دیوانی ئەحمەدی کۆر/ت
Appearance
1
[edit]| ئەی شەفیعی زەنب و عیسیان ڕەحمەتی بۆ عاڕەسات | هەر لە ئەووەڵ تا بە ئاخر باعیسی بۆ مومکینات |
| هەر لە ڕۆژی ئەووەڵینی، پادشای مەککە و مەدینی | مەرهەمی جەرح و برینی، سەیدی فەخری کائینات |
| سەیدی فەخری کائیناتی، ئەوەڵ تۆ بووی ئاخر هاتی | ڕۆشنی سەر ڕووی بیساتی، هیوای بۆ ڕۆژی عاڕەسات |
| هیوای ڕۆژی توند و تاڵی، بە شەوکەت و خۆش جەماڵی | نووری سونعی لایەزالی، قوڕئانت بۆ هات بە خەڵات |
| قوڕئانت بۆ هات بە کەرەم، تورک و تات و ڕۆم عەجەم | دونیا سەراسەر زۆر و کەم، سەرپاکی کەوتنە خاکی پات |
| پاک لەژێر پێتدا کوژاون، شێخ و شاب و پیر و لاون | پاک بە عیشقی تۆ سووتاون، ساحیبی کەشف و کەڕامات |
| ساحیبی عەقڵ و شعووری، بە زاهیر دەڵێی بلووری | بە باتین پارچێک لە نووری، ئەی شافیعی ڕۆژی مەمات |
| شافیعی ڕۆژی ئاخرەتێ، خوڵقاو لە نووری قودرەتێ | شفاخوازی بۆ ئەممەتێ، سەرداری کوللی مەخلووقات |
| بۆ مەخلووقات تۆ سەرداری، شیوەن و گریان و زاری | هیچ کەس نییە غەیرەز باری، مەگەر ئەو ڕەحمێ بکات |
| ڕەحمێکم پێ بکەی خودێیە، مەلا و جاهیل و فەقێیە | هەر کەس دەفتەری خۆی پێیە، مەگەر ئەو ڕەحمێک بکات |
| چم بە سەر هات لە دونیایە، ئەوی چاندم لە مەزرایە | هەر چەند دەکەم وەکۆ نایە، ڕەببی تۆی ساحیب دەسەلات |
| ڕەببی زوو بێی بە فەریادم، خۆت بپرسی عەرز و دادم | بەشقم حاسڵ بێ مرادم، بەجارێکی بمدەی نەجات |
| بەجارێک نەجاتم نابێ، لە ڕۆژی يوم الحسابێ | خێر و شەڕ سەربەسەر نابێ، نامێنێ مەیلی برات |
| چۆن دەمێنێ مەیلی بابت، لەبەر میزان و حیسابت | لە دەهشەت و لە عەزابت، دڵیان غەمگینە مەخلووقات |
| مەخلووقات دڵیان غەمگینە، ئاگری دۆزەخ بەتینە | کوا محەممەد شای مەدینە، بێ عیلاجێکمان بکات |
| عیلاجمان ناکرێ بەو حاڵە، ئەو دڵەی پڕ لە خەیاڵە | داییم پڕ لە ئاهە و ناڵە، بۆتە تەیرێکی بێ قنیات |
| تەیرێکی بێ پەڕ و باڵم، تەن سووتاوە وەک زوخاڵم | ئەو دەمەی خۆش بێ بە حاڵم، تێر بکەم من سەیری باڵات |
| سەیری باڵات کە مەفتوولە، بە ئیسمت قەسەم ڕەسوولە | بە سەگی خۆتم کە قەبووڵە، بۆ پاسەوانی دەرگات |
| من پاسەوانی دەرگاتم، تا لە دنیا بێ حەیاتم | مونتەزیری خاکی پاتم، چون مەتڵەبم حاسڵ دەکات |
| لێی دەبێ حاسڵ مرادە، هەر چی کردم لە دونیادا | زەڕەیەک نەفعم بۆ نادا، عومری درێژم چوو بە باد |
| چوو بە با عومری درازم، هەر ئەتۆی قەست و نیازم | مەتڵەبێکت لێ دەخوازم، قەترەیەک ئاوی حەیات |
| پێم عەتا کە نووری چاوە، جان فیدات بێ جیسم و ناوە | «ئەحمەدی کۆر» بۆت سووتاوە، ئارەزوویە خاکی پات |