دیوانی ئەحمەد موختار جاف/ن
Appearance
1
[edit]| شەمسەیە کوولەکەیی ڕۆحم و ئیمانی من | شەمسەیە باعیسی ژین و سەر و سامانی من |
| شەمسەیە مایەیی کەیف و فەڕەحم ڕۆژ و شەو | شەمسەخانە بەخودا شەمعی شەبوستانی من |
| شەککەری لێوی ئەوە مەرهەمی قەلبی زارم | قەددی مەوزوونی ئەوە سەروی گوڵستانی من |
| پێی وتم شەمسە، خەجاڵەت بووە شەمسی خاوەر | لەو دەمەی دیوییە ئەو سوبحی گریبانی من |
| بە سەری تۆ قەسەم ئەی یۆسفی کەنعانی من | لێوی شیرینتە تووتی شەکەرئەفشانی من |
| شەمسە تۆ لازمە من وەختێ کە مردم جانا | قەت فەرامۆشی نەکەی سنعەت و عیرفانی من |
| حوببی تۆ کافییە بۆ ئەحمەدی بێچارەیی خۆت | لوتفی تۆیە بە خودا ڕوتبە و نیشانی من |
2
[edit]| نموونەی چاو و ڕووتن مانگ و پەروین | نەخۆشە دڵ، لە لێوت بێنە هەنگوین |
| لەسەر دینت ئەگەر تۆ موستەقیمی | دە ئەمرم پێ بکە لاچم لەسەر دین |
| پەشێوە بولبولی دڵ بۆ گوڵی ڕووت | فیداتم بۆچ ئەکەی زوڵفت بە پەرژین |
| گوڵاڵەی بێستوون ئێستەش بەهاران | ئەڵێن پێت ماجەرای فەرهاد و شیرین |
| چ شیرینە خودایا ئەو نیگارەم | بە باڵای ئەو بڕاوە ناز و تەمکین |
| نیگار شین پۆشە بۆیە ئاسمانیش | هەمیشە ڕەنگی شینە وا دەکا شین |
| لەلای من دەرسی خوێند بولبول کە وا شەو | هەتا سبحەینێ ناوەستێ لە ناڵین |
| وەکوو ڕەشماری زامار پێچ ئەخۆم من | کە دیم وەستاوە زوڵفت چین لەسەر چین |
| بە ماچی لێوی تۆ ئەیدەم ئەگەر بێ | قبووڵی کەی لە من تۆ چین و ماچین |
| خودایا چی ئەبێ زستانی مەیلی | لە حەق ئەحمەد بکەی تاوێ بە هاوین |
3
[edit]| مانگی ڕەمەزان هاتەوە بۆ بەختی شەڕی من | ڕەنگ زەرد و زەعیفە گوڵەکەی سیمبەری من |
| بێ بادە و بێ ساقی و بێ بەرگ و نەوایە | مەحزوون و پەرێشانە دڵی دەربەدەری من |
| گەر بێت و دەرم کەی بەخوا ڕۆژێ دووسەد جار | هەر خاکی دەری تۆیە نیگار تاجی سەری من |
| فەرمووی بە من ئێستاکە لە غەم زار و زەعیفی | جا لایقی بۆ حەڵقەیی دەوری کەمەری من |
| یارم بە نەزاکەت وتی دەردی دڵی زارت | دەرمانی نییە غەیری لەبی وەک شەکەری من |
| لەو ڕۆژەوە وا دولبەرەکەم ڕۆییوە خەڵقە | بێ نوورە لەبەر گریە و زاری بەسەری من |
| بولبول وەکوو ئەحمەد نییەتی زەمزەمە و شۆر | عالەم هەموو بێدارە لە ناڵەی سەحەری من |
4
[edit]| سا بێنە توخوا ساقی مەی و شیشە و فنجان | ئەم بەزمە موعەتتەر بکە تۆ وەک گوڵی خەندان |
| گریانی من و ڕوومەتی تۆ ئەی بوتی ڕەعنا | تەمسیلی ئەکەن شەونم و گوڵ سوبحی بەهاران |
| خۆت شێت کە ئەگەر تالیبی مەسعودیی بەختی | چەند زەحمەتی دی ئادەمی بێچارە لە شەیتان |
| لەم مەنتیقەدا فەرقی نییە ئێستە موساوین | یەکسان ئەنوێنێ ڕەوشی وەحشیی و ئینسان |
| مەعنایی وەها لێک ئەدەنۆ بەعزێ موەززەف | قانوون ئەوەتە کەشفی بکەن باخەڵ و گیرفان |
| تاریکیی زوڵفت بووەتە باعیسی کوفرم | سا دەرخە توخوا مەسحەفی ڕووت ئەی مەهی تابان |
| گریانی درۆی سۆفی و لێهاتنی حاڵی | دەروێش بە فیدای زەمزەمەیی نەعرەئی مەستان |
5
[edit]| باعیسی هێزی دڵ و پشت و پەنایی بێکەسان | یانەیی سەرکەوتنی قەومی نەجیبی کوردەکان |
| واسیتەی ڕێگەی نەجاتی قەومی دڵسووتاوی کورد | ئەی نیساری مەقدەمی تۆ بن بەجارێ ڕۆح و گیان |
| پێ و قدوومت خێر بێ یاڕەببی بڵند بێ پایەکەت | شاد و مەمنوونن بە تەشریف هاتنی تۆ پیر و جوان |
| تۆ چرای بۆ ڕێگەیی تاریکی بەختی قەومەکەت | ئەی بناغەی عیلم و سەنعەت وەی سەبەب بۆ حوڕ ژیان |
| میللەت ئێستە چاوەڕوانە بۆ نەتیجەی هیممەتت | وەختی خۆ دەرخستنە جێگای هیوایی گشتمان |
6
[edit]| چاوەکەم دوور بێ لە ڕووت وا چاوەکانم ژان ئەکەن | هەر لە سورمەی خاکی ڕێگات ئارەزووی دەرمان ئەکەن |
| یەعنی ئاوی دیدەکانی من لە دووریی قامەتت | وا بە خوڕ دێن هەر لە نەهری تانجەڕۆ و سیروان ئەکەن |
| پەرچەم و لێو و دەمی شیرینی یاری نازەنین | هەر لە زوڵمات و لە ئاوی چەشمەیی حەیوان ئەکەن |
| جانفیدای ئەو دولبەرانەم وا بە خەندەی لێویان | بێ موداوا زامی قەلبی عاشقان دەرمان ئەکەن |
| ئەو کەسانەی خادیمی دەرگای نیگارن دایما | گاڵتە و سوحبەت بە تەختی قەیسەر و خاقان ئەکەن |
| لادە شاعیر تۆ لە باسی عیشقبازی و سەیری کە | چۆن خەریکن چەن کەسێ ئێستا وەتەن وێران ئەکەن |
| جاهیلان بۆ ئیستیفادەی زاتی خۆیان ڕۆژ و شەو | لەم موحیتە مەنعی عیلم و سەنعەت و عیرفان ئەکەن |
| ڕووڕەشی دنیا و قیامەت ئەو نەفامانەن کە وا | هەجوی قەوم و میللەتی خۆیان بە پارە و نان ئەکەن |
| ئاسمان ئێستا وەها چەرخاوە جاهیل غاڵبە | گوربە و ڕێوی خەیاڵی مەرتەبەی شێران ئەکەن |
| چەن کەسێکی تازە پیاکەوتوو لە کوورە دەرچوون | پیاو کە چوو بۆ ئیش لە پێشا یۆقڵەمەی گیرفان ئەکەن |
| خەڵقە بەعزێ کەس لە ئینسانی چییان دیوە زەرەر | وا هەمیشە مەشقی وەحشی و پەیڕەوی حەیوان ئەکەن |
7
[edit]| سەیری کەن خەڵقینە توخوا حاڵەتی زاری وەتەن | چەند پەرێشانە لەبەر غەفڵەت هەموو کاری وەتەن |
| وەختی تێکۆشانە ئەی قەومینە غەفڵەت تا بەکەی | وا خەزانی کردووە ئێستێکە گوڵزاری وەتەن |
| خۆ وەتەن ئەمڕۆ نەخۆشە ئەم تەبیبی حازیقە | چی ئەبێ بیکا موداوا قەلبی بیماری وەتەن |
| کوانێ خەڵقینە لەکوێن فیرقەی مونەووەرتینەتان | چونکە ئەو فیرقە ئەزانن دەرد و ئازاری وەتەن |
| من بە باغ و گوڵستانی جەننەتی ناگۆڕمەوە | خاکی ئەو جێگەی کە کوردە نەشتەری خاری وەتەن |
8
[edit]| شاعیرانی کورد بەسە، بەس باسی زوڵف و چاو بکەن | کەم خەیاڵی پەرچەم و کاکۆڵی ئاڵۆزاو بکەن | |
| لابدەن کەم باسی سونبول یا لقی لاولاو بکەن | ئێوە تەدبیرێکی حاڵی قەومی دڵسووتاو بکەن | |
| زووبەزوو تا ئیش لەدەس دەرنەچوە سا هەوڵێ بدەن | ||
| ئێوە تەعریفی مەی و پیاڵە و گوڵ و سەهبا ئەکەن | دائیمەن هەر باسی لەنجە و قامەتی ڕەعنا ئەکەن | |
| سەرخۆشی خۆشە وە یا سەربەستی؟ بۆ چی وا ئەکەن | تاکوو کەی ئێوە قسەی وا پووچ و بێ مەعنا ئەکەن | |
| زووبە زوو تا ئیش لەدەس دەر نەچوە سا هەوڵێ بدەن | ||
| بێ کەس و بێ پشتیوانین ڕێگەمان دوورە وەرن | حەیفە ئێوە وا ئەسیری دەستی چەن قەومی کەرن | |
| بۆ چی نازانن لە توخمی کاوەیی ئاسنگەرن | هەڵبکەن --- کوردی ئەم ئیدارە لابەرن | |
| زووبەزوو تا ئیش لەدەس دەرنەچوە سا هەوڵێ بدەن | ||
| هەڵبکەن --- کوردی مەقسەدم تاڵان نییە | پارە تەحسیل کردن و ڕووتکردنی کاروان نییە | |
| غەیری مەکتەب بۆ تەداویی ئێمە هیچ دەرمان نییە | هیچ سیلاح چاتر لە عیلم و سنعەت و عیرفان نییە | |
| زووبەزوو تا ئیش لەدەس دەرنەچوە سا هەوڵێ بدەن | ||
| حەققە من شەو تا بەیانی ئارەزووی گریانمە | شێت نەبووم وا دایمەن هەر مەیلی قوڕ پێوانمە | |
| ڕۆڵە مردوو نیم بزانن شیوەنی کوردانمە | بێت و تەحلیلی بکەن دیجلەش قنگاوی وانمە | |
| زووبەزوو تا ئیش لەدەس دەرنەچوە سا هەوڵێ بدەن | ||
| وەک قەڵایێکی تەبیعی وایە شاخ و داخمان | قەت لە بن نایە بە خواردن میوەیی ناو باخمان | |
| جەننەتن شاری سلێمانی و سنە و سابڵاخمان | ئیتتیفاقێ با بکەین لابەین لە دڵدا داخمان | |
| زووبەزوو تا ئیش لەدەس دەرنەچوە سا هەوڵێ بدەن | ||
9
[edit]| وەعدەیی فەرموو، کە بێتە کولبەیی ئەحزانی من | بەڵکە ڕۆشن کا دوو چاوم یۆسفی کەنعانی من |
| لابە توخوا پڕتەوی شەمع و چرا، لەم مەحفەلە | چونکە ئەمشەو هاتە مەجلیس ماهەکەی تابانی من |
| ئەشکی چاوم جارییە دایم لە هیجری قامەتت | بەڵکوو بێتە ناز و لەنجە سەروەکەی بوستانی من |
| سەیری چەند شێتە تەبیبم هەر موداوای من ئەکا | چونکە نازانێ کە ماچی دولبەرە دەرمانی من |
| پێی وتم بەم تیغی ئەبرۆمە سبەینێ ئەتکوژم | تۆ ئەبێ شاد بی کە بوویتە قۆچەکەی قوربانی من |
| سایەیی گێسووی چەلیپات لابدە جانا لە ڕووت | بۆچ بە زوڵمەت دائەپۆشی چاوەکەم قورئانی من |
10
[edit]| قیامەت هەڵئەسێ بێت و قیامێ کا نیگاری من | زەمانە تێکئەدا ئەمڕۆ نیگاهی چاوی یاری من |
| وتی: باوەش بە باڵای سەرودا کە و گوڵ بە بۆنۆ کە | کە تەمسیلی ئەکەن ئەو دوانە بۆسین و کەناری من |
| بە ناز و عیشوە دیسان هاتە جواب، فەرمووی پیاڵە و مەی | بزانە فەزڵی ئەمڕۆکە کە دیت چاوی خوماری من |
| گرفتارن لە داوی پێچ و تابی زوڵفی موشکینت | هەزار عاشق نەوەک تەنها دڵی زاری هەژاری من |
| گوڵ و نەسرین لە خاکم سەوز ئەبن، گەر بێت و ئەو یارە | لە ڕۆژێکی خەزانا بێتە سەر قەبر و مەزاری من |
| دڵم هاوینە بۆ وەسڵی، بەڵام ئەو مەیلی زستانە | خەزانی بۆیە کرد خەڵقینە عومری وەک بەهاری من |
| هجوومیان کرد ڕەقیبان وەک ڕەوی سەگ دەوریان لێدام | مەگەر شمشێری ئەبرۆی ئەو بکا ئێستاکە چاری من |
| بە خەندەی نازەوە فەرمووی، فڕێدە تۆ بەی و لیمۆ | تەبیعەت دەستی خستووی جووتەمەمکی وەک هەناری من |
| بڕۆ ئەی وشکەسۆفی، با موبارەک بێ لە تۆ جەننەت | من و پیاڵەی شەڕاب و وەسڵی شۆخی باویقاری من |