دیوانی ئەحمەد موختار جاف/ی
Appearance
1
[edit]| پەشۆکا دڵ کە دی زوڵفی پەشێوی کەوتە سەر شانی | یەخەی خۆی دادڕی گوڵ هەر کە دی چاکی گریبانی |
| شوکور وا جەژنی قوربانە لەسەر فەرموودەیی دولبەر | وەکوو مەڕ بۆ بەڵاگەردانی ئەو ئەمکەن بە قوربانی |
| دڵی سووتاوە وەک من خاڵی لەعلی لێوی ڕەنگینی | بەڵێ بەختی ڕەشە وەک من سەری زوڵفی پەرێشانی |
| گەڵاڕێزانی کرد گوڵ هەر کە دەرکەوت ڕوویی ڕەنگینی | لەبەر باڵای ئەوا کەوتۆتە سوجدە ڕوویی بوستانی |
| ئەمە چەن وەختە مەست و سەرخۆشم بێ نەشئەیی بادە | لە ڕۆژێکۆ کە دیومە دیدەیی مەخمووری فەتتانی |
| ڕەفیق هیچ غەم مەخۆ، خۆش ڕابوێرە، فرسەتە ئێستە | بزانە تۆ لە دنیادا لەبۆ چەن ڕۆژێ میوانی |
| لە زیندانا هەتا ڕۆژی قیامەت دائەنیشت عاجز | ئەگەر ڕووی تۆی ئەدی بۆ یەک دەقیقە شۆخی کەنعانی |
| دڵ و دینت فڕاندم، ڕۆحی شیرینیش ئەبەی جانا | لە بەختی ئەحمەدا چەن ڕۆژە زۆر مایل بە تاڵانی |
2
[edit]| چەرخی بەد، تا کەی لەبەر من فیتنە و غەوغا ئەکەی | بۆ لەبەر من هەردەمێ دەرگاهی میحنەت وا ئەکەی |
| ئەختەری ئینسانی ئەحمەق شەو لە شەو ڕووناک ئەکەی | ڕۆژی بەختی عاقڵان تاریک و هەم ئاوا ئەکەی |
| پێم بڵێ تۆ بۆچ ملی کەر پڕ لە تەوقی زەڕ ئەکەی | عاقڵی بێچارە بۆ چی دایمەن ڕیسوا ئەکەی |
| سەیری بەختی نەحسی من کە هەر گورێزانی لە من | دڵبەرا تۆ بۆ چی مەشقی ئاهوویی سەحرا ئەکەی |
| دڵبەرم فەرمووی ئەگەر دەستت بگاتە باخەڵم | تۆ بە تەحقیق هەر وەکوو مووسا یەدت بەیزا ئەکەی |
| خۆ ئەگەر ئیمڕۆ منی بێچارە قەیسی عامیریم | تۆش بەقوربان ئێستە ئوستادیی هەزار لەیلا ئەکەی |
| تۆ بە خەندە و لێوی خۆت مردوو لە گۆڕ زیندوو ئەکەی | دەک بەقوربانی دەمت بم موعجیزەی عیسا ئەکەی |
| پێی وتم عاشق حەقیقەت شێتی چونکە ئێستەکە | بادەیی چاوم ببێ مەیلی مەی و سەهبا ئەکەی |
| قامەتی من حازرە، باسی قەدی شمشاڵ ئەکەی | گەردنم مینایە تۆ بۆ ئارەزووی مینا ئەکەی |
| خۆزگە ئەمزانی هەتا کەی تۆ بە ئیفسادی ڕەقیب | ئەحمەدی بێچارەیی خۆت شێت و هەم شەیدا ئەکەی |
3
[edit]| ئیزنی دام دڵبەر کە بچمە زیارەتی دەرگانەکەی | شەمعی ڕەخشان وا قبووڵی کرد شوکور پەروانەکەی |
| ئاسمان حەقیە بەخیل بێت و فڕێدا مانگ و خۆر | لەو دەمەی یار خۆی نواند و هاتە ناو هەیوانەکەی |
| یار دەریخست ڕوومەتی خۆی، کۆمەڵی عاشق ئیتر | لازمە ئێوە بزانن کەعبەیە سەربانەکەی |
| حەقیەتی ئەو شۆخە ئیمزا دابنێ: جەللادی دڵ | ئەی دڵ و گیانم فیدایی توڕڕە و عینوانەکەی |
| وەختی وەسڵە گەهـ بە توندی، گەهـ بە خەندە و پێکەنین | دڵ ئەلاوێنێ چ خۆشە خەندە و گریانەکەی |
| یار ئەگەر بێت و بڵێ زوححاکی تازەم حەقیەتی | شاهیدن بۆ موددەعای دوو ئەژدەهای سەر شانەکەی |
| موژدەیە مەجنوون کە لەیلا هاتووە بۆ تەجروبەت | تا بزانێ چۆنە حاڵی عاشق و دێوانەکەی |
| جەژنە لای عاشق کە مەعشووقەی بە ناز و پێکەنین | دێتە سەیری تا بزانێ، چۆنە قوڕپێوانەکەی |
| موو لە پەنجەم بێتە دەر گەر دەست ببەم بۆ پیاڵە من | گەر ببێ دەستم کەوێ دوو مەمکی وەک فنجانەکەی |
| خوێنی چاوی کوردەکانە بۆ وەتەن شیوەن ئەکەن | بۆیە وا لێڵاو و سوورن تانجەرۆ و سیروانەکەی |
| وەعدەیی دابوو کە دڵ خۆش کا سەراسەر قەومی کورد | حەیفی کرد وا زوو شکاندی وەعدە و پەیمانەکەی |
| مەزهەب و دینی لە قەبرا لێی بپرسن وا ئەڵێت | خاکی کوردستانە ئەحمەد مەزهەب و ئیمانەکەی |
4
[edit]| ئەبێ ئێستە خەریکی بادەنۆشین بم لەبەر شادی | کە یار ئەتوانێ بێتە کولبەیی عاشق بە ئازادی |
| دڵم سەد پارە بێ یاڕەببی گەر بێت و لەبیرم چێ | لە مردندا فەرامۆش کەم شەهادەت گەر نەکەم یادی |
| بە نووکی تێشەیی ناخون لەسەر سینەم بەیادی تۆ | ئەکێشم نەقشی شیرین حەیفە گوم بێ نەقشی فەرهادی |
| چ فیرعەونێکە دولبەر بۆ جەفا نەمروودە شاگردی | لە کوێ فێر بوو خوایا عیلمی سیحر و مەکری شەددادی |
| مەکەن باوەڕ ڕەفیقان گەر ڕەقیب لوتفی لە حەقتان بێ | چلۆن چاکەی لەدەست دێ شەخسی پیس و سوفلە و عادی |
| وتی ئەحمەد ئەگەرچی پیری تۆ هێشتاکوو شاگردی | تەماشا کە چلۆن بردم دڵی زارت بە ئوستادی |
5
[edit]| دڵی خوێناوە بولبول بۆ لەبی وەک لەعلی ڕوممانی | لە باڵایی ئەوا پەستە قەدی سەروی گوڵستانی |
| بە ئیمای چاوی حاڵیی کردم ئەیفەرموو مەگەر بمری | تەنەززول کەم کە بێمە سەر مەزاری تۆ بەمیوانی |
| قەزا ئەم فرسەتەی دام چوومە بەر دەرگانەکەی ئەمڕۆ | سەر و ژێری زوبانی هەر جنێو بوو بۆ ڕەقیبانی |
| بەویش حەتتا بەخیلیم برد کە جوێنی دا بە ئەغیاری | نەسیبی من نەبوو ئەو جوێنە تا خۆم کەم بە قوربانی |
| وتم حاڵت چلۆنە هامجەلیست کێیە ئەو فەرمووی | دیارە هەر دڕک هاودەمیە گوڵ، بۆچ شێتی، نازانی؟ |
| گەدایی و سواڵکەری بەر ماڵەکەی، دەستم کەوێ ڕۆژێ | خوا نەیکا کە من بیدەم بە تەخت و تاجی سوڵتانی |
| دڵی سەودازەدەی ئەحمەد گرفتاری کەسێکە وا | کە دی وا حەڵقەحەڵقە زوڵفەکانی کەوتە سەر شانی |
6
[edit]| دەمێکە یار کە ناپرسێ لە حاڵی عاشقی زاری | لە بیری چۆتەوە چەن وەختە وا عەبدی وەفاداری |
| لە لام وابوو کە یارێکی وەفادار و وەفاجۆیە | بەسەهوا چووم و نەمزانی وەهایە ڕەسم و ئەتواری |
| ئەگەرچی بێ وەفا و مەیلە، بەڵام ڕۆح و دڵم سەد جار | بە قوربانی نیگاهی دیدە و لێوی شەکەرباری |
| ئیتر بۆ چیمە من ئیمان و دین و مەزهەب و ئایین | ئەگەر دەستم کەون حەڵقەی چەلیپای زوڵفی زونناری |
| لەلام بێ قەدرە من بۆنی وەنەوشە و یاسەمین ئەمڕۆ | کە دێتە بەر خەیاڵم پەرچەمی وەک موشکی تاتاری |
| نیشانەی خوێنی ئاڵی عاشقی کوژراوی ئەو یارەن | سەری پەنجەی حەنایی و لیباسی سووری گوڵناری |
| وتی ئەحمەد لە عیشقا ئێستە وا مەشهوورە ئوستادی | تەماشا کە چلۆن بردم دڵی زارت بە عەییاری |
7
[edit]| سەبا عەرزی خلووس و بەندەگیم و هەم دوعاخوانی | ببە بۆ خزمەتی شاهی موحیتی گشت سولەیمانی |
| بڵێ قوربانی تۆ بم ئەی سەلاحەددینی ئەییوبی | بە زۆری پەنجە وەک حەیدەر، بە سیما یۆسفی سانی |
| لە دەست کافر نەجاتمان بوو، بیحەمدیللاهی وەلمیننە | لە سایەی دەست و تیغ و هیممەتی تۆ شێری یەزدانی |
| خوداوەندا بە لوتفی خۆت لە چاوی بەد بە دووری کە | بە جاهی سەییدی مورسەل، بە ڕۆحی شاهی گەیلانی |
| لە پاش ئەم ئیحتیراماتە، بڵێ بەو شاهی دەورانە | چ جورمێکی هەیە ئەحمەد، کە کردووتە بە زیندانی |
| ئەگەر شایەد لە خزمەتتا خراپەی ئەو بووە سابیت | بە لوتفی خۆت عەفووی کە چونکە هەر خۆت ساحیب ئیحسانی |
| کە جورمێکی نییە تا کەی، لە حەپسا دانیشێ قوربان | لە تەنهایی لە فیکری چۆتەوە ئادابی ئینسانی |
| ئەگەر داوای کەفیلی لێ ئەفەرمووی حازرە، یاخود | موڵک تەئمین ئەکا سەد جار، بە ئایین و بە ئیمانی |
| هەتا مردن، وەکوو بەندە، لە خزمەت شاهی کوردستان | حەیاتی خۆی فیدا کا بۆ هەموو ئەمرێک و فەرمانی |
| من ئەم حەپسەم لەلا فەخرە، بە شەرتێ سەروەری کوردان | لە حەق ئەم بەندەیەی خۆیا، بمێنی لوتفی جارانی |
| بە زاتی پاکی بێ هەمتا، بە نووری ئەحمەدی مورسەل | جەنابت سوێند ئەدەم قوربان، بە گشت ئایاتی قورئانی |
| بە لوتف و مەرحەمەت ئەم بندەیەی خۆتە عەفوو فەرموو | ئەتۆ سەرفی نەزەر فەرموو، لە جورم و سەهو و نیسیانی |
| لە لوتفی تۆ زیاتر هیچ پەیامێکی نییە موختار | بە کاری هیچ نەهاتن دۆستەکانی خزم و خوێشانی |
8
[edit]| کە من گوڵزاری ڕووی تۆم بێ لە سەیری گوڵستانم چی | قەد و باڵایی تۆ خۆش بێ لە سەروی بۆستانم چی |
| کە عیشقی تۆ لە سەرمایە لە تانەی واعیزانم چی | موقەددەر گەر نەبێ ئاخر لە میهری مەهڕوخانم چی |
| لە ناڵەناڵی نیوەی شەو لە ئاهی بەربەیانم چی | |
| دڵم دایم لە عیشقی تۆ نیگارا مەست و حەیرانە | هەمیشە کاری شین و ناڵە و ئەفغان و گریانە |
| میداڵ و مەنسەبی ئەو ماچەکەی سەرکوڵمی جانانە | نیشانەی ئیفتیخاری من لە سینەم داغی هیجرانە |
| بڕۆ ئەی ناسیحی موشفیق لە ڕوتبە و یا نیشانم چی | |
| ئەوا دێوانە بووم قوربان لە عیشقی چاوی غەددارت | شەکەر ئەرزان ئەکا ئیمڕۆ نیگار لێوی شەکەربارت |
| لە باخی نێرگسی شەهلا نییە وەک چاوی خوممارت | غەرەز وا بوو موقابیل کەم لەگەڵ گوڵ ڕەنگی ڕوخسارت |
| وەگەر نە بێ قەدی سەروت لە سەروی گوڵستانم چی | |
| تو خوا قوربان عەفوو کە با کە من سەد جار گوناحم بێ | خوا هەڵناگرێ تا کەی هەمیشە ئۆف و ئاهم بێ |
| ئیتر شەرتێکە خاکی ژێری پێی تۆ من کولاهم بێ | کە من میحرابی ئەبرۆی تۆ مەقامی سوجدەگاهم بێ |
| ئیتر وەک زاهیدی خودبین لە مەوعیدی جینانم چی | |
| دڵم سۆراخ سۆراخە قەسەم بەو چاوەکەی کاڵت | هیلاک و مەحو و بێ هۆشم لە عیشقی ڕوومەتی ئاڵت |
| دە لوتفێ کە لەگەڵ مندا فیدای ئەو دانەیی خاڵت | شەوم وەک ڕۆژی ڕووناکە لە شوعلەی ڕوومەتی ئاڵت |
| بڵێ یەکبارە با ون بێ لە ماهی ئاسمانم چی | |
| مەحاڵە لەم دڵەم دەرچێ بە سەد دەرد و ئەلەم میهرت | ئەگەر یەک زەڕڕە تۆ جانا لەگەڵ مندا نەبێ میهرت |
| غوڵام و بەندەتم مەربووتە ڕۆحی من لەگەڵ میهرت | بە نەیڕەنگی فەلەک جانا لە دڵما دەرنەچوو میهرت |
| کە من یەک ڕەنگ و یەک نەوعم لە تەبدیلی زەمانم چی | |
| هەموو عومرم بەسەرداچوو دەمێ ماچم نەکرد کوڵمت | دوو زوڵفت هەر وەکوو پەرژینی گوڵباخی سەری کوڵمت |
| گەلێ بێ تاقەتە ئەحمەد لەبۆ ماچی سەری کوڵمت | بە من قەت نادرێ تەفسیری ئایاتی سەری کوڵمت |
| گرانە تاهیرا بۆ من لە تەعریف و بەیانم چی | |