خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان/جڵدی 2/حکوومەتی بەرزیکانی

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان  (1931)  by محەممەد ئەمین زەکی بەگ
جڵدی 2

حکوومەتی بەرزیکانی (حەسنەوییە)[edit]

بناغەی ئەم حکوومەتە لە تەڕەف میر حسێنی گەورەی عەشیرەتی بەرزیکانی و لە شارەزووردا و لە ئیعتیباری ٣٣٠ هـ دانرا. «وەنداد» و «غانم»، برای میر حسێنیش ئەمیری عەشائیری «عیشانیە» بوون و ئەتراف و نەواحی دینەوەر و هەمەدان و نەهاوەند و سامغان و بەعزێ وڵاتی ئازەربایجانیشیان بە دەستەوە بوو. وەنداد لە ٣٤٩دا و غانم لە ٣٥٠دا بە ڕەحمەت چوون و هەموو موڵکیان کەوتە دەست حەسنەوی کوڕی میر حسێن (تاریخ در اسلام، جڵدی ١، ل ٤٢٩).

حەسنەوی

لە دوای وەفاتی باوکی، بۆتە حوکمدار و حەقیقی موئەسیسی ئەم حکوومەتەیە. وەزعیەتی زەمانی باوکی، شکڵێکی ڕەسمیی پەیا نەکردبوو. دەرحەق بە زەمانی حەسنەوی مەعلوومات کەمە. لە سەفەری خۆراساندا موعاوەنەتی ڕوکن‌ئەلدەولەی کردووە. دائیر بە ئەحواڵی حەسنەوی، سەید حوسێن موکریانی خولاسە ئەڵێ: «موعیزئەلدەولە لەشکرێکی لە ئیدارەی «ینال کوش»دا لە مووسڵەوە ناردۆتە سەر شارەزوور و حەسنەوی لە غەربی هەولێر ڕێگەی بەم لەشکرە گرتووە و شکاندوویەتی. لە دوای ئەمە موعیزئەلدەولە لەشکرێکی تری ناردۆتە سەر دینەوەر و ئەو ناوەی تاڵان و وێران کردووە. لەم بەینەدا بوو کە ڕوکن‌ئەلدەولەی برای موعیزئەلدەولە لە «جهنە» (جورجاج)ەوە تووشی تەعەڕوز بووە و تەڵەبی موعاوەنەتی لە موعیزئەلدەوە کرد. لە سەر ئەمە موعیزئەلدەولە لەگەڵ حەسنەوی ڕێک کەوت و شەرتیشیان خوتبە خوێندنەوە بە ناوی موعیزئەلدەولەوە بووە.

بەم تەرحە حکوومەتی بەرزیکانی لەگەڵ بوەیهییەکاندا تێکەڵی و دۆستیی پەیدا کرد.

لە ساڵی ٣٥٦دا عیززەددەولە بەختیاری کوڕی موعیزئەلدەولە لەگەڵ حەسنەوی تێکچوو و شەڕێکی قورسیان لە بەینا قەوما و بەختیار شکا و قووەت و نفووزی حەسنەوی بەم غەلەبەیە زیاتر بوو.

لە ساڵی ٣٥٧دا بەختیار دیسان لەگەڵ حەسنەوی ئاشت بووەوە و بەرامبەر بە تەغلبی حەمدانی داوای کۆمەکی لە حەسنەوی کرد و ڕازی بوو کە حدوودی «تخوب» تا زێی بادینان بڕوا، بەم شەرتە ئیتیفاقی لەگەڵ کرد و تەغلبیان شکاند. لە پاشدا حەسنەوی بە سەر هەولێر و شارەزووردا گەڕایەوە دینەوەر.

ڕوکن‌ئەلدەولە لە ئیتیفاقی حەسنەوی و بەختیاری برازای عاجز بوو، بەم بەهانەیە لەشکرێکی لە قوماندای ئەبو ئەلفەزلی وەزیریدا ناردە سەری.»

«الکامل» ئەڵێ سەبەبی هاتنی لەشکری ڕوکن‌ئەلدەولە موعامەلەی بەشیددەتی حەسنەوی دەرحەق ئیبنی مەساف بووە.

واقیعەن ئیبنی میسکوەیهیش ئەڵێ حەسنەوی بە بەعزێ فتووحات مەملەکەتی خۆی تەوسیع کرد و نفووزێکی زۆری پەیا کرد. لە شەڕی خۆراساندا کۆمەکی ڕوکن‌ئەلدەولەی کردبوو، لە بەر ئەمە زۆری لێ مەمنوون بوو. لەگەڵ ئەمەشدا حەسنەوی بە وڵاتانی خۆی ڕازی نەبوو. تەعەڕوزی ئەکردە جیبال و وڵاتانی تر. ڕەسمی لە کاروان ئەسەند و ئەغنیای تەزییق ئەکرد. دیسان ڕوکن‌ئەلدەولە سەرفی نەزەری ئەکرد، بەڵام لە پڕێکا بەینی حەسنەوی و سەهلانی کوڕی موسافیری دەیلەمی تێکچوو. کوڕی سەهلان لەشکری لێ کرد و هاتە سەری، بەڵام حەسنەوی شکاندی و لە ئۆردووگایەکدا دەوری گرتن و مەنعی زاد و زەخیرەی لێ کردن. لە پاشدا ئەمری کرد هەر سوارێک کۆڵێک دڕک و پووشی هێنا و لە دەوری ئۆردووگاکە کۆمەڵیان کرد و لە پاشدا ئاگری تێبەردا. لە لایەکەوە گەرمای هاوین، لە لایەکی تریشەوە هاڵاوی دووکەڵی دڕک و پووش، دەیلەمییەکانی شپرزە کرد و تەڵەبی دەخالەتیان کرد و تەسلیم بوون.

ڕوکن‌ئەلدەولە کە ئەمەی بیست، ئەبو ئەلفەزلی وەزیری لەگەڵ لەشکرێکدا بۆ تەحقیقی ئەم خەبەرە نارد. ئەبو ئەلفەزل کە گەیشتە هەمەدان، لەوێ وەفاتی کرد و ئەبو ئەلفەتحی کوڕی بوو بە سەردار و بۆ موحافەزەی مەوقیعی خۆی ویستی زوو بگەڕێتەوە ڕەی. لە بەر ئەمە، لەگەڵ حەسنەوی سوڵحی کرد و موقابیل بە مەسرەفی ئەم لەشکرکێشییە حەسنەوی پەنجا هەزار دینار پارە و نزیکی ئەمەشی دیاری و وڵاخی بۆ نارد و ئەم هەرایە بڕایەوە (جڵدی ٢، ل ٢٧٠).

ئیبنی ئەسیر زۆر مەدحی حوسنی ئیدارە و دوورئەندێشی و ئەخلاقی پاک و بڵندی حەسنەوی ئەکا. لە دوای مردنی دوو براکەی، وەنداد و ئەبو ئەلغەنائم، بە تەواوی ئیش و کاری هەموو مەملەکەتی گرتە دەستی خۆی. حوکم و نفووزی لە بەشی زۆری کوردستاندا جاری بوو: دینەوەر، هەمەدان، نەهاوەند لە جوملەی شارە مەشهوورەکانی و «سرماج»یش پایتەختی بوو (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام).

حەسنەوی لە هەرای بەینی عەزدئەلدەولە و بەختیاردا تەڕەفی بەختیاری گرت. زاهیر وایە سەبەبەکەشی عاجزی دوایی لەگەڵ ڕوکن‌ئەلدەولەی باوکی بوو. لە لایەکی تریشەوە مومکینە کە لە حیرسی ئیستیلای عەزدئەلدەولەش ئەندێشەی کردبێ و زاتەن هەر بەم فیکرە بوو کە بووە تەڕفداری فەخرئەلدەوەی برای عەزدئەلدەولە، کە وا ئیتیفاقی لەگەڵ کردبوو.

خولاسە لە ساڵی ٣٣٦دا کەوتە موخابەرە لەگەڵ بەختیار و خۆی بۆ کۆمەکی حازر کرد. هەرچەندە لە شەڕی «ڕامهورمز»دا بە فریایان نەگەیشت، بەڵام لە وەقتێکدا کە بەختیار گەڕابووەوە «واست»، حەسنەوی، عەبدولڕەزاق و بەدری کوڕی لەگەڵ هەزار سواردا بۆ نارد و ئەبوایە خۆیشی بهاتایە. کوڕانی حەسنەوی نەسیحەتی بەختیاریان کرد کە بچێتەوە بەغدا و لەوێ بەرامبەر بە عەزدئەلدەولە مودافەعە بکا، تا بتوانێ لە ئۆردووی مووسڵی حەمدانیش ئیستیفادە بکا، بەڵام بەختیار بە سەبەبی غوڵامە تورکەکەیەوە عادەتەن شێت ببوو و گوێی لە قسەی نەئەگرت. عەبدولڕەزاق لە ڕقانا گەڕایەوە بۆ لای باوکی و لە ترسی لۆمە، ئەبو نەجم بەدری بەجێ هێشت. ئەوەندەی پێ نەچوو کە بەختیار لە ترسی عەزدئەلدەولە وازی لە حقووقی خۆی هێنا و بەدریشی بەجێ هێشت و گەڕایەوە لای باوکی (کتاب تجار الامم، جڵدی ٢).

حەسنەوی لە ساڵی ٣٦٩ هـ.دا لە ٣ی ڕەبیعول‌ئەووەڵ لە سارماج وەفاتی کرد.

ئەبو نەجم ناسرئەلدەولە بەدر

لە دوای وەفاتی باوکی، بوو بە حوکمداری بەرزیکانی. لە عەینی ساڵدا بەعزێ قەڵای لە غەربی هەولێر زەوت کرد. عەزدئەلدەولەی بوەیهی، وەفاتی حەسنەوی بە فرسەت زانی، چونکە فەخرئەلدەولەی برای بەو پشت‌ئەستوور بوو و بەختیاری ئامۆزاشی گەلێ ئیستیفادەی لە کۆمەکی حەسنەوی کردبوو. لە بەر ئەم ئەحواڵە عەزدئەلدەولە زۆر ڕقی لە حەسنەوی هەڵگرتبوو. لە دوای وەفاتی، ویستی حاکم و نفووزی حکوومەتەکەی لە ناو بەرێ، ئەووەڵەن «ئەبا نەسر خورشید یەزدیار»ی خەزنەداری بە کاغەزەوە ناردە لای فەخرئەلدەولە و موئەیەدئەلدەولە و قابووسی وشمگیر و مەقسەدی لەگەڵ ئەمانە ڕێککەوتن بوو. کوڕانی حەسنەوی لە دوای وەفاتی باوکیان، لە یەکێتی لایان دا و هەر کەسە کەوتە هەرایەک.

ئەم کوڕانە ئەبوئەلعەلا و عەبدولڕەزاق و ئەبو نەجم بەدر و عاسم و ئەبو عەدنان و بەختیار و عەبدولمەلیک بوون. بەعزێکیان لە زیددی عەزدئەلدەولە لەگەڵ فەخرئەلدەولە ڕێک کەوتن و بەعزێکیان ڕوویان لێ وەرگێڕا. تەنیا بەختیار لە براکانی جوێ بووەوە و لە قەڵای سرماجدا دائەنیشت. دەستی کرد بە موخابەرە لەگەڵ عەزدئەلدەولە و وەعدی تەسلیمی قەڵاکەی پێ دا. عەزدئەلدەولە لەم تەفرەقەیە ئیستیفادەی کرد و لەشکرێکی قورسی کۆ کردەوە و ناردی بۆ سەر وڵاتی جیبال.

ئەم لەشکرە بە ئاسانی داخڵی هەمەدان بوو، زۆر لە ئومەرا و سەردارانی فەخرئەلدەولە و بەرزیکانی، لەگەڵ لەشکری عەزدئەلدەولە ڕێک کەوتن. بەم نەوعە نەهاوەند و سرماجیشی بە ئاسانی لە دەست چوو و ماڵ و تاڵانێکی زۆر کەوتە دەستی عەزدئەلدەولە. کوڕانی حەسنەوی بە واسیتەی سەردار ئەبا نەسر خواشازەوە عەرزی ئیتاعەتیان بۆ عەزدئەلدەولە کرد و لە دواییشدا هەموو هاتنە ئۆردووگا.

عەزدئەلدەولە کوڕانی حەسنەوی خستە ژێر نەزارەتەوە و لە دواییدا عەبدولڕەزاق، ئەبولعەلا و ئەبو عەدنان و بەختیار و عەلی لەگەڵ بەعزێ پیاوە گەورەکانی کورددا گرت و بەدری بانگ کرد، خەڵاتی دایە و شیرێکی ئاڵتوونی لەگەڵ ئەسپێکی بە ڕەختی ئاڵتوونەوە دایە و کردی بە ڕەئیسی کوردانی بەرزیکانی و عاسم و عەبدولمەلیکیشی خەڵات کرد.

لە دواییدا باقی کوڕانی حەسنەوی، لەگەڵ ڕوئەسای گیراوی کورددا کوشت. ماڵ و موڵکیشیانی زەوت کرد. ئەبولوەفا تاهیر کوڕی محەمەدی بە لەشکرێکەوە ناردە سەر قەڵای سرماج و گرتی و هەموو ماڵ و خەزێنەی حەسنەوی تاڵان کرد (زولحەججەی ٣٦٩ هـ).

لە دوای گەڕانەوەی عەزدئەلدەولە بۆ بەغدا، عاسم لەگەڵ بەعزێ ڕوئەسای کورددا لە بەدر عاسی بوون. لە پاشدا بەدر چووە سەری و لەگەڵ عاسمدا باقی براکانیشی لە ناو برد و بێ ڕەقیب مایەوە و دەستی کرد بە ئیسلاح و تەوسیعی موڵک و تا لەناوچوونی عەزدئەلدەولە شەرتی وەفای بە تەواوی لەگەڵدا بەجێ هێنا و بە هەرای فەخرئەلدەولەدا بە لەشکری خۆیەوە یارمەتیی عەزدئەلدەولەی دا.

ئەمیر بەدر لە دوای عەزدئەلدەولە لەگەڵ فەخرئەلدەولە برای عەزدئەلدەولە ئاشت بووەوە و لە سەر ئەمە لەگەڵ شەرەف‌ئەلدەولەی کوڕی عەزدئەلدەولە بەینی تێکچوو و دوشنمایەتی کەوتە بەینەوە.

شەرەف‌ئەلدەولە لە دوای جێگیربوونی لە بەغدا، لەشکرێکی زۆری لە قوماندای «قرتکین جەهشیاری»دا ناردە سەر ئەمیر بەدر و دوو لەشکر لە نزیک قرمەسین (= کرماشان) تووشی یەک بوون و لە دوای وردە شەڕێک، ئەمیر بەدر بە قەسد خۆی شکاند و ئۆردووگاکەی خۆی لەگەڵ بنە و بارخانەیدا بۆ بەجێ هێشتن. قەرەتەکین لەم فێڵە نەگەیشت و وای زانی کە بەڕاستی غالب بووە. لەگەڵ ئۆردووەکەیدا دابەزی و لە ئۆردووگای بەدردا خۆی حەساندەوە. بەڵام زۆری پێ نەچوو کە ئەمیر بەدر بە خۆی و لەشکریەوە هەڵیکوتایەوە سەریان و مۆڵەتی خۆ کۆکردنەوەی نەدانێ و کوشتارێکی زۆری لێ کردن و هەموو بارگرانی لێ زەوت کردن.

قەرەتەکین بە هەزار حاڵ لەگەڵ چەند خزمەتکارێکی خۆی نەجاتی بوو و بیلفەور خۆی گەیاندە پردی نەهرەوان و لە دوای چەند ڕۆژێ لەگەڵ باقی لەشکرەکەی کە بە پەرێشانی و بڵاوی گەڕابوونەوە، هاتەوە بەغدا (٣٧٧ هـ).

ئەم غەلەبەیە موقەددەمەی شەوکەت و ئیستقلالی حوکمداری بەرزیکانی بوو. واقیعەن ئەمیر بەدر لەمە ئیستیفادەی کرد و بەرەبەرە ئیقلیمی جەبەلی داگیر کرد.

لە ساڵی ٣٧٩ هـ.دا کە فەخرئەلدەولە ڕووی کردە عێراق و ئەهواز، ئەمیر بەدریش بە لەشکری خۆیەوە کە چوارهەزار سوارێک بوو، یارمەتیی دا.

حوکمداری بەرزیکانی لە شەڕ و هەرای بەینی ئومەرای بوەیهیدا زۆر عاقڵانە حەرەکەتی کرد و لەو پاشاگەردانییەدا وردەوردە مەملەکەتەکەی خۆی گەورە کرد. لە لایەکەوە حدوودی مەملەکەتەکەی گەیاندە ئاوی «کرخا» ، شاری «شاپوورخواست = خوڕەمئاباد»یشی بە دەستەوە بوو. ئیقلیمی جیبال کە وڵاتی کرماشانی ئێستا و شارەزوورە، هەمووی لە ژێر حوکمی خۆیدا بوو.

ئومەرای بوەیهی بە سەبەبی شەڕ و دەعوای ناو خۆیانەوە زۆر بێهێز کەوتبوون. نەک ئەمەی کە بتوانن مانعی تەوەسوعی بەرزیکانی بن، بەڵکوو زۆر جار تکای یارمەتییان لێ ئەکرد و شەوکەت و قودرەتی بەدر بەم نەوعە دائیمەن ڕوو لە تەرەقی بوو. خەلیفەی عەباسی لە ٣٣٨ هـ.دا لەقەبی «ناسرئەلدین و ئەلدەولە»ی دایە (الکامل)

ئەمیر بەدر بەڕاستی حوکمدارێکی زۆر عادڵ و خێرخوا بوو. شۆرەتی گەورەیی تەنیا لە مەیدانی شەڕدا وەرنەگرتبوو. لە خسووسی ئیسلاحات و ئیعمار و حیمایەی زورراعیشەوە بەناوبانگ بوو. لە خزمەتی ئیش و کاری دینیشدا لە هەموو موعاسری پێشتر بوو. «کتاب تجارب الامم» دەرحەق بە فەزائیل و ئەوسافی بڵندی ئەم حوکمدارە زۆر تەقدیرکارانە باسی ئەکا.

ناسرئەلدین بەدر تا ساڵی ٤٠٠ هـ بێ غائیلە و بە کەماڵی سەربەخۆیی ئیجرای حکوومەتی کرد. ئەم دەورەی بێ شەڕ و هەرایە بۆ مەملەکەتەکە زۆر بەخێر و بەرەکەت بوو. ڕیعایای زۆر باش حەسایەوە و ئەمنیەت و ڕەفاە لە هەموو لایەکی مەملەکەتدا ئەبینرا. بەڵام لە ئیعتیباری ئەم ساڵەوە ئینتیزامی ئیدارە تێکچوو و هیلالی کوڕی ناسرئەلدین چوو بە گژ باوکیا.

«الکامل» سەبەبی ئەم شەڕی بەینی باوک و کوڕە وا نەقڵ ئەکا:

دایکی هیلال خەڵکی شازنجان بوو، لە دوای تەوەلودی هیلال، بەدر ئەم ئافرەتەی دوور خستەوە. ئەوەندەش ڕووی نەئەدایە. هیلالی کوڕی و کوڕەکەی تری کە بە ئەبو عیسا ناسرابوو، خۆش ئەویست. لە دوای ئەمە کە هیلال گەورە بوو، جارجارە لەگەڵ باوکیا ئەچوو بۆ ڕاو. ناسرئەلدین بەدر عادەتی بوو کە تووشی شێر ئەهات، بە دەستی خۆی ئەیکوشت. بەڵام دەفعەیەک هیلال فرسەتی بە باوکی نەدا و خۆی هەڵیکوتایە سەر شێر و کوشتی. باوکی ئەم جەسارەتەی پێ ناخۆش بوو و پێی گوت کە لات وایە فەتحێکی گەورەت کرد؟ بەینی شێر و سەگ چ فەرقێک هەیە؟

لە دوای ئەم عاجزییە ویستی لە خۆی دوور بخاتەوە، بەم فیکرە سامغانی دایە و ناردی بۆ ئەوێ، هیلالیش ئەمەی پێ خۆش بوو، ئەیویست دوور کەوێتەوە. بەڵام ئەوەندەی پێ نەچوو لەگەڵ حاکمی شارەزووری دراوسێیدا کە ئیبنی ئەلمازی بوو، تێکچوو. وەلحاڵ ئەم حاکمە مەئمووری باوکی بوو. بەدر کە ئەمەی بیست، بۆ هیلالی نووسی و تەمێی کرد کە هەرای لەگەڵ نەکا. بەڵام هیلال گوێی نەدایە ئەمری باوکی و هەڕەشەی لێ کرد و پێی گوت کە هەر موعامەلەیەکی خراپ لەگەڵ ئیبنی ئەلمازی بکەی، بزانە کە لە حەقی منی ئەکەی. هیلال لە پاش ئەم تەمێیەی دوایی باوکی، بە عەکسی حەرەکەتی کرد و دەستبەجێ لەشکری کۆ کردەوە و چووە سەر شارەزوور. لە دوای موحاسەرەیەکی کورت، زەوتی کرد و ئیبنی ئەلمازی لەگەڵ کوڕانیدا کوشت و هەرچی بوو، تاڵانی کرد.

ناسرئەلدین کە ئەم خەبەرەی بیست، زۆر عاجز بوو و موعامەلەی بەشیددەتی دەرحەق کرد. هیلالیش بەرامبەر بە موعامەلەی باوکی، دەستی کرد بە تەفرەدانی پیاوماقووڵانی باوکی و گەلێ دیاری و پارەی بۆ ناردن. بەم تەرحە هەموو ڕۆژ قووەتی ڕوو لە زیادیدا بوو. سەخاوەت و دەست‌بڵاویشی زۆر تەئسیری هەبوو. باوکیشی چونکە ئەوەندە دەستی بڵاو نەبوو، بەرەبەرە تەڕەفدارانی لێی تەکینەوە.

خولاسە لەشکری ناسرئەلدین و هیلال، لە قاپیی دینەوەردا بەرەنگاری یەک بوون. لەو وەقتەدا بەشی زۆری لەشکری ناسرئەلدین چوونە لای هیلال و ناسرئەلدین بەدر بە دیل گیرا و برایە لای هیلالی کوڕی. بەعزێ لە ئومەرا تەشویقیان کرد کە بیکوژێ، بەڵام هیلال نەجابەتی نواند و ئەو بێ‌شەرمانەی سکووت کرد و خۆی چوو بە پیریەوە و گوتی: تۆ هەر ئەمیری و منیش سەرلەشکری تۆم. بەدر جوابی دایەوە و گوتی: کەس ئەم قسەیەت لێ نەبیێ؛ چونکە ئەبێتە سەبەبی لەناوچوونی هەردووکمان. ئەم قەڵایە بۆ تۆ و ئیشارەتی تەسیلیمیش فڵانە شتە. ئەو ماڵ و دەوڵەتەی کە تیایەتی، باشی موحافەزە بکە و چونکە خەڵک تۆی ئەوێ، تۆ ئەمیری و منیش ئەمەوێ قەڵایەکم بدەیتێ تا تێیدا دابنیشم و لەگەڵ عیبادەتم خەریک بم. هیلال ئەم ئەمرەی بەجێ هێنا و بەشێکی ماڵ و دەوڵەتی لەگەڵ قەڵایەکدا دایە.

ناسرئەلدین لەم موعامەلەیەدا دڵی باش نەبوو، واقیعەن لە دوای ئەمە کە لە قەڵاکەدا زەریف جێگیر بوو، کاغەزی نووسی بۆ ئەبو ئەلفەتح کوڕی عەناز و ئەبا عیسا شازی کە لە ئەسەدئاباد بوو، لە هیلالی هان دان.

واقیعەن ئەبو ئەلفەتح چووە سەر قرمەسین و زەوتی کرد و ئەبا عیساش چووە سەر شاپوورخواست و تاڵانی کرد. کە خەبەری هاتنی هیلالی بیست، ڕووی وەرگێڕا بۆ نەهاوەند، کە بە دەستی ئەبوبەکر کوڕی ڕافعەوە بوو. لێرە هیلال هەڵیکوتایە سەری و چوارسەد کەسێکی لە دەیلەمی کوشت کە نەوەدیان ئومەرا بوون. کوڕی ڕافع، ئەبو عیسای گرت و تەسلیمی هیلالی کرد، بەڵام هیلال عەفوی کرد و لەگەڵ خۆی بردی.

بەدر کە وای زانی، پیاوی ناردە لای بەهاءئەلدەولەی دەیلەمی و تەڵەبی موعاوەنەتی لێ کرد. بەهاءئەلدەولە لەشکرێکی ڕێک خست و لە قوماندای فەخر ئەلمەلیک ئەبو غالبدا ناردی بە ئیمدادی ناسرئەلدین بەدرەوە. ئەم لەشکرە کە گەیشتە شاپوورخواست، ئەمیر هیلال لە ئەبو عیسای پرسی و گوتی ئەوا لەشکری بەهاءئەلدەولە هات، ئەڵێی چی؟ ئەبو عیسا گوتی: وا لازمە بچی بە پیریەوە و ئیتاعەتی بەهاءئەلدەولە بکەی و بە پارە ئیقناعیان بکەی. ئەگەر ڕازی نەبوون، ئەو وەقتە تەنگیان پێ هەڵئەچنی و لە دواییدا ئەڕۆی. ئەم لەشکرە وەک لەشکرەکەی پێش دینەوەر نییە و شوێنت ناکەوێ، نیهایەت بە تەشویقی باوکت هاتوونەتە سەرت.

هیلال ئەم نەسیحەتەی بە حیلە زانی، ئەبو عیسای کوشت؛ لە دواییدا ویستی بە شەو بدا بە سەر لەشکری فەخرئەلمەلیکدا. بەڵام فەخرئەلمەلیک پێی زانی و خۆی کۆ کردەوە و لە ئۆردووگادا بۆ موحافەزەی ماڵ و بارگرانی، قووەتێکی بچووکی بەجێ هێشت و چوو بە پیر دوژمنیەوە. هیلال کە ئەمەی چاو پێکەوت، تێگەیشت کە نەسیحەتی ئەبو عیسا ڕاست بووە و پەشیمان بۆوە. خەبەری نارد بۆ فەخرئەلمەلیک و گوتی من بۆ شەڕ نەهاتووم، بەڵکوو مەقسەدم ئەوەیە نزیکت بم و ئیتاعەتت بکەم، ئەگەر شەڕ نەکەیت من بۆ ئیتاعەت حازرم.

فەخرئەلمەلیک بەم قسەیە ڕازی بوو و خەبەری نارد بۆ بەدر و مەسەلەکەی تێگەیاند. بەدر موعامەلەیەکی خراپی دەرحەق بە ئەم ساعییە کرد و دەریکرد و پیاوێکی ناردە لای فەخرئەلمەلیک و پێی گوت ئەم موعامەلەی هیلالە بە غەیری حیلە، شتێکی تر نییە، چونکە ئەیزانێ کە شەڕی پێ ناکرێ، لە بەر ئەوە نابێ فرسەتی بدەنێ.

کە فەخرئەلمەلیک ئەمەی بیست، ئیتر بڕوای کرد کە بەدر بە تەواوی دوشمنی کوڕەکەیەتی و ئەمری بۆ شەڕ دا. زۆری پێ نەچوو هیلال بە دیل گیرا و هێنرایە لای. هیلال تکای کرد کە تەسلیمی باوکی نەکا، ئەم تکایە قەبووڵ کرا. لە دواییدا ئیشارەتی تەسلیمی قەڵاکەی لێ پرسی، هیلال پێی گوت. بەڵام دایکی هیلال لەگەڵ موحافزینی قەڵاکە قەبووڵیان نەکرد و تەڵەبی ئەمانیان کرد. فەخرئەلمەلیک تەئمینی کردن و لە دواییدا چووە ناو قەڵاکە و لە پاشدا تەسلیمی بەدری کرد و هەرچی ماڵ و دەوڵەتێکی کە تیابوو، هەمووی زەوت کرد. خەزێنەی ئەم قەڵایە زۆر غەنی بوو و پڕ بوو لە ئاڵتوون و زیو و مجەوهەرات و مەلبووسات و سیلاح ... الخ (جڵدی ٩، ل ٨٨-٨٩)

ناسرەئەلدین بەدر لە دوای ئەمە کە بە واسیتەی یارمەتیی بەهاءئەلدەولەوە مەملەکەتەکەی لە دەستی هیلالی کوڕی سەندەوە، وڵاتی شارەزووری دا بە عەمید ئەلجیووشی وەزیری بەهاءئەلدەولە و لە ئیعتیباری ئەو تاریخەوە وڵاتی شارەزوور لە تەڕەف وەکیلەکانی عەمید ئەلجیووشەوە ئیدارە کرا و لە دەستی حکوومەتی بەرزیکانی دەرچوو.

هیلال لە دوای گیرانی حەپس کرا. کە سوڵتان‌ئەلدەولە هاتە جێگەی بەهاءئەلدەولە، بوو بە حوکمداری عێراق، دیسانەوە هیلالی لە حەپسدا هێشتەوە. بەڵام تاهیری کوڕی هیلال لە پڕێکدا هاتە مەیدانەوە و شارەزووری لە وەکیلی عەمید ئەلجیووش زەوت کرد (٤٠٤ هـ).

ناسرئەلدین بەدر لە ساڵ ٤٠٥ هـ لەشکری کردە سەر حوسێن کوڕی مەسعوودی کورد و لە قەڵای «کوسجد»دا موحاسەرەی کرد. بە سەبەبی شیددەتی زستان، لەشکری بەدر زۆر ئەزیەت و کوێرەوەری کێشا و بەم تەئسیرە قەراری کوشتنی ناسرئەلدینیان دا. بەدر بە واسیتەی تەڕەفدارانی خۆیەوە ئەمەی بیست، بەڵام گوتی: ئەو سەگانە چین و چۆن ئەتوانن شتێکی وا بکەن و گوێی نەدایە.

دەفعەی دووەمیش پێیان گوت کە قەراری کوشتنت دراوە. دیسان گوێی نەدایە. لە وەقتێکدا کە لە بەردەمی ئۆردووگادا لە سەر تەپۆڵکەیە ڕاوەستابوو، چەند کەسێک لە عەشیرەتی جوزکان هەڵیانکوتایە سەری و کوشتیان و لەشکری بەجێی هێشت و لە دواییدا ئەمیر حوسێن کوڕی مەسعوود لە قەڵا هاتە دەرەوە و چاوی بە مەیتەکەی کەوت، ئەمری کرد هەڵیانگرت و ناردیە مەشهەدی حەزرەتی عەلی (ر.ع) و لەوێ دەفنیان کرد.

ناسرئەلدین ئەلدەولە بەم تەرحە لە دوای حکوومەتێکی سی ساڵی و لە عومرێکی گەورەدا لە ناو چوو. لە دوای وەفاتی عەزدئەلدەولە (٣٧٢ هـ)، تا تێکچوونی لەگەڵ هیلالی کوڕی (٤٠٠ هـ) یەعنی ٢٨ ساڵ بە سەربەخۆیی ئیدارەی مەملەکەتی بەرزیکانی کرد. بە عەداڵەت و حوسنی تەدبیر و مەتانەتێکی بڵند، مەملەکەتەکەی خۆی حەساندەوە و لە هەموو خسووسێکەوە پێشی خست. ساحێبی زەیلی «کتاب تجارب الامم» کە وەزیر ئەبو شوجاعە، زۆر باسی ئەوساف و حەسەناتی ئەم حوکمدارە ئەکا کە خولاسەیەکی ئەمەیە:

ـ حەسەناتی:

حوکمداری بەرزیکانی بۆ مەعاشی موحافزینی حەجاج هەموو ساڵێک ٥٠٠٠ دیناری بە ڕوئەساسی قافڵەی حەجاج ئەدا و نەیئەهێشت بەرامبەر بەم خزمەتە شتێک لە حەجاج بسێنرێ. بێجگە لەمەش بۆ تەعمیری بیر و ڕێگەی حەج و بۆ دابەشکردن بە سەر فەقیرانی موهاجیرین و ئەنساری حەجاجدا هەموو ساڵێک ٢٠٠٠٠ دیناری تەخسیس کردبوو و ئەم پارەیەی ـ تا لە حاڵی حەیاتدا بوو ـ سەرف کرد، بەڵام لە دوای خۆی بڕییان.

ـ سیاسەتی ماڵییەی:

بەدر زۆر دیققەتی لە ئیش و کاری ماڵییەی ئەکرد، زۆر بەتەدبیر و دوورئەندێش بوو. لە بەر ئەوە خەزێنەی دایمە پڕ بوو. ئەگەر فەخرئەلمەلیک ئەبو غالب لە شاپوورخواست ماڵەکەی نەبردایە، مەوجوودیی خەزێنەکەی زۆر موهیم ئەبوو. یەکێ لە حوسنی تەدبیری، مەیدان نەدانی بە ئیحتیکار [بوو]، بەرامبەر بە خیانەت جەزای زۆر گەورەی ئەدا، بەڵام ئەگەر نوقسانی واریدات لە موسیبەتێکەوە حاسڵ ببوایە، بە ڕاستی و بێ دەخڵی مولتەزیم قەناعەتی بکردایە، لە ئەموالی سەدەقە زەرەری مولتەزیمەکەی ئەدایەوە، وەیا بەدەلی تەئجیل ئەکرد. لە بەر ئەمە، کەس نەیئەتوانی بە دڵ، تەعەهود نەدا، وەیا لە تەحسیلاتدا خیانەت بکا.

بۆ ئومووری خەیرییەی ناو شار، هەموو ساڵێک میقدارێک پارەی سەرف ئەکرد، بۆ ئیسلاحی دەزگا و مەعامل، بۆ تەعمیر و گەشاوەیی ڕێگەی تیجارەت، لە مەسرف سڵی نەئەکرد و لە بەر ئەوە تیجارەتی وڵاتەکەی دائیمەن ڕوو لە تەرەقی بوو. مەسەلەن کە ڕێگەی موهیمی بکردایەوە، ئەووەڵەن بۆ وەستا و کرێکار چی لازم بوایە، حازری ئەکرد. بازاڕێکی موەقەتی بۆ دائەنان و هەرچی لە شاردا بفرۆشرایە و وەستا و کرێکار لازمیان بوایە، بۆی ئەهێنان، بە فیاتێکی زۆر کەم پێی ئەفرۆشتن و بەم تەرحە قازانجی هەر دوو لای تەئمین ئەکرد.

ـ ئەوساف و مەزبەتەی شەخسیی:

زۆر شارەزای سیاسەتی زەمانی خۆی بوو، نفووزێکی سەردارانەی بە سەر لەشکرەکەیدا هەبوو. دەرحەق بە ڕەعیەت عادڵ و بەڕەحم بوو. سیاسەتی ماڵییەی زۆر باش بوو، لە جەمعی واریدات و سەرفیدا بەڕاستی نفووزی نەزەری فەوقەلعادەی هەبوو. زۆر حەزی لە خێرکردن ئەکرد. لە ڕەئی و تەدبیریدا سابت بوو. لە وەقتی شەڕدا زۆر مەتین و مودەبیر بوو. عەشائیری بەرزیکانی بە دیرایەتێکی بەرز ئیدارە کرد. لە تاڵانی و جەردەیی مەنعی کردن و لە هەموو خسووسێکەوە ئیسلاحی کردن، مەیلی مەعارفی تیا پەیا کردن، زۆرێ بە سایەی ئەوەوە فێری خوێندن بوون، زارع و جووتیاری حیمایە کرد و مەنعی خەرمان سووتاندنی کرد و ئەم عادەتە خراپ و کۆنەی زۆر عاقڵانە لە ناو برد.

بە گوێرەی ڕیوایەتی زەیلی «کتاب تجارب الامم» ئەم حوکمدارە لە وەقتێکدا کە خراپە لە ناو وڵاتا زۆر بوو، عادەتەن زارع خەریکی تەرککردنی زیراعەت بوو، بۆ ڕوئەسای عەشائیرەکان زیافەتێکی کرد و ئەنواعی تەعامی دانا، بەڵام نانی لە سەر سفرە دانەنا، کەس دەستی بۆ چێشت درێژ نەکرد و ئینتیزاری نانی کرد. بەدر ڕووی تێکردن و گوتی وا دیارە بەبێ نان ناتوانن بخۆن، کە وا بوو بۆچی مەزرووعاتی عالەم لە ناو ئەبەن؟! خوا ڕووتان ڕەش کا و خوا شاهید بێ لەمەولا هەر کەسێکتان توخنی مەزرووعات بکەوێ و زوڵم لە ساحێبەکانی بکا، خوێنی ئەڕێژم. واقیعەن سوێندی خۆی هێنایە جێ و بۆ ئەم ئیشە زۆر کەسی کوشت و ئەم موعامەلەیەی بووە دەرسێکی عیبرەت بۆ عەشائیر و لە ترسی ئەو، کەس نەیوێرا ئیتر خراپە بکا و زەرەر لە زارع بدا.

ئەم حادیسەیەشی نموونەیەکی عەداڵەتی ئەم حوکمدارەیە. ڕۆژێ لەگەڵ بەعزێ لەشکری ئەگەڕا، لە ڕێگە تووشی لادێییەک بوو، کە کۆڵێ داری هەڵگرتبوو. یەکێ لە سوارەکانی، دوو نانی لەو فەقیرە سەندبوو، لادێییەکە گەیشتە ڕاستی بەدر، بانگی کرد و وتی:

ـ ئەی حوکمدار، من فەقیرێکی دارفرۆشم، دوو نانم پێ بوو، ئیدارەم پێ ئەکرد و پارەی دارەکەشم بۆ ماڵ و منداڵەکەم ئەهێنایەوە. لە ڕێگە تووشی سوارەکانت بووم. یەکێکیان نانەکانی لێ سەندم.

حوکمدار لێی پرسی: ئەو سوارە ئەناسی؟

کابرا گوتی: بەڵێ؛ چاوم پێی بکەوێ، ئەیناسم.

ناسرئەلدین لە دوای ئەم قسە و باسە لەگەڵ کابرای دارفرۆشدا لە دەربەندێکدا ڕاوەستا و ئەمری کرد کە لەشکر یەکە یەکە بە بەردەمیدا بڕۆن. واقیعەن ئەوەندەی پێ نەچوو کابرای دارفرۆش سوارەکەی نیشانی ئەمیر دا. ناسرئەلدین ئەمری کرد سوارەکەیان دابەزاند. گوتی: ئەبێ ئەم کۆڵەدارە هەڵگری و بیبەیتە شار و بیفرۆشی و پارەکەی بدەی بەم پیاوە.

سوارەکە پیاوێکی ناسراو بوو، ویستی بە پارە خۆی لەم جەزایە نەجات بدا، حەتتا لە گرانایی دارەکە پارەی تەکلیف کرد. ناسرئەلدین قەبووڵی نەکرد و دارەکەی پێ هەڵگرت و ئەمری خۆی بەجێ هێنا. ئەم میسالی عەداڵەتە، تەئسیرێکی زۆری بوو و ئیتر کەس ئەم نەوعە زوڵمەی نەکرد.

ئەڵێن مەلیکەی ڕەی زۆر لە عەقڵ و تەدبیری بەدر ئەمین بووە و دایمە بۆ ئومووری حکوومەت پرسیاری لێ ئەکرد. دەفعەیەک ئەمیر نووح مەحموودی سەبوکتەکین کە حاکمی خۆراسان بووە، ئێلچییەکی ناردە ڕەی و هەڕەشەی لە مەلیکە کرد. مەلیکە کاغەزی نووسی بۆ ناسرئەلدین و ڕەئی پرسی. بەدر لە جوابدا گوتی: ئەو ئێلچییە بنێرە ئێرە. لە دوای ئەمە لەشکری کۆ کردەوە و بە لیباس و سیلاحێکی موکەممەل و جوانەوە هەر لە قاپیی ڕەیەوە تا شاپوورخواست لەم بەر و ئەوبەری ڕێگە ڕایگرتن. ئێلچی مەحموود سەبوکتەکین بە ناو ئەم لەشکرەدا هات و لەم شەوکەت و قووەتە سەری سووڕ ما. کە هاتە لای ناسرئەلدین، حورمەتی گرت و نەسیحەتی کرد کە ئەمیر مەحموود لەگەڵ مەلیکەدا لازمە ڕێک بکەوێ. لە پاشا ناردیەوە و واقیعەن ئەمیر نووح مەحموود بە تەئسیری ئەو تەدبیرە سوڵحی بە سەر شەڕدا تەرجیح کرد و ڕێک کەوت.

ئەو حیلە حەربییەیەی کە بەرامبەر قەرەتەکین جەهشیاری کردی، میسالێکی زۆر جوانە بۆ قودرەتی حەربییەی.

لە دوای لەناوچوونی ناسرئەلدین بەدر، شەوکەت و بەرزیی حکوومەتی بەرزیکانی ڕووی کردە نوشوستی و لە شکڵی حکوومەتی دەرچوو و بووە ئیمارەتێکی ناڕاحەت و پڕئاشووب.

«الکامل» ئەڵێ لە دوای کوشتنی بەدر، عەشیرەتی «جوزکان» ڕایکردە لای شەمس‌ئەلدەولە ئەبو تاهیری کوڕی فەخرئەلدەولەی بوەیهی.

تاهیری کوڕەزای ناسرئەلدین لە دوای وەفاتی باپیری، ئیدیعای حوکمداری کرد. لەگەڵ شەمس‌ئەلدەولە کەوتە شەڕەوە، بەڵام موەفەق نەبوو و بە دیل گیرا و هەموو ماڵ و موڵکی تاڵان کرا و خۆیشی لە هەمەداندا حەپس کرا. لە سەر ئەو حادیسەیە، عەشائیری «ئەللوریە» و «شازنجان» تابیعی «ئەبو ئەلشەوق»ی عەنازی بوون. باقی موڵکی بەرزیکانی، کەوتە دەستی شەمس‌ئەلدەولە. لەو وەقتەدا هیلال لە لای سوڵتان‌ئەلدەولە حەپس بوو. لە دوای ئیستیلای شەمس‌ئەلدەولە بەردرا و لەگەڵ لەشکرێکدا بۆ سەندنەوەی موڵکی باوکی، حەرەکەتی کرد و لەگەڵ شەمس‌ئەلدەولە کەوتە شەڕەوە. بەڵام لەشکرەکەی شەڕێکی بە دڵیان بۆ نەکرد و ڕایانکرد و خۆیشی کوژرا (٤٠٥ هـ).

لە ٤٠٦ هـ.دا شەمس‌ئەلدەولە، تاهیری کوڕی هیلالی بە قەول و بڕی ئیتاعەت بەرەڵا کرد و ناردیەوە سەر وڵاتی بەرزیکانی. لە دوای بەینێک لەگەڵ ئەبو ئەلشەوق کەوتە شەڕەوە و شکاندی و براکەی کوشت. لە پاشدا سوڵحی لەگەڵ کرد و خوشکی ئەبو ئەلشەوقی مارە کرد و زۆری پێ نەچوو ئەبو ئەلشەوق لە باتی براکەی، بە فێڵ کوشتی. بەم تەرحە دوایی خانەدانی حەسنەوی هات و بەشێکی وڵاتەکەی و قیسمی شارەزوور کەوتە دەستی ئیمارەتی بەنو عەنازی کورد.

دوایین ئەمیری خانەدانی حەسنەوی، ئەبو سەلیم دیسمی کوڕی ئەبو ئەلغەنائیمی برای حەسنەوی بوو کە لە دوای وەفاتی تاهیر، بە موددەتێکی کەم، لە ئاخیر مەلجەئی کە قەڵای کاسان (لە مەنتیقەی زەهاو و نزیکی بابەیادگار بوو) بوو، مەحرووم کرا.