Jump to content

دیوانی ئەحمەد موختار جاف/م

From Wikisource

1

[edit]
نیگارا سا بە لوتفی خۆت شەوێ تۆ بێرە باڵینم لە غەمدا وا لە جیسمم وەختە دەرچێ گیانی شیرینم
بە یادی ڕوومەت و خاڵت هەموو شەو تا بە سبحەینێ منم مەشغووڵی تەعدادی گرۆهی ماهـ و پەروینم
هەموو عالەم لە بەرچاوم وەکوو دەیجوورە ئەی جانا ئەگەر بێت و خوا نەیکا ئەمن یەک لەحزە نەتبینم
زەلیل و دڵحەزین و بێکەس و مەهجوور و داماوم لە هیجری قامەتی سەروت هەمیشە مات و غەمگینم
وتم: قوربانی تۆ بم ئەحمەدی بێچارە فەرهادە وتی: عاشق بە ڕەعنایی منیش زیاتر لە شیرینم

2

[edit]
مەکەن مەنعم کە وەک مەجنوون خەریکی هاتوچۆی کێوم پەشێوی لەیلی کوردم تاکوو ڕۆحم دێتە سەر لێوم
وەتەن فەرمووی بە خەندەی نازەوە هەر وەک پەری وامە ئەما حەیفێ کە چەند ساڵە ئەسیری پەنجەیی دێوم
هەمیسان پێی وتم ئەوسا مەکانی شەخسی عاقڵ بووم فەقەت چی بکەم ئەمە چەند موددەتە بێ ساحیب و خێوم
دەخیلتان بم وەکوو عارەب، توخوا مەمگۆڕنەوە هەرگیز بە ڕوپیە و پارە هەر چەند ئێستەکە مشتێ چڵوچێوم
بەجارێ ئەمڕۆ جاهیل غاڵبە، عاقڵ بووە مەغڵووب ڕەفیقان سا نیشانم دەن قوڕێ تا بێم و بیپێوم
لە داخی دەهری دوون شەرتە بەسەرما گەر بڕووخێ چەرخ گەلێ نامەردم ئەر شانم لەبەر ئەو بارە ببزێوم
لە عەرسەی شیعردا، ئەحمەد عەجایب شەهسوارێکە لە مەیدانا بزانە ئەسپی خۆم چۆنی دەئاخێوم

3

[edit]
لە سایەی ماچی لێوت مەیلی عەنناب و شەکەر ناکەم کە ڕووی تۆ دەرکەوێ قەت ڕوو لە ڕووی شەمس و قەمەر ناکەم
ئەگەر بێت و گەدایی کۆیی دڵدارم بە قیسمەت بێ بە دڵ بادی شەهنشاهی و سوپاهـ و کەڕڕوفەڕ ناکەم
خوا بیکا ئەگەر ڕۆژێ قەدەم بێنێتە سەر چاوم تەنەززول بۆ جەواهیرسورمە و کوحلولبەسەر ناکەم
بە تیغی ئەبرووانی خۆی ئیشارەی کرد کە بۆ قەتڵم لەبەر ئەو موژدە ئەسڵەن مەیلی قەڵغان و سوپەر ناکەم
قەلەندەر مەشرەبی و دێوانەیی خۆشە لە دنیادا بە فەقری خۆم ڕەزام ئەسڵەن خەیاڵی زیو و زەڕ ناکەم
نزیکیی پیاوی ئەحمەق باعیسی فەوتانی ئینسانە هەتا عومرم ببێ قەت من ڕەفیقیی پیاوی کەر ناکەم
کە من مائیل بە خێرم خیلقەتەن ئەحمەد بەخۆڕایی وەکوو ئینسانی جاهیل مەیلی فیتنە و شۆڕ و شەڕ ناکەم

4

[edit]
لە شێخ و واعیز و سۆفی لەمەولا من کەنار ئەگرم پیاڵەی مەی بە یادی دیدەیی مەستی نیگار ئەگرم
لە شەوقی بەژن و باڵای تۆیە ئەی شۆخی پەری پەیکەر لە باغا جێ لە سایەی عەرعەر و سەرو و چنار ئەگرم
خەیاڵی مەمکەکانی گرد و نەرمت دێتە بیری من کە وەختێ پڕبەچنگ لیمۆ و بەی و سێو و هەنار ئەگرم
خوڕەی فرمێسک و نەعرە و فوغانی خۆم لەبەر چاوە کە شەو من گوێ لە دەنگی نەعرەیی هەوری بەهار ئەگرم
وتم چاکت ئەسیری حەڵقەیی ئەو پەرچەمە کردم وتی شێتی بە تای ئەم زوڵفە من شێری شکار ئەگرم
بە قوللاپی موژە و حەڵقەی کەمەندی زوڵفی چینچینم ئەگەر بێ ئارەزووم بێ ڕۆستەم و ئەسفەندیار ئەگرم
ئیشارەی کرد برۆی یەعنی کە بۆ قەتڵی دڵی عاشق لە پشتی چاوی یارۆ جێگەیی سەد زولفەقار ئەگرم

5

[edit]
بە عەزمی زیارەتی کوڵمت لە ڕێگەی دوورەوە هاتم وەرە قوربان بکە ڕەحمێ فیدای ئەو قەدد و باڵاتم
هەمیشە حازرم بۆ قۆچی قوربانی نیگاری من وەها قەت تێمەگە بەندە کە زۆر شەخسێکی بێزاتم
هەموو عالەم بە کەسبوکارێ مەشغووڵن ئەما بەندە هەمیشە عاشقی ڕووتم شەهیدی چاوی شەهلاتم
دەمت غونچە، قەدت سەروە، لەبت لەعلی بەدەخشانە عەجەب شۆخێکی غەدداری فیدای ئەو زوڵفی تاتاتم
بە ئوممێدی ویسالی تۆ لە ڕێگەی پڕخەتەر ئەحمەد پەناهندەت بووە جانا، بکە ڕەحمێ بە حاڵاتم

6

[edit]
بە یادی چاوەکانت دایمەن من مەست و حەیرانم لە عیشقی قامەتت قوربان وەکوو زوڵفت پەرێشانم
ئەوەندە من لە هیجری وەسڵی تۆ زاری ئەکەم جانا وەکوو داوێنی ئەڵوەن دایمەن من سوورەدامانم
لەبۆ جاڕووبی ڕێگەت حازرم دایم گوڵی ڕەعنا بە گۆزەی پڕ لە ئاوی دیدە و دوو گەسکی موژگانم
سەلیبی زوڵفی تۆم خستۆتە گەردن بووم بە نەسرانی ئیتر قوربان بکە ڕەحمێ نە دینم ما نە ئیمانم
ئەوەند ئەحمەد کە مەدحی ڕوویی تۆی کرد شێت و ڕیسوا بوو بە خەللاقی زەمین لەم شیعرە چاتر بەندە نازانم

7

[edit]
خەیاڵم وایە خەڵقە من کە تەرکی عیشقی دڵبەر کەم ئیتر میهری پەری ڕوویان بە یەکجاری لە دڵ دەرکەم
ئەگەر دڵ بێت و مەیلی گوڵڕوخان و نازەنینان کا لە سینەی لابەرم، لەتلەت بە نووکی تیژی خەنجەر کەم
لە داخی سیلسیلەی توڕڕەی نیگاری نازەنینی خۆم ئەبێ تەرکی وەنەوشە و سونبول و هەم عەتر و عەنبەر کەم
ئەڵێن دڵبەر لەگەڵ مندا دڵی ساردە، ڕەقیب شادە ئەبێ خاک و گڵی عالەم ئیتر من هەر لەسەر سەر کەم
کە باڵای دولبەری دی سەروی بوستانی وتی شەرتە ئیتر خۆم دەرنەخەم، تەرکی لیباس و بەرگی ئەخزەر کەم
هەتا کەی هەر لە دووریی تۆ ئەمن بێم و بچم جانا بە بێ سوود بۆچ نیگەهبانی گوڵ و گوڵزاری بێ بەر کەم
ئەگەر شەو سەر لەسەر خشتێ بکەم باکم نییە چونکە بە ئاوی دیدە ئوممێدم وەهایە با لەشم تەڕ کەم
وتی عاشق دەست بۆ چی لە زوڵفم بەرئەدەی ئەمشەو وتم تاکەی ڕەفیقی عەقرەبی جەڕڕاڕ و ئەژدەر کەم
ئەگەر بێ ماچی لێوی دولبەرت تۆ دەسکەوێ ئەحمەد حەرام بێ گەر ئیتر یادی بەهەشت و حەوزی کەوسەر کەم

8

[edit]
تا حەیاتم بێ، لە دڵما شەرتە میهرت دەرنەکەم ڕۆژپەرەستم تا بمێنم سوجدە بۆ ئەختەر نەکەم
پێی وتم دوێنێ ڕەقیبم سەیری دڵبەر بۆ ئەکەی شەمشەمەکوێرەم کە ڕوو بۆ شەمسەکەی خاوەر نەکەم
بێت و گەر دەستم کەوێ ماچی دەمی تۆ چاوەکەم ڕووڕەشم گەر تەرکی ئاوی زەمزەم و کەوسەر نەکەم
لەو زەمانەی دیومە من، موژگان و ئەبرۆی دڵبەرم ڕەببی لاڵ بێ، گەر تەوافی خەنجەر و نەشتەر نەکەم
عەرزی یارم کرد کە بۆچ پەرچەم لەسەر ڕوخسارتە پێی وتم: بەزمە لەبەرچی عوود لەسەر مەجمەر نەکەم
ڕەسمی عاشق واز لە ڕۆح هێنانە بۆ دڵداری خۆی ڕووڕەشم من گەر لە ڕێتا تەرکی ڕۆح و سەر نەکەم
بێت و بۆم دەست دا تەماشای پەرچەم و ڕوخساری تۆ شێتم ئەر تەرکی وەنەوشە و لالەیی ئەحمەر نەکەم
یار بە ئیستیهزاوە فەرمووی ماوی بەم دەردانەوە لافی عیشقی تۆ درۆیە، من ئەبێ باوەڕ نەکەم

9

[edit]
گەر لە مەحبووسی خەڵاس بم دوشمنانم پەت ئەکەم سووری سەر ئەبڵەق لە فەرجی دایکیانا ڕەق ئەکەم
بۆ ئەمەی تەرکی خراپی و موفسیدی و بەدزاتی کەن ڕەنگ و ڕوویان گشت بە ڕەنگی خاسەڕەنگ خەتخەت ئەکەم
ڕوو بە شار و موڵکی ئامەد مي أشاء دائەنێم عاقڵانە تەرکی ڕێگای ناحەز و نەگبەت ئەکەم
دۆستانی خۆم بە پارە و ماڵی دنیا شاد ئەکەم حاسید و موفسید هەموو نابووت و بێ سەروەت ئەکەم
خەڵقە ئەمڕۆ چونکە حەپسم ڕێگەیی دەستم نییە ناتوانم هیچ بکەم مەجبوورم هەر غەیبەت ئەکەم

10

[edit]
من سیاڕۆژی دوو زوڵفی هەر وەکوو زونناری تۆم قوڕبەسەر دڵ پڕ لە خوێنی لێوی وەک گوڵناری تۆم
گەر وجوودم خەستەیە یا زەردە ڕەنگم چاوەکەم من گرفتاری فسوونی چاوەکەی بیماری تۆم
گەر بە قەهرۆ تۆ دەرم کەی سەد کەڕەت لەم قاپییە دەست لە تۆ هەڵناگرم هەر عەبد و خزمەتکاری تۆم
نایەڵێ لەو گەنجی حوسنی دڵبەرە بەهرەم ببێ دایمەن مەشغووڵی دەفعی زوڵفی وەک ڕەشماری تۆم
من بە ئوممێدی ویسالی تۆ لە ڕێگەی دوورەوە هاتووم لوتفت ببێ، قوربان غەریبی شاری تۆم

11

[edit]
من کە کوردم حەز بە بەرزیی خاکی کوردستان ئەکەم ئارەزووی دەوری تەرەققیی حاکمی بابان ئەکەم
ناوەجاخە ئەوکەسەی خزمەت بکا بۆ غەیری خۆی تا بە مردن شەرتە من هەر بەندەیی خۆمان ئەکەم
میللەتی من هەر وەکوو شێری ژیانن بۆ نەبەرد ئێستەکە من چۆن ئیتاعەی ----- ئەکەم
گەر لە غەیری میللەتی خۆم بێ و ئومێدی چاکە کەم شێت و بێ عەقڵم لە شەیتان ئیددیعای ئیمان ئەکەم
گەر لە موژگان و برۆی دڵبەر تەمای لوتفم ببێ من لە نووکی شێر و خەنجەر ئارەزووی دەرمان ئەکەم
لابە توخوا نامەوێ دیجلە و فورات و نیلی تۆ من بە فرمێسک ئێستەکە تەشکیلی سەد سیروان ئەکەم
جەژنی قوربان ساڵێ جارێ خەڵکی قوربانی ئەکەن بۆ وەتەن من ڕۆژێ سەد جار ڕۆحی خۆم قوربان ئەکەم
شێتی چاوی لەیلی کوردم، بۆیە وا مەجنوون سیفەت خۆم بە دایم ڕووت و قووت و سەرسەری و عوریان ئەکەم
سەیری کەن بەم مشتە قەومی کوردەوە مانەندی شێر گاهێ حەملە ڕووبەڕووی ئێران، گەهێ تورکان ئەکەم
داخی کوردی فەخرە ئێستە بۆ دڵی من کافییە بۆچ مەگەر شێتم خەیاڵی ڕوتبە و فەرمان ئەکەم
کوردم و بۆ کوردی ئەحمەد سەعی ئەکەم تا بەم زووە ئیتتیحادی کوردی خۆمان و سنە و بۆکان ئەکەم

12

[edit]
وەختی ڕەحمە دڵبەرا میوانی دەوڵەتخانەتم تۆ ئەگەر لەیلای منیش مەجنوونەکەی دێوانەتم
حەیفە سا توخوا بەسە جەور و جەفاکەت تا بە کەی من لە دەوری شەمعی ڕوخسارت وەکوو پەروانەتم
باعیسی ژین و حەیاتم یاری دڵڕەنجێنی خۆم دەک بەڵاگەردانی باڵات و زڕەی پاوانەتم
گەر لە موڵکی حوسندا، سوڵتانی ئەی یاری عەزیز خۆ منی بێچارە جانا خادمی دەرگانەتم
قەیسی عامیر جێگەیی وادیی دووجەیل بوو چاوەکەم خۆ منیش ئێستاکە وێڵی دەشتەکەی شیروانەتم
یار بە خەندەی نازەوە ڕووی کردە من فەرمووی بەسە بۆ چی تۆ نازانی ئەحمەد دوژمنی بێگانەتم

13

[edit]
دەمت بێنە بە قوربانی وەفاتم قبووڵمە من لەجێی مووچە و بەراتم
لە هیجرانا ئەوا ڕەنجوور و زارم وەرە باڵین هەتا ماوە حەیاتم
هەموو کەس وەسفی یاری خۆی لە دەستە بەغەیرەز من، کە هەر جوێنە خەڵاتم
لە تەختەی نەردی غەمدا، ئەی نیگارم خەریکی شەشدەری هات و نەهاتم
وتی: خورشید و مەهـ، ڕوویان ئەپۆشن لە گۆشەی بانەوە، وەقتێ هەڵاتم
ئەڵێی ئەحمەد لە کوشتن ڕوو دەگێڕی لە بەحسی عیشقدا من زۆر بەزاتم

14

[edit]
گرپە و گڕەی تەنوورە بڵێسەی هەناوەکەم سیروان و تانجەڕۆیە خوڕەی ئاوی چاوەکەم
شێواوی موویی خاوی کەسێکم بە ڕۆژ و شەو بۆیە پەشێوە ئێستەکە، بیرە بڵاوەکەم
ڕۆژێ بە پێکەنینەوە فەرمووی دە بێرەوە بۆ پاسی نیوەشەو سەگە قول هەڵکراوەکەم
دیسان وتی: شەکەر لە دەمت دێتە دەر ئەگەر ژەهریش بخۆیتەوە کە ببێ بێنی ناوەکەم
ئەم کۆمەڵی گوڵاڵە کە ئاڵن لە کێو و کەژ ئاویان دراوە گشتی بە خوێنە ڕژاوەکەم
تۆ بێ خودا دەسا وەرە ئەی نووری چاوەکەم ساڕێژ کە زامی لەتلەتی جەرگە بڕاوەکەم
باوەڕ مەکەن ببن بە - - کوردی شارەزوور بێ ترس ئەڵێم لە ڕاستی دڕاوە کڵاوەکەم

15

[edit]
بێت و بە نازەوە کە بڵێ مەیلی ڕاو ئەکەم بۆ دەنکە خاڵەکەی ملی خۆم تووشی داو ئەکەم
ئەی گیانەکەم بە چاوی ڕەشت سوێند ئەخۆم بە دڵ بۆ دینی چاوی تۆیە کە هەر چاوەچاو ئەکەم
با، بێنێ بۆنی سنگ و مەمەت، کەی منی هەژار ئیتر خەیاڵی بۆنی وەنەوشە و گوڵاو ئەکەم
لۆمەم مەکە کە من ئەمەوێ ڕووبەڕووت ببم بێ بەرگ و ڕووت و قووتم و مەیلی هەتاو ئەکەم
بێت و دەسم بدا لە دەسی پیاوی ناوەجاخ حەو جار بە ئاو و قوڕ دەس و پەنجەم گڵاو ئەکەم
بەم حاڵە ژین و بەرزییی کورد گەر هیوام ببێ شێتم بزانە من کە خەیاڵی پڵاو ئەکەم

16

[edit]
ئەمەوێ من شەو و ڕۆژ خادیمی دەرگاهی بم لەبەر ئەو دامەنەدا خاکی گوزەرگاهی بم
سوحبەت و گاڵتە بە فەرزین و بە فیل و ڕوخ ئەکەم من کە پیادەی جڵەوی ئەسپی شەهنشاهی بم