خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان/جڵدی 2/حکوومەتی دۆستەکی

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان  (1931)  by محەممەد ئەمین زەکی بەگ
جڵدی 2

حکوومەتی دۆستەکی[edit]

ڕێکخەری ئەم حکوومەتە، باز ئەبو شوجاعی سەید حوسێن موکریانی بە گوێرەی بەعزێ ئاساری دەستوخەت ـ کە تەنیا لە لای خۆی مەعلوومە ـ ئیدیعا ئەکا کە باوکی باز، ڕەئیسی عەشیرەتی حەمیدی بووە، بەینێک لە عەشیرەتەکەی تۆراوە و چۆتە دیاربەکر و باز لە ٣٢٤ هـ.دا لەو شارەدا هاتۆتە دنیاوە و لە ٣٤٥ و ٣٤٦دا بەشێکی وڵاتی جەزیرە و شارانی مەسعوود و بتلیسی زەوت کردوە و شەش ساڵێک دوای ئەمە مەلازگرد و ماکۆ و دێهاتی دەوری گۆمی وانی گرت و لە جێگەی شاری عادلجوازدا شاری شاه‌بازیشی بناغە نا و ئەم شارە لە دوای ئەمە کە کەوتە دەست مەلیک عادڵی ئەیووبی، ناوی گۆڕا و بوو بە عادلجواز. لە ٣٥٥ و ٣٥٦دا ئەرجیش و دوو ساڵ دوای ئەمە دیاربەکر و میافارقین و ڕەهایشی داگیر کردووە و وێڕای [ئەم شارانە]، حەسەن‌کێف و جەزیرە و بۆتان و سرووج و نەسیبینیش بوونە تەبەعەی.

ئەبو شوجاع دیاربەکری کردە مەرکەز و لە تەڕەف خەلیفەی بەغداوە عینوانی ئەبو شوجاعی درایە و لە ٣٦٠دا دوو نەوع سکەی بە ناوی «شوجاعی»یەوە لێدا. لە ٣٦٤دا بەشێکی «حەکاری» و «کاواش» (= ئەردەشت) و لە دواییشدا قەڵای وانیشی گرت. لە ساڵی ٣٦٧دا و لە شەڕی بەینی عەزدودەولە و حەمدانیدا یارمەتییەکی لەشکری بوەیهی کرد و کە عەزدودەولە هاتە مووسڵ، چووە لای و عەزدودەولە کە چاوی بە باز کەوت، لێی سڵەمییەوە و ویستی بە دزییەوە لە ناوی بەرێ. بەڵام باز فەرقی بە دڵپیسیی عەزدودەولە کرد و بە دزییەوە لە شار دەرچوو و خۆی گەیاندە لەشکرەکەی.

ئەبو شوجاع لە دوای وەفاتی عەزدودەولە لە ساڵی ٣٧٢دا لە غەربی مووسڵەوە لە مەوقیعی زەنگاردا لەشکرێکی کۆ کردەوە و ویستی بچێتە سەر مووسڵ. سەمسام‌ئەلدەولە، ئەبو سەعید بەهرامی بە لەشکرێکەوە ناردە سەری و لە ٣٨٣دا شەڕێکی موناسیب قەوما و لەشکری بوەیهی شکاند و ئەبو شوجاع تا دەوری مووسڵ هات و لەگەڵ پیاوماقووڵانی شارەکەدا کەوتە قسە و باس و سێ مانگێک مۆڵەتی دان، بەشێکی لەشکرەکەی لە قۆماندای ئەمیر عەلی حاکمی «فێنک»دا بەجێ هێشت و خۆی گەڕایەوە دیاربەکر (پێشکەوتن، ٦). کوڕی «دۆستەک»ە. ساحێبی «تاریخی مووسڵ» ئەڵێ: «باز ئەلکوردی ئەبو عەبدوڵڵا حسێن کوڕی دۆستەک»ی ئەمیری عەشیرەتی حەمیدییە بوو. کونیەی ئەبو شوجاعە و بە گوێرەی ئیبنی خەلدون، ئەبو عەبدوڵڵا حسێن برای بووە. باز یاخود «باد» زۆر بەخۆوە و بەسام بووە، ئاساری زەکا و دەهای تێدا بوو. مەڕی ئەلەوەڕاند و زۆر سەخی‌تەبع بووە، دایمە کەرەمی بە فەقیر و هەژار ئەکرد. ناوبانگی نەجابەت و کەرەمی زوو بەو ناوەدا بڵاو بۆوە و بەینێ جەردەیی کرد و هەرچی دەست ئەکەوت، بە سەر هاودەنگ و ڕەفیقاندا دابەشی ئەکرد. بەم تەرحە خەڵکێکی زۆری لێ کۆ بۆوە و بەرزی و ئیقبالی، ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادی بوو.

ئەم ڕیوایەتە ـ لام وایە ـ هەڵبەستراوە، چونکە لە ئەقڵ دوورە کوڕی ئەمیری عەشیرەتێکی گەورە، شوانی و جەردەیی بکا، چونکە ئەم نەوعە ئیشانە لە ئیحتیاجییەوە ئیختیار ئەکرێ و کوڕی ئەمیری عەشیرەت لەو نەوعە ئیحتیاجە بە زاهیر ئەبێ دوور بێ. حەقیقەت ئەوەیە کە باز ئەبو شوجاع بەرەبەرە دائیرەی نفووزی خۆی تەوسیع کرد و لەشکرێکی باشی پێکەوە نا و ئەترافی زەوت کرد و ئەوەندەی پێ نەچوو هەڵیکوتایە سەر ئەرمەنییە و ئەرجیشی زەوت کرد و ئەم شارە ئەووەڵ شارێکە کە دەست باز کەوتووە. لە دوای ئەمە زیاتر غەلەبەی سەند و ڕووی کردە دیاربەکر. ئەو شارەشی لەگەڵ میافارقین و ئەترافیدا داگیر کرد (الکامل، جڵدی ٩، ل ١٥).

ئیش و کاری باز ئەبو شوجاع، دایمە ڕوو لە چاکی و پێشکەوتن بوو و موحتەمەلە کە هەر وەکوو سەید حوسێن موکریانی ئەڵێ، بە سەبەبی بەعزێ عاداتەوە، مەسەلەن وەکوو یارمەتی بۆ لەشکری بوەیهی و بۆ شکانی تەغلەبی حەمدانی، موناسەبەت و دۆستایەتییەکی لەگەڵ عەزدودەولە پەیا کردبێ. واقیعەن کە شاری مووسڵ دەستی بوەیهییەکان کەوت، عەزدودەولە هاتە ئەم شارە و باز ئەبو شوجاع بۆ دیدەنی چوو، کە لە مەجلیس هاتە دەرەوە، عەزدودەولە بە حازرانی گوت: ئەم ئەمیرە بەسام و بەهەیبەتە بۆ حکوومەت تەهلوکەیە و ژیانی زەرەرە و هەوڵی بۆ گرتنی دا. بەڵام شاه باز لە ئەووەڵ نەزەری عەزدودەولە فەرقی بە دڵپیسی کرد و زوو لە شار چووە دەرەوە و خۆی گەیاندە لەشکرەکەی (زەیلی کیتابی «تجارب الامم»، ل ٨٤).

لە دوای ئەمە کە عەزدودەولە وەفاتی کرد (٣٧٠ هـ)، ئەبو شوجاع وڵاتی نەسیبینیشی داگیر کرد و تا دەوری مووسڵ نفووز و حوکمی ئەڕۆیشت. ئەم حاڵە بووە سەبەبی ترس و خۆفی سەمسام‌ئەلدەولە و لە ئیدارەی ئەبو سەعید بەهرام کوڕی ئەردەشیردا لەشکرێکی ناردە سەری، شاە باز چوو بە پیر ئەم لەشکرەوە و شەڕێکی قورس قەوما و ئەبو سەعد زۆر خراپ شکا و زۆری ئومەرا و گەورەی لەشکری بوەیهی بە دیل گیرا.

لە عەینی ساڵدا سەمسام‌ئەلدەولە لەشکرێکی بەقووەتتری حازر کرد و لە ئیدارەی ئەبولقاسم کوڕی حاجبدا ناردیە سەر ئەبو شوجاع. دوو لەشکر لە دۆڵی خاپووری حسێنییەدا و لە مەوقیعێکدا کە بە باجلایە مەشهوور بوو، بەرەنگاری یەکتر بوون و شەڕێکی قورس لە بەیندا قەوما و دیسان لەشکری بوەیهی شکا و زۆری لێ کوژرا و بە دیل گیرا. ئەوەی دەرباز بوو، خۆی گەیاندە مووسڵ دەرحەق بەم شەڕە شاعیر ئەبو حسێن باشنەوی ئەڵێ:

بماجلایا جلونا عنە غمغمة / و نحن في الروع جلائون للکرب

البشنویة انصار لدولتکم / و لیس في ذا خفا في العجم و العرب

انصار «باد» یارجیش و شیعتە / بظاهر الموصل الحدباء في العطب . ئەبو شوجاع دیلەکانی ناردە دواوە و خۆشی بە لەشکرەوە بە شوێن بەقایای دەیلەمیدا هاتە دەوری مووسڵ. خەڵکی شارەکە چونکە لە زوڵم و تەعدای دەیلەمی بێزار بووبوون، ئەم حاڵەیان بە فرسەت زانی و دەیلەمییەکانیان قەبووڵ نەکرد و بە عەکسەوە شارەکەیان تەسلیمی ئەبو شوجاع کرد.

شاە باز لە دوای جێگیربوونی لە مووسڵدا، دەستی کرد بە کۆکردنەوەی لەشکر و تەدارەکاتی شەڕ. ئەیویست بەغدا و مەقامی خەلافەت لە تەسەلوتی دەیلەمییەکان ڕزگار بکا. سەمسام‌ئەلدەولە کە خەبەری بیست، کەوتە ترسەوە و لەشکرێکی زۆر بەقووەتی کۆ کردەوە و تەسلیمی «زیار کوڕی شەهراکویە»ی کرد، کە هەرە مەشهوور قوماندانانی دەیلەمی بوو. زیار لەم لەشکرەوە ڕووی کردە مووسڵ. وا دیارە ئەبو شوجاعیش بە لەشکرەوە هاتووە بە پیریەوە و لە بەیندا شەڕێکی زۆر قورس بوو، لە نەتیجەدا ئەبو شوجاع شکار و زۆر تەلەفاتی دا و گەلێکیشی لێ بە دیل گیرا .

ئەبو شوجاع لە دوای شکانی، گەڕایەوە دیاربەکر. زیار، قۆڵی لەشکری لە قوماندای سەعد حاجبدا بۆ سەر جزیرە و قۆڵێکی تریشی بۆ سەر نەسیبین نارد، بەڵام ئەم دوو لەشکرە عوسیانیان کرد و نەچوونە سەر ئەبو شوجاع. وەزیری سەمسام‌ئەلدەولە کە وای زانی، لەگەڵ سەعدئەلدەولەی حەمدانی کە حاکمی حەلەب بوو، کەوتە موخابەرەوە و بە شەرتی ئەمە کە دیاربەکری بداتێ، ناردیە سەر ئەبو شوجاع، بەڵام لەشکری حاجب هیچی پێ نەکرا و گەڕاوە. سەعدئەلدەولە کە وای زانی، ویستی بە فێڵ، باز لە ناو بەرێ و فیدائییەکی ناردە سەری و ئەم کابرایە هەرچۆنێ بوو، خۆی کوتایە ناو لەشکری بازەوە و شەوێ بە دزییەوە خۆی هاویشتە ناو خێوەتەکەی بازەوە و بە شپرزەیی شیرێکی دا لە قاچی و ڕایکرد. باز لە دوای بەینێک کە برینەکەی چاک بووەوە، لەگەڵ زیار کەوتە موخابەرەوە و بە شەرتێ کە نیوەی تۆرعابدینشی بە دەستەوە بمێنێ، سوڵحی کرد. زیار لە دوای ئەمە، سەعد حاجبی بە قووەتێکەوە لە مووسڵدا بەجێ هێشت و خۆی گەڕایەوە بەغدا .

شاە باز لە ٣٧٧ هـ (٩٨٧ م)دا دیسان لەشکرێکی زۆری کۆ کردەوە و ڕووی کردە مووسڵ. تەسادوف لەو بەینەدا سەعد حاجب لە ناو چوو و شەرەف‌ئەلدەولەی مەلیکی بەغدا، ئەبا نەسر خواشازەی ناردبوو بۆ حاکمییەتی مووسڵ. ئەبا نەسر کە گەیشتە مووسڵ و زۆریی لەشکری بازی بیست، کۆمەکی لە شەرەف‌ئەلدەولە داوا کرد. بەڵام شاە باز تەنگی پێ هەڵچنی و مەجبووری کرد کە موراجەعەتی عەرەبی ئیبنی عەقیل و ئیبنی نەمیر بکا. واقیعەن شەڕکەرێکی زۆر لەم دوو عەشیرەتە لەگەڵ لەشکری دەیلەمی یەکدگیر بوو. ئەبو شوجاع لە ئیدارەی براکەیدا قۆڵێکی ناردە سەریان، بەڵام بێ فائیدە بوو، شکا و برای ئەو شوجاعیش کوژرا .

لە ساڵی ٣٧٩دا دوو کەس لە کوڕانی حەمدانی لە سووریەوە هاتن و لەشکرێکیان لە عەرەبی بەنو عەقیل و بەنو نەمیر کۆ کردەوە و ویستیان بێنە سەر مووسڵ، بەڵام نەیانوێرا و لە پاشدا پەنایان بردە لای محەمەدی کوڕی موسەیەب کە ئەمیری بەنو عەقیل بوو. خەڵکی مووسڵیش بە دزییەوە لەگەڵ ئەبو تاهیر ئیبراهیمی حەمدانیدا ڕێک کەوتبوون. بە گوێرەی ئیتیفاقی بەینی ئیبنی موسەیەب و کوڕانی حەمدانی، مووسڵ و ئەترافی بۆ حەمدانییەکان و نەسیبین و جەزیرەش بۆ ئیبنی موسەیەب بوو.

لەشکری کوڕی حەمدانی لە شەرقەوە، عەشائیری بەنو عەقیل لە غەربەوە ڕوویان کردە مووسڵ و خەڵکی مووسڵیش کەوتنە سەرکێشی و عوسیان. لەشکری شاە باز لە شەرقی مووسڵەوە ڕوویان کردە لەشکری حەمدانی، زۆریان لێ کوشتن و بۆ تەڕەفی غەربی شار شوێنیان کەوتن. لەو وەقتەدا خەڵکی مووسڵ دەروازەی شاریان لە ئیبنی موسەیەب کردەوە و لە پشتەوە هەڵمەتیان دایە لەشکری کورد. لەم بەینەدا باز گلا و لە ٢ی جەمادی سانی ٣٨٠ هـ.دا وەفاتی کرد «الکامل» و «کتاب تجار الامم، زەیل» ئەم ئاخیر شەڕە بە نەوعێکی تر بەیان ئەکەن: کوڕانی حەمدانی، مووسڵیان دەست کەوتبوو. شاە باز ویستی لە فرسەت ئیستیفادە بکا و مووسڵ بسێنێتەوە. لەشکرێکی زۆری کۆ کردەوە و کوردی باشناویش یارییەیان دا. حەتا شاعیری مەروانی، «حسێنی باشناوی» لەو بەحسەدا گوتوویەتی:

البشنویة انصار لدولتکم / و لیس في ذا خفا في العجم و العرب

انصار «باد» یارجیش و شیعتە / بظاهر الموصل الحدباء في العطب

شاەباز بە لەشکرەوە لە شەرقەوە ڕووی کردە مووسڵ. کوڕانی حەمدانی و ئیبنی موسەیەبیش، بەشێکی بە ناو شارا ڕوویان کردە باز و لە شەت پەڕینەوە. بەشێکیشی (دوو هەزار سواری عەقیل) لە شیمالی مووسڵەوە لە دیجلە پەڕینەوە و ڕوویان کردە لەشکری باز. ئەبو شوجاع کە ئەم خەبەرەی بیست، بۆ ئیسلاحی وەزعییەتی حەربییەی خۆی، ویستی نزیکی شاخ بکەوێتەوە. بەڵام لەو وەقتە تەنگەدا گۆڕینی وەزعییەت ئۆردووی شڵەژاند و لەو وەقتەدا شاە باز ویستی بە بێ دابەزین لە ئەسپەکەی، بیکوژێ و قاچێکی لە ئاوزەنگی هێنایە دەرەوە و خستیە ئاوزەنگی وڵاخەکەی تر. لەو وەقتەدا کەوتە خوارەوە و گەلێ جێگەی شکا. ئەبو عەلی خوشکەزای هاتە لای و پێی گوت سوار بە تا بگەینە لەشکر. باز گوتی: ئێوە بڕۆن، واز لە من بێنن، من تەواو بووم. ئەبو عەلی بە ناعیلاجی بەجێی هێشت و لەگەڵ پێنجسەد سوارێکدا ڕووی کردە چیا و دەرچوو. لە دوای ئەمانە یەکێک لە بەنو عەقیل لە ناو کوژراو و برینداردا چاوی بە مەلیک شوجاع کەوت و ناسییەوە؛ هێشتا وەفاتی نەکردبوو. ئەو بێئینسافە سەری بڕی و سەرەکەی برد بۆ کوڕی حەمدان و لە دواییدا مەیتەکەشی نیشان دان. دەست و قاچیان بڕی و ناردیان بۆ بەغدا و باقی بەدەنیشیان لە «باب الامارە»ی مووسڵدا هەڵواسی. ئەم زوڵم و وەحشەتە خەڵکی مووسڵی عاجز کرد و هاواریان کرد کە زاتێکی وا موجاهید، لایەقی ئەم موعامەلەیە نییە. جەسەدەکەیان داگرت و بە مەراسیمێکی باش ناشتیان. ئەمە دەلیلی موحەببەتی خەڵک بوو. و لەشکرەکەشی بێ ساحێب مایەوە و شکا و گەڕانەوە دیاربەکر.