دیوانی ئەحمەدی کۆر/پ

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی ئەحمەدی کۆر  (1856)  by ئەحمەد کۆری موکریانی
پیتی پ

1[edit]

شای غەزالان، شۆخ و شەنگان، کرد خەدەنگان ڕاست و چەپ دڵ چو سەنگان، خوو پڵەنگان، دای لە قەلبم ڕاست و چەپ
دای لە قەلبی من حەزینە، چەند خەدەنگی سەر بە خوینە ئەو لە من کرد چەند برینە، خوێن بەخوڕ دێ ڕاست و چەپ
خوێن لە من دێ بێ قەرارە، وای لە خۆم بەدشووم ستارە ڕۆبنیشن هەرچی یارە، بۆم بگریەن ڕاست و چەپ
بۆم بگریەن زۆر بەجۆشە، پێم نەماوە عەقڵ و هۆشە ماری ڕەش یەکسەر خرۆشە، عەقرەبان گرت ڕاست و چەپ
مار و عەقرەب کرد هجوومە، ئەی لە خۆم بەدبەخت و شوومە هێندەیان شیر لێ دەسوومە، دێنە جەنگم ڕاست و چەپ
دێنە جەنگم چەند هەزارە، هیندی و ڕۆم و تەتارە تیر لە قەوسی وان دەبارە، جووت بە جووت دێن ڕاست و چەپ
جووت بە جووت وا دێن خەدەنگە، ڕۆژی ڕوونم لێ بوو تەنگە دەستەیی هیند و فەڕەنگە، سەف بە سەف دێن ڕاست و چەپ
وا بەشیددەت دێنە خوارێ، دەستی من دامانی یارێ خوێن لە چاوانم دەبارێ، جۆ بە جۆ دێن ڕاست و چەپ
جۆ بە جۆ سەر کرد لە دامان، فیرقەتی بێ حەدد و سامان ئەز دەناڵم سوبح و شامان، سینە داغم ڕاست و چەپ
سینە داغ و دەردناکم، من لە دووی لوتفت هیلاکم ڕوح و جانی خۆم فیدا کەم، ژێری نەعلت ڕاست و چەپ
ژێری نەعلت کوحلی چاوم، کوورەیی پڕ جۆش و تاوم شیبهی پەروانە سووتاوم، دێمە گەردش ڕاست و چەپ
دێمە گەردش میسلی بادە، دڵ لەبۆیە نامرادە ئاخ لە دەست جووتێک جەلادە، تیغ بە دەستن ڕاست و چەپ
تیغ بە دەستن، مەی فرۆشن، بۆ هیلاکی جان بەجۆشن عاشقانت خوێن دەنۆشن، جورعە جورعە ڕاست و چەپ
سووت دەروونم وەک زوخاڵی، کەوتمە بەحری ئاهـ و ناڵی ناپرسی جارێک لە حاڵی عاشقانت ڕاست و چەپ
ئەحمەدی کۆری حەزینە، دڵ لەسەر سیدق و یەقینە یاری خۆت حازر ببینە، دوور و نەزدیک ڕاست و چەپ