دیوانی ئەحمەد موختار جاف/ۆ
Appearance
1
[edit]| دڵ پەرێشانم لە حەسرەت پەرچەمی شێواوی تۆ | ڕۆژی ڕەش کردم بە جارێ زوڵفی ئاڵۆزاوی تۆ |
| پێی وتم وریا بە خۆڵی ژێری ئەم کەوشی منە | وەک جەواهیرسورمەیە بۆ چاوی پڕخوێناوی تۆ |
| لام یەقینە بێ سوئال و جواب بەهەشت جێگەی منە | دیارە جێی جەنناتی عەدنە ڕۆحەکەم کوژراوی تۆ |
| ئەو دەمەی دێن و ئەپرسن لێم مەلائیک مەزهەبم | من بە خوێنی دیدە ئەینووسم لە سینەم ناوی تۆ |
| هەوری بەهمەن وا دیارە شیوەن و نەعرەی منە | گرمەگرم و هاتنی بارانەکەی تاوتاوی تۆ |
| سەروی باڵات چەندە مەوزوونە لە باخچەی حوسندا | پێوە پێچراوە سەراپا زوڵفی وەک لاولاوی تۆ |
| شەمعی ڕووت دەرخە فیداتم، ئەحمەدی بێچارەیە | وەک پەپوولەی بێنەوایە شێت و دڵسووتاوی تۆ |
2
[edit]| ئەی وەتەن جەننەتی یا ڕەوزەیی ڕیزوانی تۆ | باعیسی کەیفی دڵە باغ و گوڵستانی تۆ |
| تۆزەکەت سوورمەیە بۆ چاو و عەبیرە خاکت | ڕاستە گەر بێت و بڵێم قیبلەیی کوردانی تۆ |
| ئەم گوڵاڵانە کە لەم کێو و کەژە خەیمە ئەدەن | هەموو تەمسیلی ئەکەن خوێنی شەهیدانی تۆ |
| جێگەیی فەخری هەموو قەومی نەجیبی کوردی | ڕۆح و دڵ پارە و ماڵ گشتی بەقوربانی تۆ |
| بەچکەکانت هەموو جەنگ ئاوەر و ساحێب فیکرن | هەر بژیت حەقمە بڵێم دایەیی شێرانی تۆ |
| دەستەیەک لەو بەچەشێرانە کە ون بووبوون لێت | سەد شوکور هاتنەوە ژێر سێبەری سەیوانی تۆ |
| لە گوڵستانی وەتەندا هەموو وەختێ ئەحمەد | نەغمەخوانە بۆ وەتەن بولبولی خۆشخوانی تۆ |