خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان/جڵدی 2/حکوومەتی مەروانی

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان  (1931)  by محەممەد ئەمین زەکی بەگ
جڵدی 2

حکوومەتی مەروانی[edit]

ئەبو عەلی حەسەن کوڕی مەروان کوڕی دۆستەکە(وفیات الاعیان، جڵدی ٢). لە دوای ئەمەی کە لە شەڕی مووسڵدا لە مەلیک شوجاعی مامی، جوێ بۆوە و لەگەڵ باقی لەشکر گەڕایەوە، خەبەری لەناوچوونی خاڵی بیست، خۆی گەیاندە قەڵای حەسەن‌کێف، کە مەوقیعێکی زۆر مەحکەم و لە قەراغ ئاوی دیجلە بوو، ژنە دەیلەمییەکەی مامی لەم قەڵایەدا بوو، خەبەری بۆ نارد کە مامی بەعزێ ڕاسپێری کردووە و ئەیەوێ پێی بڵێ. ئامۆژنی بڕوای پێکرد و قەڵاکەی لێ کردەوە و چووە لای و عاقیبەتی مامی بۆ گێڕایەوە و تەکلیفی لێ کرد کە شووی پێ بکا، ئامۆژنی قەبووڵی کرد و بەم تەرحە ئەم قەڵا مەحکەمەی بە سووکی هێنایە ژێر حوکمی خۆی.

لە دواییدا لەشکری بڵاوەی مامیشی بەرەبەرە کۆ کردەوە و مەملەکەتی دۆستەکی، وردەوردە بۆ خۆی ساغ کردەوە و ئەوسا ڕوئەسا و ئومەرای کوردستان بەبێ شەڕ و حەسادەت ئیتاعەتیان کرد و قووەت و نفووزی ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە بەرزی بوو.

کوڕانی حەمدانی، ئەبو تاهیر و ئەبو عەبدوڵڵا لە دوای غەلەبەی مووسڵ، ویستیان باقی وڵاتانی دۆستەکیش زەوت بکەن. بەم فیکرە لەشکرێکیان کۆ کردەوە و سەری شاە بازیشیان لەگەڵ خۆیان برد و ڕوویان کردە دیاربەکر. وایان ئەزانی کە مەملەکەت بێ ساحێبە و زوو بۆیان زەوت ئەکرێ، بەڵام ئەم حیسابەیان بە غەڵەت دەرچوو. مەلیک ئەبو عەلی جێگەی خۆی باش قایم کردبوو و پشێوی لە ناودا نەهێشتبوو. لەشکرێکی بەقووەت و مونتەزەمی پێکەوە نابوو. لە لایەکی تریشەوە زوڵم و خراپەی حەمدانییەکان دەرحەق بە مسکێنی ئەو ناوە و موعامەلەی بێ‌شەرعیان، خەڵکی سڵەماندبۆوە و زیاتر ئیشی مەلیک ئەبو عەلیی سووک کردبوو.

نیهایەت ئەبو عەلی بە خۆی و لەشکرەکەیەوە ڕووی کردە لەشکری حەمدانی و شەڕێکی قورسیان لە بەینا قەوما و کوشتارێکی زۆری لە بەرەی حەمدانی کرد و زۆر خراپ شکاندنی و لەگەڵ ئەبو عەبدوڵڵا گەلێ لوتفی نواند و هیچ خراپەی دەرحەق نەکرد و بەرەڵای کرد. ئەبو عەبدوڵڵا چووە لای ئەبو تاهیری برای، کە لەو وەقتەدا لەگەڵ موحاسەرەی دیاربەکر مەشغووڵ بوو و نەسیحەتی کرد کە لەگەڵ کوڕی مەرواندا ڕێک کەوێ، چونکە زەحمەت بوو دەرەقەتی بێن، بەڵام ئەبوتاهیر گوێی نەدایە قسەی براکەی و لە شەڕدا دەوامی کرد و لە عەرەبی بەنو عەقیل و نەمیر قووەتێکی زۆری پێکەوە نا، ئەبو عەبدوڵڵای براشی ناچار ما و یارمەتیی دا.

ئەبو عەلی بە لەشکرێکی باشەوە لە ١١ی سەفەری ٣٨١دا ڕووی تێکردن و دوو لەشکر بەرەنگاری یەک بوون و شەڕێکی گەورە و بەشیددەتیان کرد، بەرەی حەمدانی ئەمجارەش خراپ شکان و پەرێشان بوون.

ئەبو عەبدوڵڵا ئەمجارەش بە یەخسیر گیرا، بەڵام حورمەت و عیزەتی جاری پێشووی نەدی و جەزای سپڵەیی خۆی کێشا و فڕێ درایە حەپسخانەی دیاربەکر، تووشی معامەلەیەکی بەشیددەت بوو. لایەقی ئەم موعامەلەیە بوو چونکە شەرتی پیاوەتی نەبوو کە بەرامبەر بە عەفو و موعامەلەی باشی ئەبو عەلی، دەفعەیەکی تر شیر لە ڕوویدا هەڵکێشێ، لە دواییدا مەلیکی میسر کەوتە بەینەوە و چەند مەلایەکی بە دیارییەوە ناردە لای. ئەبو عەلی نەیویست تکای پادشای میسر بشکێنێ و بە شەرتی ئەمەی ئیتر لە خاکی کوردستان و عێراقدا نەمێنێ، ئازادی کرد و لەگەڵ مەلاکانی میسردا ناردی بۆ حەلەب.

بێینەوە سەر ئەبو تاهیر حەمدانی؛ ئەویش لە دوای شکاندن و پەرێشانی، ڕایکردە نەسیبین، لەوێ دۆستی قەدیمی، محەمەد کوڕی موسەیەبی ئەمیری بەنو عەقیل، بێدەسەڵاتی و بێهێزیی ئەبو تاهیری بە فرسەت زانی و خۆی و عەلی کوڕی و «موزعفر»ی ئەمیری بەنی نەمیر، یەعنی موتتەفیقی پێشووی گرت و هەموویانی کوشت و لە دواییدا چووە سەر مووسڵ و ئەوێشی داگیر کرد و نووسی بۆ سوڵتانی بەغدا کە بەهاءئەلدەولە بوو و تەڵەبی تەعیینی حاکمێکی بۆ مووسڵ لێ کرد و لە بەغداوە مزەفەر ئەبو ئەلحەسەن عەبدوڵڵا ناوێکی بۆ نێررا و ئەم حاکمە بە غەیری کۆکردنەوەی واریدات هیچی بە دەستەوە نەبوو، باقی ئەمر و نەهی لە دەست محەمەدی کوڕی موسەیەبدا بوو.

مەلیک ئەبو عەلی بە ڕووخۆشی و عادڵی شۆرەتی سەند و ڕەعیەتی زۆر خۆش دەویست، تەنیا خەڵکی میافارقین بەعزێ بێ‌ئیتاعەتی و موقابەلەی مەئموورانی ئەبو عەلییان کرد. مەلیک ڕۆژی جەژن چووە سەریان و هەموو لە دەوری شاردا و لە جێگەیەکدا کە موسەللایان پێ ئەگوت، کۆ بوونەوە و لە پاشدا مەلیک دەرکی شاری لێ گرتن و دەم‌ڕاستی شارەکە (ئەبا ئەلسەقر)ی گرت و لە دیواری قەڵاوە فڕێی دایە خوارەوە و دەست و پێوەندەکەشی گرت و حەپسی کرد و خەڵکی شارەکەشی دەرکرد (الکامل، جوزئی ٩).

ئینسقلۆپەدیای ئیسلام، جڵدی ٢ ئەڵێ مەلیک ئەبو عەلی، حوکم و نفووزی خۆی گەیاندە خێڵات، مەلازگرد، ئەرجیش و تا وڵاتانی شیمالی شەرقی گۆمی وان، لە جیهەتی ڕۆژاواوە بەینێک تا ئورفەش هات و تا موددەتێک ئەم شارەشی لە ژێر حوکمدا بوو، ئەم شارەی لە ٣٨١ هـ.دا لە سەفەری سوورییەیدا لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆم (باسبلی دووەم) زەوت کرد.

مەلیک ئەبو عەلی حەسەن لە ٣٨٧ هـ.دا کچی سەعدئەلدەولەی کوڕی سەیف‌ئەلدەولەی حەمدانیی حاکمی حەلەبی مارە کرد و ناوی ئەم کچە «ست الناس» بوو و لە حەلەبەوە بە بووکی بۆی نێررا، ویستی شایی لە دیاربەکردا بکا، گەورەی ئەهالیی دیاربەکر کە «عەبدئەلبەر» ناوێک بوو، ترسا کە مەلیکی مەروانی ئەوەی [بە] خەڵکی میافارقینی کردبوو، بەوانیشی بکا، بەم فیکرە سووئی قەسدێکیان بۆ تەرتیب کرد و کە هاتە ناو شارەوە، لە تەڕەف ئیبنی دەمنە ناو شەریرێکەوە کوژرا و لە دواییدا خەڵک وەکوو لافاو ڕوویان کردە میافارقین و بەعزێ لە موشەوقین چاویان لە مەقامی مەلیکی بوو، بەڵام موحافیزی قەڵا لە فکریان گەیشت و پێی گوتن ئەگەر مەلیک ساغە، لەگەڵی دێنە ژوورەوە، ئەگەر لە ناو چووە، لە هەموو کەس لایقتر بۆ جێی، مومەهیدئەلدەولە ئەبو مەنسووری برایەتی. ئەوەندەی پێ نەچوو مومەهیدئەلدەولە گەیشتە ئەوێ و لە جێگەی ئەبو عەلی بوو بە پادشا سەید حوسێن موکریانی دوای سەڵتەنەتی ئەبو عەلی بە نەوعێکی تر باسی ئەکا و ئەڵێ: عەلی شاە لە تەڕەف خەلیفەی عەباسییەوە عینوانی «فەخرئەلدەولە»ی درایە و تا ساڵی ٣١٩ هـ لەگەڵ کوڕانی بوەیهیدا ڕێک بوو، خوتبەی بە ناوی خەلیفەی عەباسی، ئەلقادر بیللاوە ئەخوێندەوە.

لە ساڵی ٤٠٣ هـ لەگەڵ شەرەف‌ئەلدەولەی بوەیهی چوونە سەر عەرەبی بەنو ئەسەد و قرواش. شەوی جومعە ١١ی سەفەر، فەخرئەلدەولەی مەلیکی دیاربەکر لە ناو خێوەتێکدا کوژرا و کەس نەیزانی قاتڵەکەی کێیە. لە سەر ئەم حادیسەیە لەشکری کورد گەڕایەوە و مووسڵیشی چۆڵ کرد و هاتەوە دیاربەکر.

(سەید حوسێن لەم تاریخانەدا و لە ئەخلافی ئەبو عەلیدا خیلافی «الکامل» و «ئینسقلۆپەدیا» باسی کردووە.) .

ئەبو سەعید مەنسوور مومەهیدئەلدەولە

ئەبو مەنسوور لە دوای وەفاتی شاە باز گەڕایەوە میافارقین و تا وەفاتی ئەبو عەلی، حاکمی ئەو ناوە بوو. لە دوای حادیسەی وەفاتی ئەبو عەلی، لە میافارقیندا هاتە ئەم قەڵایە و بوو بە پادشای مەملەکەتی مەروانی و بە گوێرەی تاریخی ئەبولفیداء تا تاریخی ٤٠٢ هـ حکوومەتی کردووە.

دەرحەق بە حادیساتی زەمانی ئەم حوکمدارە مەعلوومات زۆر کەمە، تەنیا لە «الکامل»دا باسی ئاخر ساڵی و لەناوچوونی بەم تەرحە کراوە:

ئەبو مەنسوور مومەهیدئەلدەولە سکەی هەبوو، بە ناوی خۆیەوە خوتبەی ئەخوێنرایەوە. «شروە» کوڕی مامە ناو دۆستێکی هەبوو و حاکمی وڵاتەکە بوو. غوڵامێکی بوو کە مودیری پۆلیس بوو، مومەهیدئەلدەولە حەزی لە چارەی نەئەکرد و ئەویویست بیکوژێت، بەڵام لەبەر خاتری ئاغاکەی وازی لێ هێنابوو، غوڵامەکە لە نەفرەتی ئەبو مەنسوور ئاگادار بوو، وردەوردە بەینی ئاغا و مەلیکی تێکدا.

شروە لە قەڵای «هتاخ»دا زیارەتێکی بۆ ئەبو مەنسوور کرد، ئەم قەڵایە موڵکی شروە بوو. کە ئەبو مەنسوور هاتە ئەوێ، بە گوێرەی ڕاسپێریی شروە لە تەڕەف موحافزانی گورجییەوە هجوومی کرایە سەر و کوشتیان (٤٠٢ هـ).

لە پاش ئەمە، شروە لە ماڵ هاتە دەر و ئامۆزای مومەهیدئەلدەولەشی گرت و زنجیری کردە پێی و گوتی ئەمە ئەمری مومەهیدئەلدەولەیە، لە دواییشدا ڕووی کردە میافارقین و بە چارخان و ئوسوولی مەلیکی، گەیشتە بەردەمی قەڵاکە. موحافزەکان وایان زانی کە بەڕاستی مەلیک هاتووە، دەستبەجێ قاپییان بۆ کردەوە و قەڵاکەی گرت و بۆ قوماندانی قەڵاکانی تریشی نووسی و بۆ ئیتاعەتی دەعوەتی کردن و پیاوێکیشی نارد بۆ قەڵای ئارزن، کە خواجە ئەبولقاسمی موحافزی بانگ بکا. ئەبولقاسم قەڵاکەی تەسلیمی ئەو پیاوە نەکرد و هات بۆ میافارقین. لە نیوەی ڕێ خەبەری کوژرانی مومەهیدئەلدەولەی بیست و گەڕایەوە ئارزن و زوو خەبەری بۆ حاکمی سعرد، ئەبو نەسری برای مومەهیدئەلدەولە نارد. ئەبو نەسر لە تەڕەف مومەهیدئەلدەولەی برایەوە بە خسووس دوور خرابووەوە، چونکە حەزی لە چارەی نەئەکرد و لەگەڵی زۆر خراپ بوو .

مەلیک عادڵ ناسرئەلدەولە ئەحمەد

ئەم زاتە لە ٤٠٢ هیجرییەوە تا ٤٥٣ حکوومەتی کردووە، لە هەموو خسووسێکەوە هەرە گەورە و بەناوبانگترینی مەروانییە و بە «عادڵ» شۆرەتی سەندووە.

ئیبنی ئەسیر ئەڵێ کە خواجە ئەبولقاسم، حاکی ئەرزن ناردیە شوێنی کاتبەکەی لێی پرسی: لە عۆدەی ئەم ئیشە دێی یان نا؟ ئەمیر ئەحمەد گوتی: بەڵێ؛ لە لایەکی تریشەوە شروەی سپڵە قووەتێکی ناردبووە سەری، بەڵام لە پێش گەیشتنی ئەم قووەتە بە سعرد، ئەمیر ئەحمەد کەوتە ڕێگە و چووبوو بۆ ئەرزن. شروە زانیی کە ئیش خراپە. لەم بەینەدا باوکی مومەهیدئەلدەولە لە مەروان، خۆی و ژنەکەی لە ئەرزن و لە نزیک قەبری ئەبو عەلی بوون، خواجە ئەبولقاسم ئەبا ناسر ئەحمەدی بردە لای باوکی و تەکلیفی کرد کە سوێند بخوا کە بە عەدالەت حکوومەت ئەکا. قازیی ئەرزن و چەند شاهیدێکیش حازر بوون. لە پاش ئەم قەول و بڕیە، کلیلی قەڵای ئەرزنی دایە و وڵاتانی تری مەروانیش یەک لە دوای یەک کەوتنە دەسی (الکامل، جوزئی ٩).

مەلیک ناسر (ناسرئەلدەولە) لە دوای ئەمە کە لە حدوودی خۆیدا ئیش و کاری مەملەکەتی بە تەواوی ڕێک خست و عەداڵەت و ڕەفاهێکی زۆر باشی لە هەموو خاکی مەروانیدا دامەزراند، لە ساڵی ٤١٠ هـ.دا بۆ ئەستەمبۆڵ و میسر و بەغدا سەفیری نارد و میر سلێمانی کوڕی کرد بە وەلیعەهدی خۆی و لە سەر جزیرە و بۆتانی دانا، خۆیشی میافارقینی کرد بە پایتەخت، بەڵام گەلێ جار ئەچووە دیاربەکر و نزیک مانگێک تیا دائەنیشت و جارجار سەری وان و ئەرجیش و شارانی تریشی ئەدا.

خەلیفەی عەباسی، ئەلقادر بیللا، لە ساڵی ٤٠٨دا لەقەبی «ناسرئەلدەولە»ی دایە.

لە ساڵی ٤١٥ هـ.دا بە سەبەبی دەخالەتی ئەبولقاسم مەغربی بە مەلیک ناسرئەلدەولە، لەگەڵ خەلیفەدا بەینی تێک چوو، بەڵام لە دوای وەفاتی ئەم ئەبولقاسمە (٤١٨ هـ)، لە میافارقیندا دیسانەوە ڕێک کەوتنەوە (الکامل).

لە ساڵی ٤١٦دا شاری ڕەهای زەوت کرد. ئەم شارە بە دەست شەخسێکی بەنی نەمیرەوە بوو و لە شاردا وەکیلێکی عادڵ بوو. هەر چۆنێ بوو، شێخ بەهانەی پێ گرت و کوشتی، لە سەر ئەمە خەڵکی شارەکە لێی بێزار بوون و بە دزییەوە خەبەریان نارد بۆ ناسرئەلدەولە و ئەویش وەکیلی دیاربەکری کە ناوی «زنک» بوو، ناردی بۆ ڕەها و گرتی، لە دواییشدا شێخی نەمیر، بە واسیتەی سالمی کوڕی مەروانییەوە تکای لە ناسرئەلدەولە کرد و نیوەی ڕەهای دایەوە، لە دوای ئەمە ئەو شێخە کە ناوی «عەتیرا» بوو، بۆ چاوپێکەوتنی مەلیک ناسرئەلدەولە چووە میافارقین. وزەرائی ناسرئەلدەولە نەسیحەتیان کرد کە ئەم شێخە بکوژێ، بەڵام مەلیک قەبووڵی نەکرد. لە دواییدا عەتیرا چووە ڕەها و وەکیلی تیا دانا، وەکیلەکەی مەلیک ناسر، ڕۆژێ زیافەتی بۆ کرد و لە گەڕانەوەدا کوڕی وەکیلەکەی پێشووی کە کوشتبووی، هەڵیکوتایە سەری و کوشتی. عەشیرەتی نەمیر بۆ سەندنی ئەم خوێنە، هەڵسان و زنکی وەکیلی ناسرئەلدەولە چووە سەریان و لە شەڕدا کوژرا (٤١٨ هـ) و قەڵای ڕەها بەم تەرحە لە دەس چوو و لە سەر تکای ساڵح ئیبنی مەرداس، ناسرئەلدەوە وازی لەم شارە هێنا.

لە ٤١٩دا بەدران کوڕی موقەلیدی عەقیلی، بە لەشکری عەرەبەوە چووە سەر نەسیبین، ئەو قووەتی موحافەزەیە کە لە تەڕەف ناسرئەلدەولە نێررابوو، موقابەلەیان کرد، بەڵام شکان. ناسرئەلدەولە زۆری پێ ناخۆش بوو، سێیەم جاریش هەزار سواری تری ناردە نەسیبین و ئەم قووەتە لەگەڵ موحافزی قەڵاکە یەکیان گرت و «بەدران»یان شکاند و دوایان کەوتن. زاهیر وایە کە لە وەقتێکا کە ئەم لەشکرە مەشغووڵی تاڵان ئەبێ، «بەدران» ئەگەڕێتەوە سەریان و زۆر خراپ ئەیانشکێنێت و تا نەسیبین لە کۆڵیان نابێتەوە. لە دواییدا خەبەری هاتنەوەی «قەرواش»ی برای بۆ مووسڵ بیستەوە، چونکە بەینیان خراپ بوو، لە ترسانا دوور کەوتەوە (الکامل).

ئەم بەدرانە لە دوای بەینێک کە لەگەڵ قەرواشی برای، کە حاکمی مووسڵ بوو، ئاشت بۆوە، زاتەن لەو وەقتەدا بەینی ناسرئەلدەولە و قەرواش تێک چووبوو، سەبەبیشی ئەمە بوو کە ناسرئەلدەولە لەگەڵ کچی قەرواشدا کە ژنی بوو، ڕێک نەکەوت و لە سەر تەڵەبی باوکی، کچەکەی ناردەوە مووسڵ.

قەرواش داوای مارەیی کچەکەی کرد کە ٢٠ هەزار دینار بوو و نەسیبینیشی بۆ بەدرانی برای و جەزیرەشی بۆ نەفەقەی کچەکەی لە ناسرئەلدەولە تەڵەب کرد. ناسرئەلدەولە گوێی نەدایە، لە سەر ئەمە قەرواش لەشکرێکی بۆ جەزیرە، یەکێکی تریش لە قوماندای بەدرانی برایا ناردە سەر نەسیبین و خۆشی لە دواییدا لەگەڵ بەدران یەکدگیر بوون و نەسیبینیان موحاسەرە کرد، بەڵام بەبێ گرتنی ئەم دوو شارە، لەشکرەکەی بڵاوەی کرد. بەدران کە ئەم حاڵەی دی، چووە میافارقین و ڕجای لە ناسرئەلدەولە کرد کە نەسیبینی بداتێ. واقیعەن ناسرئەلدەولە ئەم شارەی پێ بەخشی و پانزە هەزار دیناریشی بۆ مارەیی کچەکەی نارد بۆ قەرواش و ئەم دەعوایە بڕایەوە.

لە ساڵی ٤٢٢دا شاری ڕەها بە دەس ئیبنی عەتیر و ئیبنی شیبلەوە بوو. ئیبنی عەتیر بەشەکەی خۆی فرۆشت بە مەلیکی ڕۆم و بەم تەرحە لەشکری ڕۆم هاتە شارەکەوە، هەموویانی داگیر کرد و زۆریان لە موسوڵمانان کوشت. ناسرئەلدەولە کە ئەمەی بیست، لەشکرێکی ناردە سەر ڕەها، لە دوای موحاسەرە و شکانی لەشکری ڕۆم، شارەکەی زەوت کرد. لە پاشدا لەشکرێکی تری ڕۆم هات بە ئیمدادەوە و شارەکەیان سەندەوە.

لە ساڵی ٤٢٦ هـ.دا ئیبنی وەسابی نەمیری، قووەتێکی زۆری عەرەب و ڕۆمی ڕەهای کۆ کردەوە و ڕووی کردە مەملەکەتی مەروان، ناسرئەلدەولە لەشکرێکی کۆ کردەوە و لە ئەترافیشەوە ئیمدادی بۆ هات. ئیبنی وەساب کە ئەم حاڵەی چاو پێکەوت، لە ترسانا گەڕایەوە. ناسرئەلدەولە کاغەزێکی بۆ مەلیکی ڕۆم نووسی و بە سەبەبی ڕیعایەت نەکردنی بە موعاهەدەی سوڵح، عیتابی لێ کرد و بە موحاسەرەی ڕەها تەهدیدی کرد، بەڵام مەلیکی ڕۆم خۆی بێخەبەر نواند و بەعزێ دیاری بۆ ناسرئەلدەولە نارد و عوزرخاهی کرد و مەلیکیش وازی لێ هێنا.

لە ٤٢٧دا قووەتێکی لەگەڵ ئیبنی وەسابدا ناردە سەر «سوەیداء» و زەوتیان کرد. لە دواییدا ئەم لەشکرە هاتە سەر ڕەها و ئەوێشی موحاسەرە کرد. ئیمدادی مەلیکی ڕۆمی پیا گەیشت، بەڵام خراپ شکا و نیهایەت شارەکەش کەوتە دەست ئیبنی وەساب و قوماندانی مەروانی.

لە ساڵی ٤٣٢ هـ.دا قەومی غەز (= غاز) کە چەند ساڵێک ئێرانی مەرکەزی و ئازەربایجانیان بە قەتڵ و تاڵان وێران کردبوو، ڕوویان کردە کوردستان، عەشایری هەزبەنی زۆر بە شیددەت موقابەلەیان کرد، بەڵام فائیدەی نەبوو، بەشێکی کە لە ورمێ (= ئورمییە) بوون، ڕوویان کردبووە وڵاتی حەکاری و لەگەڵ کوردی ئەو ناوە، کەوتنە شەڕێکی قورسەوە، زوڵم و وەحشەتی ئەم قەومی غەزە حەتا ئافرەت و منداڵیشی نەپاراست. کوردەکان خۆیان کێشابووە شاخ و چیاوە، دەربەند و ڕێگەیان لە غەز بەربەست کردبوو، نیهایەت شکاندنیان و ١٥٠٠ کەسێکیان لێ کوشتن و زۆریان لێ بە دیل گرتن و لە ناو ئەم دیلانە حەوت ئەمیری غەز و سەد کەسێک لە ڕوئەسای هەبوو، هەموو چەک و سیلاح و وڵاخیان و ئەو تاڵانەی کە پێیان بوو، دەس کورد کەوت و باقیشی لە ناو شاخوداخا بڵاو بوونەوە و تەفروتوونا بوون.

لە عەینی ساڵدا ئیبراهیم نەیالی برای سوڵتان توغروڵ، چوو بۆ ڕەی. غەزی ئەو ناوە لە ترسی ئەو، وڵاتی ڕەی و جەبەلیان بەجێ هێشت و لە ساڵی ٤٣٣دا ڕوویان کردە دیاربەکر و مووسڵ و بە ڕێگەی زۆر سەختدا بە سەر «زۆزان»دا هاتنە سەر جەزیرەی ئیبنی عومەر. بەرەی غەزی بوقا و ناسفلی و چەند ڕەئیسێکی تر ڕوویان کردە دیاربەکر و بازبدا و حسێنییە و پیش خاپووریان تاڵان و وێران کرد. بەرەی غەزی مەنسوور ئیبنی غەزغەلی لە تەڕەفی شەرقی جەزیرە بوو، ئەبو ئەلحەرب ئەمیر سلێمانی کوڕی ناسرئەلدەولە کاغەزی بۆ نووسی و تەکلیفی ئاشتیی لێ کرد و پێی گوت تا بەهار لێرە ئەمێنیەوە و لە دواییدا ئەچی بۆ تەڕەفی شام . مەنسوور ڕازی بوو، لە دواییدا ئەبو ئەلحەرب زیافەتێکی بۆ کرد و کە هاتە جەزیرە، گرتی و حەپسی کرد و لە سەر ئەمە، لەشکرەکەی بڵاوەی کرد. قەرواشی حاکمی مووسڵ و ناسرئەلدەولە لەشکریان لێ کردن و لەگەڵیان کەوتنە شەڕ. غەزەکان هەموو تاڵانەکەیان بەجێ هێشت و زۆریان لێ کوژرا. بەعزێ لەم غەزانە بۆ تاڵان چووبوونە تەڕەفی نەسیبین و سنجار. کە گەڕانەوە، جەزیرەیان موحاسەرە کرد. لە پاشدا ڕوویان کردە دیاربەکر و تاڵان و وێرانیان کرد. ناسرئەلدەولە، مەنسووری گەورەی غەزی لە ئەبو ئەلحەربی کوڕی سەند و بە شەرتی چۆڵکردنی وڵاتی مەروانی، بەری دا و بەعزێ ماڵیشی دایە. بەڵام ئەم قەومە سپڵە بوون، بەرامبەر بەم شەرتەش لە خراپەکردن وازیان نەهێنا و دەوری سنجار و نەسیبین و خاپووریان ساف لە ساف تاڵان کرد و قۆڵێکیشیان چووە سەر مووسڵ و گرتی. ناسرئەلدەولە مەلیک ئەحمەد، کاغەزێکی بۆ سوڵتان توغروڵ نووسی و شکاتی لە وەحشەت و شەناعەتی غەز کرد.

لە ساڵی ٤٣٩دا ئەسغەری تەغلوبی، پەیا بوو. لە دەوری ڕەئسوعەین لەشکرێکی زۆری کۆ کردبووەوە و ئەترافی مەملەکەتی ڕۆمی تاڵان ئەکرد. ناسرئەلدەولە گرتی و حەپسی کرد (الکامل).

لە ساڵی ٤٤٠دا بەینی کوردانی هەموودی (= حەمیدی) و هەزبەنی تێکچوو. بە گوێرەی «الکامل» سەبەبی ئەم تێکچوونە ساحێبی «پێشکەوتن، نەشریات ٦» ئەڵێ سەبەبی تێکچوونی ئەم دوو عەشیرەتە قەرواش بوو. ناسرئەلدەولە ئەمری بە ئەبولحەسەن عیسکانی حاکمی عەقرە کرد کە بچێتە سەر مووسڵ. قەرواش کە ڕوانی ناتوانێ بەرامبەری بوەستێ، بە دزییەوە پیاوی ناردە لای ئەمیر حەسەنی مووشک. هەزبەنی کە ساحێبی قەڵای هەولێر بوو، پێی گووت کە ئەگەر شەڕ لەگەڵ ئەمیر عیسکان بکا، جەزیرە و زاخۆشی ئەداتێ و بەم فێڵە ئەم دوو ئەمیری کوردەی کرد بە گژ یەکا. ناسرئەلدەولە کۆمەکی بۆ ئەمیر عیسکان نارد، قەرواشیش یارییەی ئەمیر حەسەنی دا. لەم حرووبەدا بوو کە عەشائیری عەرەب لە قەرواش عاجز بوون و لە هەموو لایەکەوە کەوتنە سەرکێشی و عوسیان.

مەلیک عەزیزی بوەیهی کە لە دەستی مەلیک «ئەبی کالیجاز» هەڵهاتبوو، پەنای بردە بەر ناسرئەلدەولەی مەروانی. ئەمە بوو کە لە نزیک مووسڵ کوردی هەموودی، چەند قەڵایەکی وەک عەقرە (ئاکرێ)یان هەبوو و حاکمەکەشیان ئەبو ئەلحەسەن کوڕی عیسکانی هەموودی بوو، گەورەی عەشیرەتی هەزبەنی، ئەبو ئەلحەسەن کوڕی مووشک ساحێبی هەولێر و ئەترافی بوو. ئەم حاکمی هەولێرە برایەکی هەبوو ناوی ئەبو عەلی بوو. ئەمیر ئەبو ئەلحەسەن عیسکان، یارمەتیی دا کە هەولێر بگرێ. واقیعەن زەوتی کرد و ئەبو ئەلحەسەنی براشی گرت.

قەرواش حاکمی مووسڵ، داوای یارمەتیی لە ئەبو ئەلحەسەن عیسکان و ئەبو عەلی هەزبەنی کرد تا بچێتە سەر ناسرئەلدەولە مەلیک ئەحمەدی مەروانی. واقیعەن ئەبو ئەلحەسەن عیسکان بیلزات خۆی چوو، ئەمیر ئەبو عەلی هەزبەنی ژن‌براکەی نارد، بەڵام لەو وەقتەدا بەینی ناسرئەلدەولە و قەرواش چاک بووەوە (الکامل، جوزئی ٩).

لە ساڵی ٤٤١دا بەینی موعتەمەدئەلدەولە قەرواش و براکەی، زەعیم‌ئەلدەولە ئەبو کامل، تێکچوو. برازای، قورەیش ئیبنی بەدران ئیبنی موقەللەد، بە ئیشارەتی قەرواش چوو بە گژ ئەبو کاملدا و غەلەبەی سەند. ئەبو کامل پەنای بردە بەر ئەبو ئەلحەرب ئەمیر سلێمان. ناسرئەلدەولە بۆ حەقسەندن لە قەرواش ئەمری بە ئەبو ئەلحەرب دا و کاغەزیشی بۆ ئەمیر ئەبو ئەلحەسەن عیسکان نووسی.

لەشکری هەردوو لا کۆ بووەوە و ڕوویان کردە مووسڵ، لە نزیک ئەم شارە، تووشی لەشکری قەرواش بوون و شەڕێکی قورسیان لە بەینا قەوما. لەشکری قەرواش خراپ شکا، خۆیشی کەوتە دەست ئەبو ئەلحەرب. ئەمیر سلێمان، قەرواشی تەسلیمی زەعیم‌ئەلدەولەی برای کرد. زەعیم‌ئەلدەولە لە ترسی قووەت پەیاکردنی کورد و لەدەست‌چوونی مووسڵ، قەرواشی بەرەڵا کرد و ناردیە مووسڵ. ئەبو ئەلحەرب ئەمیر سلێمان، لەمە عاجز بوو و گەڕایەوە وڵاتی خۆی.

لە ساڵی ٤٤١دا سوڵتان توغروڵ خەبەری بۆ ناسرئەلدەولە نارد و تەکلیفی لێ کرد کە لە خوتبەدا ناوی بهێنرێ. مەلیک ئەم تەکلیفەی قەبووڵ کرد.

لە عەینی ساڵدا مەلیکی ڕۆم، ڕجای لە ناسرئەلدەولە کرد کە لای سوڵتان توغروڵ تەوەسوت بکا بۆ بەردانی مەلیکی ئەبخاز. ناسرئەلدەولە شێخولئیسلام ئەبو عەبدوڵڵا کوڕی مەروانی ناردە لای سوڵتان توغروڵ و ئەم ڕجایەی لێ کرد. سوڵتان توغروڵ لە بەر خاتری ناسرئەلدەولە، بەبێ فیدیە ئەو مەلیکەی بەرەڵا کرد و ئەمەش بووە سەبەبی زیادیی ئیعتیباری مەلیک ناسرئەلدەولە و هەدیەیەکی زۆری بۆ هات و لە بەر خاتری ئەوە، مزگەوتی ئەستەمبۆڵیش تەعمیر کرایەوە.

لە ساڵی ٤٤٦دا سوڵتان توغروڵ لە ئازەربایجانەوە ڕووی کردە مەلازگرد [کە] بە دەست ڕۆمەوە بوو و موحاسەرەی کرد. ناسرئەلدەولە بەم موناسەبەتەوە بەعزێ هەدیەی لەگەڵ لەشکرێکدا بۆ نارد (الکامل).

ئەبو ئەلحەرب ئەمیر سلێمان لە تەڕەف باوکیەوە حاکمی وڵاتی جەزیرە بوو، بە ئازایی و زەبروزەنگ شۆرەتی سەندبوو، پێیان ئەگوت ئەبو ئەلحەرب. هەرچۆنێ بوو لەگەڵ ئەمیر مووسکی کوڕی محلیدا، کە گەورەی عەشیرەتی بەختی (= بەختییە) و ساحێبی بەعزێ قەڵای شەرقی جەزیرە بووە، بەینی تێکچوو و ڕقی لێ هەڵگرت و بە زاهیر موخابەرەی لەگەڵ کرد و ئاشتی کردەوە و ویستی کە کچی ئەبو تاهیری بەشنەوی، ساحێبی «منیک»ی لێ مارە کا. ئەم ئەبو تاهیرە خوشکەزای مەلیک ناسرئەلدەولە بوو، نەیویست دڵی ئەمیر ئەبو ئەلحەربی خاڵۆزای بشکێنێ و ڕازی بوو کچەکەی دایە و بۆی نارد.

بەم تەرحە ئەمیر مووسک لە ئەمیر ئەبو ئەلحەرب ئەمین بۆوە و چووە لای، بەڵام ئەمیر سولێمان گرتی و حەپسی کرد. ئەم خەبەرە لە وەقتی غەزای ڕۆمدا گەیشتە سوڵتان توغروڵ و کاغەزێکی بۆ ناسرئەلدەولە نووسی و شەفاعەتی بۆ کرد، بەڵام لەم بەینەدا ئەمیر مووسک مرد. ئەبو تاهیر ئەم موعامەلەیەی زۆر پێ ناخۆش بوو و خەبەری بۆ ناسرئەلدەولە و ئەمیر سلێمان نارد و گوتی: مادام ئێوە ئەتانویست ئەمیر مووسک بکوژن، بۆچی کچەکەی منتان کرد بە واسیتە و منتان شەرمەزار کرد. ئەم عیتابە ئەمیر ئەبو ئەلحەربی خستە ئەندێشەوە و زەهری دا بە ئەبو تاهیر و ئەویشی کوشت. لە دوای ئەبو تاهیر، عوبەیدوڵڵای کوڕی، هاتە جێگەی و ئەمیر سلێمان بۆ جەلبی دڵی، موحیبەتێکی زۆری دەرحەق نواند و بۆ ئاشتبوونەوە قەراریان لە سەر ئیجتماعێک دا؛ لە بەینی فێنک و جەزیرەدا، تووشی یەک بوون و عوبەیدوڵڵا ئەبو سلێمانی کوشت.

ناسرئەلدەولە لە دوای ئەم وقووعاتە ئەمیر نەسری کوڕی کرد بە حاکمی جەزیرە، تا حەقی کاکی بسێنێ. لەشکرێکی زۆریشی لەگەڵ نارد. لەم وەقتەدا حاکمی مووسڵ، قوڕەیشی کوڕی بەدران، بە فرسەتی زانی و بە لەشکرەوە چووە سەر جەزیرە تا زەوتی بکا. موخابەرەی لەگەڵ عەشیرەتی بەختییە و بەشنەویش کرد و ئەوانیش ئیتیفاقیان لەگەڵ کرد و هەموویان ڕێگەیان بە ئەمیر نەسر گرت و شەڕێکی قورسیان لە بەینا قەوما و کوشتارێکی زۆر لە هەر دوو لا کرا، بەڵام بە نەتیجە ئەمیر نەسر مەروانی شکاندی و قوڕەیش بە برینداری گەڕایەوە (٤٤٧ هـ) (الکامل). ئەم وقووعاتە ئەسەری سووئی تەدبیری ئەبو ئەلحەرب بوو، نیفاقێکی خراپی خستە بەینەوە.

لە ٤٥٢ هـ.دا مەلیک نەسرئەلدەولە ئەحمەد وەفاتی کرد و عومری لە هەشتا بەرەو ژوور بوو، پەنجا و دوو ساڵ حکوومەتی کرد. خەلیفەی عەباسی، ئەلقادر، عینوانی «نەسرئەلدەولە»ی دابوویە. مەملەکەتی مەروانی لەم موددەتەدا زۆر باش موحافەزە و ئیدارە کرد و قەدر و شەرەفێکی زۆر زۆری بوو، بە دەرەجەیەکی وا کە بۆ کەم مەلیک ڕێکەوتووە. جارییە و سازەندە و نەوازەندەیەکی زۆری بوو، ٥٠٠ موستەفرەشەی بوو. تاقمی بەزم و کەیفی لە دووسەد هەزار دینار قیمەتی زیاتر بوو. بۆ فێربوونی چێشت‌لێنان گەلێ چێشتکەری ناردە میسر، لە خزمەتیدا گەلێ کچی پادشاهان هەبوو، جەوهەرێکی بەقیمەت کە بە «جەبەل یاقووت» مەشهوور بوو، لە مەلیک عەزیزی بوەیهی کڕیبوو لەگەڵ سەد هەزار دینار بە دیاری بۆ سوڵتان توغروڵی ناردبوو. لە جوملەی وەزیرانی، ئەبو ئەلقاسم مەغربی و فەخرئەلدەولەی کوڕی جەهیر بوو. ڕەفاه و سەعادەتی مەملەکەتی مەروانی لە زەمانیدا زۆر پێش کەوت. شوعەرا و عولەمایەکی زۆری لێ کۆ بووەوە (الکامل، جوزئی ١٠، ل ٧).

«تاریخ الامم الاسلامیة» ئەڵێ لە هەموو لایەکەوە عالمانی بەناوبانگ ڕوویان کردە سەرای ناسرئەلدەولە و لە جوملەی ئەم عالمانە ئەبو عەبدوڵڵا کازروونی بوو، کە مەزهەبی شافعی لە تەرەف ئەوەوە لە کوردستاندا بڵاو کراوەتەوە. ناسرئەلدەولە ئەحمەد، زۆر شوعەرا و عولەما و حوکەمای خۆش ئەویست، ئەخلاقێکی زۆر پاک و بڵندی هەبوو، (جڵدی ٣، ل ٤٥٠).

شۆرەتی، ئەبو ناسر عادڵ بوو، زۆر خزمەتی مەملەکەتەکەی کرد و هەموو کەس خۆشی ئەویست (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام). ئەم مەلیکە گەورەیە بۆ ئاوەدانکردنەوەی مەملەکەت زۆر سەعی کردووە و لە میافارقیندا زۆر ئاساری بەجێ هێشتووە. قەڵا و خەستەخانە و حەمام و مزگەوت و کتێبخانەی تێدا دروست کردووە. لە دەرەوەی شارەوە ئاوی بۆ هێناوە و باخچەیەکی (پارک) تیا دامەزراندبوو، لە شارانی تریشدا گەلێ ئاساری باش باشی هێناوەتە وجوود. شاری ناسرییە کە لە چوار فرسەخییەکەی میافارقین بوو، ئەسەری ئەم حوکمدارەیە (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام).

قاسم ئەبو ناسر

لە دوای وەفاتی باوکی، بە یارییەی وەزیر فەخرئەلدەولە جێگەی گرتەوە و لە ٤٥٣وە تا ٤٧٢ حکوومەتی کرد. ئەووەڵەن ئەمیر سەعیدی برای لێی عاسی بوو، شەڕ و دەعوایەکی داخڵی بەرپا بوو. بەڵام ئەبو ناسر غەلەبەی سەند و مەقامی حوکمداریی موحافەزە کرد و لە پاشدا دیاربەکری دایە ئەمیر سەعید. لە ساڵی ٤٥٧دا حەڕان و سوەیدای عەلاوەی موڵکی خۆی کرد. لەقەبی «نیزام‌ئەلدەولە»ی درایە (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام).

مەنسوور

کوڕی ئەمیر سەعیدە. لە دوای باوکی و مامی، هەموو وڵاتی مەروانی هێنایە ژێر دەستی خۆی. بە ڕیوایەتێک خوتبەی بە ناوی خۆی و خەلیفەی فاتمیی میسرەوە ئەخوێند. لە بەر ئەوە خەلیفەی عەباسی لێی عاجز بوو. نیهایەت مەلیک‌شاهی سەلجووقی لە ساڵی ٤٧٦دا وڵاتی دیاربەکری دایە فەخرئەلدەولەی کوڕی جەهیر، یەعنی کۆنە وەزیری مەلیک ناسرئەلدەولە ئەحمەد. مەلیک‌شاهـ قووەتێکی دایە و بۆ دیاربەکری نارد، ئەم فەخرئەلدەولە سپڵەیە، کە زۆر نان و نمەکی ملووکی مەروانیی کردبوو، ڕووی کردە دیاربەکر. مەنسوور تەڵەبی کۆمەکی لە دراوسێکانی کرد. شەرەف‌ئەلدەولە موسلیمی کوڕی قوڕەیش، کە حاکمی مووسڵ بوو، بە لەشکرێکەوە چوو بۆ یارمەتیی مەنسووری مەروانی. فەخرئەلدەولە کە ئەم ئیتیفاقەی دی، مەیلی ئاشتی کرد. چونکە نەیئەویست لەگەڵ هاوقەومی خۆیا شەڕ بکا.

عەسکەری تورک کە وایان زانی، شەوێ بە دزییەوە هەڵیانکوتایە سەر لەشکری مووسڵ و کوشتارێکی زۆریان لێ کرد و هەموو ئەموالیان تاڵان کرد. شەرەف‌ئەلدەولە بە هەزار حاڵ خۆی گەیاندە دیاربەکر و فەخرئەلدەولە بە لەشکرەوە هات موحاسەرەی کرد. شەرەف‌ئەلدەولە بە واسیتەی قوماندانی تورک، ئەرتەق، خۆی نەجات دا. ئیبنی جەهیر دیاربەکری لە موحاسەرەدا هێشتەوە و ڕووی کردە میافارقین و ئیمدادی تریشی لە مەلیک‌شاهەوە بۆ هات و زەوتی کرد. لە پاشدا دیاربەکریش لە ساڵی ٤٧٨دا و لە دوای عوسیانی ئەهالی، کەوتە دەست ئیبنی جەهیر.

مەلیک مەنسوور خۆی گەیاندە جەزیرە، لەوێ جێگیر بوو، چەند قەڵایەکی ئەو ناوە و بۆتانی بە دەستەوە بوو. کوڕی جەهیر، فەخرئەلدەولە ، لێرەش وازی لە ئاخر حوکمداری وەلی‌نیعمەتی نەهێنا و لەشکرێکی کردە سەر و جەزیرەیان موحاسەرە کرد. لەم شارەدا خانەدانێک هەبوو «بەنو وەهبان»یان ێ ئەگوت و گەورە و موعتەبەر بوون. دەروازەیەکی مەخسووسیان لە قەڵادا هەبوو کە دەروازەی «بوبیە»یان پێ ئەگوت، هەر زەلامێک ئەیتوانی پیا بڕوا و لە دەری شارەوە بە پێپیلکە بۆی سەرئەکەوتن. لەشکری فەخرئەلدەولە ئەم قاپییەیان شکاند و چوونە ناو قەڵاکەوە و ئاخیر مەلیکی مەروانی، مەنسووری بەدبەخت لێرەدا گیرا و خۆی و حکوومەتەکەی بە تەواوی لە ناو چوو (ئیبنی ئەسیر؛ ئەبو ئەلفیداء).