغما کردەوە |
| لایقی تەحسین و فەخری قەومی کوردە چونکە وا | ئەم جەریدە پیر و فەرتووتیشی بوڕنا کردەوە |
| بانگ و هاوارێکی بەرزە بانگی کوردستان ئەکا | مێشکی دنیای پڕ لە دەنگ و شۆر و غەوغا کردەوە |
| ژەنگ و تاریکیی جەهالەت وا لە دڵدا دەردەکات | قەلبی مەحزوونی هەموو کوردی موسەففا کردەوە |
| لاچووە تاریکییی هەوری جەهالەت ئێستەکە | نەجمی ئیقباڵی هەموو کوردانی ڕەخشا کردەوە |
بانگی کوردستان، ژمارەی ٣
1922/08/21
32
[edit]| بۆچ زەمانە هەر لەگەڵما مەیلی غەدداری هەیە | بۆچ فەلەک دایم خەیاڵی مەردوم ئازاری هەیە |
| زاڵمە بێ مروەتە خەسمی کەسانی عاقڵە | فیتنەیە ئەو کافرە هەر مەیلی خونخواری هەیە |
| من نەخۆش و خەستە و زارم لە ڕۆژێکۆ کە وا | چاوی مەخمووری نیگارم مەیلی بیماری هەیە |
| من خەیاڵی گەردنی ساقی و مەی و بادەم بەسە | خواجە هێند بێ عەقڵە هەر دەردی جلوباری هەیە |
| تەرکی دین و مەزهەبم کرد من کە دیم زوڵفی نیگار | حەڵقە حەڵقە و پێچ پێچە شکڵی زونناری هەیە |
| تەرکی کە توخوا ڕەفیقیی زاهیدی بێ عەقڵ و هۆش | چونکە ئەو شێت و نەزانە عیللەتی ساری هەیە |
| خوێنی پاکی لاوی کوردانە ڕژاوە کێو و کەژ | بۆیە وا ئێستاکە سوورە، ڕەنگی گوڵناری هەیە |
| بۆ دڵم خۆش بێ بە ڕەنگی ئەم بەهارە فەسڵی ئەو | من موحەققەقمە ئەمیش هەر شێوەکەی پاری هەیە |
| شێت و شەیدا بە ئەگەر وەسڵی نیگارت مەتڵەبە | دوژمنی ئەو شەخسە بە وا بەختی هوشیاری هەیە |
| دەستەئەژنۆ قوڕبەسەر گریانە پیشەی ڕۆژ و شەو | ئەحمەدی بێچارە عیشقی شیوەن و زاری هەیە |
33
[edit]| بێ وەفا مارف بەجارێ بۆچ لەبیرت چوومەوە | بۆ چی نازانی ئەمە چەن ڕۆژە من هاتوومەوە؟ |
| ئەی نەفام چۆن شێر ئەسیری پەنجەیی ڕێوی ئەبێ؟! | شاهبازت دیوە تا ئەمڕۆ بە چنگی بوومەوە؟! |
| هاتمەوە بەڵکوو کە چەن وەقتێ لە غەم فارغ ببم | چاوی فەتتانیم کە دی دیسان لەسەر خۆ چوومەوە |
| ئەهلی ئەم شارە لە وەقتێکۆ کە تۆ ون بووی لە من | مات و بێ دەنگن بە شێخ و جوولەکە و مالوومەوە |
| زۆر ئەترسم تۆ نەبینم یا بڕۆمۆ چاوەکەم | ناموراد و دەربەدەر بم بەم دڵەی مەحروومەوە |
| پێی وتم ئەحمەد لەبەر چی قامەتت وا خەم بووە | بۆ چی ئێستاش وای بە داخی تاقەکەی ئەبروومەوە؟ |
34
[edit]| بە بەردی فیرقەتت شیشەی دڵی بێچارە مەشکێنە | لەناو زومرەیی ڕەقیبان عاشقی ئاوارە مەشکێنە |
| ئەگەر ڕۆح و دڵ و ئیمان تەڵەب کا بیدەرێ عاشق | کە تیفل و خوردساڵە قەت دڵی ئەو یارە مەشکێنە |
| دەخیلم ئەی نەسیمی سوبحگاهی مەسکەنی دڵمە | پەرێشانی مەکە تۆ زوڵفی ئەو نازدارە مەشکێنە |
| بە قەتڵ و کوشتنت موختارە عاشق شۆخی شیرینت | لەسەر ڕۆح و دڵت فەرمانی ئەو سالارە مەشکێنە |
| کە من پەروانەیی شەمعی سەری دوو کوڵمی تۆم جانا | دڵی ئەحمەد بە فیتنەی ئەو سەگی پەتیارە مەشکێنە |
35
[edit]| بە خوا شیشەی دڵم دایم لە بادەی عیشقی تۆ کەیلە | لە داخی سەروی باڵات ئەشکی چاوم هەر وەکوو سەیلە |
| موحەققەق دڕک و داڵی دەشتی بەکراوا بە گوڵ نادەم | کە چونکە جێگەیی ناز و خەرامی حەزرەتی لەیلە |
| نیگار سالاری موڵکی نازکی و حوسنە لە عالەمدا | لە زومرەی ماهڕوویانا شوکر ئەو ماهە سەرخەیلە |
| ئیتر با قوڕبەسەر من دەستەئەژنۆ گۆشەگیری کەم | ئەڵێن یاری دڵ ئازارم لە حەق ئەم بەندە بێ مەیلە |
| لە سایەی تیغی ئەبرۆی تۆوە جێگەی جەننەتە ئەحمەد | ڕەقیبی سەگ سیفەت الحمد لله مەسکەنی وەیلە |
36
[edit]| بە میراتی لە دڵمۆ داغی ڕەش بۆ لالە جێ ماوە | کە وەقتێ سەوز ئەبێ ئەو بۆیە وا ناو جەرگی سووتاوە |
| بە سۆز و ناڵە دەنگی بولبولێ من دێتە گوێم ئەمشەو | مەزەننە شیوەنی بۆ عاشقێکی تازە کوژراوە |
| وتی شێتی کە باڵای من ببێ تۆ سەیری عەرعەر کەی | لە جێیێ زوڵفی من بێ بۆ چی تۆ چاوت لە لاولاوە |
| فیدای ئەو زوڵفە بم وەک سونبولی تەڕ سەر هەتا پێی تۆ | لەدەوری قامەتی سەروت بە پێچ و حەڵقە ئاڵاوە |
| سبەینێ چوویە باغ و خاڵی ڕووی تۆی دی خەجاڵەت ما | وەنەوشە بۆیە ملکەچ ئێستە وا مەحزوون و داماوە |
| چلۆن تەیری دڵم ڕزگار ئەبێ جانا لە دەستی تۆ | کە خاڵت دانەیە و حەڵقەی ئەسیری زوڵفی وەک داوە |
| تەمەننام کرد کە ماچێ تو کەرەم فەرمووی بە بەندەی خۆت | وتی بێ دەنگ بە نابینی ڕەقیب لەولاوە وەستاوە |
| وتم تا کەی لە حەق من چاوەکەم تۆ بێ وەفا و مەیلی | وتی نازانی ئەحمەد ئێستەکە بێ مروەتی باوە |
37
[edit]| بەهارە ئەمڕۆ، وا کێو و بیابان گشتی ڕەنگینە | هەموو فەڕشی چەمەن ئێستە لە دیبائی ڕەیاحینە |
| گوڵە، گوڵباغە، سەوڵە، نێرگسە، شمشادی بوستانە | وەنەوشە و شەستپەڕ و گوڵ ئاتەشین و سەرو و نەسرینە |
| هەموو کەس دەستی یاری خۆی لەناو دەستا لە گوڵزارا | بە دەنگی بەربوت و چەنگۆ خەریکی بادەنۆشینە |
| بەغەیرەز من نەبێ ئەمڕۆ لە گۆشەی حوجرەیی تاریک | هەمیشە دەستەئەژنۆم و بەشم گریان و هەم شینە |
| گرفتارم بە دەردی عیشقی دڵدارێ کە وا ئەمڕۆ | بە خوێنی عاشقان دایم بەری پێی سوور و ڕەنگینە |
| لە عیشقی یاری غەدداری دڵئازارم هەموو ئانێ | ڕوخم زەرد و سەرم گێژ و دڵیشم مات و غەمگینە |
| دڵم بۆ باغی ڕووی ئەو بولبولئاسا زۆر پەشێو حاڵە | ڕەهی مەسدوودە چونکە زوڵفەکانی میسلی پەرژینە |
| لەبۆ سەیدی دڵی عاشق هەمیشە ڕشتەیی زوڵفی | شکەنج و پێچ و تاب و حەڵقەحەڵقە و پڕ خەم و چینە |
| ئەمن ئەمڕۆ لە عیشقا جێنشینی تەختی فەرهادم | نیگاری نازەنینیشم لەسەر ڕەفتاری شیرینە |
| ئەگەرچی تۆ نەخۆش و زار و بیماری ئەما ئەحمەد | لە لەعلی لێوی یار ماچێ لەبۆ ئەم دەردە تەسکینە |